riklam

دژەتیرۆرو پێشمەرگەی یەكێتی هەولێریان پاراست و مەخموریان رزگار كرد

کوردستان 11:21 AM - 2023-08-10
قەزای مەخمور ئاژانسەكان

قەزای مەخمور

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان

9 ساڵ لەمەوبەر هێزەكانی پێشمەرگە و دژەتیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە داستانێكی دیكەدا مەخموریان لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كرد و هەولێری پایتەختی هەرێمیشیان لە داگیركردن پاراست و ئەو خەڵكەی لەترسی داعش هەولێریان جێهێشتبوو گەڕانەوە، لێپرسراوێكی باڵای یەكێتیش دەیگێڕێتەوە و دەڵێت ئەو رۆژە بە مەسعود بارزانی-مان وت:" ئەوە دژە تیرۆر هاتووە بۆ هەولێرو دڵنیابە ناهێڵین داعش هەولێر داگیربكات"، دژەتیرۆریش دەڵێت: "كاتێك ھەمووان دەستەوەستان بوون و چەندین ناوچە بێ بەرگری تەسلیمی داعش كرابوون، ئێمە توانیمان هەولێر بپارێزن و مەخمور بە كەمتر لە سەعاتێك كۆنترۆڵ بكەینەوە" .

 

دژەتیرۆر_CTG دەڵێت: "كاتێك ھەمووان دەستەوەستان بوون و چەندین ناوچە بێ بەرگری رادەستی داعش كرابوون و تەنھا چەند كیلۆمەترێك لەنێوان رێكخراوەكە و ھەولێری پایتەختدا ھەبوو، ھێزەكانیان توانیان شارەكە بپارێزن و شارۆچكەی مەخمور كۆنترۆڵ بكەنەوە".

 

 دژەتیرۆر كە رۆڵێكی بەرچاوی لە پاراستنی هەولێری پایتەختی كوردستان لە چنگی داعش گێڕاوە و لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی یەكێتی مەخموری لە دەستی داعش رزگار كرد، لە پەیامێكدا كە ساڵیادی ئەو نەبەردیی و داستانەیە، لە پەیجی رەسمی دژەتیرۆر دا دەڵێت: "بەر لە نۆ ساڵ و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، ھێزەكانی دژەتیرۆر داستانێكی بێ وێنەیان تۆماركرد، كاتێك ھەمووان دەستەوەستان بوون و چەندین ناوچە بێ بەرگری رادەستی رێكخراوی تیرۆرستی داعش كرابوون و تەنھا چەند كیلۆمەترێك لەنێوان رێكخراوەكە و ھەولێری پایتەختدا ھەبوو، ھێزەكانی دژەتیرۆر توانیان شارەكە بپارێزن و شارۆچكەی مەخمور بە كەمتر لە سەعاتێك كۆنترۆڵ بكەنەوە".

 

"دژەتیرۆر_CTG، ئەو ھێزەیە كە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر پاراستنی بست بە بستی خاكی كوردستان و قوربانیدانی ھێزەكانی دژەتیرۆر لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان شایەتی ئەو راستییەیە". دژە تیرۆر وادەڵێت.

 

چوونی دژەتیرۆر بۆ ئازادكردنی مەخمور ورەی هاووڵاتیانی بەرز كردەوە

مەلا بەختیار یەكێك بوو لەو لێپرسراوە باڵایانەی یەكێتی كە بەشداری لە رزگاركردنی مەخمور و پاراستنی هەولێر كردووە لە تیرۆریستانی داعش و شاهیدی ئەوە دەدات كە هێزەكانی دژەتیرۆر شەڕێكی قارەمانانەیان لەمەخمور تۆمار كرد.

 

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشتر لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا باسی لە داستانی رزگاركردنی مەخمور و پاراستنی هەولێر لە تیرۆریستان كردووە و دەڵێت: "دوای ئەوەی لەلایەن كاك كۆسرەت رەسوڵەوە ئاگاداركراینەوە كە هەولێر لە مەترسیدایە، دەستبەجێ لەگەڵ برادەرانی دژەتیرۆر قسەمان كرد، ئەوان ئامادەبون بێین و كەوتینەڕێ و ئێستاش لەبیرمە كە چوینە هەولێرو لەپردێ تێپەڕین بەهەزاران سەیارە و خێزان رایاندەكرد، لەو قۆڵەو لە قۆڵەكانی تریشەوە خەڵك لە هەولێر رایاندەكرد، كە هێزەكانی دژە تیرۆریان بینی بەو حەماسەو بەرزكردنەوە ئاڵای كوردستان و یەكێتی، بیستم كە ورەی خەڵك بەرزبووەوە نیوەی ئەوانەی رایانكردبوو گەڕانەوە".


مەلا بەختیار: بە بارزانیم وت دژەتیرۆر ناهێڵێت هەولێر داگیربكرێت

لەبارەی مەترسی داگیركردنی هەولێریش لەلایەن داعشەوە باسی ئەوە دەكات كە دوای چونیان بۆ هەولێر لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبوونەتەوە و لەكۆبوونەوەكەدا دڵنیایان داوەتە مەسعود بارزانی و دەڵێت: "بە كاك مەسعودم وت ئەوە دژە تیرۆر هاتووە بۆ هەولێرو دڵنیابە ناهێڵین داعش هەولێر داگیر بكات هێزێكی دژەتیرۆری ئەوەندەمان هەیە دەتوانین بیانشكێنین و دەشبێت بچین پەلاماری مەخمور بدەین".

 

"كاتێك گەیشتینە مەخمور دژەتیرۆر شەڕێكی قارەمانانەیان تۆماركرد، بەڕاستی قارەمانییەتی لەوە زیاتر نابێت كە دژەتیرۆر و پێشمەرگە لە مەخمور دژی داعش تۆماریكرد، كە دژەتیرۆر سایلۆكەی مەخموری گرت، تەپڵی سەركەوتن لە مەخمور لێدرا" مەلا بەختیار لەبارەی ئازادكردنی مەخمور و چوونی دژەتیرۆر بۆ ناو مەخمور وادەڵێت. 

 

بەگوێرەی تۆمارێكی دیكەی ڤیدیۆیی هێزەكانی پارتی لە مەخمور رادەكەن و مەترسی گەورە بۆ دانیشتوانی مەخمور و هەولێر دروست دەكەن، خەڵكی هەولێر و مەخمور لە ترسی سەلامەتی گیانی خۆیان شوێنی نیشتەجێبونیان بەجێ دەهێڵن.


سیروان بارزانی و هێزەكەی لەبری بەرگری چەكەكانیشان جێهێشت 

 

بەهۆی لاوازی ئەو هێزەی سەرپەرشتی میحوەری مەخموری دەكرد داگیركردنی قەزاكە لەلایەن داعشەوە پێشبینی كراو بوو، بەڵام دژەتیرۆر وەك یەكەم هێز چووە ناو مەخمور و روبەڕووی داعش بووە و قەزاكەی لە داعش پاككردەوە و هەولێریشی لە مەترسی پاراست.


رەشاد گەڵاڵی جێگری مەڵبەندی 20ی رێكخستنی قەرەچوغی یەكێتی كە ئەوكات لێپرسراوی كۆمیتەی رێكخستنی مەخمور بوو، لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: "داگیركردنی مەخمور لەلایەن داعشەوە تەسلیمكردنی بەبێ تەقە پێشبینی كراو بوو، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك تاكە لایەنی سیاسی سەرپەرشتی میحوەری مەخموری دەكرد و ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵی یەكەی 80 ی پارتیدا بوو و ئەو هێزەش نەیدەتوانی دانیشتوانی سنوورەكە بپارێزێت، ئەوەبوو سیروان بارزانی و هێزەكەی لەبری بەرگری بەبێ شەڕ چەكەكانیان بەجێهێشت وپێش هاووڵاتیانی سڤیل رووە و هەولێر هەڵهاتن".

 

"بە داگیركردنی مەخمور مەترسی كەوتە سەر هەولێر هەر بۆیە مەسعود بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی هەرێم بوو دوو هەڵبژاردنی لەبەردەمدا بوو، یان دەبوو داوای هاوكاری لە دژەتیرۆر بكات یاخود دەبوو هەولێر چۆڵ بكرێت، هەربۆیە  داوای لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد كە هێزی دژەتیرۆر بنێرێتە مەخمور تاوەكو بتوانن قەزاكە لە تیرۆرستانی داعش پاكبكەنەوە و هەولێریش لەو مەترسییە دوورخەنەوە، ئەوەبوو دژەتیرۆر وەك یەكەم هێز چووە ناو مەخمور و روبەڕووی داعش بووە".

پێشتریش هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرجەم قوڵەكانەوە لە ترسی تیرۆریستانی داعش هەڵاتن و شەنگال كەوتە دەست تیرۆریستان و خۆشك و برائێزدییەكان كەوتنەبەر شاڵاو و پەلاماری تیرۆریستان كۆمەڵكوژكران.

 

بەپێی سەرچاوە ناڕ‌ەسمییەكان تیرۆرستان لە شەنگال زیاتر لە 3200 كوردی ئێزدییان كۆمەڵكوژ كردووە و نزیكەی 7 هەزار ئێزدییشیان رفاند كە زۆربەیان كچ و ژن و منداڵ بوون و هەتا ئێستاش ژمارەیەكیان نەگەڕ‌اونەتەوە ناو خانەوادەكانیان و بێسەروشوێنن.

 

ڤیدیۆ..  پێشمەرگە و دژەتیرۆری یەكێتی لە داستانێكی دیكەدا مەخموریان لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار 

 

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket