riklam

کارەساتی هەکاری چۆن روویدا؟

بیروڕا 05:01 PM - 2023-08-08
بورهان رەمەزان PUKMEDIA

بورهان رەمەزان

بیروڕا

نووسینی... بورهان رەمەزان

لەهاوینی ساڵی 1978 دا، کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری دا هێزەکانی لە ناوچەکانی ناوزەنگ و بناری قەندیل بگوازێتەوە بۆ ناوچەی برادۆست و بەدیاریکراوی بۆ سێکوچکەی سنوری نێوان عیراق و تورکیا و ئیران،ئەم بڕیارە بۆ چەند مەبەستێک بوو ئەویش سود وەرگرتن بوو لە سنورەکانی ئەم سێ دەوڵەتە بۆ ئاسان دابینکردنی پێداویستی و چەک، لە لایەکی تریشەوە ڕێگرتن بوو لە ڕاگواستنی گوند و دێهاتەکانی ئەم ناوچەیە، کۆمیتەی سەرکردایەتی بڕیاری دابوو هێزێکی چەکدار و بێ چەک بنێرێتە برادۆست، بڕیاردرا هێزەکە بەسێ بەش ڕەوانە ئەو ناوچەیە بکرێت، بەشی یەکەمی هێزەکە کە ژمارەیان 220 پێشمەرگە بوو لەکاتی دیاریکراودا بەڕێکەوتن و گەیشتنە شوێنی مەبەست، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی بەشی دووەمی هێزەکە کە ژمارەیان 500 پێشمەرگە بوو، هەروەها بەشی سێهەمی هێزەکە 150 پێشمەرگە بوو، بەشی دووەم و سێهەم بەیەکەوە بەڕێدەکەون، دواکەوتنی بەشی دووەم و سێیەم دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی پلانەکەی یەکێتی لای ئێران.

 

نەوشیروان مستەفا یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووە لە بەرگی چوارەمی کتێبی کارەساتی هەکاریدا، لەبارەی چوونی بەشی یەکەمی هێزەکە دەڵێت: پلانەکە ئاشکرا نەبووبوو، بۆیە بەشی یەکەمی هێزەکە توشی هیچ گرفتێک نەبوون لە برسێتی و سەرما، بەڵام دوژمن هۆشیار بوونەوە، کەوتنە خۆیان بۆ ڕێگری کردن لە هێزەکەی یەکێتی .
ڕێکەوتننامەی هەرسێ دەوڵەتەکە بۆ پاراستنی سنورەکان ئیمزا کرابوو، کاتێک کۆمیتەی سەرکردایەتی بڕیاری گواستنەوەی هێزەکانی خۆی دەدات، ڕێکەوتننامەی جەزائیر تەمەنی تەنها سێ ساڵ بوو کە لە نێوان عیراق و ئێران، بۆ پاراستنی سنورەکانی یەکتری، هەروەها عیراق و تورکیا لە ساڵی 1977 ڕێکەوتننامەیەکیان ئیمزا کردبوو بۆ ئەوەی هەردوولا پابەندبن بە پاراستنی سنورەکان..

 

لە لاپەڕە 57 ینامیلكەی کارەساتی هەکاریدا، نەوشیروان مستەفا باسی هەماهەنگی ئەم سێ دەوڵەتە دەکات چۆن لە دژی کورد یەکیان گرتبوو، کەوتنەخۆ بۆ زانیاری کۆکردنەوە و لێدان لە هێزەکانی یەکێتی، لە دیوی ئێران پەلاماری هێزەکانی یەکێتی دراو کاتێکیش هێزەکە داخلی سنوری عیراق بوویەوە عیراقیش هێزی ئامادە کرد بۆ لێدانیان، لە دیوی تورکیاش عەشیرەتە کۆنەپەرستەکان کەوتنە خۆئامادە کردن و میت و دەزگا هەواڵگرەکان ئامادەی پەلاماردانیان بوون، دوای ئەوەی هێزەکانی یەکێتی پەڕینەوە بۆ باکوری کوردستان دوای یەک گرتنەوەی بەشی دووەم و سێهەمی هێزەکەی یەکێتی بۆ پشوودان، ماوەی حەوت ڕۆژ لە خاکی باکوری کوردستان دەمێننەوە، دواتر هێزەکەی یەکێتی بڕیار دەدەن بەڕێبکەون بۆ وەرگرتنی ئەو شوێنەی کە چەک وەرگرن بۆ چەکدارکردنی ئەو پێشمەرگانەی کە لەگەڵیاندا بوون بەرەو قوڵایی خاکی باکوری کوردستان و سەرسنورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڕۆن، وەک نەوشیروان مستەفا دەیگێڕێتەوە..

سەرکردایەتی کاتی پارتی بەشی هەرە زۆری عەشیرەتەکانی باکوری کوردستانیان لە هێزەکەی یەکێتی هاندابوو کە گوایە هێزەکەی یەکێتی گوندەکانیان تاڵان دەکات پیاوەکانیان دەکوژن و ژنەکانیان بەدیل دەگرن، هاتوون بۆ بڵاو کردنەوەی بێ دینی، ئەمەش وایکرد عەشیرەتەکانی ناوچەکانی شەمزینان و چەلێ و ئولودەرە لەدژی هێزەکەی یەکێتی بکەونەخۆ و چەکدار کۆبکەنەوە و ناوچە ستراتیژیەکان کۆنترۆڵ بکەن .

لەڕۆژی 1ی6ی1978 دا لەناوچەی بازێ لە باکوری کوردستان شەڕ لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و سەرکردایەتی کاتی پارتی دروست دەبێت، ژمارەیەکی زۆری بریندار و کوژراو لە هەردوولا دەکەوێتەوە، هەروەها ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی یەکێتیش لە هێزەکە دادەبڕێن، ئەمەش وادەکات کۆمیتەی سەرکردایەتی بڕیاری کشانەوەی هێزەکەی بدات لە باکوری کوردستانەوە بۆ باشوری کوردستان .

 

شەوی 2لەسەر 3ی مانگی شەش هێزەکەی یەکێتی بەرەو باشور بەڕێ دەکەونەوە بەڵام بەهۆی نەشارەزایی هێزەکە لەیەک جودادەبنەوە، لەو کاتەدا هێزەکانی پارتی بۆسەیان بۆ دادەنێن، دوای ئەوەی جموجۆڵی هێزەکەی یەکێتی دەزانن، تەقەیان بەسەردا دەکەن، ئەم چەند تەقەیەش دەبێتە هۆی تێکچونی شیرازەی ڕێکخستنی هێزەکەی یەکێتی، بەڵام بەهۆی نەشارەزایی و ماندوێتی لەت و پەت دەبن، ڕۆژی دواتر هێزەکە دەبێتە سێ گروپ، گروپی یەکەم بە ڕێڕەوی کشانەوەکەدا ڕۆیشتبوون، گرووپی دووەم بە پێچەوانەی ڕێڕەوەکە ڕۆشتبوون، گروپی سێهەمیش بۆ داپۆشینی کشانەوەکە لە شوێنی پێشتر مابوونەوە، گروپی یەکەم خۆیان یەک دەخەنەوە بەهیوای گەشتنیان بە گروپی دووەم، گروپی دووەمیش کە ژمارەیان 176 کەس بووە بڕیاریانداوە بۆ نزیکترین خاڵی سنوری عیراق بێن و خۆیان ڕادەستی حکومەتی عیراق بکەنەوە، گروپی سێهەمیش هەمان ڕۆژ لەلایەن سەرکردایەتی کاتیی پارتی و عەشایرانی ناچەکە دەدەن بەسەریاندا، چەک دەکرێن کە لە ناویشیاندا لە گروپی سێیەم بەدیل دەگیرێن علی عەسکەری،فەرماندەی هێزەکە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و تایەری علی والی ئەندامی مەکتەبی

سیاسی یەکێتی و سەید کاکە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەدیل گیرابوون، لە هەمان ساڵدا لە 7ی تەمووز هەریەکە لە علی عەسکەری و دکتۆر خالید و حسێن بابەشێخ لەلایەن سەرکردایەتی کاتیی پارتی بەچەکی ئارپێچی شەهید دەکرێن .
گروپی یەکەمی هێزەکەی یەکێتی پاش بێئومێد بوونیان لەگەیشتنی هێزەکانی دیکە، بەناچاری دەچن بەرەو گوندی کەهی کە لە نزیک جولەمێرگە، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بۆ خۆڕێکخستنەوەیان لەبری بەرەو سنوری باشور بێنەوە دیسان بەرەو قوڵای خاکی باکوری کوردستان دەچنەوە، بەڕێکەوت دەکەونە ناو ئەو عەشایرانەی کە پارتی لێیانیان هاندابوون، کەوتنە شەڕ، ئەوەی شەهید بوو شەهید بوو، ئەوانەی تر بەدیل گیران دواتر تەسلیم بە قیادە مەوقەتە کران، بەم جۆرە ئەم بەشەی هێزی یەکێتی لەناوچوون..
 ئەم ڕوداوانەش بوونە هۆی ڕاگواستنی دێهاتە سنورییەکان و بەهێزبوونی قەڵەمڕەوی ڕژێمی عیراق لە ناوچەی بادینان..

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket