riklam

ئاسۆ مامەند: رادەستکردنەوەی شەنگال بەبێ تەقە خیانەتە

کوردستان 12:05 AM - 2023-08-08
ئاسۆ مامەند کارگیڕی مەکتەبی سیاسی  PUKMEDIA

ئاسۆ مامەند کارگیڕی مەکتەبی سیاسی

ئاسۆ مامەند

کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەکەرکوک رایدەگەیەنێت:" بڕوای تەواومان بەشەراکەتی ڕاستەقینە ھەیە و بەڕەسمی داوامانکردووە کەرکوک یەک لیستی ھەبێت"، دەشڵێت:" یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دڵسۆزی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵی بەبەڵگە دەتوانین وەڵامیان بدەینەوە، ١٦ ی ئۆکتۆبەر تەنھا پێشمەرگەکانی یەکێتیی شەھید بوون و قەناسەکەی پارتی تەقەی خۆشیشی پێنەکراوە".

ئاسۆ مامەند کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەمیانی بەشداریکردنی لەبەرنامەی پانۆرامای کەناڵی کوردسات رایگەیاند:" ئاشکرایە لەساڵی ٢٠٠٥ ەوە بەبیانوی جۆراوجۆر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەشارەکە دواخراو کەرکوکی لێ بێبەشکرا، هەربۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک گرنگی خۆی هەیە بۆ ئێمەی کەرکوکییەکان، ئەو حکومەتەی لەداهاتووشدا دروستدەبێت بەشێکی زۆر لەکێشەکان چارەسەر دەکات، چونکە بەرامبەرەکانمان بەهەمانشێوەی بێبەشکردنی کەرکوک لە هەڵبژاردنەکان بە بەرنامەی دیکە دەیانەوێت رووبەڕوی دەنگی کورد و نوێنەرایەتی کورد ببنەوە بەتایبەتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک".


سەرۆک بافڵ دەستپێشخەر بوو بۆ یەکدەنگی کورد لەکەرکوک

"هەر لەسەرەتای دیاریکرنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێشخەری کرد و سەردانی لایەنەکانی کرد بەمەبەستی بەشداریکردنی کورد بەیەک لیست لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەمەش لەپێناو سەرکەوتن و یەکدەنگی کورد نەک بەرژەوەندی تایبەتی، چونکە یەکێتی هەمیشە باوەڕی بەشەراکەتی راستەقینە هەبووە و ئەوەی بۆ کورد گرنگە بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەیە تا بتوانین رووبەڕوی کێشەکان ببینەوە"،ئاسۆ مامەند وایوت.

ھێنانی دەبابەی بەعس خیانەتە!

 

سەبارەت بەو لێدوانەی کەشەوی رابردوو لەلایەن ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتییەوە درا ئاسۆ مامەند وتی:" جارێ لەو برادەرە دەپرسم پێناسەی خیانەت لای ئەو چییە؟ خیانەت ئەوەیە شەڕی دیموکرات و کوردانی ئێران بکەیت کە تێیدا چەندین کوردی دیموکرات شەهید کراون، هەمووان دەزانین سەرکردەی وەک شەهید عەلی عەسکەری و د.خالید و نمونەکانیان بۆ کورد بەئاسانی دروست نابنەوە، ئەو رۆژانەی بڕیاری ئەوەیاندا بە ناهەق شەهیدیان بکەن، ئەوانەی بەجۆرێک لەجۆرەکان رزگاریان بووە، دەگێڕنەوە کە بە چ شێوازێک شەهیدکراون، هاوکات نامەکانی سەرکردایەتی ئەوکاتەی یەکێتی روونە کە پێیان وتون ئەو هێزە دەهێنینە ئەو سنورە بۆ شەڕی براکوژی نایەین، ئێستاش لێرەو لەوێ دەڵێت دادگا، نازانم باسی کامە دادگا دەکات، یان پێناسەی خیانەت ئەوەیە ٣١ی ئاب دەبابەی بەعس بهێنێتە هەولێری پایتەخت، ئەوکاتە من لەهەولێر بووم لەو هێزەی من سەرپەرشتیم دەکرد زیاتر لە ٨٠ پێشمەرگە کەوتنە ژێر دەبابە و شەهید بوون ".


رادەستکردنەوەی شەنگال بەبێ تەقە خیانەتە!

 

وتیشی:"کورد ئەگەر خاوەنی هەبووایە دەبوایە لەسەر بابەتی ٣١ ئاب و هێنانی دەبابەی بەعس بۆ هەولێر کۆمەڵێک کەس دادگایی بکات، یاخود ئەو کارەساتەی بەسەر شەنگالیاندا هێنا و بەبێ تەقە سنورەکەیان چۆڵکرد و بینیمان داعش چی بەسەر خەڵکەکەی هێنا، شەهیدەکانیش شاهێدی دەدەن کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەشەڕی داعش و پارێزگاری ناوچەکاندا چی رۆڵێکیان هەبوو، فەرماندەکانی پارتی دەزانن ئەو رۆژەی عەمید شێرکۆ شەهید کرا کێ لەسەنگەرەکان بە قەناسەکەیەوە رایدەکرد و چی پێ وترا، کە باوەڕدەکەم ئەو قەناسەی دەستی تەقەی خۆشیشی پێنەکراوە، بەڵگەی زۆرمان لەلایە کە کەسی وا خۆی کردووەتە قارەمانی شەڕی داعش لەماڵەکەی جەنابی مام جەلال کە فەرماندەکانی پارتی لەوێ بوون چی پێ وتراوە، لەبری ئەوەی روبەڕووی ناحەزەکانمان ببینەوە دژی کەمکردنەوەی دەنگی کورد، هاتوون لێرە و لەوێ بوختانی ناڕەوا دەکەن، ئایا شەهیدەکانی خورماتوو رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر کێ بوون؟ هەموو دەزانن لەپێناو کەرکوک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرماندە و سەرکردایەتییەکانی و جەنابی کۆسرەت رەسوڵ چی بەرگرییەکیان کرد".

کەسانێک فەرماندەی وەک عەلی عەسکەری شەهید بکەن چۆن باسی خیانەت دەکەن

هەر لەبەرنامەکەدا ئاسۆ مامەند وتیشی:"پارتی لەکەرکوک شەڕی پۆست دەکات، ئەگەر کەرکوک داگیرکراوە بۆ کادرەکانیان لەناو کەرکوک داوای پۆست دەکەن؟ لەکاتێکدا پارتی ژمارەیەک لە پۆستەکانی کەرکوکی وەرگرتۆتەوە هەموو دەزانین پۆستی سەرۆکی زانکۆ چۆن وەرگیراوە، کە ئێمە بەلامانەوە گرنگ نەبوو پارتییە بەڵکو پشتیوانیمان کرد تا کورد دەنگی هەبێت، ئێمە ئەوەی پەیوەندی بە کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکانەوە هەیە بەهەموو شێوەیەک هەوڵی پارێزگاریکردنیمان بە شەراکەتی راستەقینە داوە و خەممان تەنها یەکدەنگی کورد بووە نەک بەرژەوەندی تایبەتی، پێم وایە کەسانێک فەرماندەی وەک عەلی عەسکەری و د.خالید شەهید بکەن، چۆن دەبیت باسی خیانەت بکەن.

یەکێتی هەوڵی زیادکردنی کورسی کورد دەدات

وتیشی:"ئەو دەستپێشخەرییەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کردی تەنها بۆ ئەوە بوو لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ بن و کورسی کورد لەشارەکە زۆرتر بێت، جا هەر لایەنێک بێت، ئەگەر وەک تیمێک سەرجەم لایەنەکان بەشداریمان بکردایە هانی دەنگدەری کوردمان دەدا دەنگ بدەن و کورسی کورد لەناوچەکە زیاد بکات".
سەرۆک مام جەلال هەمیشە لەخەمی کەرکوکییوکاندا بووە

ئاسۆ مامەند راشیگەیاند:" یەکێتیی نیشتمانی کودستان لەسەرو هەموشیانەوە سەرۆک مام جەلال وەک سکرتێری یەکێتی و سەرۆک کۆماریش هەمیشە لەخەمی کەرکوکییەکان بووە و بەبەردەوامی سەردانی کەرکوکی کردووە و هەوڵیداوە بەشێوازێکی گونجاو چارەسەری کیشەکانی بکات رۆژانێک رژێمێک بە ئاگر و ئاسن دیکتاتۆرانە حوکمی ئەم وڵاتەی کردووە، بۆیە ئێمە لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال هەموو هەوڵێک بۆ خزمەتی شارەکە دەدەین و باوەڕمان بەشەراکەتی راستەقینە هەیە و قۆرخکردنمان نەویستووە".

لەچەندین شوێنی شاری کەرکوک ئاڵای کوردستانمان ھەڵکردووە

"ئاڵای کوردستان لە کەرکوک لەسەر بارەگای مەکتەبی سیاسی و مەڵبەند بەشکۆوە دەشەکێتەوە و لەدوای رووداوەکانیش هەموو ساڵێک یادی نەورۆزمان کردووەتەوە، بۆ رووبەڕوبونەوەی تەحەدییەکانیش هەموو هەوڵێک دەدەین و کێشەمان نییە"، ئاسۆ مامەند وایوت.

لەکۆتایشدا ئاسۆ مامەند کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتی:"هیواخوازبوین کورد لەکەرکوک یەک لیست بێت، بەڵام نەکرا ئەو لایەنانەشی کە دروستبوون دەچنە ناو هەڵبژاردن هاوکار و پشتیوانیان دەبین و هیوادارین هەوڵی خۆیان بدەن تا سەرکەوتوو بن و بتوانین زۆرترین دەنگدەری کورد ببەینە سەر سندوقەکانی دەنگدان، چونکە بەرەنگاربوونەوەی کێشەکان بە یەکگرتووی و یەکدەنگیمان دەبێت لە کەرکوک نەک پەرتەوازەیی".

 

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket