riklam

سەرۆك بافڵ لەبەغداوە پارێزگاری لەمافەكانی گەلی كورد دەكات

کوردستان 05:25 PM - 2023-07-27
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەغدا

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماوەی سێ رۆژدا 14 دیداری سیاسی و دیپلۆماسی لە بەغدای پایتەختی عیراق ئەنجامدا.


قوت و بودجەی هەرێم لە ململانێ سیاسییەكان دووربخرێتەوە

 

سەرۆك بافڵ لەسەردان و كۆبوونەوەكانیدا كە بەشێكیان لەماڵی مام بوون لەبەغدا، پەیوەست بوون بەجێبەجێكردنی رێككەوتنە سیاسییەكان و هەروەها رێزگرتن لە ماف و دەستووری عیراق، هاوتەریب پێداگری و سووربوونی یەكێتی دووپاتكردەوە، كە"ژیان و قوت و بودجەی هەرێم دوربخرێتەوە لە ململانێ سیاسییەكان"، هەوڵی تەواویش بدرێت كە هەمووان پشتیوانی لەكارنامەی حكومەتی عیراق بكەن، تاوەكو ژیانی شایستە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی عیراق بەگشتی دەستەبەربكرێت.

 

هەروەك پرسی هەڵبژاردن و جێبەجێكردنی ماددەی 140 لەو پرسە گرنگانە بوون، كە سەرۆك بافڵ بە پێداگری و جدییەوە كاریان لەسەر دەكات.


یەكێتی خۆی بەهێزێكی بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر گوزەرانی خەڵكی هەرێم

 

ناوەڕ‌ۆكی كوبوونەوەی سەرۆك بافڵ لەگەڵ چوار سەرۆكایەتییەكەی عیراق (سەرۆك كۆمار، سەرۆكوەزیران، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری) كە خۆی لە پرسەكانی پابەندبوون بە رێككەوتنە سیاسییەكان و پاراستنی مافی هەموولایەك لەچوارچێوەی یاسا و دەستوور و هاوكات هەوڵ و پەرۆشیی یەكێتی بۆ كۆدەنگی لایەنەكان و چڕ‌كردنەوەی هەوڵەكان لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە ئەنجامێكی ئەرێنی دەبینییەوە، سەرۆك بافڵ لەكۆبوونەوەكاندا جەختیكردەوە كە پێویستە: "چیتر كێشە سیاسییەكان نەبنە بەربەست بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت و خزمەتكردنی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی وڵات".

 

هەر لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆك بافڵ تائكیدی لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم كردەوە و رایگەیاند: "مافی موچەخۆران و قووتی خەڵكی كوردستان پەیوەست نییە بە هیچ حزب و لایەنێكی سیاسییەوە و یەكێتی هێزێكی بەرپرسیارە بەرامبەر ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵك، بۆیە لە هەوڵەكانمان لەپێناو بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەكانمان بەردەوامدەبین و نامانەوێت ژیانی خەڵكەكەمان تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێت".


یەكێتی سیاسیەتی زۆرینە و كەمینە رەتدەكاتەوە

 

هەروەها لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیش كە پێكهاتبوون لە (سەرۆكی ھاوپەیمانیی نەسر، سەرۆكی ھاوپەیمانیی عەزم، ئەمینداری گشتیی حزبی فەزیلە، سەرۆكی رەوتی حیكمە، وەزیری بەرگریی عیراق، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عیراق، سەرۆكی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا)، بافل جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئاماژەی بە سیاسەت و ستراتیژی نەگۆڕ‌ی یەكێتی كرد، سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەكان و رایگەیاند: "بڕ‌وای تەواومان بە لێكتێگەیشتن و كاری پێكەوەیی هەیە، سیاسەتی زۆرینە و كەمینە رەتدەكەینەوە و دەمانەوێت هەمووان لەژێر سایەی دەستووردا مافەكانیان پارێزراوبێت".
    
سەرۆكی یەكێتی راشیگەیاند: "سیاسەت و ستراتیژی نەگۆڕ‌ی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە رێككەوتنێكی یەكجارەكی كە تێیدا مافەكانی گەلی كورد پارێزراوبێت بەردەوام دەبێت، هەموو هەوڵێكیشمان لەو پێناوەدایە"، هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد: "بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی هەرێم و خزمەتكردنی خەڵكەكەمان ئەركی لەپێشینەی ئێمەیە و هەوڵەكانیشمان لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایە بەردەوام دەبێت".

هەر لەچوارچێوەی زنجیرە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان سەرۆك بافڵ ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "بەپەرۆشییەوە هەنگاو بەرەو هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی دەنێین، چونكە پێمانوایە بە لێكتێگەیشتن و هاریكاری لەگەڵ دۆستەكانمان، دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەكاندا زاڵبین و دۆخی وڵات بەرەو خۆشگوزەرانی ئاڕ‌استە بكەین".

 

 

یەكێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردە

 

 

ئەمە جگە لەوەی لە دیدارە دبلۆماسییەكەیدا لەگەڵ هەڵسوڕ‌ێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند:" یەكێتی لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد بووە، بەشێوەیەك كە رەنگدانەوەی خواستی هەموولایەك بێت و ببێتە مایەی سەقامگیریی هەرێمەكەمان".

 

وتیشی: "یەكێتی پابەندە بە هەموو ئەو رێككەوتن و لێكتێگەیشتنانەی لەماوەی رابردوودا سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئەنجامدراون، بەڵام دەبێت هەموو هەنگاوەكان بە ئاڕ‌استەی هاوسەنگی و یەكسانی بنرێت و هەموو هەوڵێكیش بۆ دووركەوتنەوە لەو ئامانجانە رەتدەكەینەوە". 


مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم وەفدی یەكێتی دەباتە بەغدا 

پرسی مووچە و بەدواداچوون بۆ نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم هۆكاری سەرەكی سەردانی وەفدی باڵای یەكێتین بۆ بەغدا، جگە لەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە پێی وابووە نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لەیەكتر و رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەوێنی چارەسەری كێشەكانە.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامی وەفدە باڵاكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا، لە چاوپێكەوتنێكیدا بە كوردسات نیوزی راگەیاند: "ئامانجی سەرەكی سەردانی وەفدی یەكێتی بۆ بەغدا لەسەر پرسی مووچە و بودجە بووە، هاوكات بەدواداچوون بووە بۆ نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، لە كۆبوونەوەكانی سەرۆك بافڵ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراقیشیدا، هەموو لایەنەكان جەختیان لە پابەندبوون بە یاسای بوودجە كردووە و بەڵێنیاندا گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، چونكە پشكی هەرێم لە بودجەدا دیاریكراوە، بەڵام پێویستە حكومەتی هەرێم پانەندبێت".

"پێویستە بەیەكجاری كۆتایی بە ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بهێنرێت، چونكە سوود بە هیچ لایەك ناگەیەنێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە هیچ جێگرەوەیەكی دیكە نییە جگە لە رێككەوتنی نێوان هەردوولا، هەربۆیە یەكێتی رۆڵی گرنگی هەبووە لە نزیككردنەوەی لایەنەكان و رەواندنەوەی تەمومژی نێوان بەغدا و هەرێم، هاوكات هەنگاوی گرنگی بۆ ئایندەیەكی باشتر بۆ عیراق ناوە لەرێی دیالۆگی نیشتمانییەوە" سەعدی ئەحمەد پیرە وادەڵێت.


هاووڵاتیان چاوەڕ‌وانی زیاتر لە یەكێتی دەكەن

لەبارەی سەردانەكەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بۆ بەغدای پایتەختی عیراق ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "سەردانەكانی سەرۆك بافڵ بۆ بەغدا بەشێكی گرنگ دەبێت لە گفتوگۆكان و دیدارەكانی كاریگەری باشیان لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە دژایەتیكردنی بەغدا دەرئەنجامی باشی نابێت"، راشیگەیاند: "سەردانەكەی سەرۆكی یەكێتی سیاسەتێكی سەركەوتووە و پەیامەكانی روونن".

 

"هەڵوێست وەرگرتنی یەكێتی لە ئەدای حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق لەسەر قوت و بودجەی خەڵك، وایكردووە هاووڵاتیان چاوەڕ‌وانی زیاتریان لە یەكێتی هەبێت، چونكە ساڵی رابردوو بۆ ئیستحقاقە دەستورییەكانی گەلەكەمان لەڕ‌ووی پێكهێنانی حكومەت و پێگەی یەكێتی و كوردستان، ئەمساڵیش لە بابەتی بودجە و مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان یەكێتی رۆڵی گرنگی گێڕ‌ا" ستران عەبدوڵڵا وایوت.


ئەمەش لەكاتێكدایە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندییەوە هەموو هەوڵێكی لەپێناو باشتركردن و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بووە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، ئەمەشی بە كردار سەلماندووە، لە پیشتردا سەرۆك مام جەلال بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی زۆری داوە، ئێستاش بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر هەمان رێبازی شكۆی نەتەوەیەك لەو هەوڵە بەردەوامە و هەر لە سەرەتای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتییەوە بەردەوام لەهەوڵ و كۆبوونەوەدا بووە، لەگەڵ لایەنە سیاسییە عیراقی و كوردستانییەكان، لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتن و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكان و هەر بۆ ئەو مەبەستە لەرابردووشدا زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لە بەغدای پایتەختی عیراق ئەنجامدا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket