riklam

مەترسییەكانی نەبوونی یەك لیست

بیروڕا 02:05 AM - 2023-07-27
پشتیوان جەمال PUKMEDIA

پشتیوان جەمال

بیروڕا

پشتیوان جەمال

نەبوونی یەك لیستی لەكەركوك، مەترسی و دۆڕانێكی تر

كورد لەعیراقدا دژی دەوڵەتی عیراق نەبووە، بەڵكو دژی سیستەم و دەسەڵاتەكانی بووە، چونكە مافەكانی زەوتكردوە بۆیە شەڕی وەرگرتنەوەی خاك و دەسەڵاتی كردووە.
ئەگەر لە پێشتردا ئەم شەڕانە بەیاخیبوون لەشاخ و شێوازی تربووبێت، لەئێستادا ئەم قۆناغە شەڕی  سیاسی و پەرلەمانی و دەستووری و هاوبەشێتی راستەقینەیە لەڕێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە، ئەم شەڕەش بە بەهێزی كورد لەبۆتەیەكدا دەكرێت، كە بەشێوازێكی دیكە دەبێت كە بەسەركەوتوویی بكات بۆ وەرگرتنەوەی ماف و خاكە داگیركراوەكەی. باشترین نموونە بۆئەم فۆڕمەلە كاركردنە بۆقۆناغێكی نوێ لەخەباتكردن لەپێناو كەركوك وناوچە كێشەلەسەرەكان.

سەرۆك مام جەلال بوو لەساڵی 2004، لە ئەنجوومەنی حوكم  كاتێك كوردستانی بوونی ئەم ناوچانەی سەلماند، بەرپرسانی عیراقی بەئاگاهێنایەوە كە سنووری كوردستان چیای حەمرینە و كەركوك كوردستانییە، مام جەلال بە رێكخستنی یەك گوتاری كورد و  بە زمانی نەرم و دیبلۆماسیەت بەڵگەی كوردستانیبوونی ئەم ناوچانەی سەلماند، بە عەرەبەكانی وت: "چەندە  قودس بۆئێوە گرنگە، كەركوك بۆئێمەی كورد ئەوەندە گرنگە".

مێژوویەكی دوور ودرێژە كەركووك و ناوچە دابڕێنرادابڕێنراوەكانی تر، لەگەڵ ئەوەی كە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە شاری پێكەوەژیان وفرەنەتەوەیی بووە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە كێشە و ناكۆكییەكان هەمیشەیی بووە، كورد بەهۆكاری دیمۆگرافییەوە جەختی لە كوردستانی بوونی كەركوك كردووە و لە بەرامبەردا عەرەب و توركمان زیاتر بە هۆكارە سیاسییەكانەوە، بانگەشەی كوردەكانیان رەت كردووەتەوە، بەهاتنی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق ئەم كێشەیە بەردەوامبووە، دواجار گەیشتە ئەو رادەیەی كە لەلایەن حكومەتی بەعسەوە بیر لە گۆڕینی یەكجاریی دیمۆگرافیای ئەم شارەو دەروبەری وەك چارەسەرێك بۆ شوناسی بە عەرەبكردن كرا، پڕۆسەی ئازادكردنی عیراق تاڕادەیەكی زۆرباش توانی هێز و باڵادەستی بەكورد ببەخشێت بەسەرئەم ناوچانەدا، لەڕووی هێزەوە باڵادەست بوو، بەڵام لەئاستی سیاسی و دانوستاندنەكاندا، بەتایبەت مەسەلەی ماددەی 140 كەبەربەستێك بوو نەیتوانی بیبڕێت، سەرباقی كێشە و ململانێی كوردیش خۆی چارەنووسی ئەم ناوچانەی بێچارەسەر هێشتەوە، تا دواجار سەركێشی كردن بۆبڕیاری "ڕیفراندۆم" لەم ناوچاندا، كوردی گەیاندەوە خاڵی سفر.

ئەوەی ئێستا دەتوانێ تاڕادەیەكی باش كورد بێنێتەوە مەیدانەكە كاركردنە بۆدروستكردنی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كە وابڕیارە لە 18-12-2023،  دابكرێت لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكاندا بایەخ و گرنگییەكی زۆر گەورەی هەیە لەچاو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، ئەگەر كورد لەم ناوچانەدا بەیەك لیست بچێتە هەڵبژاردنەوە، چونكە یاسای هەڵبژاردنەكان "سانتلیۆ" یە تەنها دەرفەت دەدات بەسەركەوتنی ئەوكاندیدانەی كەهاوپەیمانیەكانیان گەورەن، چانسی حزبە بچوكەكان تیایدا زۆركەمە.

بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی بتوانن بە تەواوی حزبە كوردییەكان رازیبكەن بێنە ناویەك لیستەوە، دەتوانرێت ببێتە راستكردنەوەی ئەم دۆخە سەپێنراوەی بەسەر ئەم ناوچانەدا هاتووە، بەپێچەوانەشەوە دەرئەنجامەكەی حوكمڕانی و بەدەستەوەدانی ئیدارەی ناوخۆیی لەو پارێزگایانەی لێدەكەوێتەوە كە كورد تیایاندا پێكهاتەیەكی بەرچاوە و شكستێكی گەورەش رووبەڕووی دەبێتەوە، بەتایبەت لەئێستادا دۆخی ناوچەكە و عیراق بەرەو ئاڵۆزی دەچێت و وا پێشبینی دەكرێت ئەم هەڵبژاردنە بۆزیاتر لەخولێك بەردەوامبێت، بۆیە پێویستە كورد هەوڵبدات لانی كەم ئەگەر زۆرینە نەبێت، نەبێتە كەمینە و بتوانێت نیوەی دەنگەكان بەدەست بھینێت، تاڕۆڵی لە قە زاو ناحیەكان هەبێت، جگە لە پرسی پۆستی پاریزگاری كەركوك كە لەدوای، رووداوەكانی ریفراندۆمەوە لەدەستی كورد نەماوە و بۆچونێكی زاڵ لە نێوان پێكهاتەی عەرەب و توركمانەكان هەیە كە جارێكی تر ڕێگە نەدرێت ئەو پۆستە بەر كورد بكەوێتەوە بۆیە كورد ئەگەر بە ئیستیحاقی خوی لەو هەڵبژاردنە سەركەوتن بەدەست بێنێت، دە توانێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، هەموو ئەوانەش بەوە دەبێت كە كورد یەكڕیز و یەك هەڵوێست و یەك لیست بێت، بە تایبەتیش كەهەڵبژاردن بە پێوەری "سانتلیگۆ"یە وبەزیانی لیستە بچوكەكانەو ئەگەر كورد چەند لیستێك بێت، ئەوا دەنگێكی یەكجار زۆری دەفەوتێت، هەر ئەو عەقڵیەتە بەردەوامدەبێت كەدەیەوێت كورد لەم ناوچانەدا دەسەڵاتی نەمێنێت، وەك نمونەی  یاسای بودجەو یاسای هەڵبژاردن و بریارەكانی دادگای فیدڕاڵی عیراق، تادەگات بەداگیركردنی زەویە كشتوكاڵیەكانی كورد.

زۆرگرنگە ئەو مەترسی و پێشهاتانەی چاوەڕێ دەكرێن وا لەحزبە كوردییەكان بكات بەیەكەوە لە پێناوی شوناسی كوردو پاراستنی پێكهاتەو ئیدارەو ژیانی كورد وخاكی پیرۆزی ئەو ناوچانە بەیەك لیست و بەیەك گوتاری راستەقینەو دڵسۆزانەی كوردیی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بكەن،  ئەم پرسە نیشتمانیانە رایانبچڵەكێنێت و بوەستن لەئاست

مەترسییەكان ولەدەستدانی ئیدارەدانی ئەم ناوچانە،گەر حزبە كوردیەكان بەو ناكۆكی وپەرتەوازیەی ئێستاوە كە هەیه بچنە هەڵبژاردنەوە چارەنوسی كورد دەخەنەوە مەترسیەوە، بێباكی و ملنەدانی هەر هێزێكی سیاسی لەم ناوچانەدا ئۆباڵی شكستی كوردی دەكەوێتە ئەستۆ..

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket