riklam

نوێنەری زیندانیانی بادینان: پیلانێکی مەترسیدار دژی شێروان شێروانی ھەیە

کوردستان 08:43 PM - 2023-07-22
شێروان شێروانی PUKMEDIA

شێروان شێروانی

زیندانیانی بادینان

نوێنەری زیندانیانی بادینان لە پەیامێکیدا بۆ ڕای گشتی باس لەمەترسی سەر زیندانیان دەکات و داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکات و ڕایدەگەیەنێت: "پێویستە دەسەڵاتی دادوەری رۆڵی (عەواد بەندەرەکانی) سەردەمی بەعس نەگێڕن و چیتر نەچنە ژێر ئەمری حزبی، دەستبەجێ زیندانیانی بادینان ئازادبکرێن".

 

ئەیهان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینان بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی ڕاگەیاند: "پیلانێکی مەترسیدار دژی شێروان شێروانی ھەیە، داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری و دەستھەڵگرتنی ئەم کابینە پۆلیسییە لە دادگاکاندا دەکەین".

 

"بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە لەژێر سیاسەتی کابینەی نۆیەم بە عەقلیەتێکی دۆگماتیکی و پۆلیسی ماوەی سێ ساڵە دوور لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا، پێچەوانەی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، دەستور و یاسا کارپێکراوەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان چ زوڵم و پێشلێکاری یاسایی و مافی مرۆڤ بەرامبەر رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان دەکرێت و لەژێر حوکمی دادگایەکی کارتۆنی- حزبی سزادراون و سزادەدرێن"، ئەیهان سەعید وای وت.

دەشڵێت: "بەداخەوە پیلانێکی مونەزەمی قرێژی - مەترسیدار ھەیە دژی زیندانی و ئازادکراوەکانی بادینان بە تایبەتی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی کە مانەوەی لە چاکسازی گەورانی ھەولێر مەترسی تەسفیەکردنی بە "تیرۆری بایلۆجی" ھەیە (لەنێو زیندانیش سیخور بۆ چاودێریکردنی دانراوە) و پێویستە بۆ سەلامەتی گیانی لە زووترین کاتدا بۆ چاکسازی سلێمانی بگوازرێتەوە کە مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیەتی".

نوێنەرەکەی زیندانیانی بادینان ئەوەشی وت: "دوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، چینی نۆخبە و رێکخراوە مەدەنیەکان و لایەنە سیاسیەکان دەکەین لە ھەموو شارو شارۆچکەکانی ھەرێم و رەوەندی کوردی لە دەرەوە خۆپێشاندانی سەرتاسەری ئەنجامبدەن، بە تایبەتی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان سەرباری پاڵپشتی میدییان بۆ ئەم دۆسیەیە داواکارین لە سەرئاستی سەرۆک حزب و سەرکردایەتیان لە ئۆفیسەکانیان بێنە دەرەوە و بە کردار و لە مەیدان بەشداری خۆپێشاندانەکان ببن".

 

دەسەڵاتی دادوەری نەچێتە ژێر فەرمانی حزب


ئەیهان دەشڵێت: "پێویستە دەسەڵاتی دادوەری رۆڵی (عەواد بەندەرەکانی) سەردەمی بەعس نەگێڕن و چیتر نەچنە ژێر ئەمری حزبی، دەستبەجێ زیندانیانی بادینان ئازادبکرێن، چونکە لە ڕووی یاساییەوە بەپێ مەرسومی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ کەمکردنەوەی لەسەدا ٦٠٪‏ی سزاکەیان و لەبارچاوگرتنی یاسای ژمارە ٢٣ی بنەما دادگاییەکانی سزا (اصول محاكمات الجزائية)، ئازادکردنی مەرجدار (إفراج الشرطي) ماددەی ٣٣١، سزای زیندانیانی بادینان تەواو بوە و زیاتریش لە ماوە یاساییەکەی خۆیان ڕاگیراون".

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket