شەهید مەلا عەلی لەزیندانەوە بۆ نەمری شیعرو شەهادەت
ی ن ک 12:02 PM - 2023-07-22شەهید مەلا عەلی
ئەگەر سەیرێكی مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەیت و لەناویدا كۆمەڵە بۆت دەردەكەوێت كەم شوێن هەیەداستان وقارەمانێتی پێشمەرگەی یەكێتی وكۆمەڵەی تێدا تۆمارنەكرابێت.
سەیری زیندانەكانی فاشستەكانی بەغدا دەكەیت بۆت دەردەكەوێت زیندانیانی سیاسی كوردستان و لەناویاندا تێكۆشەرەكانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چۆن روبەڕوی جەلادان وەستاون ووەك قەڵای پۆڵاین بەرگەی هەموو نەهامەتییەكانی زیندانیان گرتوە ئاخر پێشمەرگەی كۆمەڵەو یەكێتی لەسەر بیروباوەڕی
گەر ببمە كێوی ئاڵتون
بۆ رەنجدەران دەتوێمەوە
هەزارجاریش گیان بەختكەم
لەناوخوێندا بتلێمەوە
هەردێمەوەناوكۆمەڵەوسرودەكەی دەڵێمەوە
پەروەردەكرابێت
چون شەهید مەلا عەلی وهەزاران تێكۆشەری تر، زیندان. ومەرگ وسێدارە وجەلادلیان ناترسێت
مەلا عەلی لەسێدارە دەدرێت..!
لەودنیاش هەرپێشمەرگەو كادرم
هیج نەبێ لەوەی ئێستا چا ترم
شەوی، 22-7-1979 شەهید مەلا عەلی، لەقەسابخانەكەی موسڵ لەسێدارە دەدرێت.. جارێكی تر ئەو زامەی كە (44)ساڵ لەمەوبەر لەسەرجەستەی كوردستان دروست بوو، بۆ هەمیشە دەكولێتەوەو خوێنی لێدەچۆڕێو ساڕێژ نابێ.
لەسەعات (11:30شەودا ، مەلا عەلی، پەتی قەنارەی سەربەرزی، دەنێتە گەردنو بەجەلادەكانیشی دەڵێت (القرار بیدكم، والتأریخ لم یرحمكم)..
شەهید مەلا عەلی... پەتی قەنارە دەكاتە گەردنو دەنوسێت:
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بەسەد ژین
ژینێك سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزییە كە پێڵاوم ئەبینن
بەسەر سەری دوژمنەوە لەبەرزین
مەلا عەلی؛ شادومانە كە تا دواهەناسە بەپێوەیەو دەشنوسێت:
نەڵێن دەمرێو لەترسی مەرگ پەشێوە
پێشمەرگە بم، هەر ئەكەومە پێش ئێوە
بەمەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسودەم
یادێكی كوردستان
هاتەوە یادم شەوێكی قەندیل
هێنایە گریان دڵەی مات و دیل
ئەو دەستەی لەوێ بەفراو ئەتەزاند
داخ كراوە لێرە بە ئاگر و ژیل
بە دەم ڕێگەوە بە نوكتە بازی
پیشێنمان ئەدا وەزعی ناڕازی
نەمان ئەزانی ، چۆن ئەبڕێ وا زوو
ڕێ ی دووری بەرە و لوتكەی هەورازی
سەرما و هەورازی قەندیل پیرۆز بێ
هەموو ئومێدتان هەر بە نەورۆز بێ
فەرامۆش ئەبێ ، ئەو كاتە هەرچی
ڕۆژێكی زستان سەخت و ئاڵۆز بێ
قەندیل كوێستانی دڵگیری وڵات
هەر هەتاكو- ئاب - داڵدەتان ئەدات
ئیتر دەواری داڵدە نامێنێ و
تارای زیوینی نوێ ئەكرێ خەڵات
دواییش جریوە و بەفراوی بەهار
ئەسڕێ لە دڵان خەمی ڕۆژگار
ئەدڕی لە بەریا بەرگی وەرزی كۆن
ئەیگۆڕێتەوە بە شاڵی گوڵدار
چەندەش ماندوو بن ئەحەسێنەوە
مادام بە ئازاد سەر ئەنێنەوە
مادام بە ویست و ئارەزووی خۆتان
دەستتان بە چەكی تۆڵە ستێنەوە
خۆزگە منیش هەر لەوێ مابایەم
چەكەكەم بەس بوو لە جێ ی سەرمایەم
ڕانابرێ تەمەن لەم گەرمەسێرە
چونكە پەروەردەی ئەو جێ سەرمایەم
هاتەوە یادم شەوێكی - سارا -
لە نێو كەژاوەی وەرزی بەهارا
چیمەن ڕاخەر و ، ئاسمانی شینی _
پڕ لە ئەستێرەش ، دەسماڵ و تارا
وەك ڕازانەوەی ئاڵ و واڵای بووك
لە ناو ئامێزیا لەشم ئەبوو سووك
چۆن بەسەر بووكا نوقڵ ئەبارێ
بە ئێمەش ئەبڕا نوقڵی بەڵاڵوك
كانی بەفراوی پڕ لە زیخ و چەو
ئەفسوونی ئەڕشت لەبەر مانگەشەو
خشەی دارمازووی بەر شنەی فێنك
چپەی دوانی بوو لە جێژوانی ئەو
جریوەی مەلی لانە لێ ون بوو
شمشاڵی شوانی شیعری ( هێمن ) بوو
داری جێ لانەی شەوی ڕابووردووی
بێلانەیەكی تری لە بن بوو
شەو ئێشكچی بووم لەگەڵ هاوڕێ یەك
لە شوێنێكی بەرز لە بن هەرمێ یەك
خەیاڵی خاویش خولیا و خەریكی -
گەڕانی خۆی بوو بۆ هەموو جێ یەك
جارێك پەپوولە و ، جارێكیش مەل بوو
جارێك پشت كۆم و دەست كۆڵ و شەل بوو
جارێك فیشەكی ناو لوولەی چەكی
پارتیزانێك بوو ، چاوەڕێ ی هەل بوو
جارێك بە هەوای هەناسە ئەبزووت
جارێك جێگرتوو وەك كێوی - برزووت
جارێك سەهۆڵی چۆڕاوگەی دۆڵی
كوێستان و ، جارێك پشكۆی سەرە بزووت
لەساڵی 1953 دوو منداڵی دووانە لەدایك بون بەناوی (ئەحمەد و حسین)لەخێزانێكی جوتیارو هەژار لەگوندی بەربەردی ناحیەی ماوەت سەربەقەزای شارباژێڕ هاتنە دنیاوە ساڵی 1958 لەدەست چەوسانەوەو هەژاری گواستیانەوە چونە گوندی (كۆپەی )ناحیەی سورداش ساڵی 1959 تا 1960٠ لەخوێندنگای سەرەتای چەرمەگا نانوس كراوە ساڵی 1961 تا 1963دوای سوتانی گوندەكانی ئەو ناوچەیە پۆلەكانی سەرەتای لە سەرچنارو ماوەتو چەرمەگا تەواو دەكاچۆتە خوێندندنگای ناوەندی (وەگەن) لە سلێمانی هەر لەوساڵەدا چۆتە ریزەكانی قوتابیانی كوردوستان ساڵی 1972تا 1973چۆتە خوێندنگەی ئامادەی سلێمانی هەرلەوساڵەدا پەیوەندی دەكات بەكۆمەڵەوە ساڵی 1975 تا 1976چۆتە زانكۆی سلێمانی كۆلیجی ئاداب بەشی كوردی تا قۆناخی دوهەمی خوێندوە .كەفرمانی گرتنی لەلایەن رژێمی گۆڕ بەگۆڕی بەغدادوە بۆ دەردەچێت بەردەستیان ناكەوێت ڕۆژی 1977-5-11 خۆی گەیاندۆتە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردوستان 1979-1-30 لەكاتێكا بۆكارێكی شۆڕشگێرانە لەگەڵ هاوڕێی دكتۆر (مارف عوسمان عبدولرحمان عەسكەری)دەچێت بۆ گوندەكانی ناوچەی سورداش بەدیوی گوندی گرژە دوژمن پێیان دەزانێت و بەهێزێكی گەورەوە گومارۆ دەدرێن باش بەرگریەكی توند بریندار دەكرێت و لەگەڵ هاوڕێی ناوبراو بەدیلی دەست گیردەكرێن لەدوای گرتن و ئەشكەنجەدان و ئازارێكی زۆر شێرانە دان بەخۆیدا دەگرێت و سەربەرزانە سەریان بۆ نەوی ناكات لە ڕۆژی 1979-6-6 بەناوی دادگای هەئیەی خاصەی كەركوك دادگای دەكرێت و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەكەن لەدوای دەرچونی فەرمانی لە سێدارە دانیەوە تا رۆژی جێ بەجی كردنی فەرمانەكەی كەتەنها مانگ و نیوێكی خایاندوە شەوی 1979-7-23.22 لە قەسابخانەكەی موصڵ لەگەڵ دوهاوڕێی تری بە ناوەكانی ( ئەڵوەند عومەر عەلی ) و ( عەلی عالی حسێن ) لە سێدارە دەدرێن . وەكو چەندین تێكۆشەری دیكەی كورد تەرمەكانیان نەداوەتەوە بە كەسوكار و هەر لەو ناوە لە ( وادی عەگاب ) بەدەر لە هەموو داب و نەریتێكی دینی و كۆمەڵایەتی كراون بە ژیر خۆڵەوە و نێژراون . پاش چەند ڕۆژێك بە لێهاتوویی كەسوكارمان توانرا گۆڕەكانیان بدۆزرێتەوە و دیاری بكرێن كە كامیان گۆڕی كامیانە و كێلیان بۆ دابنرێت . لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لەمانگی 2003-6 ڕوفاتی پیرۆزی لەگەڵ چل شەهیدی سەربەرزی گەلەكەمان هێنرانەوە بۆ باوەشی نیشتیمان و دوائارامگای پیرۆزیان لە گردی ئابڵاخ بە خاك سپێردران.
حوزەیران
هەموو مانگی ساڵ بوون بە حوزەیران
هەموو وەرز بوون بە وەرزی خەزان
كام گەلی دنیا وەك كورد بێ بەشە
بەرگ و كاڵایان سەر تا پا ڕەشە
هیچ ماڵێك نیە بێ قوربانی بێ
ساتێكی ژینی شادمانی بێ
پیر و لاو هەموو لە ڕێ ی نیشتمان
بەشیان كوشتنە و لە سێدارەدان
كەوابێ بۆچی ژین لام شیرین بێ
دڵ پڕ لە كوڵ و ، چاو پڕ ئەسرین بێ !
ئێستا ژینی خۆم هێند لا هەرزانە
سەد جار قوربانی ئەم كوردستانە
قوربانی چینی چەوساوەی ئەكەم
كورد بە ملیۆنی وەك من نابێ ، كەم
زیندانی موسڵ بەشی سێدارە
١٩٧٩/٦/٢٠
حوزەیران ؛ مەبەستی لە یادی حوزەیرانی خوێناوی ١٩٤٧ و ١٩٦٣ یە و خۆشی هەر لە مانگی حوزەیران فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە.
دوعاكەی دایكی شەهید ملاعەلی و بەروارێكی سەیر
هەمیشە دەڵێن لەبەینی خوای پەروەردگار ومەزڵومدا خودا پاڕانەوە ڕەت ناكاتەوە كاك ئەبوبكركۆكەی لەنوسینێكدا سەبارەت بەشەهیدبوون. شەهید ملاعەلی دەڵێت..كاك عبداالله برام كە هاورێی شەهید مەلا عەلی بوو بۆی باس كردم حاجی ژن عایشە جێگای بەهەشت بێت كە دایكی شەهید مەلاعەلی بوو لەو كاتەداو دواتریش دەستی بەرز دەكردوە بۆ بارەگای خوای گەورەودەی ووت خوایە گیان، سەدام چۆن جەرگی منی سوتاند تۆش ئاوا جەرگی بسوتێنە، خوای گەورە دوای زیاتر لە 24 سال دوعای حاجی ژنی قبول كرد لە بەرواری 22-7-2003 هەردوو كوری سەدام عودە و قوسەی لە شاری موسل كوژران بە دەستی ئەمەریكیەكان كە هەموو كەس ئەوبەروارە دەزانن
وە ئەمە ئەو فەرموودەی خۆشەویستمانە كە دەفەرمێ
دوو تاوان هەیە خوا لە دنیا تۆلەیان دەكاتەوە یەكەم زولم
كردنە دووەم ئازاری دایك و باوك..
ئەوەی سەیرە بەروارەكەیە كەڕۆژی شەهیدبوونی شەهید مەلاعەلی هەمان ڕۆژی لەگۆڕنانی هەردووبەچكە تاوانباری سەدام. عودەی و قسەی بوو.
دوانامەی دا شەهید(حوسێن مەولود) ناسراو بە (مــــــەلا عەلی)
ئەم نامە یە (45) دەقە پێش لەسێدارە دانی
بۆ كەس و كاری نوسیویێتی
(بســــــــــــم اللە الرحمان الرحیم)
خزمان براكانم دایك و خوشكەكانم
باوكە گیان داواكارم لە یەزدانی مەزن
كەوا خوا سەبوویت بدا....
باوكە گیان:زۆر بە داخەوەم كەوا لەسەرە
مەرگ دا نەم بینیت كەوا ریشە
سپیە پر غەمەكەت ماچ بكەم...
برایانم تكام وایە كە كوێرایەڵی قسەی
دایك و خاڵ و مام و باوكم بن وەلە
قسەی باوكم دەرنەچن بە هیچ
جۆرێك...
هاورێی شیرینم غازی فاصل دێت
بۆلاتان هەروابزانن من هاتومە تەوە
ئیتر بەخواتان ئەسپێرم
حسین مەولود
ژوری سێدارەی موصڵ
شەوی22/23-7-1979سەعات 11:15چاوەرێی خنكاندنم
بەخێوتان كردم
بەخێوتان كردم هۆ بابە و دایە
ویژدانم لە ژێر قەرزتان دایە
( وام ) داری ئێوەم ، بۆیە لە تاوان
پێموایە ئێسكم ئەكرۆژێ تاوان
تاوانی ئەوەی لە پێناوی من
ڕێتان كەوتۆتە بەر ماڵی دوژمن
تاوانی ئەوەی بۆم نەلوا دەرفەت
لابەم لە سەرتان ئازاری خەفەت
قەرزی وڵات و گەلم دایەوە
بەڵام ئی ئێوەم لە سەر مایەوە
خاڵ و خوشكەزا ، ئامۆژن و مام
خوشك و برازا ، براژن و برام
دۆست و دراوسێ ، برادەر و هاوڕێ
ئەوەی جارێك دیم لە دوو هەنگاو ڕێ
پورزاو خاڵۆژن ، ئامۆزام و پوور
خزم و كەسوكار ، لە نزیك ە دوور
ئەڕۆم پێشوازی لە مردن ئەكەم
لە ئێوەش داوای لێبووردن ئەكەم
لە دڵ ڕەنجانی ئێوە ئەترسام
دەنا بێ سڵ بووم لە مەرگی بە سام
لە زۆردار نەبێ ، لە كەس نەڕەنجام
كەم ئاواتیشم ، گەیشتنە ئەنجام
ئاواتەخواز بووم لە دوای ڕۆژی ڕەش
بووكی ئازادی بگرمە باوەش
بچمە سەر لوتكەی بەرزی حەسارۆست
بانگ بدەم بە گوێ ی خزم و برا و دۆست
كەم خواست و خۆزگەم گەیشتە ئەنجام
هێشتا لە ڕۆژی هیوا نەڕەنجام
هەر بە ماندوویی ماوم تا ئێستا
لە ڕێ ی چاكە بووم سوێند بە ئاوێستا
ئەوەی چاكە بوو لە ژینا كردم
هەر بە سەربەرزی ژیام و مردم
وەسیەتم وایە هەتا بمێنن
لە خۆتانەوە كەس مەڕەنجێنن
پرسەم بۆ مەگرن ، نەكەن بۆم بگرین
مەڵێن با قوڕی بۆ لە سەر بگرین
( گریان كردەوەی بێ دەسەڵاتە )
( تووڕەیی شۆڕش ) ، خەندەی وڵاتە
دەرمانی دەردم ناكا شۆڕ و شین
چۆن ڕزگار دەبین بەبێ ( شۆڕ ) و ( ش ) ؟ !
لە بری بەرگی ڕەش ، سەرتاپا خاكی
لەبەركەن هەتا نامێنێ ماكی
ئیمپریالیزم و بازرگانی جەنگ
دەر ئەپەڕێنرێن بە لوولەی تفەنگ
وڵات جێدێڵن دوژمنانی گەل
خۆری ئازادی هەڵدێ لە دەم كەل
كاتێ وڵاتی لە خوێنا ڕەنگاو
ڕزگاری ئەبێ هەنگاو بە هەنگاو
زانست و بیر و پێنوس و مەچەك
شەن و پاچ و بێڵ ، چەكوش و داس و چەك
بۆ گەل بێ پیر و مناڵ و گەنجی
نۆشی گیانی كات بەرهەمی ڕەنجی
تا ئەوسا ناوی ئێمەش ئەمێنێ
پەیكەرمان خەڵكی تێ ی ڕائەمێنێ
تا بە زیندوویی لەم سەر خاكە بن
وەسیەتم وایە ڕوو لە چاكە بن
سەر ئەنجامی ژین تەنها مردنە
ئەوەی زیندوو بێ ، چاكە كردنە
شەهیدمەلاعەلی
19793-1 كەركوك
شەهید مەلا عەلی و بواری ئەدەبی
شەهید مەلا عەلی هەر لە سەرەتای ژیانیەوە كە فێری خوێندن بووە ، خولیای ئەدەب و نووسین بووە ، وە نەبێت تەنها لە بواری شیعردا ڕۆڵی هەبووبێت ، بگرە لە بوارەكانی دیكەی ئەدەبدا وەك چیرۆك و پەخشان و وەرگێڕاندا دەستی هەبووە .
لە ژیانیدا هەرگیز تەنها بە كارێكەوە خەریك نەبووە ، لەبەر ئەوەی لە لادێ ژیاوە ، ڕۆژانەش كە لە خوێندنگە گەڕاوەتەوە خەریكی ئیش و كاری كشتوكاڵ بووە ، یان شوان بووە ، بەڵام پتر ئارەزووی لە شوانی بوو ، لەبەر ئەوەی دەیتوانی لە دەشت و كێو شوانیش بكات و خۆشی پەروەردە بكات بە خوێندنەوە .
هەموو جار دەیوت باشترین شوێن بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن و وەرگرتنی بابەتەكان دەشت و دەرە ، لەلایەك هەوای پاك و هێمن و دڵگیرە ، لە لایەكی ترەوە هیچ كەس خەریكت ناكات بە شتێكی لاوەكیەوە ، بۆیە كەمتر ئارەزووی بە كاری كشتوكاڵی بوو ، دەیوت ؛- لەم بوارەدا مرۆڤ دەبێ هەردەم دەست و میشكی خەریك بكات بە ئامێرەكانەوە .
شەهید مەلا عەلی هەرچەندە لە خێزانێكی جووتیاری هەژار بوو ، بەڵام لایەنە ئەدەبیەكانی فەرامۆش نەدەكرد و ببوونە خولیای . هەتا ئەوكاتەی پەیوەندی كرد بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ( هەرێمی چوار) ی ئەوسای یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە ڕۆژی ١٩٧٧/٥/١١ بوو ئەم بەرهەمانەی هەبووە ؛-
ا - كورتە چیرۆك - وەك ؛ -
١/ شانەی گەنم .
٢/ كۆچەری .
٣/ سێبەری سابات .
٤/ بەری دارەبەن .
ب - دیوانی شیعریی كلاسیكی و نوێ كە پتر لە 100 لاپەڕە دەبوو .
ج - وەرگێڕان - وەك ؛-
١/ وەرگێڕانی كۆمەڵە چیرۆكی - الارواح المتمردە - ی جوبران خەلیل جوبران بۆ كوردی لە عەرەبیەوە .
٢/ وەرگێڕانی پەرتووكێكی بڕیار لەسەر دراو بۆ خوێندنی كۆلیژی ئاداب بۆ زمانی كوردی لە عەرەبیەوە .
٣/ وەرگێڕانی هەندێ نامیلكەی ماو تسی تۆنگ بۆ زمانی كوردی لە عەرەبیەوە .
٤/ وەرگێڕانی نامیلكەی - یومیات جندی الڤیتنامی - بۆ زمانی كوردی لە عەرەبیەوە .
٥/ هەندی شیعری شاعیری گەورەی فەلەستینی مەحمود دەروێش وەك ؛ -
سروودەكانی بەرگری فەلەستینی و . . . چەندی تریش .
د - ئاخاوتنێك لەگەڵ چەند كادرێكی حیزبی دیموكراتی كوردستان - ئێران ، لە حەفتاكاندا ، لەگەڵ چەند بابەتی تری بەكەڵك .
شەهید مەلا عەلی بەرلەشەهید كردنی چەندین. پارچە شعری زۆر ناوازەو جوان دەنوسێت لەزینداندا،كەهەمووی دەرخەری ئەوڕاستییە كە چەند بێباك بوە لە مەرگ و سێدارە و ویستوێتی بڵێ بەمەرگی ئەم كورد لەبن. نایەت وشۆڕش بەردەوام دەبێت دیارترین. شیعری شەهید مەلاعەلی سێدارەیە كەهونەرمەندی نەمرو پێشمەرگە حەمە جەزا كردوێتی بە كارێكی جوانی هونەری و بۆتە وێردی بەشی هەرەزۆری خەڵك كە شەهید مەلاعەلی دەڵێت
زۆربەی شیعرەكانی ئەم دیوانە بە ناوەرۆك گەورەیە ، لە ماوەی ئەو مانگ و نیوەی كە لە ژووری بەندیخانەی قەسابخانەی موسڵدا ماوەتەوە لە چاوەڕوانی سێدارەدا نووسیویەتی ، وەك دەربڕینی هەڵوێست و نەبەزینی خۆی لە ڕۆژانی چاوپێكەوتندا ناردوونیەدەرەوەی بەندیخانە جگە لەم شیعرانە چەندان نامەی شۆڕشگێڕانەی لە شێوەی پێسپێریدا ناردووە بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەران و ناسیاوانی دەرەوەی بەندیخانە ، كە تێیاندا داوایان لێدەكات خۆڕاگر و دڵسۆزی گەل بن و ڕیزەكانی گەل و شۆڕش پتەوتر بكەن ، دوا تكا و داواشی لە هاوڕێ یانی كۆمەڵە و هاوسەنگەرانی و دۆست و ناسیاو و كەسوكار و خزمانی ئەوە بووە كە ڕێبازی شۆڕشگێڕیەتی ون نەكەن و لە كەم و كوڕیەكانی ئەم ببوورن .
سێدارە
برا دوور و خزم دوور و كەسم دوور
بە نا بەڵەد ، تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور
بەڵام ڕوونە بەرەو سێدارە چوونە
خەنەی خوێنم لە پێ ئەگرێ ئاڵای سوور
بەرەو ژووری بەرەو ژووری سێدارە
ماندووی كردووم و شوێنەكەم شێدارە
كە نیشانەی پەشێوی پێوە شێوەم
ئەوە برینی ئەشكەنجەیە و جێ دارە
نەڵێن ؛ ئەمرێ و لە ترسی مەرگ پەشێوە
پێشمەرگە بم هەر ئەكەومە پێش ئێوە
بە مەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسوودەم
ڕووشم ، زەردەی پێكەنینی هەر پێوە
گەرچی بەرەو دوا ماڵی ژین بەڕێوەم
یەكەم ماڵی نەمردنم دیارە لێوەم
بەشم چونكە مردنی ناو جێ نیە
شادم كە تا دوا هەناسەش بە پێوەم
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێك سەرم بۆ دوژمن ببێ بە پەرژین
سەربەرزیە كە پێڵاوم ئەبینن
بە سەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین
پێ لە سەریان دائەنێم و ئەڕوانم
بەرەو شاری جێ هەواری كاروانم
ئەگەم پێ یان چونكە دیارە جێ پێ یان
ئێرەیە و لێی لانادەم تا ئەتوانم
ئەوا ئێستا كەوتوومە شوێن پێشڕەوێك
كە لێرە بووە لە پێش مندا چەند شەوێك
دیارە منیش هەر ئەوەندەی لێ ئەبم
وا بە نوێنی ئەو ئەشكێنم سەرخەوێك
خۆ بە نوێنی جێماوی دائەپۆشم
تا پێ ی سووك بێ ، ئێسی لاشەی نەخۆشم
بۆتە بەڵگە بە شوێن ئەودا ڕۆیشتنم
ئاخۆ كێ ی تر پێ ی دێتە شوێنی خۆشم
دیسان ڕێگای شوێنێكی كەم لە پێشە
ڕێ ی گۆڕستان كە دڵنیام ئەو لەوێشە
ئەگەر لاشەم نەشێ ببرێتە شوێنی
گیانم لە سەر گڵی سەر گۆڕی مێشە
كە دڵنیام ئەچێتە جێ ی شانازی
لەو ڕێ یەدا منیش ئەكەم گیان بازی
كە ئەو خوێنی خەڵاتی ڕێ ی خەباتە
خوێنی منیش ئەنەخشێنێ ڕێبازی
ئەو مەرگەی لێم ترساوە ئەیلاوێنم
بۆ ناوێرێ بێت و بگرێ داوێنم
با بمناسێ كە پێشمەرگەی - كۆمەڵە - و كادرێكی دەست و داوێن خاوێنم
كە پاش مردن هەبوو دنیایەكی نوێ
تا ئەو كاتە با گیانیشم تێر بنوێ
چونكە ڕۆژی هەستانەوە ، دەرفەتی
فرمانێكی وەك ئێستام هەر بۆ ئەلوێ
لەو دنیایەش هەر پێشمەرگە و كادرم
كە هیچ نەبێ لەوەی ئێستا چاترم
لێرە خاوەن ئەزموونی ڕێ ی خەباتم
لەوێ لەنێو كورەی شۆڕش ئاگرم
ئەگەر لێرە نەمتوانیبێ بجەنگم
لەوێ بە دەست هاوڕێ یەكەوە تفەنگم
ئەگەر لێرە بە جێ مابم لە كاروان
لەوێ لە پێش كاروانەوە پێشەنگم
زیندانی موسڵ بەشی سێدارە
1979-6-18
هەفتەیەك پێش شەهید بونی شەهید مەلا عەلی چی نوسی؟
ژیان
ژینم وەك خەوێك هاتە پێش چاوی
كوردستان تێر تێر نەژیام لە ناوی
نەژیام خزمەتی بكەم هەتا هەم
تێشووی بۆ شۆڕش تیا بێنمە بەرهەم
نەژیام تا دڕكێك وەلانێم لە ڕێ ی
هاوڕێ ی پێشمەرگەم زامار نەبێ پێ ی
نەژیام تا ببم بە بەردەبازێ
بۆ ڕێبازێ ، تا پێی لێ نەترازێ
نەژیام خزمەتێك بۆ گەل تۆماركەم
ڕووم بێ ! ڕوو بەرەو ئاڵای كرێكاركەم
نەژیام هێند بكەم پێشمەرگایەتی
برا شەرم نەكات بڵێن ؛ برایەتی
نەژیام ئەو ، كەسەی وەك منە و دیلە
ئازادبێ و بڵێ ؛ برام لە قەندیلە
ئەچمە دیدەنی لەو جێ هەوارە
كە بنكەی سووری هیوای هەژارە
كە زانكۆی شەری پێسمەرگانەیە
ڕمی ئاراستەی ڕووی بێگانەیە
نەژیام بێتەوە بچمە سەردانی
پێكەوە بچینە نێو ئاوەدانی
كۆڕی گفتوگۆی هەر وەكو جاران
ببەستین لەگەڵ خەڵكی ، ئێواران
بە تێری باسی ئەم زوڵم و زۆرە
شی بكەینەوە بۆیان بە نۆرە
نەژیام كۆرپەیەك ناو بنێم - تۆڵە -
بڕواتە شوێنم با نەڵێن چۆڵە
نەژیام برازایەك ناو بنێم - ژیلوان -
تا نەڵێن گەردوون بۆ پیاوكوژی لوان
برازا تەمێ كا بە مەرگی مامی
ئاو نەدا بە خوێن ڕەگی نەمامی
نەژیام بۆ خەڵكی ببمە جێ ی بڕوا
نەڵێن بێ سوود بوو چش . دەبا بڕوا
نەژیام بۆ نەوەی نوێ ڕێ تەخت كەم
نەك جارێ سەد جار گیانم بەخت كەم
نەژیم بۆ مردن بمرم پیاوانە
مەرگم ببێتە یەك دەریا وانە
نەژیام تا نەوەی دوای خۆم ببینم
بۆیام هەڵڕێژم ، چی تیایە ، بینم
عەبدلكەریم مەولود برای شەهیدمەلاعەلی لە چاپی چوارەمی دیوانەكەی شەهید مەلاعەلی دەڵێت :-جگە لەم بابەتانەی سەرەوە بیرەوەری (مژكرات ) ی خۆی كە لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی یەوە دەستی پێكردبوو ، زۆر باس و لێكۆڵینەوەی بایەخداری تێدا تۆمار كردبوو ، ڕووداوەكانی ساڵ بە ساڵ دائەڕشتەوە بە گوێرەی پتر بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاری خۆی ، بە تایبەت لەسەر بزووتنەوەی چەكداری كورد ، لە دوای ساڵی ١٩٦٣ وە هەتا ئەو ڕۆژەی لە لایەن ڕژێمی داگیركەرەوە دەستگیر كرا 1979-1-30
لە ژینی پێشمەرگایەتیدا كۆمەڵێك بابەتی ئەدەبی نووسیبوو ، بە تایبەت لە ساڵی 1977 كە لە سەركردایەتی لە خولی كادران بووە .
هەموو ئەمانەی باسمان كردن لەگەڵ چەند ئەلبوومێك وێنەی سەردەمی منداڵی و خوێندن و پێشمەرگایەتی بەردەستی ڕژێم كەوتن و وەك خۆی شەهید بوون و نەكەوتنە بەر دیدەی خوێنەران .
ساڵی 1977كە لە ڕیزی ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە ئاشكرا بوو ، خۆی گەیاندە شاخ بۆ درێژەدان بە خەبات و تێكۆشان لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی سەخت و دژوارتر ، پێڕانەگەیشت زۆربەی بەرهەمە ئەدەبیەكانی و ئەلبوم و وێنە و كەلوپەلەكانی دەرباز بكات كە لە بەشی ناوخۆیی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی بوون ، كەوتنە بەردەستی ئەمنی سلێمانی .
هەر لەو ساڵەدا ڕژێمی بەعس زۆر گەڕا بە دوای خۆیدا ، لە ئەنجامی ئەو گەڕانەدا كتێبخانەكەی لە ماڵی خۆمان لە گوندی ( كۆكە ) كەوتە بەر دەستیان ، ئێستاش هاوڕێكانی كە لە ژیاندا ماون دەڵێن ماڵی كاك حسێن مەولود كتێبخانەی كۆمەڵە بوو.
ساڵی 1979كە خۆی لە گوندی كرژە لە شەڕێكدا بە برینداری بە دیل گیرا بەشێك لە بەرهەم و وێنەكانی لە ئەلبوومێكی بچووكدا كەوتبوونە دەست سەربازەكان و لەناو چوون .
چەند رۆژێكیس دوای گیرانی خۆی زۆربەی هەرە زۆری شتەكانی كە مابوونەوە لە كاتی پشكنینی ماڵەكەماندا لە لایەن ئەمن و سیخوڕ و سەربازەكانەوە دۆزرانەوە و بردیانن . من ئەو كاتەم لەبیرم ماوە كە سەربازەكان هاتن گەمارۆی گوندەكەی خۆمانیان دا ، ئێمە و هەموو خەڵكی ئاوایی یان دوور خستەوە و كەوتنە پشكنین ، بەشێك لە شتەكان لە ژێر خاكدا بوو دەریان هێنا و بەكۆڵ هەموویان هێنایە لای ئیڤا سەربازیەكان ، زۆربەی سەربازەكان كە چاوی ئەفسەرەكەیان لێ ون دەبوو نامیلكە و پەڕاوە بچووكە عەرەبیەكانیان بە دزی دەخستە گیرفانی خۆیان ، بەشێكی تری شتەكانی كە ئەو كاتە بە نەشارەزایی لە ناو خاكدا شاردماننەوە نەمانوێرا دەریانبخەینەوە كاتی زۆری بەسەر چوو بوو ، لە خاكدا ڕزین و تێكچوون و كەڵكیان نەما .
ئەو شیعر و وێنە و نامانەی كە ماون و بڵاودەكرێنەوە زۆربەیان لای هاوڕێ و هاوسەنگەرانی كۆمانكردوونەوە و پاراستوومانن ، چەند وینەیەكیان لە ساڵی ١٩٧٧ كەوتبوونە دەست ئەمنی سلێمانی ، لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991لە ئەمنە سوورەكەی سلێمانی كەوتبوونە دەست هێزی پێشمەرگە و پاش جەند مانگێك كاك نەوشیروان مستەفا بۆی ناردینەوە .
ئەم چەند هۆنراوەش كە لەم دیوانەدا خراونەتەبەر دیدەی خوێنەران جگە لە هۆنراوەی (لەگەڵ خوڵانەوەی چەرخی زەمانە) كە ئی كاتی پێشمەرگایەتیەتی لای كاك بەرزانی حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا مابوو ، هەموویان لە زینداندا نووسیونی ، بە تایبەت ژووری سێدارەی زیندانی موسڵ ، كە لەسەر سیمی پاكەتی جگەرە نووسراون .
كوردستان
كوردستانەكەم ، كوردستانەكەم
بووكی یەك شەوە و دەزگیرانەكەم
ڕووت وەكو كەزی و پرچی ئاڵۆزە
بە چنگی خەبات با بۆت شانەكەم
ویردی زمان و قیبلەگای منی
جوانتر لە نیگای كیژی شەرمنی
ئەوەی جێ ی داخە لێت بێ بەش ئەبم
نابینم بڵێن شكا دوژمنی
ناشبینم كە كورد وەكو میللەتان
ئاڵای سەربەستی هەڵكا لە جیهان
ناكۆكی نێوان چینان نەمێنێ
وەك یەك لێ بكرێ لادێ و شارستان
دەنا دڵنیام دوژمنی بەشەر
ڕۆژێك دێت ماكی لە بن دێتە دەر
خۆش گوزەرانی و زانست و جوانی
بەرگی بوكێنی وڵات بێ تاسەر
ئەی كوردستانی بێ داڵدە و پەنا
نەمامی ژینی منیش هەڵكەنا
چاو بە فرمێسكی ژێر دەستەیی تۆم
هێندە دەربەستی خۆم نایەم دەنا
ئەی كوردستانی مەڵبەندی كاوە
جێ ی داخە نەمدی ئاڵای شەكاوە
بەڵام ڕۆژێك دێ هێزی نەوەی نوێ
كۆشكی زۆرداری پێ هەڵتەكاوە
زیندانی موسڵ
بەشی سێدارە
1979-6-8
شەهید مەلا عەلی و مردن
بەڵێ مەلا عەلی زۆر لەوە سڵ ئەكاتەوە كە خەڵك وا بزانێ مردن ترساندوویەتی : -
نەڵێن ؛ ئەمرێ و لە ترسی مەرگ پەشێوە
پێشمەرگە بم هەر ئەكەومە پێش ئێوە
بە مەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسوودەم
ڕووشم زەردەی پێكەنینی هەر پێوە
هەڵوێستی ئەم شاعیرە بەرانبەر بە مردن چەند جێ ی شانازیی یە بۆ ئەم ( شاعیرە شەهیدە ) ئەوەندەش جێ ی شانازیی یە بۆ نەتەوەی كورد كە شۆڕشگێڕەكانی بەم جۆرە بەرەنگاری مردن بوونەتەوە ، چونكە ئەگەر ( مەلا عەلی ) توانیبێتی وەك شاعیرێك تەعبیر لە هەڵوێست و بیروباوەڕی خۆی بكات بەرانبەر مردن و دوژمن ، ئەوا دەیانی تری وەكو ( مەلا عەلی ) هەمان هەڵوێستی مەردانەیان هەبووە و جیاوازی لە نێوان ( مەلا عەلی ) و ئەوانەدا ، تەنیا دەربڕین و ، دەرنەبڕینە .
بەڵێ مردن لەم شاعیرە پێشمەرگەیە ترساوە و ناوێرێ نزیك و توخنی بكەوێت ، بۆیە ئەم پشی پشی بۆ مردن ئەكات و حەز ئەكات زوو خۆی لە داوێنی هەڵسوێ . . . ئەم بانگ هێشتنەی حسێن مەولود بۆ مردن ، بانگ هێشینێكی شۆڕشگێڕانەیە بۆ ڕزگار بوون لە ژیانی ژێر دەستەیی . تا بە پێوە بژی و بە پێوە شەهید ببێ ؛ -
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێك سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزی یە كە پێڵاوم ئەبینن
بە سەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین
* * *
گەرچی بەرە و دوا ماڵی ژین بەڕێوەم
یەكەم ماڵی نەمتدنم دیارە لێوەم
بەشم چونكە مردنی ناوجێ نیە
شادم كە تا دوا هەناسەش بە پێوەم
ئەو بە پیرەوە چوونی مردنە بەو هەموو ڕەهایی و ڕاهاتن و لە سەر خۆییەوە مامەڵەیەكی زۆر جوامێرانەیە كە مردن ئەوەندەی تۆزقاڵێك هەست و دەروون و بیركردنەوە و لێكدانەوەی نەلەقاندووە . یان باشتر بیڵێم ؛ - قۆناغی دوای مردنی بە كۆتایی ژیانی نەزانیوە ، لای وا نەبووە كە ئەمرێ و ئیتر هەموو شتێك كۆتایی دێت . لای وایە ژیان وەكو هەموو شتێكی زیندوو لە گۆڕاندایە ، دیالێكتە . . . لای وایە مردن فرمانێكە بە ئەنجامی ئەگەیەنێ و ، دوای بە ئەنجام گەیاندنیشی خەباتی هەر بەردەوامە ؛ -
ئەمڕۆ لێرەم و سبەی لە گۆڕێ
چش با ناویشم نەیەتە گۆڕێ
من بەڵێنی خۆم هەر ئەبەمە سەر
ڕێبازم لە نێو گۆڕیش نەگۆڕێ
لەو دنیایەش هەر پێشمەرگە و كادرم
كە هیچ نەبێ لەوەی ئێستا چاترم
لێرە خاوەن ئەزموونی ڕێ ی خەباتم
لەوێ لە نێو كوورەی شۆڕش ئاگرم
چونكە ئەگەر لای وابێ ئەمرێ و هەموو شتێك كۆتایی دێت ئەوسا ئەوەندە دەربەستی شتە وردەكانی دەور و پشتی و پێویستی ڕۆژانەی نابێ . . . ئەوانەی مردن بە دوا قۆناغی خەبات و ژیان ئەزانن بە پێچەوانەوە سەیری شتەكان ئەكەن ، دەست لە هەموو شتە ورد و گەورەكانی ژیان ئەشۆن و ئەوەی لە بیریان ئەمێنێ و هەمیشە لەبەر چاویان ئەبێ ، هەر ؛- مردنە و مردنە و مردن . . . كەچی حسێن مەولود دەربەستی وردترین دیاردەی ژیانیەتی. بڕوانن چۆن باسی ژوورەكەی و باری خۆی دەكات
بەرەو ژووری بەرەو ژووری سێدارە
ماندووی كردووم و شوێنەكەم شێدارە
كە نیشانەی پەشێوی پێوە شێوەم
ئەوە برینی ئەشكەنجەیە و جێ دارە !!
شەهید لە یەكێك لە نامەكانیدا دەڵێت ؛ مردن ئەو شتە ترسناكە نی یە كە(توقع)مان دەكرد هەروەها مەسەلەی (عقیدە) شتێك نیە بگۆڕێت ، زەق زەق لە پەتەكە ورد بیتەوە هێشتا پتر سوور ئەبی لەسەر بیروباوەڕەكەت ئەگەر ئەو بیروباوەڕە (الحاد)یش بێت ، من زۆر لە ماركسیزم گەیشتم كە بە چاوی خۆم ئەو هەموو بێتاوانەم دین هاتنە بەردەم پەتی خنكاندن
چەرخی چەپ گەڕ
لەگەڵ خولانەوەی چەرخی زەمانە
بوو بە ئاگر لێم هەرچی هەمانە
ناوێرم نزیك هیچ كامیان كەوم
لێم حەرام بووە خۆراك و خەوم
ساڵان بە تەمای خۆشی ژیان بووم
بە هیوای خۆشی گەڵ هاوڕێ یان بووم
تەمام بوو كاتێك دەرچم لە زانكۆ
لە كوردستاندا بكەم هاتوچۆ
بچمە دیدەنی شار و دێهاتی
شادبم بە شادی گشت هاوڵاتی
تەمام بوو باوك و براو خزمانم
ئەركی هەموویان بخەمە سەر شانم
چاكەی ڕەنجدەران زۆریان دەمەوە
دەردی هەژارییان لە بیر بەرمەوە
بیانكەم بە خاوەن ماڵ و خۆشحاڵی
نەبینن چیتر ڕووت و ڕەجاڵی
ببمە خزمەتكار تا مردن بۆیان
ئەركێ بەرمە سەر لەجیاتی ئەوان
وام دەهاتە بیر ساڵێ لە ساڵان
گوزەرانی ماڵ چاك بكەم وەك ماڵان
ئەوەی پەنا بێت بۆ منی دەربەدەر
تاكە ماڵەكەی برای بیروباوەڕ
پێم وایە دەمرم دوا دیدەنیمە
بەجێ دەمێنێ هەرچی كە نیمە
ڕۆژێك دێ ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی سوور
ڕووناكتر دەبێ و نزیك دەبێ ، دوور
1978شەهید مەلاعەلی كاتی پێشمەرگایەتی
نامەیەكی شەهید مەلاعەلی بۆ ئەحمەد مەولودی برای لە زیندانەوەو لەچاوەڕێی پەتی سێدارە
برا شیرینەكەم ئەحمەد
لە ژوری خنكاندنەوە سڵاوی دەروونی
بە كوڵت پێشكەش بێت هیوادارم لە
خۆشی دا بیت ، برا گیان من لە پێناوی
ئازادی گەل دا بووم بە قوربانی ئا لەم
كاتەش دا سەردار محمد و نهادم لە بیرە
وەسیەتم ئەوەیە هەمیشە سەریان لێ
بدەی لە ماڵی محمد و سەردار ، هەروەها
هاوڕێ یەكم هەیە لەگەڵما لە ژوری
خنكاندنە و ئومێدی بە دەرچوون
هەیە ئەبێ هەمیشە سەری لێ
بدەی ناوی ( غازی فاچل ) ە و
خەڵكی سەنگەسەرە بۆ ئەوەی بە
چاوپێ كەوتنی تۆ منی بیر بێتەوە
ئومێدەوارم منی لە یاد بێت .
برا گیان هەرگیز لە دایك و باوكم جیا
نەبیتەوە و براكانم پێ بگەیەنە
سڵاو و ڕێزم هەیە بۆهەموو هاوڕێ یان
بۆ هەموو خزمان گەورە و بچووك
پێ ی ناوێ خەفەتم بۆ بخۆن ، مردن
ڕێگای هەموو كەسە .
ناوی شۆڕشگێڕانە بۆ منداڵەكانتان
دابنێن . ئەو نوسینانەی بە جێ
ماون بۆم چاپ بكەن بە تایبەتی
شیعرەكان .
گەردنی هەموو كەسیش ئازاد بێ
لە شەوی ٢٢ - ٢٣ / ٧ / كە ئەمشەوە
ماڵاوایی یەكجاری ئەكەین لەگەڵ
ئەڵوەند عمر عەلی و عالی عالی حسین
ئیتر خۆشیتان
برات حسین
1٩٧٩/٧/٢٢
عەبدولكەریم مەولود برای شەهید مەلا عەلی لەكورتەیەك بۆ چاپی چوارەم دیوانەكەی شەهید مەلا عەلی دەڵێت:ئەم هۆنراوانەی لەم دیوانە بچووكە پڕ واتایەدان هەموو دەزانن هۆنراوەی چ ڕۆژگارێكن! بەڵێ هۆنراوەی سەردەمێكن كە زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی كوردستانیش ئەمڕۆژی ئازادیەیان بە مستەحیل دەزانی ، بەڵام شەهید مەلا عەلی كە ئەو كات لە چاوەڕوانی مردنێكی گەورەی ناوەختدا بوو ، هەموو كات پەتی سێدارەكە لەبەر چاوی ڕادەژا، بە پێچەوانەی ئەوانەوە ، ئەمڕۆژی ئازادیەی لەبەر چاو بوو ، دەیزانی كە گەلەكەی ئازاد و سەربەخۆ دەبێت و مافی خۆی دەستێنێ ، دەیزانی داگیركەران دەبەزن و ماكیان لەبن دەردێت ، هاوڕێ و هاوسەنگەر و شوێن كەوتووانی خاكی داگیركراوی كوردستان لەدەست دوژمن دەردێنن و بۆ هەتا هەتەیەش ناوی خۆی و هاوڕێ شەهیدەكانی لە مێژوودا هەر بە زیندوویی دەمێنێت ، بۆیە دەڵێت ؛ -
لە بری بەرگی ڕەش سەرتاپا ( خاكی )
لە بەركەن هەتا نامێنێ ماكی
ئیمپریالیزم و بازرگانی جەنگ
دەردەپەڕێنرێن بە لوولەی تفەنگ
وڵات جێ دێڵن دوژمنانی گەل
خۆری ئازادی هەڵدێ لە دەم كەل
ئەو كاتانەش بەردەوام بیری لەوە كردۆتەوە كە بە جۆرێكی تر لە پێناوی گەل و وڵات و داوا ڕەواكەیدا تێبكۆشێت ، هەمیشە شیعر ونامە و ڕاسپاردەی شۆڕشگێڕانەی نووسیوە و وەسیەتی كردووە دوای ئازادی چاپیان بكەن و بە دیاری بیدەن بە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی .
ئێمەش ئەوەندەی بۆمان كرابێت و توانیبێتمان ڕێبازەكەیمان ون نەكردووە و ڕاسپاردەكانیمان جێ بەجێ كردووە ، ئەوە بوو كاك ئەحمەدی هاوزای كە نیوەی گیان و نیوەی لەشی ئەو بوو ، ساڵی ١٩٨٢ لە شاخ بە هاوكاری چەند سەركردە و پێشمەرگەیەك و یەكێتی نووسەرانی كوردستان چاپی یەكەمی ئەم دیوانەی بەرهەم هێنا ، بە پێ ی توانای دارایی ئەو سەردەمەی شۆڕش چەند ژمارەیەكی كەمی لێكەوتە بەر دیدەی خوێنەران و تێكۆشەران و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و پێشمەرگە و شوێنكەوتووانی ڕێبازی كوردایەتی و ڕزگاری نیشتمان .
دوای ساڵی 1982لەبەر سەختی و دژواری ڕۆژگار و بارودۆخی ناجێگیری سیاسی نەتوانرا جارێكی تر لە شاخ چاپ بكرێتەوە هەتا وای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ ، كە بەشێكی باشووری كوردستان لەدەست بەعسی داگیركەر ڕزگار كرا ،
لە دوای ئەوەش هەمیشە لە هەوڵدا بووین بۆ سەرلەنوێ چاپ كردنەوەی ، بەڵام ئابڵۆقە ئابووریەكان ناسەقامگیری كوردستان و شەڕەكانی ناو خۆ و مەترسی دووبارە گەڕانەوەی ڕژێمی بەعس بۆ كوردستان و نەخۆش كەوتنی كاك ئەحمەد و چەند نەهامەتیەكی خێزان و بنەماڵەكەمان و كۆچی دوایی چەند كەسێك لە خێزانەكەمان ، پێمان نەكرا دیوانەكە چاپ بكەینەوە ، هەتا ساڵی 1997دەزگای ڕاگەیاندنی خاك و چاپەمەنی زاموا بە تابەتیش بەڕێز خاتوو ( هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ) تیراژی (250) دانەیان بۆ بە چاپ گەیەندین كە بوو بە چاپی دووەم ، ئەم چاپەیان دوای ( 15) پانزە ساڵ لە چاپی یەكەم كەوتە بەر دیدەی خوێنەران . كە ئەم ژمارەیەش ئەوە نەبوو بكەوێتە دەست كەمێكیش لەوانەی بە دوایدا وێڵ بوون و نەتوانی چاوی خوێنەران تێر بكات .
ساڵی 1998 یش چاپی سێیەمیمان لەسەر ئەرك و تێچوونی خۆمان بە چاپ گەیاند كە تیراژەكەی ( 500) پێنج سەد دانە بوو ، ئەویشمان لەسەر وەسیەتی خۆی بە دیاری گەیاندە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و دڵسۆزانی ئەدەبی بەرگری و كوردایەتی ، ئەوەش ژمارەیەكی زۆر كەم بوو بە بەراورد بەو خواستەی لەسەری بوو .
هەتا ئێستا و بەردەوامیش كەسانێكی زۆر لە چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بە تایبەت خوێندكاران و نەوەی نوێ داوای دیوانەكەی دەكەن ، ئێمەش ئەوەندەی بۆمان بكرێت و بتوانین درێغی ناكەین و لە كۆششداین بۆ بە چاپ گەیاندنەوەی، كە هەر وشەیەكی كورد وتەنی گەوهەرێكە.
ئەمە ئەم جارەش دەكەوێتە بەردیدەی خوێنەران چاپی چوارەمیەتی ، كە ( مەڵبەندی ڕێكخستنی پێشمەرگەی ) یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ، بەشی ڕووناكبیری ئەرك و تێچوونی خستۆتە ئەستۆی خۆی ، وەك وەفایەك بۆ گیانبەخت كردنی شەهید و درێژە بە ڕێبازەكەی ، بەو هیوایەی بتوانێت كەمێك تامەزرۆی خوێنەرانی بشكێنێ .
لێرەشەوە بە ناوی بنەماڵەكەمان و كەسوكاری شەهیدان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیەوە داوا لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بتوانن یەكێك لە هیوا و خۆزگەكانی بهێننە دی ، جارێك بە ژمارەیەكی زۆر دیوانەكەی بۆ چاپ بكەن و پەیكەرێكی بۆ دروست بكەن و لە شوێنێكی شیاوی شاری سلێمانی بۆ دابنێن .
شەهید داوای پارە و سامان و پاداشتی بۆ باوك و برا و كەسوكاری نەكردووە ، داوای كردووە دوای ئازادی هۆنراوەكانی بۆ بە چاپ بگەیەنن و لە یەكێك لە هۆنراوەكانیدا كە زۆر باوەڕی بە ئازادی دوای مردنی خۆی و ئەمەكی هاوڕێكانی هەبووە دەڵێت ؛ -
تا ئەوسا ناوی ئێمەش ئەمێنێ
پەیكەرمان خەڵكی تێ ی ڕادەمێنێ
ئێمە خۆزگە دەخوازین ئەو خواست و هیوایەی بێتە دی وەك وەفایەك بۆ ئازایەتی و نەبەزینی و گیانبەخشینی بۆ نەتەوە و نیشتمان و كورد و كوردستان
هەزاران سڵاو لەگیانی پاكت بەهەشت جێگەی هەمیشەیت بێت ،پێشمەرگە شاعیر فەرماندە شەهید مە لاعەلی
سەرچاوەكان
(شیعرو هەڵوێست) تاكە دیوانی شەهید (مەلا عەلی) یە و ساڵی 2011 لەلایەن لقی سلێمانی یەكێتی نووسەرانی كوردەوە چاپ وبڵاوكراوەتەوە،سودێكی تەواوی لیوەرگراوەبو ئەم بابەتە.
پ.د.زاهیر لە تیف كەریم:-ئەدەبی زیندان بە نمونەی دوا دەقی شەهید مەلا عەلی،سایتی خاك
هێمن مەحمود :-مەلا عەلی، شاعیری مەرگ و عەشق... سایتی ماڵێك لە ئاسمان
نزار ناری:-مانای ژیان لای شەهید مەلا عەلی،سایتی ئاوێنە
پێشەكی چاپی یەكەم دیوانی شەهید مەلاعەلی - ناوەڕاستی ئابی 1981- زینۆی سوور- محەمەدی حەمە باقی
مەلا عەلی (شاعیر) سایتی ویكپیدیا
مەلا عەلی - Kurdipedia
PUKmedia كاوان ئەحمەد حمە ساڵح هەڵەبجەیی
هەواڵی زیاتر
-
ژمارهو ناوی كاندیدانی یهكێتی بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان
12:50 PM - 2024-09-25 -
شێخ جهعفهر: تاكه ئامراز بۆ گۆڕینی دهسهڵات دهنگدانه به یهكێتی
05:55 PM - 2024-10-10 -
قوباد تاڵەبانی: لەم هەڵبژاردنەدا ستۆپ بە پارتی دەکەین
04:36 PM - 2024-10-10 -
یاساناسێک: مام جەلال سەركەوتووبوو لەدیاریكردنی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو
03:25 PM - 2024-10-10
ئەمانەش ببینە
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاترە لە 8 ملیار دینارە
09:04 AM - 2024-10-11
یەكێتی پڕۆژەی قەرەبووی زیانلێكەوتوانی بادینان بەهۆی لەشكركێشییەوە ئامادە دەكات
03:46 PM - 2024-10-10
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لایەنی سیاسی بەرامبەرمان لە حوکمڕانی و سیاسەت ئیفلاسی کردووە
02:56 PM - 2024-10-10
بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی مووچەی خانەنیشانی هێزەكانی ٧٠ خەرجدەكرێت
01:30 PM - 2024-10-10
زۆرترین خوێنراو
-
کێ خەمخۆری هەولێرە؟
بیروڕا 03:17 PM - 2024-10-10 -
ئاوایە سەرۆکەکەی
بیروڕا 03:15 PM - 2024-10-10 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لایەنی سیاسی بەرامبەرمان لە حوکمڕانی و سیاسەت ئیفلاسی کردووە
کوردستان 02:56 PM - 2024-10-10 -
بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی مووچەی خانەنیشانی هێزەكانی ٧٠ خەرجدەكرێت
کوردستان 01:30 PM - 2024-10-10 -
قوباد تاڵهبانی: یهكێتی كۆتایی بهدهنگی ساختهو خۆسهپێنی دههێنێت
ی ن ک 12:36 PM - 2024-10-10 -
پێشبینی ژمارەی کورسی حیزبەکان
بیروڕا 12:18 PM - 2024-10-10 -
یەكێتی بەخزمەت و دەرفەتی كار رووبەڕووی كۆچی گەنجان دەبێتەوە
ڕیپۆرتاژ 11:11 AM - 2024-10-10 -
ئۆكتۆبەر.. مانگی سەركەوتن و بەرگری یەكێتی
کوردستان 10:41 AM - 2024-10-10