riklam

یەکێتی رەگی بەعس لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان هەڵدەکەنێت

کوردستان 12:08 PM - 2023-07-19
ناوچە دابڕێندراوەکان PUKMEDIA

ناوچە دابڕێندراوەکان

کەرکوک فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یەکێتی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵەکانی بۆ خزمەتی جوتیاران و خەڵکی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا لەماوەی رابردوودا بەهەوڵی سەرۆک بافڵ و ئەندامانی سەرکردایەتی لە کەرکوک و فراکسیۆنەکەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، توانراوە لیژنەی ماددەی 140 کارا بکرێتەوەو هەروەها درێژکردنەوەی گرێبەستی جوتیارانی کەرکوک رابگیرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، لەدوا هەوڵیشیدا توانی لەرێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش هەڵبەوەشێنێتەوە، کە 136 قەزا و ناحییەو گوند لە ناوچە جێناکۆکەکان لێی سودمەند دەبن و رەگی بەعس لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان هەڵدەکەنێت.

لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراقدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەند داواکارییەکی پێشکەش بە کابینەکەی سودانی کرد، کە کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی 140 یەکێک بوو لە داواکارییەکان.

 

یەکێتی هەوڵی جدی دەدات بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان

 

کاکە رەش سدیق لێپرسراوی ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی 140 بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "بەهۆی ریفراندۆمەوە کورد بەشێکی زۆری خاکی ناوچە جێناکۆکەکانی لەدەستدا، لەدوای ئەو کاتەشەوە دانیشتوانی کوردی ئەو ناوچانە لە بارودۆخەکە نیگەرانن و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش هەوڵی جدی دەدات بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخەکە، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیارێکی بوێرانەیەو خزمەت بەو ناوچانە دەکات".

"بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و هەروەها جێبەجێکردنی ماددەی 140 کێشەی زەوی و زار و تەعریب کردن لە کەرکوک و 136 گوند و ناحیە و قەزا نامێنێت و پاشان دەتوانرێت کێشە ئیدارییەکانیش چارەسەر بکرێن، کە لەئێستادا پارێزگاری کەرکوک تا ڕادەیەکی زۆر رێگرە لە بەڕێوەبردنی کارەکانی ماددەی 140"، کاکە رەش سدیق وای وت.

لێپرسراوی ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی 140 دەشڵێت: "ئەگەر هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک کۆماری عیراق نەبوایە بارودۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە زۆر لە ئێستا خراپتر دەبوو، چونکە بەردەوام رێگرییان لە کاری نایاسایی کردوەو رێگەیان نەداوە تەحریب پەل بکێشێت".

 

نوێنەرانی کەرکوکی یەکێتی کار بۆ جوتیارانی کورد و تورکمان دەکەن

 

بەهەوڵی یەکێتی پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی تایبەت بە زەویە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک نێردرایە پەرلەمان، کە جوتیارانی کورد و تورکمان لەو سنورە لێی سودمەندن.

خالید شوانی وەزیری دادی عیراق لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەهۆی هەوڵەکانمانەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی تایبەت بە زەویە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک دەرکرد، ئەم پڕۆژەیاسایە هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە کە نۆ بڕیارن و لە ساڵی ١٩٧٦ بەدواوە زەویە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمانی کەرکوکی پێ داگیرکراوە".

"ئەم پرۆژە یاسایە پێشتر لەلایەن هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت خرابووە ناو بەرنامەی حکومەتەوە، لەماوەی رابردوودا زۆرترین گفتوگۆمان لەسەرکرد تا گەیشتینە رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکاندا"، شوانی وادەڵێت.

وەزیرەکەی یەکێتی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی کرد کە هاوکار و پاڵپشتییان بووە و راشیگەیاند: "دوای ئەوەی ئەم پرۆژەیە چەندین جار لە بەرنامەی کار لابرا، بەڵام توانیمان پرۆژەکە بخەینەوە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی وەزیران، لەئەمڕۆوە ئەم پڕۆژەیە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی، داواش لە هەموو پێکهاتەکانی پەرلەمان دەکەم بە تایبەت پێکهاتە کوردستانییەکان کە چۆن لە ئەنجومەنی وەزیران ئەم پرۆژە یاسایە دەنگی لەسەردرا، لە پەرلەمانیش دەنگی لەسەر بدرێت و ئەم کێشە کە چەندین ساڵە رووبەڕووی جوتیارانی کورد و تورکمان بووەتەوە لە شاری کەرکوک چارەسەربکرێت".

خزمەتەکانی یەکێتی بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەردەوامە

فراکسیۆنی یەکێتی هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ و یەک بڕیاری دەدات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبەرژەوەندی کورد و تورکمان لە ناوچە جێناکۆکەکان.

سەباح حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پشکی کەرکوکی فراکسیۆنی یەکێتی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "فراکسیۆنەکەمان هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ دروسکردنی کۆدەنگییەک لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ پەسەندکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش".

"کاراکردنەوەی ماددەی 140 و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کەرکوک و گەڕانەوەیان بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، سەرجەمیان هەوڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و خزمەتێکی دیکەی یەکێتییە بە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان"، سەباح حەبیب وای وت.

هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ر به‌ رێگری كردن له‌ته‌عریب و داگیركردنی زه‌وی و زاری جوتیارانی كورد و توركمان له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو له‌ئێستاشدا هه‌وڵی یه‌كڕیزی كورد ده‌دات بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق و ئامانجێتی به‌یه‌كڕیزی كورد زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابروودا فراسیۆنه‌كه‌ی پرۆژه‌ یاسای گواستنه‌وه‌ی راژه‌ی 17 هه‌زار مامۆستاو فه‌رمانبه‌ری به‌شی كوردی خسته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌، به‌ڵام به‌پیلان له‌لایه‌ن حزبێكی كوردستانییه‌وه‌ پرۆژه‌كه‌ په‌سه‌ند نه‌كراو تێپه‌ڕێنرا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket