riklam

هاوخەمییەكان بۆ كۆچی دوایی خاتوو سەبیحە شێر محەمەد

کوردستان 09:46 AM - 2023-07-13
 خاتوو سەبیحە شیر محەمەد PUKMEDIA

خاتوو سەبیحە شیر محەمەد

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسەنامە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 13-7-2023، خاتوو سەبیحە شێر محەمەد ژنە تێكۆشەر شاخ و خێزانی سەركردە و فەرماندەی نەمر جەبار فەرمان، دایكی هەڤاڵ بلێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، بە نەخۆشیەكی كتوپڕ كۆچی دوایی كرد، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەك پرسەنامە ئاڕاستەی هەڤاڵ بڵێسە جەبار فەرمان و خانەوادەی كۆچكردوو سەبیحە خان كراوەن.

 

دەقی پرسەنامەكان:

 

سەرۆك بافڵ: خاتوو سەبیحە نموونەی هەڵوێست و خۆڕاگری بوو

كۆچی دوایی خاتوو  سەبیحە شێر محەمەد ژنە تێكۆشەری شاخ، هاوسەری سەركردەی كۆچكردوو كاك جەبار فەرمان و دایكی هەڤاڵ بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە دڵەوە نیگەرانی كردین.

خاتوو سەبیحە ژنێكی قارەمان و هاوخەباتی كاك جەبار فەرمان بوو، لەهەموو قۆناغە سەختەكانی خەباتدا، نموونەی هەڵوێست و خۆڕاگری بوو.

بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكار و بنەماڵە سەربەرزەكەی دەكەم. لەخوای گەورە داواكارم كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت.

دڵسۆزتان 
بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

كۆسرەت رەسوڵ: خاتوو سەبیحە لە شاخ و شار خەباتی دەكرد

 
بەڕێز: خاتوو بڵێسە جەبار فەرمان
بەڕێزان: خانەوادە و كەسوكاری خاتوو سەبیحە شێر محەمەد

بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی ژنە تێكۆشەری شاخ و خێزانی سەركردەو فەرماندەی تێكۆشەر كاك جەبار فەرمان خاتوو سەبیحە شێر محەمەد-ی دایكی بەڕێزتانم بیست، دڵگران و خەمباری كردم.

خاتوو سەبیحە ژنێكی تێكۆشەر و قارەمان، هیلاك و ماندوو و كۆڵنەدەر بوو، هاوشانی كاك جەبار فەرمانی سەركردە لە رۆژانی سەختی خەبات لە شاخ و شار خەباتی دەكرد لەپێناو میللەتەكەمان، ژنێكی میهرەبان و خانەدان بوو، خزمەتی پێشمەرگەی دەكرد و سەربەرزانە منداڵەكانی بە رۆحی كوردایەتی پەروەردە كرد.

بەداخەوە بۆ لەدەستدانی ئەم ژنە تێكۆشەرو قارەمانە، دەزانم لەدەستدانی دایك قوڕسەو ئازاری زۆرە، بەڵام دەبێ بەهێزبن و وەك دایك و باوكتان قارەمان و كۆڵنەدەر بن، بۆ ئەم كۆستە گەورەیە هاوبەشی خەمتانم، پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمتان ئاڕاستە دەكەم، هیواخوازم ئەمە دواكۆست و ناخۆشی هەموو لایەك بێت، خوای گەورە سەبووری هەموو لایەك بدات و كۆچكردوو جێگای بەهەشتی بەرین بێت.


كۆسرەت رەسوڵ عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


 

هاوخەمی سكرتارییەتی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ كۆچی دوایی خاتوو سەبیحە شێر محەمەد

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی هەڤاڵی دێرین و پێشمەرگەو تەواری شاخ و شار، خاتوو سەبیحە شێر محەمەد،  هاوژینی سەركردەی دیاری گەلەكەمان خوالێخۆشبوو هەڤاڵ جەبار فەرمان و دایكی هەڤاڵ بڵێسە ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیمان پێگەیشت، پرسەو سەرەخۆشیی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڤاڵ بڵێسەو خوشكە بەڕێزەكانی و تەواوی كەسوكاری رادەگەیەنین، خوای سەبوری هەموو لایەك بدات و دوا ناخۆشی بێت.

 انا للە وانا الیە راجعون

سكرتارییەتی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

 

مەكتەبی سیاسی: مێژووی خاتوو سەبیحە پڕ لە تێكۆشانە

هەڤاڵ بڵێسە جەبار فەرمان  ئەندامی سەركردایەتی، خاتوو كڵپە و دەریا، بنەماڵەی شێر محەمەد كەسایەتی ناسراوی خانەقین و گەرمەسێر.

 بەخەمێكی قوڵەوە هەواڵی كۆچی دوایی  تێكۆشەر خاتوو سەبیحەی هاوسەری سەركردەی كۆچكردوومان  پێگەیشت  و لەناخی دڵمانەوە هاوخەمی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین.
 
خاتوو سەبیحە خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە بەخشش و تێكۆشان بوو، هەر لەڕێكخستنەكانی ناو شار و تا سەردەمی خەباتی شاخ، شانبەشانی  سەركردە  جەبارفەرمانی هاوسەری لەڕیزی  خەباتی پێشمەرگایەتی  وەك تەوارێكی بەرزە فڕ تێكۆشاوە، لەدوای  راپەرینیش جگە لەئەركی حزبی، لەكاری رێكخراوەیی مرۆڤ دۆستیدا لەناوچەكانی گەرمەسێر و سلێمانی جێگە دەستی دیار بووە و چەند پڕۆژەیەكی لانەی بێ سەرپەرشتانی كردووەتەوە.

جارێكی تر بۆ كۆچی دوایی خاتووی  سەبیحەی ماندوونەناس  لە یەزدانی مەزن داواكارین كۆچكردوو بە بەهەشت شاد بكات و سەبوری بە ئێوەش ببەخشێت.

انا للە وانا الیە راجعون

مەكتەبی سیاسی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


قوباد تاڵەبانی: سەبیحە خان ژنە پێشمەرگەیەكی قارەمان و لەخۆبردوو بوو

*خوشكی بەڕێزم هەڤاڵ بڵێسە جەبار فەرمان*

*بەڕێزان خانەوادەی كۆچكردوو (سەبیحەخان)*

بەبیستنی هەواڵی كۆچی دوایی (سەبیحە خان) خێزانی سەركردە و تێكۆشەری نەمر (جەبار فەرمان)، نیگەران و دڵگران بووم.  

كۆچكردوو (سەبیحە خان) خانمێكی قارەمان و لەخۆبردوو، ژنە پێشمەرگە و پشتیوانی گەورەی سەركردەی كۆچكردوو جەبار فەرمان و ناوێكی دیاری نێو دنیای بەخشین و كاری مرۆیی و خزمەتكردن بوو بەتایبەت لەبواری پەروەردەی منداڵان و لەو پێناوەشدا جێدەستی دیارە. 

لەم بۆنە غەمناكەدا پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و خانەوادە كۆڵنەدەر و نیشتمانپەروەرەكەتان دەكەم و هاوبەشی خەمتانم. 

خوای گەورە لێی خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەهەموو لایەك ببەخشێت. 

انا لله و انا الیه راجعون 

قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵى کۆچی دوایی خاتوو سەبیحەم بیست

 

بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو سەبیحەخان


بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵى کۆچی دوایی خاتوو(سەبیحە شێر محەمەد) ژنە تێکۆشەری شاخ و هاوسەر و هاوخەباتی فەرماندەی تێکۆشەر کاک جەبار فەرمان و دایکی هەڤاڵ بڵێسە و دەریا و کڵپەم-م بیست. 


بۆ ئەم خەمە پرسەو سەرەخۆشیتان لێ دەكەم و هاوبەشی غەمتانم، خوای گەورە لەكۆچكردوو خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەهەموو لایەك ببەخشێت. 
انا لله و انا الیه راجعون


شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
خانمی یەکەمی عێراق

 

دكتۆر خەسرەو گوڵ: خاتوو سەبیحە بەشێك بووە لە سەروەرییەكان


خاتوو  بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، خاتوو كڵپە و دەریا، خانەوادەی سەربەرزی شێر محەمەد  .

كۆچی دوایی خوشكی ئازیزمان سەبیحە شێر محەمەد ژنە تێكۆشەرو خەباتگێڕی خانەقین و  هاوژینی سەركردە و فەرماندەی نەمركاك جەبار فەرمان لەدڵەوە نیگەرانیكردم .

خاتوو سەبیحە ژنێكی ئازاو هاودەمی كاك جەبار فەرمان بوو كە لەقۆناغەكانی سەختی خەباتیشدا خۆڕاگرانە وەك ژنێكی نمونەیی دانەبڕاو بەشێك بووە لە سەروەرییەكان .

بۆیە كۆچی دوایی ژنێكی وەها غەمباریكردم بۆ ئەم كۆستە پرسەو سەرەخۆشی قووڵی خۆمتان ئاڕاستە دەكەم و بەشداری خەمتانم .

خوای گەورە رۆحی ئەم خوشكەمان بۆ هەمیشە شادبكات، سەبووری و دڵئارامیش بە هەموو لایەك ببەخشێت.


دكتۆر خەسرەو گوڵ 
كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

 

هاوخەمی مەكتەبی رێكخستن بۆ كۆچی دوای خاتوو سەبیحە شێر محەمەد 

هەڤاڵ بڵێسە جەبار فەرمان

بەڕێزخانەوادەی خاتوو سەبیحە شێر محەمەد

بەبیستنی هەواڵی كۆچی دوای خاتوو سەبیحە شێر محەمەد خێزانی سەركردە جەبار فەرمان و دایكی هەڤاڵ خاتوو بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەركردایەتی و ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكاری لەمەكتەبەكان دڵگران و غەمباریكردین، بەم بۆنە غەمناك و غەمبارەوە بەناوی لێپرسراو و تەواوی هەڤاڵانی مەكتەبەكەمانەوە پرسە و سەرەخۆشی لەخۆمان و خانەوادە تێكۆشەرەكەتان دەكەین هاوبەشی خەمتانین وخوازیارین ئەمە دواكۆست وناخۆشی خانەوادە بەڕێزەكەتان بێت و یەزدانی مەزن رۆحی دایكە سەبیحەش بە بەهەشتی بەرین شاد بكات.
 
خاتوو سەبیحە خێزانی سەركردە جەبار فەرمانە و یەكێك بووە لە ژنە تێكۆشەرەكانی سەردەمی شاخ  و پێشمەرگەیەكی خاوەن خەبات و قوربانی دانن و  هەمیشە پشتیوانی سەركردە جەبار فەرمان بووە لە خەباتی كوردایەتیدا دایكێكی میهرەبانیش بووە بۆ رۆڵەكانی كە كوردپەروەرانە پەروەردەی كردوون و لەدوای راپەرینیش كادرێكی دیار و ناسراوبووە خاتوو سەبیحە ژنێكی سەنگین و سەلاربووە و كەسایەتییەكی خۆشەویست و بەویژدان بووە دڵسۆزی كەسوكار و هاوڕێ كانی بووە درود بۆ رۆحی پاكی. 

 

مەكتەبی رێكخستنی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

 

دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی: خاتوو سەبیحە پێشمەرگە و خەباتگێڕ بوو

پرسەنامەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی 

خوشکی بەڕێزم خاتوو بڵێسە جەبار فەرمان

بەڕێزان خانەوادەی کۆچکردوو (سەبیحەخان)
هەواڵی کۆچی دوایی (سەبیحەخان) خێزانی سەرکردە و پێشمەرگەی رۆژەسەختەکان و تێکۆشەری گەلەکەمان (جەبار فەرمان) خەمباریکردین.  
 (سەبیحەخان) خانمێکی تێکۆشەر و لە خۆبردوو بوو شان بەشانی هەڤاڵ (جەبار فەرمان) لە تێکۆشان نەسرەوت و بەگژ داگیرکەرانی کوردستان چوونەوە، ئەم خاتوونە تێکۆشەرە لە ژیانی خۆیدا وەک ژنە پێشمەرگەیەک پشتگیری سەرکردەی نەمر هەڤاڵ (جەبار فەرمان) بوو؛ لەبواری مرۆیی، کاری بەخشین و چاکەکاریدا؛ خزمەتی زۆری بە منداڵانی بێلانە و کەرتی گشتیی پەروەردەکرد لە سلێمانی و گەرمیان.
رۆحت شاد خانمی تێکۆشەر و ژنە پێشمەرگەی رۆژە سەختەکان.
بۆ ئەم کۆچەش پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان؛ لەتەواوی خێزان و خانەوادە تێکۆشەرەکەتان دەکەین و هاوبەشی خەم پەژارەتانین؛
خوای گەورە لە کۆچکردوو خۆشبێت، و سەبوری و دڵنەواییش بە هەموو لایەک ببەخشێت. 

انا لله و انا الیه راجعون 

باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

 

سەعدی ئەحمەد پیرە: خاتوو سەبیحە شێرە ژنێکی سەردەمی شۆڕش و ئێستا بوو  

 

هەڤاڵ بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەركردایەتی، خاتوو كڵپە و دەریا، بنەماڵەی شێر محەمەد كەسایەتی ناسراوی خانەقین و گەرمەسێر.

کۆچی دوایی خاتوو (خاتوو سەبیحە شێر محەمەد )ژنە تێكۆشەری شاخ و خێزانی سەركردە و فەرماندەی نەمر جەبار فەرمان دڵگرانیكردین ، خوالێخۆشبوو وەكو شێرە ژنێك لە سەردەمی شۆڕش هەتا وەفاتی كرد وەكو دایك و خوشكێكیان ڕێزی هەموو پێشمەرگە و كادیر و بەرپرسانی یەكێتی دەگرت  ، ژنێكی ڕێز لێگیراوبوو ، ھاوبەشی خەم و ناسۆری خانەوادەکەتانین، ھیوادارین کە ئەمە دوایین کۆستی بنەماڵەکەتان بێت، لەخوای گەورە دەپارێینەوە گیانی خوالێخۆشبوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و صبر و ئارامی بە ئێوە و خزمان و دۆستان بدات.

‌‎إنا لله وإنا إليه راجعون

‌‎سەعدی ئەحمەد پیرە
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

 

گەلاوێژ خان: سەبیحە خان ژنە تێكۆشەری شاخ و نمونەی دڵسۆزێكی بەئەمەك و وەفاداربوو

 

لە دڵەوە نیگەران و غەمبار بووم، بۆ كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو سەبیحەخان، هاوسەری سەركردەی كۆچكردوو جەبار فەرمان، خانمێكی میهرەبان و تیكۆشەرو بەویقارو خوراِگر، ژنە تێكۆشەری شاخ و نمونەی دڵسۆزێكی بەئەمەك و وەفاداربوو.

دووبارە پرسەو سەرەخۆشیم هەیە، بۆ خانەوادەی سەربەرزیان و خاتوو بڵیسەو كڵپەو دەریاو لە خوای گەورە داواكارم خوالێخۆشبوو بەبەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبوری هەموولایەك بدات.
إنا لله وإنا إليه راجعون.

گەلاوێژ

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket