riklam

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کورسی خوێندن لە دەرەوەی وڵات دابیندەکات

کوردستان 09:38 AM - 2023-07-13
 لۆگۆی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی PUKMEDIA

لۆگۆی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لەماوەی ڕابردوودا توانیویەتی ژمارەیەک کورسی خوێندن لە دەرەوەی وڵات بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، جێگری سەرۆکی دامەزراوەکەش دەڵێت: "لەسەر روئیای سەرۆک مام جەلال گرنگی بە زانکۆکان و گەنجان دەدەین و لەساڵانی ئایندەدا ژمارەیەک کورسی خوێندنی زیاتر بۆ زانکۆکان دەستەبەر دەکەین".

یوسف زۆزانی جێگری سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەماوەی رابردوودا دامەزراوەکەمان حەوت کورسی خوێندنی لە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندکاران دابینکردوەو پێشکەشی زانکۆکانی کردووە، کە دوو کورسییان بۆ زانکۆی سلێمانی و دوو کورسی دیکە بۆ زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و کورسییەکی دیکە بۆ زانکۆی کۆیە بووە، کەئەم پێنج کورسییە لەلایەن کونسوڵخانەی چینەوە پێشکەش بە دامەزراوەکە کراوە، هەروەها دوو کورسی دیکەش لەلایەن دامەزراوەی (بەحر ئەلعلوم) لە نەجەف، پێشکەش بە دامەزراوەکەمان کراوەو ئێمەش بەخشیومانە بە زانکۆی گەرمیان".

"لەماوەی رابردوودا باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەشێکی زۆری باڵیۆزی وڵاتان کۆبوەوەو یەکێک لە تەوەرەکان کە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، پرسی دابینکردنی کورسی خوێندن بوو لە وڵاتەکانیان بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لەرێگەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانییەوە، ئەوانیش بەڵێنیاندا کەلەساڵی ئایندەدا کورسی زیاتری خوێندن بۆ دامەزراوەکە دەستەبەر بکەن"، یوسف زۆزانی وای وت.

جێگری سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەشڵێت: "گرنگیدانمان بە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و گەنجانمان لە چوارچێوەی روئیای سەرۆک مام جەلال دێت، کە هەمیشە گرنگییەکی تایبەتی بە زانکۆکان داوە و وەک دامەزراوەیەکی مەعریفی گرنگ لە زانکۆکانی روانیوە".

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دامەزراوەیەکی نا حکومی سەربەخۆی قازانج نەویست و بێ لایەنە، هەروەها کولتووری و مرۆڤایەتی و نیشتمانییە، کاردەکات بۆ ناساندن و پاراستن و ئەرشیف کردنی ژیان و خەباتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، کە رۆژی 28-9-2022 دامەزراندنی دامەزراوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیەندرا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket