riklam

دەنگی عیراق لە دیمەشقەوە

بیروڕا 12:37 PM - 2023-07-09
عەلی شەمدین PUKMEDIA

عەلی شەمدین

بیروڕا

عەلی شەمدین

دوای ئەوەی هەموو چانسەكان بۆ بەردەوامی شۆڕشی كورد و شكستی هەوڵەكانیش بۆ رێگرتن لەو رێكەوتننامەیەی  وەكو پیلان لە جەزائیر لەنێوان رژێمی عیراق و ئێران لە 6-3-1975 ئیمزاكرا شكستی هێنا، بەتایبەت كە بە پێی رێكەوتنەكە پاڵپشتی ئێران بۆ شۆڕشی كورد رادەگیرا، ئەوا لە كوردستان ئاشبەتاڵی شۆڕش راگەیەنراو بەوەش كورد لەبەردەم دوو رێگەی یەك لەیەك خراپتردا بوو: یان كشانەوە بۆ ناو ئێران یان رادەستبوونەوە بە رژێمی عیراق، ئەوكاتیش مام جەلال لەشام بوو، بۆیە هەموو هەوڵ و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكانی بەكارهێنا بۆ كەمكردنەوەی ئاستی ئەو كارەساتەی بەسەر گەلی كورددا هاتبوو لە كوردستانی عیراق، هەروەها بۆ پارێزگاری لە رۆحی بەرگری و بەردەوام بوون لە شۆڕش.


مام جەلال و بەشێك لە هەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەری ی. ن. ك

هەل و چانس بۆ كورد

ئەوكات چەندین هەل و پێشنیاز بۆ كورد هاتبووە ئارا، بەتایبەت لە لایەن»موعەممەر قەزافی و حافز ئەسەد و یەفگینی پریماكۆف»ەوە، كە هەمووی لەبەرژەوەندی كورد و هاندانیدا بوو، بۆ بەردەوامی شۆڕشەكەی لەبەرامبەر رژێمی خوێنمژی بەغدا و ئامادەیی بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە پاڵپشتی و هاوكارییەكی ماددی و مەعنەوی و سەربازی بە كورد.

سەرۆك موعەممەر قەزافی لە میانەی دیدارەكەی لەگەڵ مام جەلالدا، ئامادەیی تەواوی راگەیاندبوو بۆ پیشكەشكردنی پارەی پێویست بۆ بەردەوامی شۆڕشی كورد دژ بە رژێمی سەدام حسێن، هەروەها حافز ئەسەدی سەرۆكی سوریاش كاتێك چاوی بەمام جەلال كەوت بەڵێنی پێدانی چەك و تەقەمەنی پێویستی بە شۆڕشی كورد دا، ئەمە چ جای رێگەدان بە پێشمەرگە بۆ كردنەوەی سەربازگەی مەشق و بارەگا لەشام و قامشلۆ و دیریك، هەروەها جێكردنەوەی سەركردە سیاسیی و سەربازییەكانی كوردستانی عیراق لە سوریا، سۆڤیەتەكانیش هەرزوو پەیوەندییان بە مام جەلالەوە كردو داوەتی مۆسكۆیان كرد، بەڵیشنیان پێدا كە پاڵپشتی گەلی كورد بكەن ئەگەر بەردەوام بێـت لە شەڕ دژ بە رژێمی بەغدا، هەر ئەوكات مام جەلال چاوی بە یەفگینی پریماكۆف كەوت كە وەكو پەیامنێری رۆژنامەی برافدا كاری دەكرد، مام جەلال لە كتێبی«دفاتر الپورە الكردیە والعراق»یدا لەو بارەوە دەڵێت: كاتێك لە بەیروت چاوم بە پریماكۆف كەوت، داوای كرد كورد بەردەوام بێت لەشۆڕش و شەڕ و خۆی رادەست بەداواكانی شای ئێران نەكات، وتیشی، بزووتنەوەی كورد بە تەسەلیمبوونەوە ئەوە بەسەر خۆیدا ساغ دەكاتەوە كە بزووتنەوەیەكی عەمیل و سەر بەوڵاتانە، بەڵام ئەگەر بەرگری بكات ئەوكات ئێمەش دەتوانین نێوەندگیری لەنێوان بزووتنەوەی كورد و رژێمی بەغدادا بكەین. 


مام جەلال و داوای بەردەوامبوونی شۆڕش

 

هەرچەند مام جەلال ئەوكات سەرۆكایەتی هیچ حزبێكی سیاسیی نەدەكرد، هەروەها بەرپرسیارێتیی لەنێو سەركردایەتی شۆڕشی كوردیشدا نەبوو، تەنها ئەندامی نووسینگەی كاروباری عەرەبی حزب بوو لەبەیروت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و بە حوكمی هەست كردن بەبەرپرسیارێتی مێژوویی سەر شانی و دووربینی سیاسیی و خوێندنەوەی وردی بۆ رووداو و پێشهاتەكان، ئەوا ئەو بڕیارە چارەنوسسازەی دا كە رێڕەوی رووداوەكانی لەماوەیەكی زۆر كەمدا گۆڕی، كاتێك لە بەیروت و  لە 27-3-1975دا  لێدوانی دا و داوای بەرگری و  بەردەوامبوونی شۆڕشی كرد دژ بە رژێمی زۆرداری بەعس، ئاماژەی بەوەشكرد بەنزیكترین كات دەگەڕێتەوە بۆ كوردستانی عیراق، بەمەبەستی هاندانی پێشمەرگەو ورەپێدانیان بۆ بەردەوامبوون لەشۆڕش، ئەوەی زیاتریش مام جەلالی هاندا بۆ ئەم هەنگاوەی، ئاگاداری بوو لە هەوڵەكانی «كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان» و ئامادەیی ئەو رێكخراوە بۆ بەرگری و بەردەوامبوونی خەبات لە كوردستان، كە لەو پێناوەشدا دەیان سەركردەو كادری لەسێدارەدرا لەناو زیندانەكانی رژێمی بەعس لەنموونەی «شەهاب شێخ نوری و ئەنوەر زۆراب و جەعفەر عەبدولواحد»، كە عادل موراد لەكتێبی «هاوڕێیانی توڵەیتەڵە» وا پێناسەیان دەكات، ئەوان»داینەمۆی شۆڕشی نوێ بوون».

گومانیشی تێدا نییە، ئەو هەڵوێستە ئیجابییەی هەریەك لە قەزافی و ئەسەد و پاڵپشتی ماددی و سەربازی بێ سنوورییان بۆ مام جەلال، رۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەی هەبوو لە هاندانی بۆ گۆڕینی رێڕەوی بەرگری گەلی بە پشت بەستن بەو دوو وڵاتە، هەروەها پاڵپشتی سۆڤیەت لەبری شای ئێران كە پشتی لە شۆڕشی كورد كرد و خیانەتیشی لێكرد لە كاتێكی ترسناكی هەوڵ و خەباتیدا بۆ رزگاری، بۆیە خوێندنەوەی مام جەلال بۆ پەیوەندیی لەگەڵ حافز ئەسەد، لە قوڵایی لێكنەچوونی ستراتیژی و ململانێی تایفی و نەتەوەیی نێوان هەردوو رژێمی بەعسی سوریا و عیراقەوە سەرچاوەی گرتبوو، ئەوەش وایكردبوو ئەسەد كەمتر ترسی هەبێت لە مەسەلەی كورد لەعیراق، وەكو مام جەلال خۆشی لە كتێبی دیداری تەمەندا تەئكیدی كردۆتەوە.

كاركردن لە شام بۆ دامەزراندنی یەكێتی

دوای شكستی شۆڕش، مام جەلال لەشام جێگیربوو، ئەوێشی كرد بە پێگەی سەرەكی بۆ كاركردن بۆ دامەزراندنی رێكخراوێكی سیاسیی، كە توانای سەركەوتنی هەبێت بەسەر ئەو رەشبینی و داڕوخانەی رێكەوتنی جەزائیر دروستی كردبوو لەكوردستان، بۆیە مام جەلال پەیوەندی كرد بە «عادل موراد، عەبدولرەزاق عەزیز میرزا» و داوای لێكردن لە تارانەوە بێن بۆ شام، ئەوەبوو هەردووكیان لە 7-4-1975 گەیشتنە لای، مام جەلال هەروەها دكتۆر فوئاد مەعسومی بانگ كرد كە ئەوكات لە قاهیرە نوێنەری شۆڕشی كوردستان بوو، بۆ ئەوەی ئەویش بێت بۆ شام، دوای گەیشتنیان ئەم چوار كەسایەتییە چەندین كۆبوونەوەیان كرد كە دواجار لە دایكبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لێكەوتەوە، سەبارەت بەو مەسەلەیە عادل موراد لە كتێبی «هاوڕێیانی توڵەیتەڵە» دەڵێت: «مام جەلال لەشامەوە پەیوەندی بەدەیان كادری سیاسیی كوردستانەوە كرد، دوای دەیان گفتوگۆ و پەیوەندی تەلەفۆنی و نامەو نامەكاری و كۆبوونەوە نێوان هەرچوار دامەزرێنەر و سەدان كەسایەتی نیشتمانی كورد و عیراقی و عەرەبی دۆست و هاوپەیمان، توانرا یەكەم كۆبوونەوەی رەسمی رێكخراوە تازەكە لە 22-6-1975 لە چایخانەی توڵەیتەڵە لە ناوەڕاستی شام بەسەرۆكایەتی مام جەلال و ئامادەبوونی فوئاد مەعسوم و عەبدولرەزاق عەزیز و عادل موراد بەڕێوەچوو، دوای گفتوگۆ و ئاڵۆگۆڕی بۆچوونیش بڕیارمان دا رێكخراوە نوێیەكە ناو بنێین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دواتر مام جەلال پەیوەندی بەهەریەك لە دكتۆر كەمال فوئاد و نەوشیروان مستەفا و عومەر شێخ موسەوە كرد، كە لەئەوروپا بوون و قەناعەتی پێكردن بێنە نێو دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، بەوەش ژمارەی دەستەی دامەزرێنەر بوو بە حەوت كەس.

هەر كە بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كە مام جەلال ئامادەی كردبوو، دوا چاوی پێدا خشێنرایەوە لە چایخانەی توڵەیتەڵە، لە ئێزگەی دەنگی عیراقەوە لەشام لە 1-6-1975 خوێنرایەوە و رۆژنامەكانی سوریا و لوبنانیش بڵاویان كردەوە، بەیاننامەكەش دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو لەنێو گەلی كورددا و  لەو رەشبینی و بێهیواییە دەری هێنا، كە دوای شكستی شۆڕشی كورد تووشی بوبوو، ئەمە چ جای ئەوەی بەیاننامەكە لەنێو دۆست و ئەوانەی پاڵپشتیان لەمەسەلەی رەوای گەلی كورد دەكرد دەستاودەستی پێدەكرا.

بەیاننامەكەش وەڵامێكی بەهێز بوو بۆ رژێمی خوێنڕێژی سەدام، كە دواتر هیچ چەكێك نەما بەكاری نەهێنێـت بۆ لەناوبردنی كورد بەچەكی كیمیاویشەوە، بەیاننامەكە هەروەها هەوڵێكی بەرپرسانە بوو، بۆ ورەخستنەوە بە بەر خەباتگێڕان و پێشمەرگەو هەروەها بەرزگرنەوەی رۆحی بەرگری و هیوا لای گەلی كورد، كە لە روبەرووی پەتی سێدارە و زیندان و مەنفا  ئاوارەیی بوبۆوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket