riklam

‎زۆنی سەوز لەبەردەم وەرچەرخانێكی سیاسیدا

بیروڕا 01:00 PM - 2023-06-23
 بەرزانی حەمەخورشید PUKMEDIA

بەرزانی حەمەخورشید

بیروڕا

بەرزانی حەمەخورشید

‎تاكی كورد لە باشوری كوردستان بەتایبەت ئەو توێژەی كە تێكەڵ بە كایەی سیاسی دەبێت و دەخوازێت لە ڕوانگەی پرانسیپە نیشتمانی و نەتەوەییەكەوە قسەیەك لە كایەی گشتی كۆمەڵگا بكات، لێی چاوەڕواندەكرێت بە ئامانجی درككردن و تێگەیشتن لە بنەمای ململانێی ئەو سی ساڵەی نێوان دوو هێزە باڵادەستە حوكمڕانەكەی كوردستان لە پێشینەی مێژوویی ئەو ململانێ موزمینەی نێوانیان بە ئاگابێت و بە دیقەتەوە لە بنەڕەت و ژێرخانی ململانێكە بڕوانێ، بەو ئامانجەی تێگەیشتنێكی دروست و واقیعی لا بەرهەمبێت و لەوێوە بتوانێ لە ڕوانگەی خەمە نیشتمانی و نەتەوەییەكەوە مامەڵەیەكی سروشتی و واقیعیانە لەگەڵ قۆناغی ئێستای توندبونەوەی ململانێكەدا بكات و هاوكات هەڵوێستێكی عەقڵانی و بەرپرسانە لەهەمبەریدا بخاتەڕوو.

‎لەو پێشەكییە كورتەوە گەر سەرنجێك لەو مێژووە دوور و نزیكە بدەین، ئەوەمان لا ڕووندەبێتەوە كە هەر لە سەرەتاوە پارتی بە حوكمی ماهیەت و بونیاتی فیكرە سیاسیەكەی هەمیشە هێزەكانی دەرەوەی خۆی وەك قەوارەیەكی نامۆ و نەیار بینیوە و لەو ساتەوەختانەی كە باسكی سیاسی ئەو هێزانە ڕوو لە ئەستوربون و هەڵكشانی نفوز بوبن ئەم وەك مەترسی و هەڕەشەیەكی وجودی هەڵوێستی لێگرتون، و دوور لە تۆلەرانسی سیاسی نەیتوانیوە پەیوەندیەكی دروست و سەقامگیریان لەگەڵدا بونیاتبنێت، بۆیە دەبینین تۆماری ڕابردووی ئەو پەیوەندیە گەلێك قۆناغی بەریەككەوتن و پێكدادانی لەخۆگرتووە، و ساتەوەختەكانی پێكەوە هەڵكردن و قبوڵكردنی ئەوانی دیكە ساتەوەختی كورت مەودا و كورتە نەفەسن لە مێژووی سیاسی ئەو حیزبەدا.

 

‎سەرنجدان لە قۆناغی حوكمڕانی و دەسەڵاتی دوای ڕاپەڕینیش شاهیدی گەلێك ساتەوەختی بارگرژی و توندبونەوەی ململانێن، بەڵام ئیدی ئەو ململانێیە پێدەنێتە قۆناغی شەڕی ئابوری و قایمكردنی پێگەی خۆی لە هاوكێشەی سیاسی و ئەمنی و ئابووری كوردستانی باشوردا كە گۆشەیەكی هەستیار و ڕووبەرێكی جیۆسیاسی پڕ بایەخی هێزە ئیقلیمی و زلهێزەكانی دونیایە، بۆیە هەرچەندە ململانێكانی دوای ڕاپەڕین دەچنە فۆرمێكی ئارام و قۆڵبادانی نەرمەوە، بەڵام هەوڵدانی بێ سنوور بۆ ڕامكردن و قۆرخكردنی جومگە سەرەكیەكانی هەردوو دامەزراوەی پەرلەمان و حكومەت هێدی هێدی دەبنە سیمایەكی تەڵخ و لەكەداری ئەزمونی سیاسی كوردستان، بەردەوامبوونی هەوڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سێ دەیەی ڕابردووی(پارتی)بۆ سنورداركردنی پێگە و نفوز و كەنارخستنی هێزەكانی بەشداربووی دەسەڵات لە دامەزراوەكانی هەرێم و عێراق لە دوا بەریەككەوتن و پێكدادانی هەنگاوەكانی تایبەت بە داڕشتن و دەنگدان بە بودجەی فیدراڵی عیراق ئیدی ئەو ململانێیە دەباتە قۆناغێكی جیاواز لە ئاستی ڕەهەندە ئابوری و یاساییەكەدا و چاوەڕانی ئەوەشی لێدەكرێت دەرەنجام سروشتی پەیوەندیەكانی نێوانیان لەمەودوا لە نێو دامەزراوەكانی هەرێم و پەیوەندیەكانیان بە دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمانی عیراق گۆڕانكاری ڕیشەیی بەسەردابێت.

‎مامەڵەی نادادپەرەوەرانە:

‎ هەرچەندە لە پێگە فەرمیەكانی(یەكێتی)یەوە چەندینجار ئاماژەی پێدراوە، ژێرخانی توندبونەوەی بەریەككەوتن و قۆڵبادانی دوا گێمی ململانێكە دەرەنجامی نادادپەروەرییە لە دابەشكردنی داهاتی نەوت و داهاتە گومرگیەكان و ئەو بڕە پارەیەی كە لە بەغداد وەردەگیرا بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران، بەڵام لە سۆنگەی ژێرخانی ململانێی موزمینی  نێوانیانەوە ئەوەش دەرهاویشتەیەكی دیكەی هاوكێشە لاسەنگە(ئابوری.. سیاسی)یەكەی نێوانیانە بەڵام لە ساتەوەخت و ئاست و ڕەهەندێكی دیكەدا.
‎جوڵەی چالاك و بەردەوامی شەش مانگی ڕابردووی گروپی سەركردایەتی و فراكسیۆنی  یەكێتی ئەوەمان پێدەڵێت كە  سەركردایەتی یەكێتیش ئیدی ئەوەی بۆ یەكلابوبێتەوە كە دۆخی خراپی دەرامەتی خەڵك و پوكانەوەی بازاڕ و پەككەوتنی پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی زۆنەكە زیانی زیاتر لە پێگە و هەژمونە سیاسیەكەی دەدات و بەردەوامبونی دۆخەكەش لەبەردەم ئەگەری سەركێشاندایە بۆ تێكچونی سەقامگیری و سەرهەڵدانی پشێوی كۆمەڵایەتی و سیاسی. بۆیە پاش بێبەرهەمبونی سەرجەم هەوڵەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا، یەكێتی ناچاربوو بۆ ڕێگرتن لە قوڵبونەوەی قەیرانەكە و بۆ دۆزینەوەی دەرچەی چارەسەر ڕوو لە بەغداد بكات و لەڕێی میكانیزم و ڕێوشوێنە دەستوری و یاساییەكانەوە چارەسەری كێشە و قەیرانەكە بكات.

‎كۆتایی چوارچێوە و عورفێكی سیاسی:

‎ناوەڕۆكی مادەی چواردەی بودجەی فیدراڵی عیراق گەر بۆ یەكێتی لە ڕواڵەتدا ئاماژەیەكی ڕوونبێت بە كاڵبوونەوەی متمانە بە پارتی، بەڵام ئاماژەیەكی ڕوونتری دەقەكە، پەیامێكی ئاشكرایە كە چیدیكە ئەو هێزە ئامادەنییە ڕۆڵی برابچوك و شەریكی پلە دووی دەسەڵاتی هەرێم وازی بكات، ئەمەش مانای قڵپكردنەوەی سەرلەبەری هاوكێشە لاسەنگەكەی نێوانیانە، مانای ڕەتكردنەوەی ئەو میكانیزم و ئەو مۆدێلەیە كە زەبر و جەبری گۆڕانكاریەكانی سێ دەیەی ڕابردووی هەرێم و عیراق  هاوكێشەی لاسەنگی


نێوانیانی شەتەكداوە، بەڵام لای پارتی ئەم هەنگاوەی یەكێتی واتە بەزاندنی هێڵی سوور و مانای دەرچونە لە چوارچێوەی تەقلیدی شەراكەت و لێدانە لە عورفی سیاسی سی ساڵ لە قایلبوون و ڕازیبون بەو پلە و پێگەیەی كە ئەم بۆی دیاریكردووە، و دەستكاریكردنی ئەو چوارچێوەیە و ڕەخنەكردنی ئەو عورفە سیاسیەش تابۆیەكی سیاسی و ئەخلاقییە و وەك خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ یەكێتی ئەژمار دەكرێت، هەر بۆیە لە دوا ڕۆژی گفتوگۆكان و دەنگدان بە بڕگەكانی بودجەوە سەر لەنوێ هێرش و پەلاماردانی پارتی تا ڕادەی تەخوین، و لە بەرامبەردا دیفاع و پاسا و ئەرگومێنتەكانی یەكێتی فەزای ڕاگەیاندنەكانی هەردوولای تەنیەوە، و پێدەچێت شێوازی نەرم و فۆرمی موجامەلەی ڕابردوو بۆ لەمەودوا جێگا بۆ زمانی زبر و ڕادیكاڵ چۆڵبكات.

‎وەرچەرخانێكی سیاسی :


‎هەرچەندە هێشتا زووە بۆ بەدیاركەوتنی ئاسەواری دەرەنجامی قۆڵبادانەكەی نێوانیان، بەڵام چاودێرانی دۆخەكە دەكرێت نیگەرانی قوڵ و توڕەبوونی بێئەندازەی پارتی وا شرۆڤەبكەن كە ئەو هێزە بە حوكمی ئەزمونی ململانێكان تا دوا ساتی ئامادەسازی و دەنگدان بە بڕگەكانی بودجە لە چاوەڕوانیی ئەوەدا بووە كە "سەركردایەتی یەكێتی بچێتە ژێرباری فشار و ئیغرائاتەكان و پاشەكشە لە بەزاندنی تابۆ و جێهێشتنی عورفی نێوانیان بكات"، و ئەوەی ڕوودەدات جگە لە مناوەرەیەكی تەقلیدی هیچی دیكە نیە، لێرەوە دەكرێت چاودێری بەئاگا بەو شرۆڤەیە بگات كە "پێدەچێت پارتی وەك پێویست نەیتوانیوە درك بەو ڕاستیە بكات كە سەرباری غیابی ڕەوانشاد( مام جەلال)، هەنوكە یەكێتی لە سێبەری سەركردایەتیەكی نوێدا قۆناغی نەخواستراوی پشێوی ناوماڵ و بڕیاری سیاسی بەڕێكردووە و سەرگەرمی خۆڕێكخستنەوەیە و  سەرەتای نەهجێكی سیاسی نوێ پەیڕەودەكات كە چاوەڕوانە لە پارتی وەك شەریكێكی پلەیەك و هاوشانی خۆی مامەڵەی بكات".

‎بۆیە شرۆڤەی ئەوەی ڕوویدا بێپەروایی سیاسی و حیسابنەكردنی دووربینانەی پارتی بوو بۆ وجودی ئێستای یەكێتی كە لە بەرامبەر حینكەی سیاسی و لێبڕانی سەركردایەتی یەكێتیدا دوا بەریەككەوتنیان بە دانانی خاڵی كۆتایی یاریەكەی نێوانیان تەواو بوو.

 

‎لە ئێستادا هەرچەندە ئاسەواری دابڕانەكە بەدەرنەكەوتووە، بەڵام ئەوەی كە چیتر دۆخەكە ناگەڕێتەوە پێش قۆناغی مادەی چواردەی بودجە بۆچونێكی واقیعیە، و بێگومان دەبێت سەركردایەتی یەكێتی بەرچاوڕوونیەكی وای لا گەڵاڵەبوبێت كە هەنگاوێكی لەو جۆرە بۆ ڕكابەرە مێژووییەكەی چەند بە ئازارە و لە هەمبەریدا پەرچەكردارەكانی دەبێت تا كوێ سەربكات؟ و هاوكات لە بەرامبەریدا چ پەرچەپلانێكی هەیە و بێ دامودەزگا ئیداریەكانی لانیكەم زۆنی قەڵەمڕەوی خۆی هەیە؟.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket