riklam

د. نەرمین مەعروف: لەچوارچێوەی بودجەدا پارە بۆ هەرێم دێت

کوردستان 04:39 PM - 2023-06-22
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی PUKMEDIA

د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی

عيراق ئەنجومەنی نوێنەران

یاسای بودجە گەیشتووەتە وەزارەتی داد و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رۆژنامەی وەقائیعی رەسمی حكومەتی عیراق بڵاو بكرێتەوە و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەندامێكی لیژنەی داراییش ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: "پەسندكردنی بودجە كێشەی دابەشكردنی مووچە لە هەرێم چارەسەر دەكات و مانگانە پارەی پێویست بۆ مووچە دەگاتە هەرێم، لەكاتێكدا ئەو پارەیەی لە بەغداوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دێت دەچێتە چوارچێوەی یاسای بودجەوە".

 

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دیدارێكی كەناڵی گەلی كوردستاندا رایگەیاند: "یاسای بودجەی گشتی عیراق هەموو قۆناغەكانی تێپەڕاندووە و دوای ئەوەی لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە پەسند كرا، تەنها دوو رێكاری ماوەی بۆ ئەوەی بە تەواوی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەویش بڵاوكردنەوەیەتی لە رۆژنامەی رەسمی عیراق (رۆژنامەی وەقائیعی عیراق)، دواتر دەركردنی رێنمایی و جێبەجێكردنی لە رۆژی 2023/1/1 وە، هەموو ئەو خەرجی و ئیلتیزاماتانەی هەیە لەو رۆژەوە حساب دەبێت".

 

 راشیگەیاند: "ئەم پڕۆژەیاسایە گەورەترین پڕۆژەیاسایە لە مێژووی عیراقدا كە قەبارەكەی 199 ترلیۆن دینارە و بۆ ماوەی سێ ساڵە، هەر ئەوەش وایكرد كە پێویستی بەو كاتە زۆرە بێت بۆ گفتوگۆكردن، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بخرێتە خزمەتی چین و توێژە جیاوازەكانی عیراق".

 

"یاسای بودجە بۆ ماوەی سێ ساڵە و ناتوانرێت دەستكاری بكرێت، ئەو پارانەی لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا خەرج كراون، وەك مووچە و بودجەی بەگەڕخستنی دام و دەزگاكان و وەزارەتەكان، دەخرێنە چوارچێوەی بودجەی ساڵی 2023 وە، ئەو پارانەشی تەرخانكراون بۆ بواری وەبەرهێنان، دەبێت بەخێراترین شێوە ئەو پڕۆژانەی لە بودجەداپەسند كراون، لە رێگای لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە" د. نەرمین مەعروف وادەڵێت.

 

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: "لە دوای ساڵی 2013 ەوە ئەمە بۆ یەكەمینجارە پشكی هەرێم بە تەواوی لەناو بودجەی حكومەتی فیدراڵی عیراقدا دەستنیشان بكرێت و سەرجەم پڕۆسەی نەوتی هەرێم ئاوێتەی هەناردەی نەوتی عیراق بكرێت، لە كاتێكدا پشكی هەرێم لە رۆژی 2023/3/25 وە كە هەناردەی نەوتی راگیراوە، سەرجەم شایستەكانی هەرێم دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵ".

 

روونیشیكردەوە: "بەپێی یاسای بودجە هەرێمی كوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، لەگەڵ %50 ی داهاتی دەروازە سنوورییەكان، لەو %50 ی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم نیوەی بۆ ئەو پارێزگایە بێت كە دەروازە سنوورییەكەی تێدایە و %20 ی ئەو نیوەی پارێزگاكەش بۆ خزمەتی دەروازەكە دەبێت".

 

د. نەرمین مەعروف لە بارەی پشكی هەرێم و ئەو پارانەی بۆی دەمێنێتەوە رایگەیاند: "لە بودجەی عیراق پشكی هەرێم 14 ترلیۆن و 700 ملیار دینارە بە پێی رێژەی %12،67، لەگەڵ نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان و داهاتی ناوخۆ، ئەم پارەیەش مانگانە بە كاشی دابەش دەكرێت، ئەمە جگە لە پشكی هەرێم لە خەرجییە سیادییەكان، كە خۆی لە بەشە خۆراكی هاووڵاتیان و پشكی دەرمان و كڕینەوەی گەنمی جوتیاران و كرێی هاوردەكردنی وزە و تێچووی هەڵبژاردنەكان، بەو پێیەش پشكی هەرێم ساڵانە 18 ترلیۆن دینار زیاترە و دەتوانێت مانگانە نزیكەی ترلیۆن و نیوێكی لێ خەرج بكات بۆ مووچە و بوارەكانی تری خەرجی و پڕۆژەكان،  هاتنی ئەو پارەیەش لە بەغداوە دەكەوێتە سەر ئەو رێكارانەی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم كە لەسەری رێكدەكەون".

 

د. نەرمین مەعروف وتیشی: "حكومەتی عیراق هەژمارێكی بانكی دەكاتەوە و داهاتی فرۆشی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی تێدا هەڵدەگیرێت كە لە ژێر چاودێریی وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراقدا دەبێت، بانكی مەركەزی عیراقی لە یەكێك لە بانكەكان كە رێگەپێدراوە و حكومەتی هەرێم پێی رازییە، هەژمارێكی تر دەكرێتەوە لە لایەن وەزارەتی دارییەوە و شایستە داراییەكانی هەرێمی تێدا دەبێت و لە لایەن سەرۆكوەزیرانی هەرێم یان هەر كەسێكی تر كە ئەو رایبسپێرێت دەتوانێت بەپێی پێویست پارەی لێ رابكێشێت".

 

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەوەشی روونكردەوە: "لە بڕگەی 8 ی ماددەی 13 ی یاسای بودجەدا، كە پێشنیازی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، بڕگەیەك جێگیركراوە كە پێویستە ئەولەویەت بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بێت و پێویستە هاوشێوەی فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵ لە كاتی خۆیدا مووچە دابەش بكرێت، پێش هەر خەرجییەكی تر كە ئەمەش زەمانەتی مووچەی فەرمانبەران دەكات".  

 

وتیشی: "تا ئێستا دوو ترلیۆن دینار لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە لەو بڕەش تەنها 400 ملیار دینار بە قەرز لەسەر هەرێم تۆماركراوە، بڕەكەی دیكەی لە چوارچێوەی یاسای بودجەدایە و نەبووەتە قەرز بەسەر حكومەتی هەرێمەوە".

 

لە بارەی دواكەوتنی مووچە و كاریگەری بودجە د. نەرمین مەعروف ئاماژە بەوەدەكات: "هێشتا بودجە نوێیەكە نەكەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و حكومەتی هەرێمیش لە ئێستادا ناتوانێت نەوت بفرۆشێت، سەرچاوەی داهاتی هەرێمیش نەوتە، بۆیە بەناچاری بە چەند گوژمەیەك پارەی بۆیەت بۆیە گرفتی دواكەوتنی مووچە هەیە، ئەگەرنا بەپێی ئەو رێككەوتنانەی كراوە و لە ئەو ماددە یاساییانەی لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیركراون، كاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی خەڵك لە عیراق و هەرێم دەبێت".

 

رۆژی 13ی ئازاری 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پڕۆژەی بودجەی گشتی بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 پەسندكرد و رەوانەی پەرلەمانی كرد، دواتر لە درەنگانی شەوی 8-6-2023 ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە كۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنەكانی بۆ پەسەندكردنی بودجە كرد، پێشتریش پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كردبوو.

 

دواجار، لە بەرەبەیانی رۆژی دوو شەممە 12ی حوزەیرانی 2023، بە ئامادەبوونی 229 پەرلەمانتار پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025ی عیراق پەسەند كرا، رۆژی چوار شەممە 21 ئەم مانگەش، سەرۆك كۆمار ئیمزای لەسەر یاسای بودجە كرد، كە بڕی تەرخانكراو بۆ بودجەی هەر ساڵێك نزیكەی 199 ترلیۆن دینارە و لەو بەشەش زیاتر لە 18 ترلیۆن دیناری پشكی هەرێمی كوردستانە بە خەرجییە سیادییەكانەوە.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket