riklam

‎شوێنی (کوردستان و کورد) لە کۆنگرەی لۆزان1923

بیروڕا 11:26 AM - 2023-06-20
د.پشکۆ حمەتاهیر ئاغجەلەری تایبەت

د.پشکۆ حمەتاهیر ئاغجەلەری

بیروڕا

د.پشکۆ حمەتاهیر ئاغجەلەری

‎دوای 100 ساڵ لە واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان و شوێنی کورد و کوردستان لەم پەیماننامەیەدا، دەکرێت بەم جۆرەی لای خوارەوە سەیری بکرێت:

‎یەکەم: شوێنی باشووری کوردستان ( ویلایەتی موسڵ) لە کۆنگرەی لۆزاندا: (کێشەى ویلایەتى موسڵ) لە دەوروبەرى کۆتایى (تشرینى دووەمى 1922)دا خرایە بەردەم(کۆنگرەى یەکەمى لۆزان) ، لەو کۆنگرەیەدا (لۆردکیرزنى) نوێنەرى بەریتانیاو (عیسمەت ئینۆنۆى) نوێنەرى تورکیا بەدوو قۆڵى کەوتنە باسى چارەنووسى ویلایەتەکەو هەریەکەیان هەوڵى دەدا کورد بکاتە جۆکەرى بردنەوەى کێشەکە.

 

تورکەکان دەیانوت کورد، لە هیچ ڕوویەکەوە لەتورک جیانین،  گەرچى بەزمانێکى جیاواز لەتورک دەدوێن،  بەڵام ئەم دوو تیرەیە لەڕووى نەژادو ئاین و خو و دابونەریتەوە یەکن. بەواتایەکى دیکە دەیانوت(کورد لەرەگەزى تورکن!!). لەلایەکى دیکەوە تورکەکان بیانووى ئەوەشیان دەهێنایەوە کە(ویلایەتى موسڵ) لە پاش ئاگربەستى(مۆدرۆس) داگیرکراوە، نەک لەکاتى شەڕدا، بۆیە دەبێت ئەو ناوچانە بدرێنەوە تورکیا.

 

بەڵام ئینگلیزەکان هیچ لەو بیانوانەیان لەلا پەسەند نەبوو، دەیانوت کورد لە ڕەگەزى تورک نین و موسڵیش شارێکى عەرەبیەو بەچەند ناوچەیەکى کوردنشین دەورەدراوە!! هەروەها بیانووى ئابورى و جوگرافیان دەهێنایەوە بۆئەوەى پاساوى داواکانى خۆیان بکەن. 

‎رۆژنامەى (رۆژى کوردستان) لەوکات و ساتەدا دەربارەى (کێشەى ویلایەتى موسڵ) نووسیویەتى:"لەکاتێکدا ، کە سەرجەم خەڵکى ویلایەتى موسڵ کوردن..کەواتە بۆچى نەتەوەکانى تر داواى دەکەن،  تورکو عەرەبو ئاشورى پشتگیریی لەو داوایانەیان دەکەن، بەهۆى بوونى ژمارەیەکى کەم لەرۆڵەکانیان لەوناوچانەدا…ئەو داواکارییەى، کە خستومانەتە بەردەم کۆنگرەى لۆزان بۆ پارێزگارى کەمینە نییە، بەڵکو بەرگریە لەمافى گیانى گەلێکى شکۆدارى سەربەخۆى خاوەن شکۆ….". کۆبوونەوەکان بەردەوام بوون بۆئەوەى هەردوو حکومەتى بەریتانیاو تورکیا بواریان هەبێت لەگفتوگۆیەکى راستەوخۆو دۆستانەدا لەکێشەکە بکۆڵنەوە، پێش پەنابردنیان بۆ کۆمەڵەى نەتەوەکان (عصبە الامم) دوومەرجیان دانا:- 

‎1ـ ئەگەر هەردوو حکومەت نەگەیشتنە رێکەوتنى راستەوخۆ،  داخوازى دەستێوەردانى کۆمەڵەى گەلان دەکات.
‎2ـ هەلومەرجى نێوچەکە چۆن بووە لەکاتى گفتوگۆکاندا هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە. 

‎بەم شێوەیە یەکەمین کۆنگرەى لۆزان لە(4ى شوباتى 1923)دا ،  بەهۆى رازى نەبوونى حکومەتى تورکیا بەپرۆژەى پەیماننامەکە شکستى هێنا. (کۆنگرەى دووەمى لۆزان) لە رۆژى(23ى نیسانى 1923)دا دەستى پێکردەوە بەمەبەستى چارەسەرکردنێکى ئاشتیانە لەنێوان تورکیاو هاوپەیماناندا، کە زیاتر کێشەکانیش لەسەر ویلایەتى موسڵ بوون، وەفدی بەریتانى بەسەرۆکایەتى(سێرهۆراس رامبۆڵد)و شاندى تورکیش  بەسەرۆکایەتى(عیسمەت پاشا) بوو.  وتوێژ لەنێوان هەردوولایاندا بەچڕى دەستى پێکردو بەیانێکى بەریتانى لە(24ى شوباتى 1923)دا دەرچوو سەبارەت بە(مادەى دووى پێشنیازى تورکیا)دەڵێت:"دوا بەیان پشت بەبەڵێنى هاوبەش دەبەستێ بۆ راگرتنى هەلو مەرجى ئێستا( الحالە الراهنە)لەماوەى(12مانگى)پێشنیارکراو ئەگەر بڕگەیەک بەو مانایە بخرێتە سەر بۆ ڕاستکردنەوەى پێشنیازى تورکەکان،  ئەوکاتەى شاندى بەریتانیا بۆ رازى بوون بەو راستکردنەوەیە ئامادەیە، ئەوەش پەیوەندى بەو گفتوگۆیەوە هەیە، کە  لەگەڵ(عیسمەت پاشا)دا دەکرێ  سەبارەت بەو کاتەى گفتوگۆى نێوان(تورکیاو بەریتانیا)رێگە پێدەدات لە(4ى حوزەیران 1923)دا (سێرهۆراس) ئاشکراى کرد، کە هەرگیز شاندى بەریتانیا بەپێشنیارى تورکیا رازى نابێت، سەرۆکى شاندى فەرەنساش پشتگیرىی لە بۆچوونەکەى بەریتانیا کرد، (سێر هۆراس)پرسیارێکى ئاڕاستەى (عیسمەت پاشا)کرد(ئایا دەتوانێ وەڵامێکى هەبێ لەسەر پێشنیارى نوێى بەریتانیا دەربارەى ئەو ماوەیەى دەکرێ لەنێوانیادا هێڵى سنوورى(عیراق ـ تورکیا) بەرێککەوتنێک لەنێوان توکیاو بەریتانیاى مەزندا دیارى بکرێت ؟) وەڵامى(عیسمەت پاشا) ئەوەبوو ئەو لە هەلومەرجێکى وەهادا نیە بتوانێت وەڵام بداتەوە.

بۆیە لە(3ى حوزەیران)دا(سێر هۆراس) پێشنیازى کرد، کە ماوەى گفتوگۆى راستەوخۆى نێوان بەریتانیاو تورکیا (شەش )مانگ بێت،  بەڵام (عیسمەت پاشا) وەبیرى (سێر هۆراس)ى هێنایەوە کە ئەو خۆى پێشنیازى (نۆمانگى) کردووە،  پاش وتوێژێکى کورت هەردووکیان رێکەوتن، کە ماوەکە(نۆ)مانگ بێت".  وەک لە مادەى (3) ی پەیماننامەى لۆزاندا هاتووە:"هەتا "9"مانگى دیکە مەسەلەى سنوورى نێوان عیراق و تورکیا لەرێگەیەکى نێو نەتەوایەتیەوە لە نێوان حکومەتى بەریتانیاو تورکیادا چارەسەر دەکرێت،  ئەگەر ئەو دوو دەوڵەتە نەیانتوانى لەو ماوەیەدا رێککەون،  ئەوا مەسەلەکە دەنێردرێتە ئەنجومەنى کۆمەڵەى گەلان".

بەم شێوەیە کۆنگرەى (لۆزان) لە(24ى تەموزى 1923)دا واژۆکرا، بەبێ ئەوەی بتوانێت چارەسەرى "کێشەى ویلایەتى موسڵ"بکات،  بەڵام بڕگەى دووەم لەمادەى سێیەمى پەیماننامەى لۆزان باسى دیاریکردنى هێڵى سنوور دەکات بەشێوەیەکى ورد لەنێوان(تورکیاو بەریتانیاى گەورە)دا.

‎دووەم: فاکتەرەکانی پشتگوێخستنی پەیمانی سێڤری 1920 و واژۆکردنی لۆزان: پەیمانی(سێڤر) لە کاتژمێر(٤،١٠)خولەکى ڕۆژى (10ى ئابى 1920)دا ئیمزا کرا. تێیدا بڕیاردرابوو لە ماددەکانى(62، 63، 64)دا مافەکانى کورد لە دروستکردنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ بۆیان لەبەشێکى کوردستانى تورکیادا. بەڵام لەگەڵ ئیمزا کردنی پەیمانی لۆزاندا بەندەکانی سێڤر وەلانراو بە هیچ شێوەیەک باسی کوردو دۆزەکەی نەکرایەوە. هۆکاری ئەو گۆڕانە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەگشتی و بەریتانیا بە تایبەتی، ئەمانەی لای خوارەوەن:-

‎1ـ هۆکارى کوردى: لاوازى سەرکردەکانى کوردى ئەو سەردەم لەڕووى سیاسی و دبلۆماسیەوەو یەک نەبوونیان لەسەر خاڵە جەوهەریەکان.

‎2ــ هۆکارى ئەرمەنى پێشنیازو بەڵێندان بەئەرمەنیەکان بۆ دروستکردنى (دەوڵەتێکى ئەرمەنى)، بەشێک لەو ناوچە کوردیانەى دەگرتەوە، کەکورد دەیویست دەوڵەتەکەى تێدا بنیاد بنێ بەپێى پەیمانى سێڤر.

‎3ــ هۆکارى تورکى: بەهێزبوونى بزوتنەوەى کەمالى و لاوازبوونى سوڵتانى عوسمانى یەکێکى دیکەبوو لە گۆڕانى پەیمانى ¬(سێڤر بۆ لۆزان)، لەبەرئەوەى بەهیچ شێوەیەک ئەو پەیمانەیان پەسەند نەبوو.

‎4 ــ هۆکارى ڕووسى: بەلشەفیکەکانى رووسیا لەسەرەتاوە دژى دەرچوونى پەیمانى (سێڤر)بوونو پێوەندیان لەگەڵ ئەتاتورکدا دروست کردو هاوکارى زۆریانکرد بۆ سەرنەگرتنى پەیمانى (سێڤر).

‎5ــ گۆڕانکارى بەسەر سیاسەتى وڵاتە زلهێزەکاندا هات بەرامبەر بە تورکیاو پەیمانى (سێڤر)، بەم شێوەیە:- 

‎ا//ئیتالیا: رێکەوتنى (13ى ئایارى 1921)ى نێوان (ئیتالیاو تورکیا) واى کرد، ئیتالیا دژى پەیمانى ( سێڤر )بێت.
‎ب//فەرەنسا: لێکنزیک بوونەوەى فەرەنساو تورکیا، بەهۆى تێکچوونى پەیوەندیەکانى (فەرەنساو بەریتانیا)وە لەسەر مەسەلەى دانانى (فەیسەڵ) بۆ تەختى عیراق وایکرد، کە فەرەنسا پاشگەز بێتەوە لەپەیمانى (سێڤر).
‎ج//بەریتانیا: سەرئەنجامى پاشگەزبوونەوەى بەشێکى زۆرى وڵاتانى هاوپەیمان لەپەیمانى(سێڤر) و بەهێزبوونى بزوتنەوەى کەمالى، بەریتانیا بۆ پاراستنى بەرژەوەندیەکانى بڕیاریدا، کە پەیمانى (سێڤر) بگۆڕن بۆ پەیمانى (لۆزان).

‎سێیەم: ئەوەی راستبێت کاتێک سەیری ناوەرۆک و بەندەکانی پەیمانی لۆزان دەکرێت، بەهیچ جۆرێک باسی کوردستان و کوردی تێدا نەهاتوە. بۆیە دەتوانرێت بوترێت وڵاتانی زلهێزی ئەوکات پاش گەیشتن بە جیاوکەکانی خۆیان بە تەواوی وازیان لە دروشم و بانگەشەکانیان هێنا کە دەیانوت لەسەرئەوەی نەتەوە ژێر دەستەکانی دەوڵەتی عوسمانین، بەوجۆرە دەتوانرێت بووترێت گەلە کۆمەیەکی نێودەوڵەتی بوو ئەنجامەکەشی دژی کورد و بەتەواوی دانی نا بە دابەشبوونی کوردستاندا بۆ چوار بەش.

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket