riklam

رێژەی دانیشتوان دادپەروەری پشکی پارێزگاکان دەستەبەر دەکات

کوردستان 06:14 PM - 2023-06-17
بوودجە PUKMEDIA

بوودجە

فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجومەنی نوێنەران

ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دادپەروەر بێت لە دابەشکردنی پشکی پارێزگاکان لەو بەشە بودجەیەی لە عیراقەوە دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان ئەوا پێویست ناکات پارێزگاکان داوای بودجەی خۆیان راستەوخۆ لە عیراقەوە بکەن، ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: "بەپێی پرۆژە یاسای بودجە رێژەی دانیشتوان و هەژاری پێوەرن بۆ دابەشکردنی پشکی پارێزگاکان".

 

هەولێر و دهۆک و سلێمانی مافی خۆیانە رێگربن لە نادادی

 

زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "ئاواتەخوازین حکومەتی هەرێم ئەو پشکەی لە بەغداوە بۆی دێت دادپەروەردانە بەسەر پاریزگاکاندا دابەشی بکات، بۆئەوەی هیچ کام لە ئەنجومەنی پاریزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی پەنا نەبەنە بەر ئەوەی راستەوخۆ لە حکومەتی عیراق پشکەکەیان وەربگرن".

"پێویستە ئەو پشکەی حکومەتی عیراق بۆ هەرێمی دەنێرێت بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشی بکات، هەرچەندە لە رابردوودا دانیشتووانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ئەو مافەیان لێسەندرابووەوە، بەڵام دەکرێت لەمەودوا ئەو مافەیان بۆبگەڕێتەوە"، زیاد جەبار وادەڵێت.

 

لە بوونی دادپەروەریدا هیچ پارێزگایەک داوا لە بەغدا ناکات بودجەی بۆبنێرێت

ئەگەر حکومەتی هەرێم دادپەروەربێت لە دابەشکرنی ئەو بودجەیەی کە لە بەغداوە دێت، هیچ پارێزگایەکی هەرێم داوا لە بەغدا ناکات راستەوخۆ بەشە بودجەی بۆبنێرێت، بەڵام لە ئەگەری نەبوونی دادپەروەریدا ئەوا پاریزگاکان ناچار دەبن پەنا ببەنە بەر بەغدا.

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا: "هەر پاریزگایەک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەستی بە نادادپەروەری لە پشکەکەی کرد، دەتوانێت پەنا بۆ بڕگەی ٨ـی ماددەی ١٣ی پرۆژەیاسای بودجە ببات و راستەوخۆ پشکەکەی لە حکومەتی عیراق وەربگرێت، بەڵام ئەگەر حکومەت دادپەروەر بوو هیچ پارێزگایەک پێویستی بەوە نییە راستەوخۆ لە عیراق پشکەکەی وەربگرێت".

"نەبوونی پڕۆژەیاسای بودجە لە هەرێمی کوردستان خاڵی بەهێزی ئەو نادادییە بوو کە لە رابردوودا بینیمان، بەڵام لەگەڵ دیاریکردنی پشکی هەرێم دەرخستنی داهاتی ناوخۆ ئیتر کاتی ئەوەیە پڕۆژەیاسای بودجەمان هەبێت لەپێناو شەفافییەت و دادپەروەری"، زیاد جەبار وادەڵێت.

 

لە پشکەکەی هەرێم ئەولەویات بۆ مووچەیە

ئەگەر حکومەتی هەرێم پشکی پارێزگاکانی بە دادپەروەری دابەش نەکات پارێزگاکان دەتوانن راستەوخۆ لەبەغداوە داوای بەشە بودجەی جۆیان بکەن، ئەمە جگە لەوەی کەلە پرۆژە یاساکەدا حکومەتی هەرێم ناچارکراوە لەو پشکەی وەریدەگرێت ئەولەویات بدات بە مووچە.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی باس لە وەرگرتنی پشکی سلێمانی راستەوخۆ لە عیراق دەکەن دوورن لە راستییەوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم دادپەروەر بێت هیچ پارێزگایەک داوا ناکات راستەوخۆ پشکەکەی لەبەغدا وەربگرێت، جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە و هەروەها ئەولەویەت بۆ مووچە لەلایەن یەکێتییەوە تەنها بۆ ئەو مەبەستەیە ئەو نادادییەی پێشتر لەهەرێم هەبووە رابگرێت".

"بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عیراق، حکومەتی هەرێم ناچارکراوە بەپێی پێوەرەکانی ژمارەی دانیشتوان و رێژەی هەژاری پشکی پارێزگاکانی دابەشبکات، ئەگەر ئەمەی نەکرد لەبڕگەی (ب) دا ماف دەدات بە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی کە دەتوانن راستەوخۆ لەبەغدا پشکەکەیان وەربگرن"، د. نەرمین وای وت.

 

دەرفەت دەدرێتە پارێزگاکان لەهەبوونی نادادی پەیوەندی بەبەغداوە بکەن

 

بەهەوڵی یەکێتی بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگاکان لەگەڵ حکومەتی بەغدا پەسەندکرا کە لەبەرژەوەندی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و لەئەگەری هەبوونی هەر نادادییەک راستەوخۆ پشکی خۆیان وەربگرن.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەوەش دەڵێت: "لەبودجەی گشتی عیراقدا پشکی هەرێم بە 12.67 دیاری کراوە، کە بەنزیکەیی ترلیۆنێک و 250 ملیار دیناری مانگانەیە و هەروەها ساڵانەش دەکاتە زیاتر لە 15 ترلیۆن دینار کە ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر حساب بانکی حکومەتی هەرێم و پاشان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا دابەشدەکرێتەوە".

راشیدەگەیەنێت: "ئەو بڕگەیەی بەهەوڵی یەکێتی لە پرۆژە یاسای بودجە لەبارەی مامەڵەی پارێزگاکان راستەوخۆ لەگەڵ عیراق پەسەندکرا لەبەرژەوەندی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە بێ جیاوازی و ئەو دەرفەتە دەداتە پارێزگاکان ئەگەر حکومەت ناعەدالەت بوو لەگەڵیان لەڕێی حکومەتی عیراقەوە ئەو نادادییە رابگرن".

لەدانیشتنی شەوی 11-6-2023 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا 7 بڕگە لەمادەی 14ی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کراوە، کە بڕگەی 8  لە ماددەی 14  پابەندکردنی  حکومەتی هەرێمە، کە پێویستە بەر لە هەر خەرجیەک مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەشبکات بە پێی یاسا بەرکارەکان، و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پشکی پارێزگاکانی هەرێم لە بودجە دابەش بکات بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەوە نەكرا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق دەتوانێت راستەوخۆ لە بەغداوە پارەی ئەو پارێزگایە خەرج بكات كە ناڕازییە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket