riklam

بڕگەی "ناڕازی" پارێزگاكانی هەرێم رازی دەكات

کوردستان 04:25 PM - 2023-06-12
پارێزگاکانی هەرێم PUKMEDIA

پارێزگاکانی هەرێم

ئەنجومەنی نوێنەران سلێمانی هەولێر هەڵەبجە دهۆک

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شەڕی دیموكراسی و پەرلەمانی بردەوە بۆ بەرگرتن لە بەكارهێنانی (بودجە و دارایی وەك كارتی فشار و نایەكسانی و سزادان) كە پێشتر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەسەر هەندێك ناوچە و پارێزگا تاقیكرایەوە، جێگیركردنی بڕگەی 8 لە ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجەی عیراق، كە (بڕگەی نارازیی) ناویدەهێندرێت و پارێزگاكانی هەرێم پێی رازین كە پاڵنەرە بۆ جێبەجێكردنی دادپەروەری، جیالەوەش وادەكات سەرجەم پارێزگاكان مافی خۆیان وەربگرن و كەس نەتوانێت سزای ناوچەیەكی هەرێم بدات.

 

لە پێناو دادپەروەریی و نەهێشتنی جیاكاریدایە

 

ئازاد حەمەئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند:  "ئەو بڕگەیەی كە یەكێتی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا چەسپاندوویەتی بڕیارێكی زۆر پەسندە و بە باشترین بڕیاری دەزانین، وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی زۆر سوودی لێدەبینین لەبەر ئەوەی دادپەروەری لە دابەشكردنی بودجە و موچە و موچەی خانەنشینان و وەبەرهێنان و پڕۆژەكانی نێوان پارێزگاكاندا دەهێنێتە كایەوە".

 

"وەك پارێزگا نۆ ساڵە بەدەست نەبوونی بودجە و نادادپەروەری لە دابەشكردن داراییەوە دەناڵێنین، بۆیە ئەو بڕیارە كاریگەری باشی لەسەر  بوژاندنەوەی سەرجەم كەرتەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین دەبێت". ئازاد حەمەئەمین وادەڵێت 


یەكێتی مافی هەمووان بەدەستدەهێنێت

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختی لە دادپەروەری و یەكسانی كردووەتەوە و ئەو كارانەشی كە دەیكات دەبنە هۆی ئەوەی مافی هیچ كەس و لایەنێك نەفەوتێت و داپەروەری بۆ داهاتی پارێزگاكانی هەرێم دەچەسپێنێت

دلڤین محەمەد سەلیم ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بە PUKMEDIA ی راگەیاند: " بڕگەی (ناڕازی) كە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی عیراقدا چەسپاندوویەتی كارێكی گرنگە و هەموو پاریزگاكانی هەرێم سوودمەند دەبن ، چونكە مافی هیچ پارێزگایەك نافەوتێت و بودجەی پڕۆژەكان دابین دەكرێن و مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشدەكرێت".

"ئەم كارەی یەكێتی كردووەیەتی دەبێتە فشارێك لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكو دادپەروەر بێت لەگەڵ هەموو پاریزگاكانی هەرێمدا  و دەبێتە هۆی بوژانەوە و بەرەوپێشچوونی پاریزگاكان"، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك وادەڵێت.


هەڵەبجە: و جێگیركردنی  (بڕگەی ناڕازی) جێگەی دەستخۆشییە

 

هەڵەبجە بەهەوڵی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كرابە 19 هەمین پارێزگای عیراق، پێویستی بەوەدەبێت كە بودجە و مافی خۆی لە بەشەبودجەی هەرێم پێبدرێت و جیاكاری لەگەڵ نەكرێت لەكاتێكدا بەشی هەرێم نزیكەی 20 ترلیۆن دینارە.

 

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA راگەیاند:" ئەو هەنگاوە و جێگیركردنی ئەو ماددەیە جێگەی دەستخۆشییە، بە تایبەت كە داردپەروەری لە خەرجكردن و دابینكردنی بودجە بۆ پارێزگاكانی هەرێم و هەڵەبجە بەتایبەتی دەستەبەر دەكات".

 

" ناكرێت سیاسەتی جیاكاری و نادادپەروەری لە نێوان پارێزگاكانی هەرێمدا هەبێت، بەربەستدانان بۆ ئەوە جێگەی دەستخۆشییە، گرنگە هەركاتێك ناداپەروەری پەیڕەوكرا ئەوا راستەوخۆی بودجە بە پارێزگای ناڕازی بدرێت". پارێزگاری هەڵەبجە وایوت.

هەولێر: یەكێتی لەخەمی پارێزگاكانی هەرێم دایە

بڕگەی 8ـی لە ماددەی 14 كە فراكسیۆنی یەكێتی لەنوێنەران چەساپاندی  دەڵێت:"هەركات نایەكسانی هەبوو لە دابەشكردنی داهات بەسەر پارێزگاكاندا و جیاكاری تێدا كرا، ئەوا پارێزگای ناڕازی دەتوانێت راستەوخۆ داوا لە بەغدا بكات و بەغداش راستەوخۆ بودجە بۆ پاریزگا ناڕازییەكە دەنێرێت"، ئەم بڕگەش وادەكات پاێزگاكان مافی تەواوی خۆیان وەربگرن و مووچە و بودجەی هیچ لایەك بە میزاجی كەسێك نەبڕدرێت و سزای هیچ ناوچەیەك نەدرێت.

نافز ناوپردانی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "هەر بڕیارێك لە دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان بێت، بێگومان یەكێتی دژیەتی، چونكە یەكێتی لە سەرەتاوە دروشمی مافی چارەی خۆنووسین بووە، هەروەها ئەوە راست نییە كە دەڵێن بڕیارەكەی یەكێتی دژی قەوارەی هەرێمە، پرسی دادپەروەریی دارایی ناوبانگی هەرێم و قەوارەكەی دەپارێزێت، نەك ئەوەی نادادپەروەری و جیاكاری بكرێت، بۆیە ئاماژە بەوەش قەوارەی هەرێم  بەپێی دەستوور دیاریكراوە و هیچ كەسێك ناتوانێت بچوكی بكاتەوە".

 "ئەم بڕیارە تەنها بۆ پارێزگای سلێمانی نییە و بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێمە و هەمووان سود لەو بڕیارە دەبینن، چونكە كاتێك غەدر لە پارێزگایەك دەكرێت ئەوا پارێزگاكە دەتوانێت سكاڵا بكات و بەشی خۆی وەربگرێت، بەڵام دەبێت هەمووان بزانن كە ئەم بڕیارە بۆ هەموو پارێزگاكانە نەك تەنها بۆ سلێمانی"، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پاریزگای هەولێر وادەڵێت.

 

سلێمانی: حكومەتی كارتی نایەكسانی و سزای دارایی تاقیكردەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان جیاكاری و ناداپەروەری لەسەر پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان  و راپەرین تاقیكردەوە و كردیە كارتی فشار و جیاكاری و یاریكردن بە قووت و مووچە، بەڵام بڕگەی نارازی رێ لەوە دەگرێت كە ئەو كارە بەرامبەر بە پارێزگاكانی هەرێم بكرێت.

سەباح فەتاح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لە ساڵی 2013ەوە بودجەی پارێزگای سلێمانی بڕدراوە و نادادپەروەری هەبووە لە پێدانی پارە بە سنووری سلێمانی گەمارۆی لەسەربووە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بۆئەوەی هیچ پرۆژەیەك لەم سنوورە ئەنجام نەدرێت و كارتی سزادانی تاقكرەوە و هەر پڕۆژەیەكیش بكرایە دەوترا لەسەر داهاتی ناوخۆ بووە".

"جێگیركردنی ماددەی 14 و بڕگەی نارازی كە فراكسیۆنی یەكێتی لەڕێگەی پەرلەمانی عیراقەوە كردوویەتی دەبێتەوە هۆی ئەوەی نادادپەروەری نەمێنێت جا لە هەر پارێزگایەك بێت، بەوەی مووچە و پرۆژە بۆ ناوچەكان دابین بكرێن و ئەو بڕگەیە تەنها بۆ پارێزگایەك نییە و سەرجەم پارێزگاكان دەتوانن سوودی لێببینن، دەبوایە حكومەتی هەرێم دەستخۆشی لە فراكسیۆنی یەكێتی بكات و گەر نایەوێت نادادپەروەری بكات". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وادەڵێت.

دادپەروەریی و یەكسانی لە خەرجی بودجە و دارایی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، كە یەكێتی نیشتمانی لەرێی فراكسیۆنەكەیەوە لە بەغدا جێگیری كرد، شەرێكی پەرلەمانی و دیموكراسیی براوەیە و قەوارەی هەرێم بەهێزدەكات، بەڵام پێچەوانەكەی جیاكاری و ناداپەروەری بودجەو دارایی حكومەتی هەرێم "قەوارەكەی خستەمەترسیەوە"، سەرباریش بۆ درێژەدان بەدۆخی ناداپەروەریی و جیاكاری نەوەی نوی و پارتی دیموكراتی كوردستان "هاوهەڵوێست بوون" و لە پەرلەمان دژی ماددەی 14 و بڕگەی نارازیی وەستانەوە.

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket