riklam

یەكێتی شەڕی سەپاندنی دادپەروەری دارایی لە هەرێم دەباتەوە

کوردستان 02:17 PM - 2023-06-11
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق PUKMEDIA

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

جێگیركردن و پەسندكردنی بڕگەی دادپەروەری لە مووچە و بودجەی پارێزگاكان لەلایەن هەرێمەوە كە پێشنیاز یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو لە مادەی 14ی پرۆژەیاسای بودجەی عیراق، وادەكات "ستەم لە هیچ پارێزگا و فەرمانبەرێك لە هەرێمی كوردستان نەكرێت و دەبێت بە یەكسانی موچەیان بە هەموو پارێزگاكان بدرێت"، بەوپێیەی پێشتر لە هەرێمی كوردستان موچە و بودجە وەك كارتی فشار و نادادپەروەری بەكار دەهێندرا.

خالید شوانی سەرۆكی تیمی دانوستاندنكاری یەكێتی لە بەغدا  رایدەگەیەنێت: "ئەو بڕگەیەی كە لە ماددەی 14دا بە دڵی یەكێتی پەسەند كرا و پارتی لێی ناڕازییە، بەمجۆرەیە (حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، هەروەها خەرجكردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاكان بەپێی بنەماكانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆكوەزیرانی حكومەتی فیدراڵە رێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێكردنی، لەنێویاندا "تەمویلكردن" واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاكان)".
 
" ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگ بوو كە ئەو پارەیەی لە بەغداوە دەچێتە هەرێمی كوردستان، بدرێتە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و نەچێت بۆ شوێنی دیكە و قەرزی كۆمپانیا" خالید شوانی وایوت.

 

 

سەرۆكوەزیرانی عیراق راستەوخۆ پارەی پارێزگا ناڕازییەكە خەرج دەكات

بەگوێرەی ئەو بڕەگەیەی ماددەی 14 ی پرۆژەیاسای بودجە ئەو پارەیەی كە بۆ پڕۆژەكان لە لایەن حكومەتی عیراقەوە دەدرێت بە هەرێمی كوردستان، دەبێت بە یەكسانی بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بكرێت، ئەگەر ئەوە نەكرا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق دەتوانێت راستەوخۆ لە بەغداوە پارەی ئەو پارێزگایە خەرج بكات كە ناڕازییە". 


 خالید شوانی رایدەگەیەنێت: "ئەمە دابەشكردنە كێشە نییە بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان، ئەمە وەك گەرەنتی دانراوە، ئەگەر عەدالەت نەبوو، ئەوكات حكومەتی عیراق تەداخول دەكات و یەكێتی بەرگریی لە مافی خەڵك و  فەرمانبەرانی هەرێم كردووە."



حكومەتی فیدراڵ زەمانەتی پارێزگاكان دەكات


هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لە زەمانەتی یەكسانی پارێزگاكان و پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران كرد و رایگەیاند: "هەركاتێك نایەكسانی لەنێوان بودجەی پارێزگاكاندا هەبوو یان فەرمانبەران و موچەخۆران بوونە قوربانی ململانێ سیاسییەكان ئەوا حكومەتی فیدراڵ و سەرۆكوەزیرانی عیراق زەمانەتی پارێزگاكە یان موچەخۆران دەكات".

"بەپێی ئەو ماددەیەی كە هەیە هەر پارێزگایەك تێبینی لەسەر بودجەكەی هەبوو دەتوانێت لەرێی ئەنجومەنی پارێزگاوە سكاڵا بكات، بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵ راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بكات و رێگری لە پێشێلكردنی مافەكانی بكات".سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وایوت.


یەكیتی تاكە حزبی كوردی پێداگربوو لەسەر ماددەی 14


ماددەی 14 پڕۆژەی یەكێتییە بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی هەرێمی كوردستان بۆ زامنكردنی موچەی هاووڵاتیان و رزگاركردنی سلێمانی لەو سزایەی كە بەناڕەوا پێشتر بەسەریدا سەپێندرابوو.

د. بڕیار رەشید ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "چەندین مانگە ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكیتیی نیشتمانیی كوردستان تاكە حزبی كوردی بووین كە پێداگریمان لەسەر ماددەكە كردووە و بەرەنگاری پارتی بووینەتەوە كە بەداخەوە حزبەكانی تر لەگەڵیبوون".

"بەپێی ماددەكە ئەو بەشە بودجەیەی كە لەعیراقەوە دێت، ئەولەویەت بۆ موچەی هاووڵاتیانە و پێویستە ئەو بەشە بودجەیە بەیەكسانی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و بەبێ جیاكاری دابەشبكریت بەسەر پارێزگاكاندا، بەپێچەوانەوە هەر پارێزگایەك دەتوانێت راستەوخۆ داوای بەشەكەی لەحكومەتی عیراق بكات". د.بڕیار وایوت

 

 

ماددەكە سلێمانی لە گەلەكۆمەكەكانی رابردوو رزگار دەكات

 

 

یەكیتی بەو ماددەیە هەوڵی گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ هەرێمی كوردستان دەدات، بۆ زامنكردنی موچەی هاووڵاتیان بەسەرجەم پارێزگاكانەوە، هاوكات لەو رێیەوە سلێمانی رزگار دەكات لەو گەلەكۆمەیەی پێشتر لێیكرابوو.

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: "شەڕی سەرەكیمان لەسەر تەمویل بوو، ئەوان پێیان بوو جێبەجێكردنەكە بەسە، بەڵام ئێمە سوور بووین لەسەر ئەوەی تەمویلەكەی تێدا بێت، واتە (تەرخانكردنی دارایشی بۆ هەبێت لەداهاتوودا) ئەگەر حكومەتی هەرێم بیەوێت هەر نادادپەروەرییەك بەرامبەر بەشاری سلێمانی بە ئیدارەی راپەرین و گەرمیانیشەوە بكات، ئەوە دەبێت حكومەتی عیراقی خۆی تەمویلی بكات و دارایی بۆ تەرخان بكات".

"ئەو ماددەیە پڕۆژەی یەكێتییە بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی هەرێمی كوردستان بۆ زامنكردنی موچەی هاووڵاتیان بەسەرجەم پارێزگاكانەوە، هاوكات رزگاركردنی سلێمانییە لەو گەلەكۆمەیەی پێشتر لێیكرابوو".د.بڕیار وایوت



ماددەی 14 نادادی لەنێوان پارێزگاكاندا ناهێڵێت

 

 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت لەرێگای ماددەی 14 ەوە مافی موچەخۆران و  پارێزگاكان بچەسپێنێت و نادادی لەنێوان پارێزگاكاندا نەهێڵێت.

شیروان میرزا ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA راگەیاند: "ماددەی 14 بڕگەی 8 ئاماژە بەوەدەكات، ئەو پارەیەی لەبەغداوە دەنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان سەرەتا بۆ موچە بەكاربهێنرێت، پاشان ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ پڕۆژەكان تەرخانبكریت و بەشێوەیەكی یەكسان بەسەر ناوچەكانی هەرێمدا دابەشبكرێت و جیاكاری نەكرێت".

 

"ئەگەر ئەو خاڵە جێبەجێنەكرێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یاخود  پارێزگاری سلێمانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەتوانن پەنا بەرنە بەر حكومەتی عیراق بۆ چارەسەركردنی ئەو نادادگەرییەی كەدەكرێت". شیروان میرزا وایوت

 

 

ئیرادەی یەكێتی و خەڵك سەركەوت

 

 

دواجار ئیرادەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خەڵكی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین سەركەوت و چیتر پارتی و حكومەتی هەرێم ناتوانن زوڵم لەم دەڤەرە بكەن".

 

هاوكات هەر لەبارەی پەسەندكردنی ماددەی 14 لە پڕۆژەیاسای گشتی بودجەی عیراق بەیار عومەر نوسەر و چالاكوانی سیاسی لە  ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك پیرۆزبایی لە خەڵكی پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكات بەتایبەت پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین) و دەڵێت: "سوپاس بۆ خوای گەورە ئیرادەی خەڵكی ئەم سنوورە سەركەوت بەسەر زوڵمی پارتی و پاشكۆكانیاندا، چیتر پارتی و حكومەتی هەرێم ناتوانن زوڵم لەم دەڤەرانە بكەن".



نەوەی نوێ و پارتی لە سەنگەرێكدا دژی یەكێتی و بەرژەوەندی هەرێم وەستانەوە

 

 

نەوەی نوێ و پارتی دیموكراتی كوردستان دژی گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی موچەخۆران و بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی حكومەتی عیراق لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بوون، بۆ ئەو مەبەستەش لە یەك سەنگەردا دژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەستانەوە، ئەمەش لە كاتێكدا بوو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ لابردنی بڕگەی گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هانای بۆ نەوەی نوێ برد، ئەوانیش بەدڵی پارتی وەڵامیان دایەوە و هاوهەڵوێستیان بۆ دووپاتكردەوە و دژی ئەوەن ئەو ماددە و بڕگانە پەسەند بكرێن كە لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمن بە تایبەتی گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچە.


لەدانیشتنی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا پێشنیازی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەماددەی 14 پەسەندكرا و 7 بڕگە لەماددەكە دەنگیان لەبارەوە درا، كە بڕگەی 8 لە ماددەی 14 پابەندكردنی  حكومەتی هەرێمە، كە پێویستە بەر لە هەر خەرجییەك موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەشبكات بە پێی یاسا بەركارەكان و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە پشكی پارێزگاكانی هەرێم لە بودجە دابەش بكات بە پێچەوانەوە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵ پێویستە هەموو رێكارێك بگرێتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەم بڕگەیە بە گرنتی تەمویلكردنیشەوە.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket