riklam

پیرۆزباییەکان بۆ یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی

کوردستان 01:13 PM - 2023-05-31
یادی دامەزراندنی یەکێتی PUKMEDIA

یادی دامەزراندنی یەکێتی

سەرۆکی یەکێتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە 48 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شەهیدان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا حزب و لایەنە سیاسییەکان پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و سەرجەم ئەندام و کادر و لایەنگرانی دەکەن.

کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی بە خوێنی شەهیدان دروست بووە

لەساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان_دا کۆسرەت ڕەسول عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی لەپەیامێکیدا لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا دەڵێت: "ئەو یەکێتیە یەکێتیەکە بەخوێن دروست بوە ،روبارێک خوێنی داوە ،ھەزاران ھەزار شەھیدی قارەمانی دایە لەپێناوی رزگارکردنی کوردستان و لەپێناوی ئازادی گەلەکەمان .

پەیامی کۆسرەت رەسول عەلی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

(٤٨)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەخۆمان و تێکۆشەرانی یەکێتیی، پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر، گەنجان و لاوان، ژنان و خوێندکاران، یەکێتییەکان و خەڵکی کوردستان پیرۆز دەکەم، ئومێد دەکەم ئەم یادە ببێتە مایەی گەشانەوەی زیاتری یەکێتییەکەمان.

ئەوێ رۆژێ، شۆڕشی کوردی کۆتایی هاتبوو، دوژمنانی کورد خەونیان بەلەناوچوونی کوردو کۆتایی هاتنی دۆزە رەواکەی دەبینی، نائومێدی باڵی بەسەر گەلەکەمان کێشابوو، لەم کاتەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرێنراو دوای تەنها ساڵێک لە شاخەکانی کوردستان خەباتی چەکداری دەست پێکردەوە، پێشمەرگە قارەمانەکانی یەکێتیی گوتیان تا کوردێک مابێ و شاخێک بەپێوە وەستابێ کورد بەردەوام دەبێ لە خەبات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراو رابەرایەتی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانی کرد، کۆڵی نەداو خەباتی کرد، رێکخستنە نهێنییەکان لەناو شار، پێشمەرگە قارەمانەکان لە شاخ بەردەوام بوون تا لە راپەڕین رژێمی بەعسی فاشیستیان لە کوردستان وەدەرناو یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراو حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێنرا.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی تێکۆشەرەو خاوەن مێژووێکی پڕ لە سەروەری و شانازییە، مێژووی یەکێتیی مێژووی هەزاران شەهیدو سەدان داستان و قارەمانێتی و نەبەردییە، مێژووی بەرەنگاربوونەوەی بەعس و تاریکپەرستانە، مێژووی رێکخستنە نهێنییەکان و زیندانیانی سیاسی و قارەمانانی ژێرپەتی سێدارەو دروشمی کەم بژی و کەڵ بژی-یە، بۆیە ئەرکە لەسەر شانی هەموو یەکێتییەکان لەئاست گەورەیی ئەو مێژووە بن و خەبات بکەن بۆ پاراستن و گەشەپێدانی، دەبێ هەموومان باش ئەو راستیە بزانین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەبات و قوربانیدانی هەموو تێکۆشەران و شەهیدان و قارەمانانە، ئەرکە لەپێناو ئەم رابردووە پڕ لە شانازی و سەروەرییە هەموو پێکەوە دەست لەناو دەست خەبات بکەین بۆ گەشەپێدانی لە داهاتوودا.

ئەمڕۆ کە (٤٨)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەخت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەئاستی پێویستدا نییە، دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان سەختە، ئایندەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا روون نییە، بۆیە ئەم یادە پیرۆزە بەپێویست دەزانم رایبگەیەنم کە ئەرکە لەسەر شانی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەلا بنێن و خەبات بکەن لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەلەکەمان و دانانی ستراتیژێکی نەتەوەیی بۆ ئایندەی گەلەکەمان و هەنگاونان بەرەو ئەو ئاوات و ئامانجانەی ساڵەهایە خەباتیان بۆ دەکەین و  نەهاتوونەتە دی.

جارێکی تر پیرۆزبایی ئەم یادە پیرۆزە لە خۆمان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم یەکێتییەکان دەکەم و دەخوازم ئەم یادە بکەینە هەوێنی زاڵ بوون بەسەر کێشەکان و چارەسەرکردنیان.


کۆسرەت رەسوڵ عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەرۆکی پەرلەمان: یەکێتی داکۆکیکاری یەکسانییە


سەرۆکی پەرلەمانای کوردستان پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی دەکات و پەیامێک بڵاو دەکاتەوە".

د. رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامی پیرۆزباییدا لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا دەڵێت: "یەکێتی هەروەک چۆن ناسنامەی کوردایەتی و بەرخودان بووە بۆ بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان، ئێستاش بەهەمان گڕوتین بەردەوامە و داکۆکیکاری سەرسەختە بۆ بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری بۆ خۆشگوزەرانی و خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پەیڕەوکردنی حوکمڕانییەکی رەشید".

دەشڵێت: "دووبارە پیرۆزبێت یادی دامەزراندنی حزبی شەهیدان و بەرز و پیرۆز باڵا بێت خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان" .

دەقی پەیامەکە بەوێنە:

 

 

پەیامی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە ٤٨ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بە بۆنەی چلو هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پەیامێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، "ئەم یادە یادکردنەوەی ھەزاران شەھیدی قارەمان و سەرکردەی بەتوانا و سەرۆکێکی مێژوویی و حەکیم و نموونەییە کە تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتی گەلەکەی تەرخان کرد؛ تا دوا ساتی تەمەنی ببووە سەمامی ئەمان لە عیراق و کوردستانیش بۆ مافی ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکان".

دەقی پەیامەکەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

لە چل و ھەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چل و حەوتەمین ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، بەرابەرایەتی ی.ن.ک؛ وێڕای پیرۆزبایی گەرممان بۆ سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگەو تێکۆشەرانی دێرین و نوێ و زیندانیانی سیاسی و کەم ئەندامانی سەنگەرو ژنانی تێکۆشەری نێو یەکێتیی، سڵاو و درود دەنێرین بۆ گیانی پاک و بەرزە فڕی شکۆی نەتەوەو نیشتمان، سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کورد و کوردستان.

ئەم یادە تەنیا یادکردنەوەیەکی سادەی دامەزراندنی حزبێکی خەباتگێڕو خاوەن قوربانی زۆر و دەستکەوتی فرەو گەورە نییە، بەڵکو یادکردنەوەی شۆڕشی میللەتێکە لە پێناو ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، چەسپاندنی مافی مرۆڤ و نەھێشتنی دیکاتۆریەت و ھێنانە کایەی بیرو ئاڕاستەی سیاسی جیاواز و فرەی کە ئێستا ئەزموونەکەمان لەسایەیدا بە ھەرێمێکی دەستووری و دامەزراوە یاساییەکانی لە حکومەت و پەرلەمان و سیستمێکی فیدراڵی شاد بووە.

لە مێژووی رابردوی شۆرشی نوێ؛ دوای شکستی ١٩٧٥ و بێ ئومێدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ی.ن.ک لەرۆژی ١-٦-١٩٧٥، بەیاننامەی دامەزراندنی خۆی و ئومێدی خەڵکی بڵاوکردەوە و شۆڕشێکی راستەقینە لەو ساتەوە ھەڵگیرسا؛ کە بە خوێنی ھەزاران شەھیدی سەر بەرز گەیشتە ئامانجی رەوای خۆی کەسەربەستی میللەتی کوردو رزگاربوون لە فاشیەتی بەعس.

ئەم یادە یادکردنەوەی ھەزاران شەھیدی قارەمان و سەرکردەی بەتوانا و سەرۆکێکی مێژوویی و حەکیم و نموونەییە کە تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتی گەلەکەی تەرخان کرد؛ تا دوا ساتی تەمەنی ببووە سەمامی ئەمان لە عیراق و کوردستانیش بۆ مافی ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکان.

یادکردنەوەی ئەم بۆنە گرنگە ھاوکاتە لەگەڵ بارودۆخێکی نەخوازراو و دوڕدۆنگ کە بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە و تەبایی و یەکڕیزی ئەزموونەکەمان و پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکانی خستووەتە بەر مەترسی و لەسەروو ھەمووشیانەوە ئیستیحقاقی ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستان، بۆیە لەھەموو کات زیاتر میللەتەکەمان پێویستی بە پرەنسیپەکانی لێبوردەیی و حیکمەت و دووربینی و قبوڵکردنی بەرامبەر ھەیە کە سەرۆک مام جەلال سەرمەشق وداھێنەریان بووە و کردوونیەتە بنەمای کارو خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ئەم ھەلومەرجە ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە کە غیابی سەرۆک مام جەلال چەندە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاریگەرە و جێگەی پڕنابێتەوە، کوردستان-یش سەرۆک و پایەیەکی گەورەی حوکمڕانی و سەرکردایەتیکردنی بەرەو کەناری ئارامی لەدەستداوە، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدرککردن بە ھەستیاری رەوشەکە، بەتوندی دەستی بە تێز و بنەماکانی کاری سەرۆک مام جەلال-ەوە گرتووە و کردوونیەتە ئەجێندا و کارنامەی بۆ ئێستا و داھاتووی خۆی.

دووبارە پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزارندنی حزبی شەھیدان
بەرز و باڵا بێت خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان بەرابەرایەتی ی.ن.ک.

باڵیۆز د.محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی



 

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی: بەردەوام دەبین لە خەباتی پەرلەمانی و دەستوری 


پیرۆزبایی یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و 47 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەكان و تێكۆشەران و كادران و  جەماوەری خۆراگری یەكێتی دەكەین. 
ئەم یادە، بۆنەیەكی مێژوویی بەشكۆیە لە مێژووی گەلەكەمان و رووداوێكی گرنگ و دەگمەنی كوردایەتیشە، كە لە هەلومەرجێكی سەختدا، یەكێتی دامەزرا و شەوەزەنگی كوردەواری رووناك كردەوە. 

یەكێتی حزبی رچەشكێنی و بەرپرسیاریەتییە سەختەكان و ئەركە مێژووییەكانە، حزبی قارەمانێتی و ئازایەتی و جوامێری خەباتی پێشمەرگایەتی و 23 هەزار شەهیدە، حزبی پاڵەوانانی زیندان و كەمئەندامانی شەهیدی زیندو و رێكخستنە چاونەترسەكانی ناوشارە، حزبی دیموكراسی و خەباتی ژنان و میدیای ئازاد و ئازادیی بیرورا و رۆژنامەوانی و حزبی بەدیهێنەری فیدرالی و سیاسەتی هاوسەنگ و راست و دروستی كوردایەتیە لە عێراقی نوێیدا. 

لەم یادە مەزنەدا، لەئاست گڵكۆی مامی گەورەو رابەرمان و هەموو شەهیدانی یەكێتی و كوردستان سەری رێز دائەنەوێنین و بەڵێن دووپات دەكەینەوە لە سەر رێگاو رێبازی یەكێتی و فەلسەفە و ئەزموونی بەبەهای سەرۆك مام جەلال بەردەوام بین درێغی نەكەین لە خەباتی پەرلەمانی و دەستوری و سیاسی بۆ بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەكانی گەلەكەمان.


هەر لەم یادەدا جەختدەكەینەوە، لەسەر نەهجی مام جەلال بەردەوام دەبین و هەر بەو دیدەوە خەبات دەكەین، پارێزگاری لە دەستكەوتە دەستورییەكانی گەلی كوردستان و یەكریزی و تەبایی كوردستانی لە بەغدا و هاوسەنگی لە گووتار و كردار و پەیوەندییەكانمان. 
سڵاو لە رۆحی پاكی مام و هەموو شەهیدان 
بەرزو پیرۆزبێ یادی دامەزراندنی یەكێتی 

فراكسیۆنی یەكێتی
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

 

پەیامی د. بەرهەم ساڵح بەبۆنەی یادی دامەزراندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

د. بەرهەم ساڵح: "لە ڕۆژگاری نائومێدی، و لە سەردەمێکی سەخت و دژواردا، ڕێبوارانی کاروانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داستانی سەروەری ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەمیان نەخشاند، ئەمڕۆش، لە ساڵیادی حیزبی شەهیدان، پەیام و هەڵویستی یەکێتیە دڵسۆزەکان، لە سۆنگەی بەهاکانی ئەم میژووە، بەرگریە لە کوردستان و مافە ڕەواکانی خەڵک".

 

د.رێبوار ئیسماعیل: درێژە پێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال دەبین 

مانەوەمان، سەروەریمان، گەشەسەندنمان، بەندە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە

‎ئەم یادە مەزنە پیرۆزە لە سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و تێكۆشەرە دێرینەكان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كادیرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 

‎لە 48 ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درود بۆ گیانی پاكی شەهیدان، 48 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر دەستی رابەری گەورەی گەلەكەمان هەڤاڵ سەرۆك مام جەلال دامەزرا و بڕیاری شۆڕشێكی نوێ دژی رژێمی فاشیستی بەعس درا بۆ ئازاد كردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

‎بێگومان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێناو بەدیهێنانی ئەم ئازادیە رووبارێك خوێنی دا تاوەكو  كوردستان ببێتە خاوەنی حكومەت و پەرلەمانی سەربەخۆی خۆی.

‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی تاوەكو ئەمڕۆ هەموو هەوڵێكی داوە و بەردەوامە بۆ باشتر كردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك. 

‎لێرەوە دووبارە بەڵێن دووپات دەكەینەوە كەوا درێژە پێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال دەبین و دڵسۆزانە تێدەكۆشین 

‎د.رێبوار ئیسماعیل 
‎ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

 

پەروین بابەكر: یەكێتی قوربانی گەورەی بۆ پاراستنی نیشتیمان داوە

لە چل و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا، جارێكی تر و بە رووحییەتێكی یەكێتییانەوە وەفا بۆ تەمەنێك خزمەتی سەرۆك مام جەلال دووپات دەكەینەوە و درود دەنێرینەوە بۆ رووحی بەرزەفڕی سەرجەم شەهیدان، سڵاو دەنێرین بۆ سەرجەم هاوڕێ و هاوخەباتمان بە درێژایی كاروانی ئەم حیزبە، لە هەمان كاتدا درود بۆ گیانی پاكی سەرجەم ئەو هەڤاڵانەی لەم رێگایەدا بەجێیان هێشتین. 

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەسەرەتاوە تاكو ئێستا، حیزبی گەلی كوردستان بووە، حیزبی كرێكار و جوتیار و پاڵە و رەنجدەران بووە، حیزبی مامۆستا و خوێندكار و كارمەند و پیشەگەر و ...هتد، حیزبی هەموو چین و توێژەكان بووە، حیزبی قوربانی و ئاشتەوایی بووە، هەموو كات یەكێتی لە پێناوی یەكێتیدا بووە و قوربانی گەورەی داوە تاكو یەكێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بپارێزێت. بە ئێستاشەوە یەكێتی لەسەر ئەو رێرەوە زێڕینەی جەنابی مام بە هەمان نەفەس و بە هەمان تاقەتەوە بەردەوامە و كۆڵ نادات.

لەم یادەدا، جارێكی تر بەڵێن دووپات دەكەینەوە، كە یەكێتی بپارێزین لە پێناو پاراستنی خاك و نەتەوە و نیشتیمانەكەمان. 

بەرز و شكۆدار بێت یادی دامەزراندنی حیزبی هەمووان. 
پەروین بابەكر

 


حاكم سابر: یاد و یادەوەرییەكانی شۆڕشی نوێ شانازین

یادێكی رۆشن

لە یادی شۆڕەشی نوێی گەلەكەمان، لەم ساڵیادە پیرۆزەدا بیرمان دەباتەوە بۆ خەباتی دوور و درێژی تێكۆشەران و قوربانی دەرانی مێژووێك كە بووەتە ئاسۆیەكی روون بۆ ئێستامان و نەوەی داهاتوو.
 
لەم سۆنگەیەوە بە مافی خۆمانی دەزانم كە بڵێم سەری رێز دادەنەوێنین بۆ شەهیدان و خانەوادە بەڕێزەكانیان و دەستی ماندوبووی كەمئەندامان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەگوشین و بەڕێزەوە دەڕوانینە خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی و بەچاوی پڕ لە ئازایی و چاونەترسی سەیری رێكخستنە دێرینەكان دەكەین، باوەشی سۆز بۆ گەنج و لاوانی رێبازی پیرۆزی مام دەكەینەوە و دەست لە سەر سنگ دەوەستین لە حزووری شێرە ژنەكانی كوردستان.

یاد و یادەوەرییەكانی شۆڕشی نوێ شانازییە بۆ هەموومان چونكە خەباتی ئەو رۆژانە بووەتە نەهجێك و ئیلهامێك بۆ بەپراكتیك كردنی خەباتی (مەدەنی و دیموكراسی و دەڵەتداری) لە سەردەمی نوێ، یادی رێبازی شۆڕشی نوێی بە رابەرایەتی سەرۆك مام جەلال یادی ژیانەوە و زیندووكردنەوە و سەوز كردنی داری ئومێدی كوردستانە.

دەكرێت یادەكان و بۆنەكان دەرفەت بن بۆ نزیك بوونەوەی ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكان لە یەكتری و دەكرێت ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەرفەتێك بێت بۆ لایەنە سیاسییەكان كە بە نییەتی دڵنیایی و متمانەوە مێزی گفتوگۆ بكەنە سەنگەری لێكتێگەیشتن تاكو پێكڕا و تێكڕا چارەسەری ناكۆكییەكانیان بكەن لە پێناو سەقامگیری و ئاشتەوایی و دادپەروەری و  زیاتر خزمەتكردنی گەلی كوردستان.

سڵاو دەنێرین بۆ سەرۆك مام جەلال، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و ژنان و گەنجان 

بەرز و پیرۆز بێت ئاڵای سەوزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 

حاكم سابر 
ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

 

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی دڕی بەشەوەزەنگی تاریکی داو ئومێدی گەڕاندەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزەی دڕی بە شەوە زەنگی تاریکی داو ئومێدی گەڕاندەوە بۆ میللەتێکی بێ ئومێد کراو، شۆڕشی هەڵگیرساندەوە، تروسکایی ئومێدو هیوای بەخشیەوە بەکوردو کوردستان.

هەمیشە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی شۆڕشگێڕان و تێکۆشەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هەموو کوردستانیان بووەو شانازی دوێنێ و ئومێدی ئەمڕۆو داهاتووە.

ئەمڕۆ لە (٤٨)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێری سەربەرزو لانکەی قارەمانان و جوامێران، بەوپەڕی شانازییەوە لەگەڵ هەڤاڵانم لەخزمەت میوانانی ئەم یادە پیرۆزە بووین، بەهەمووانمان گوت و دەیڵێینەوە ئەوپەڕی شانازییە ئەمڕۆ هەڵگری ئەو مەشخەڵە گەشەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانین و درێژەپێدەری کاروانی شەهیدان و رێگای خەباتی سەرکردەکانمان دەبین و خەبات دەکەین لەپێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ میللەتەکەمان.

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



دكتۆر مەجید حەمەدئەمین پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی دەكات


یەكێتین و بەهیچ هێزێك ریشەمان لەبن نایە، جەربەزەین و چاونەترس، گەلمان پشت و پەنایە، وتەكانی مامی ئێمە، وەك نەخشی سەر بەرد وایە كەدەفەرموێت: (سەفین لەبن دێ و یەكێتی لەبن نایە)

پیرۆزە 48 ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شەهیدان

دكتۆر مەجید حەمەدئەمین لێپرسراوی مەڵبەندی 3 ی ھەولێری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

 

سكرتاریەتی كاروباری مەكتەبی سیاسی: پەرەی زیاتر بە هەنگاوەكانی خۆڕێكخستنەوەمان دەدەین


لەجەژنی نیشتمانیی، ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڵایسانی شۆڕشی نوێدا، سەری رێز لە ئاست یادەوەری شەهیداندا دائەنەوێنین و سڵاوی گەرم بۆ كەسوكاری سەربەرزیان و گشت هەڤاڵانی دێرین و ئیمڕۆی خەباتی بێوچان دەنێرین.


 لەم یادەمەزنەدا، بۆ زیندوو هێشتنەوەی مێژووی پڕلەسەروەری تێكۆشان وخەباتی پڕ لە قوربانیدان، بۆ گەشەپێدانی زیاتری ئەم كاروانەی یەكێتی، پەرەی زیاتر بە هەنگاوەكانی خۆڕێكخستنەوەمان دەدەین لە پێناوی بە دامەزراوەیی كردنی ئۆرگانەكاندا.


هەر لەم جەژنەدا و بۆ بەردەوام بوون لەسەر رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال و جۆشدانەوەی كۆڕی خەبات، ساز و ئامادەین بۆ راپەڕاندنی ئەو ئەركانەی تێكۆشان كەلەپێشمانن .  
 
سكرتاریەتی كاروباری مەكتەبی سیاسی
 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

‎مەكتەبی رێكخستن: ماڵە گەورەكەی مام بكەینە كۆكەرەوەی لایەنەكان


پەیامی مەكتەبی رێكخستن بۆ یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

ئەمڕۆ 48 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و 47 ساڵ بەسەرهەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا بەڕابەرایەتی سەرۆك مام جەلال، بەم بۆنە پیرۆز و پڕشكۆیەوە درود و سڵاو دەنێرین بۆ رۆحی سەرۆك مام جەلال و تەواوی شەهیدانی یەكێتی و رێگای رزگاری كورد و كوردستان، دەستی رێز بەسنگەوە دەگرین لەئاست كەسوكارە سەربەرزەكانیان، گەرمترین پیرۆزبایی ئەم یادەمەزنەش لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و هەموو ئەوتێكۆشەرانەی بەشداریان لەم شۆڕشە مەزنەدا كردوە و لە رێكخستنەكان، پێشمەرگەقارەمانەكان، كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و تەواوی دۆست و ئەندام و لانگرانی یەكێتییەكەمان دەكەین، ئومێد دەكەین ئەم ساڵ ساڵی گەشەكردنی زیاتری یەكێتییەكەمان بێت.


دەرفەتێكی گونجاویشە ئەم یادە بكەینە ساڵی ئاشتكردنەوەی هەڤاڵان و لەوێیشەوە گەڕانەوە بۆ نێو ئامێزی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، تاپێكەوە لەخەباتێكی دیموكراسیانەی پڕئازادی بۆ بەدیهێنانی تەواوی ئەو مافەڕەوایانەی كەتائێستا بەدینەهاتوون، هەروەها پیكەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا هەنگاو بنێین بۆ سەرلەنوێ یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد و ماڵە گەورەكەی مام بكەینە كۆكەرەوەی هەموولایەنەكان و لەوێوە پەیامی ئاشتی وبرایەتی وپێكەوەژیان بەرزبكەینەوە تابۆ دنیای بسەلمێنین كەئێمە گەلێكی تەبا وئاشتیخواز وبراین كاردەكەین بۆخۆشگوزەرانی وئاسودەی وئارامی بۆگەلەكەمان .
 جارێكی تر پیرۆزە ئەم یادەمەزن و پڕ شكۆیە

هەرشەكاوەبێت ئاڵای سەوزی یەكێتیی یەكەمان
درود بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدان

مەكتەبی رێكخستنی
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

 

ئەنجومەنی راوێژکاری یەکێتی: لەهەمووکات زیاتر پێویستمان بەتەبایی و یەکێتی ناو یەکێتییە

ئەنجومەنی راوێژکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپەیامێکدا بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی دەڵێت: "ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر پێویستمان بە تەبایی و یەکێتیی ناو یەکێتیی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ستەم دیدەیەو بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانمانە".

‌‎سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ھێزەکانی ٧٠: یەکێتی ناسنامەی کوردایەتی و بەرخودانە

لیوا رکن عومەر ساڵح سەرۆكی دەستەی ئەرکانی ھێزەکانی ٧٠ لە ساڵیادی دامەزراندنی ی.ن.ك و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ پەیامێكی بڵاوكردۆتەوە
‌‎
بەبۆنەی 48 یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و رێكخستنە دێرینەكان، زیندانییە سیاسییەكان، كەمئەندامانی سەنگەر، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و سەرجەم كادیر و ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەروەك چۆن ناسنامەی كوردایەتی و بەرخودان بووە بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەمان، ئێستاش بە هەمان گوڕوتین بەردەوامە و داكۆكیكارێكی سەرسەختە بۆ بەدیهێنانی یەكسانی و دادپەروەری بۆ خۆشگوزەرانی و خزمەتكردنی هاووڵاتیان و پەیڕەوكردنی حوكمڕانییەكی دادپەرەوەرانە ئێمەش لە ھێزەکانی پێشمەرگە بەڵێین ئەدەین  دادکۆکی لە خاکی پیرۆزی کوردستان بکەین و بە گیانی خۆمان پارێزگاری لە مانەوەی دەکەین


لیوا رکن عومەرساڵح سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ھێزەکانی ٧٠

 

وەهاب هەڵەبجەیی: یەکێتی وەرچەرخێنەری مەیدانی خەبات و کوردایەتی_یە

 

دروست بەر لە 48 ساڵ، سەرۆک مام جەلال و پۆلێک لە هەڤاڵانی، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بارودۆخی کوردستان دوای هەرەسی شۆڕش، بە گڕوتینێکی مەزنەوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان ڕاگەیاند.

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا هێزێکی کاریگەر و وەرچەرخێنەری مەیدانی خەبات و کوردایەتی بووە، هەڵگرسێنەری دوو شۆڕشی گرنگی گەلەکەمان و ئەندازیاری پشت دامەزراندنی یەکەم حکومەتی کوردیی دانپێدارابوو بووە، لە خۆبردوانە شانی داوەتە بەر خەبات و لەو پێناوەشدا سڵی نەکردووەتەوە لە قوربانیدان بە هەزاران خەباتکار و کادیر و سەدان سەرکردەی مێژوویی خۆی.

هەمووان شایەتی ئەوە دەدەن کە یەکێتیی زۆری پێشکەش بە کاروانی خەباتی کورد کردووە و زۆری دیکەش لە هەگبەی یەکێتی و سەرۆکەکەیدایە هەن تا پێشکەشی خەڵکی بکەن، بۆیە هیوادارم سەرکردە و بەرپرسانی باڵای یەکێتی لەم یادەدا هەنگاو بنێن بەرەوە زیاتر نزیکبوونەوە لەو جەماوەرەی کە خۆرسکانە نزیک بە نیو سەدەیە بوونەتە پاڵپشت بۆ یەکێتییەکەمان.

لەم یادە پیرۆزەدا دەست بە سنگەوە دەگرین بۆ ئەو قارەمانانە و بێ سڵەمینەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی کوردا لەچوارچێوەی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستاندا شەهید بوون و بەڵێنیان پێدەدەین درێژەپێدەری خەباتەکەیان دەبین.

براتان
وەهاب هەڵەبجەیی

 

جەلال شێخ ناجی: یەکێتی لەهەناوی بیری نوێ و خەڵکەوە لە دایک بوو

 

لەیادی ٤٨ هەمین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ٤٧ هەمین ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە کۆمەڵانی خەڵک ، پێشمەرگە دێرینەکان ، تێکۆشەران ، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم .

یەکێتی کە لەهەناوی بیری نوێ و خەڵکەوە لە دایک بوو هیوایەک بوو بۆ ژیانێکی نوێ ، خەباتێک بوو کە سەرئەنجام بە پشودرێژی و رابەرایەتی سەرۆک مام جەلال و قارەمانێتی رۆڵەکانی شۆڕشی گەیاندە راپەڕین و ئازادی و حکومی خۆبەخۆی کوردستانی .

یەکێتی بۆ کوردستان ، یەکێتی ئاوەدانی و سەرخستنی خەباتی چەکداری بوو بە دڵنییایشەوە بۆ ئەمڕۆ و سبەیش یەکێتی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و هێنانەدی خواست و ئاواتەکانی کۆمەڵانی خەڵک دەبێت .
پشت بەستوو بە جەماوەر کاروانی مەشخەڵانی یەکێتی گەشاوەتر دەبێت 

هەزار سڵاو لە گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال رابەری شۆڕشی نوێ و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری .

جەلال شێخ ناجی
سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری

 

دکتۆر مەجید: یەکێتی هێزێکی داهێنەر و لەخۆبردووە

 

لەبیرەوەری دامەزراندنی  48 ساڵەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و 47 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ، سەری ڕێز دادەنوێنین  بۆ گیانی ڕێبەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی  کوردستان جەنابی مام جەلال و هەموو شەهیدانی کوردستان .

سڵاوی وەفاداری بۆ سەرکردەی ڕۆژە سەختەکانی گەلەکەمان  جەنابی کاك کۆسرەت دەنێرین و هیوای تەندروستیەکی زۆر باشی بۆ دەخوازین .

 لەم ڕۆژە پیرۆزەدا ، وەبیر هەموانی دێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەك هێزێكی داهێنەرو نوێگەر بۆ هەرچوار وەرزی ساڵ و مۆدێلێکی نوێی  تێکۆشان بۆسەرجەم  ڕۆژگارەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری ، ئەم هێزە پێشەنگەی کوردایەتی خوێندنگەی پێگەیاندن و وشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و وەك هەمیشە پشتیوانی هێزە پێشکەوتووخوازەکانی کوردستان و عیراقیش بووە .

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەردەم باوەشی لێبوردەیی و  بەخشندەیی و خۆنەویستی بووە ، لە یەکەم چرکەساتی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانیشدا ،  ڕۆڵەی قارەمان و فیداکاری بەخشیوەتە هەرچوار پارچەی کوردستان و مرۆڤایەتی ، دەشت و چیاو دۆڵ و گوندو شارەکانی ئەم وڵاتە نیە ، گیانبازانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەگیان و ژیانی خۆیان گوڵاڵەسوورەی ئازادیان نەڕواندبێت .

لەدوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول ، جەنابی مام جەلال وەك  ڕابەر و پێشەنگی قۆناغێکی سەختی خەبات ، بەخوێندنەوەیەکی قوڵ و بابەتیانە بۆ ڕوداوەکانی ئەوێ ڕۆژێ ، کە هەموو کورد بێ ئومێدبوو  ، دوای کەمتر لەدوو مانگ لەچۆڵکردنی مەیدانی خەبات ، لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دامەزراندو ئومێدی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەڕاندەوەو دوای کەمتر لەساڵێك بەدروشمی (نەسرەوتن تاسەرکەوتن) شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەڕێبەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵگیرسا .

لەسەردەمی بێ ئومێدا وەك چۆن هەرەسی بەهەرس هێناو لە ڕۆژگارێکدا کە گرەو لەسەر مان و نەمانی نەتەوەکەمان دەکرا، یەکێتی شۆڕشی هەڵگیرساندەوەو ئومێدی لەجێی نائومێدی ڕواندو داگیرکەرانی  تووشی شۆك کرد ، لەرۆژگاری ئەنفال و  کیمیاباران و  شێواندنی خاك و ئاوو سروشتی کوردستان،  یەکێتی نەك چۆکی دانەدا، بەڵکو پارتیزانە هەرەقارەمان و نەبەزەکانی یەکێتیی کوردستانیان چۆڵ نەکرد و بەرگریان لەشوناسی نەتەوەییمان کرد ، کە دوژمن دەیویست لەسەر نەخشە بمانسڕنەوە .

یەکێتیی ئەو هێزە داهێنەرە لەخۆبووردووەیە کەبۆ هەموو  قۆناغ و سەردەمێك شێوازی نوێی خەباتی پەرەپێداوەو دوژمنان و نەیارانیشی بەچۆك داهێناوە .

 سەردەمی خەباتی مەدەنی و سیاسی و پەرلەمانی و حوکمڕانی خۆماڵیشدا، جێگەی متمانەی گەلی کوردستان بووە .

دکتۆر مەجید حەمەدئەمین
لێپرسراوی مەڵبەندی 3 ی هەولێر

 

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: پێگەی سەرۆك مام جەلال و قوربانیدانی یەكێتی لەئاستێكی بەرزدایە

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەبۆنەی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی و سەركردایەتی و سەرۆك و فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنەكانی پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی و ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی دەكات و رایدەگەیەنێت: "پێگەی سەرۆك مام جەلال لە پێشخستنی دۆسیەی كورد  و خەبات و قوربانیدان یەكێتی لە مێژوی رزگاریخوازی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدایە".

دەقی پەیامەكە:


حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان: یەکێتی رۆڵی دیاری هەبووە لەبەدیهێنانی مافی گەلەکەمان

سکرتێری حزبی زەحمەتکیشانی کوردستان لەپەیامێکی پیرۆزباییدا لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا دەڵێت: "یەکێتی رۆڵی دیاری هەبووە لەبەدیهێنانی مافی گەلەکەمان، لە عێراقدا و ئێستاش هاوشانی حزبە کوردستانییەکان لەبەردەم بەرپرسیارێتی پەرەپیدان و داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە".

 

پارتی پارێزگارانی كوردستان پیرۆزبایی دامەزراندنی یەكێتی دەكات

مەكتەبی سیاسی پارتی پارێزگارانی كوردستان لە 48-ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتيی نیشتمانیی كوردستان مەكتەبی سیاسی پارتی پارێزگارانی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی یەكێتی دەكات كە ئەمە دەقەكەیەتی:

 

 

پەیامی پیرۆزبایی ئەنجومەنی پەنابەرانی كوردانی رۆژئاوا-سوریا بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی 

یەكێتی خاوەنی ر‌ێبازێكی زیندوو و كاریگەر و چارەسازە 
بەڕ‌ێزان..
 بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی

بەبۆنەی 48 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە‌ گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕ‌استەی ئێوەی ئازیز و سەرجەم كادر و ئەندام و لایەنگرانی دەكەین و هاوكات سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان و گیانی رەوانشاد سەرۆك مام جەلال. 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی خاوەنی ڕێبازێكی نەتەوەیی و نیشتمانی پاك و زیندووە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی یەكێتی تا ئەمڕ‌ۆ هەمیشە لەناو ئەو حزبەدا بیروڕ‌ای جیاواز هەبووە و چەتری كۆكەرەوەی ڕ‌ەخنەكان بووە. 

یەكێتی خاوەنی رووبارێك خوێن و هەزاران شەهیدە،  كە زیاتر لە 26 هەزار شەهیدە و زۆرینەی شەهیدەكانیشی فەرماندە و سەركردەكانیەتی و لە بەر ئەوەش بە حزبی شەهیدانی ناساندوە.

لەڕ‌اپەڕ‌ینە مەزنەكەی كورد بۆ ئازادی كوردستان یەكێتی داڕ‌ێژەر و دەستپێشخەر بووە و لەئێستاشدا هێزێكی كاریگەر و بەهێزە و خاوەن ئیرادەیە لەسەر ئاستی كوردستان. 

 باوەڕ‌مان وایە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوەنی هێزی چارەسەرییە بۆ دۆخی ئێستای كوردستان و دەتوانێت كێشە سەختەكان چارەسەر بكات بە تایبەتی بەپێی ڕ‌ێبازی چەپكە گوڵەكەی سەرۆك مام جەلال.  

پێشمانوایە یەكێتی دەتوانێت خزمەتی هەموو چین و توێژێكی كۆمەڵگا بكات بەبێ جیاوازی.  

دووبارە ساڵیادی 48 هەمین دامەزراندنی یەكێتی لەهەموو لایەك پیرۆز بێت.

ئەنجومەنی پەنابەرانی كوردانی رۆژئاوا-سوریا

 

پیرۆزبایی حزبی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی کوردستان

حزبی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا پیرۆزبای ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی دەکات و دەڵێت: "گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەکەین و ئومێدەوارین ئەم یادە پرشکۆیەتان ببێتە خاڵی وەرچەرخانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی هەرێم و بەغدا".

 

 

پیرۆزبایی بزوتنەوەی چاکسازی نیشتمانی 

بزوتنەوەی چاکسازی نیشتمانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا لەساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی دەڵێت: "یەکێتی لەسەرەتای دروستبونییەوە لایەنێکی کاریگەری گۆڕەپانی شۆڕش و خەباتی کوردایەتی بووە".

 

پیرۆزبایی ناوەندی رامیاری پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان

ناوەندی رامیاری پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا پیرۆزبای ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی دەکات و دەڵێت: "پیرۆزبایی گەرمی خۆمان بەبۆنەی ئەو یادە ئاڕاستەی ئێوەی هێژا دەکەین و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازین".

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket