riklam

یەكێتی لە هەرەسەوە باری شۆڕشگێڕی و كوردایەتی راستكردەوە

کوردستان 10:50 AM - 2023-05-31
 یەكێتی لە هەرەسەوە باری شۆڕشگێڕی و كوردایەتی راستكردەوە PUKMEDIA

یەكێتی لە هەرەسەوە باری شۆڕشگێڕی و كوردایەتی راستكردەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 48 ساڵە لە خەبات بەردەوامە و لە قۆناغی خەباتی رێكخستنی نهێنییەوە پەڕییەوە بۆ خەباتی سیاسی و چەكداری پێشمەرگایەتی شاخ و شار و راپەڕین، كە بە خەبات و خوێنی شەهیدان و قوربانیدان لە پێناوی مافی رەوای گەل، ئەمڕۆی ئازادی  و حوكمڕانی لە باشووری كوردستان بەدیهاتووە، مێژوو شاهیدی راستەقینەی جۆرەكانی خەباتی یەكێتییە بۆ ئاشتی و ئاوەدانی و مافەكانی گەلەكەمان.

 

خەباتی شۆڕشی نوێ لە راپەرین و ئازادی 1991ی و قەوارەی هەرێمی تێدا بۆ كورد هێنایەدی، لە 2003شدا خەباتەكەی گەیشت بە رووخاندنی رژێمی دیكتاتۆری بەعس و دوای ئەوەش قۆناغی خەباتی پەرلەمانی و دیموكراسی دێژەپێدا هەم لە هەرێم و هەمیش لە عیراق، بۆیە سەرۆك مام جەلال سكرتێرە گشتییەكەی یەكێتی بە یەكەمین سەرۆك كۆماری عیراق لە مێژووی عیراقییەكان بەگشتی و كورد بەتایبەتی هەڵبژێردرا و بووە سەرۆككۆماری عیراق و دوو خول لە كۆشكی سەلامەوە، مایەی ئاسودەیی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی عیراق و خۆشگوزەرانی كوردیش بوو.

 

 

ئەمانەتی شۆڕشی نوێ لەدەستی سەرۆكی نوێ دا

 

لە قۆناغی ئێستادا كە یادی 48 ساڵەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەینەوە، خەباتی یەكێتی لە قۆناغێكی دیكەدایە كە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەسەر رێبازی مام  خەباتی یەكێتی بۆ قۆناغێكی دیكەی یەكێتی ئاڕاستە دەكات بە تایتڵی سیاسی (خۆشگوزەرانی، ئاوەدانی و دادپەروەری و دیموكراسی) لە هەرێم و ئاڕاستەی عیراقیش (هاوبەشی راستەقینەی كورد و پاراستنی سەنگ و پێگەی كورد لە بەڕێوەبردن و بڕیاریی سیاسی، گێڕانەوەی خاك و كەركوك بەپێی دەستوور، پاراستنی شایستە داراییەكانی كورد و بەكارنەهێنانی قووت و گوزەرانی خەڵك لە ململانێی سیاسیدا)، كە ئەمەش ئەمانەتی شۆڕشی نوێیە لە دەستی سەرۆكی نوێی یەكێتی، كە درێژە بە نوێیەكانی خەباتی یەكێتی دەدات.

 

 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو هێز سیاسیانەیە، كە خەباتی نوێی موتوربەی قۆناغی نوێ دەكات، ئەمەش لە پێناوی كومەڵانی خەڵك و مافە رەواكانیدایە، بۆیە یەكێتی هێزی كۆمەڵانە و كۆمەڵانی خەڵكیش بە هێز و پەنای راستەقینەی مافەكانیانی دەزانن.

 

 

دەستەی دامەزرێنەری شۆڕشە نوێ-یەكە

 

48 ساڵ پێش ئێستاو لە رۆژی 1-6-1975 دا دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەنرا كە لەسەر دەستی 7 كەس بونیاتنرا، ئەوانیش هەریەك لە (سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی، د.فوئاد مەعسوم، عادل موراد، نەوشیروان مستەفا، عەبدولڕەزاق فەیلی، هۆمەر شێخ موس، د.كەمال فوئاد) بوون.

 

بەداخەوە كە لە رۆژی 3-10-2017 دا سەرۆك مام جەلال كۆچی دوایی كرد و ماڵئاوایی كاروانی خەباتی بۆ بەجێهێشتین و كە خەمێكی قوڵ و كەلێنێكی گەورە بوو بۆ سەرجەم كورد. ئەمە لەكاتێكدایە كە هەریەك لە د.كەمال فوئاد و نەوشیروان مستەفا، و عادل موراد و عەبدولڕەزاق فەیلی كۆچی دواییان كردووە و ئێستا دوو كە تێكۆشەران و دەستەی دامەزرێنەری ئەم هێزە سیاسییە لە ژیاندا ماون كە ( د.فوئاد مەعسوم و هۆمەر شێخموس)ە.

 

 

یەكێتی چۆن دامەزرا؟

 

 

بەدوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول، بارودۆخێكی ئاڵۆزو نائاسایی و دژوارو باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشابوو، ئەو بارودۆخەش نەك تەنها باشوری كوردستان، بەڵكو هەموو بەشەكانی تری كوردستانی گرتبوەوە. هەرەسی شۆڕشی ئەیلول ئەنجامێكی وای دا بەدەست رژێمی بەغداوە كە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای شۆڤینیانەی بەعسیانەدا دوژمنایەتی و هەڵوێستی دڕندانەی دژ بە كورد بنوێنێ. ئەمە لەكاتێكدا كە زۆربەی ئەو تێكۆشەرانەی چوبونە ڕیزی شۆڕشەوە، چ سەربازیەكان و چ سیاسیەكان ورەیان بەردابوو، تا ئەو ڕادەیەی قەناعەتی ئەوەیان لا چەسپابوو كە ئیتر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد ناژێتەوەو بەردەوام نابێ. لەنێو كاربەدەستانی ڕژێمیشدا كەسانی وا هەبوون كە شانازیان بەو سەركەوتنەوە دەكرد، پێشتر ئەوانە دژی شۆڕشی كورد دەجەنگان نەیانتوانی سەركەوتن بەسەر هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بەدەستبێنن، یان بڵێسەی شۆڕش دامركێننەوە. هەندێ لە كاربەدەستانی عێراق گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد كە مەحاڵە جارێكیتر چیاكانی كوردستان باوەش بۆ پێشمەرگەی چەكدار بكەنەوەو دەیانوت (یاخی بوون) هەتا هەتایە كۆتایی پێهات.

 

 

سەدام حسێن  لەسەر شۆڕشی نوێ وایوت

 

 

تەنانەت سەدام حسێن لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ جۆرج حەبەش سەبارەت بە مام جەلال وتبووی: " دار خورما لەسەری جەلال تاڵەبانی بڕوێ جارێكیتر ناتوانێت حەوت كەس بنێرێتە شاخ، رژێمی بەعس هەوڵیدەدا بەناوی داننان بە مافی نەتەوەیی دیموكراتی گەلی كوردەوە، لەڕێگەی شێواندنی مافەكانیەوە، دامەزراندنی دامودەزگای ساختەی وەكو: ئۆتۆنۆمی، ڕێكخراوەكانی قوتابیان، ئافرەتان، نەقابە و ڕۆژنامەو گۆڤارەوە گەلی كورد لە مافە دیموكراتی و نەتەوایەتیەكانی بێبەش بكات. هەر پاش هەرەس پارتی بڕیاری هەڵوەشادنەوەی هەموو دامودەزگا حزبی و سەربازی و ئیدارییەكانی شۆڕشی دابوو، تەنانەت حەلكردنی (پ.د.ك)یش كە نزیكەی (30) ساڵ لە تەمەنی تێپەڕاندبوو.

 

بڕیارێك تۆوی نائومێدی چاند!

 

ئەمە هۆیەك بوو بۆ ئەوەی كە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد توشی بارێكی ناهەموارو شكست بێت. بەتایبەت كە: سەركردایەتیەكەی خۆی بریاری هەڵوەشانەوەی دامودەزگا حزبی و ئیداری و سەربازیەكەی دابوو، لەو دەمەدا چیتر باوەڕی بە خەباتی چەكداری و جەماوەری و تەنانەت سیاسیش نەمابوو. ئەوە بوو داوای تەسلیمبوونی لە جەماوەریش كردو سەركردایەتیەكە خۆشی چووە ئێران و بووە پەناهەندەو هەندێكیشی تەسلیم بە عێراق بوونەوە.

 

پاش هەرەس، بەتەنیا حزبە كارتۆنیە ساختەكەی حوكومەتی بەغدا، كە بە ناوی (پارتی دیموكراتی كوردستان)ەوە ئیشی دەكردو لە بەرە داتاشراوەكەی ڕژێمدا ئەندام بوو. بارەگاو ڕۆژنامەی ئاشكراو یاسایی هەبوو، كە كەوتبۆوە جموجۆڵ و پیرۆزبایی شكستهێنانی گەلی كوردی لە ڕژێمی عێراق و سەدام دەكرد. بەمشێوەیە جوڵانەوەی كوردی هیچ ئامڕازێكی سیاسی بۆ نەمایەوە تا خەبات و تێكۆشان بۆ جێبەجێكردنی ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی و بەرگری لە مافە ڕەواكانی كورد بكات و بەرپەرچی سیاسەتی نوێی ڕژێمی عيراق بداتەوە لە گرتن و ڕاونان و ڕاگوێزان و بە عەرەبكردن و بە بەعسیكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

 

ئاوارەكردنی هەزاران خێزانی كوردو هەڵكەندنیان لە خاكی نیشتمانیان و زەوتكردنی ماڵ و سامان و زەوییان ببونە مەترسییەكی گەورە، نەك هەر لەسەر مافە نەتەوایەتییە ساكارەكان، بەڵكو لەسەر مانەوەی خودی نەتەوەی كورد. بۆیە گەلی كورد دەبوو پێش هەموو شتێك بەرگری لە مافی نەتەوایەتی خۆی بكات و خەباتی ئەو سەردەمەی لەو پێناوەدا بوایە، هەربۆیە جوڵانەوەكە لەڕووی بابەتییەوە پێویستی بە ئامڕازو كەرەسەو بیرو هەڵوێست و پێوەندی نوێ هەبوو، كە لەگەڵ ڕەوتی مێژووی جوڵانەوەكە بگونجێ و سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە هەموو چین و توێژە شۆڕشگێڕەكانیەوە لە چوارچێوەی ڕێكخراوێكدا كۆبكاتەوە، بیانكاتە هاندەرێك و بۆ خەباتێكی سەختی درێژخایەن ئامادەیان بكات تاكو ببنە ئەلتەرناتیڤێك لە كوردستاندا خاوەن بیری نوێ و كرداری نوێ و تاكتیك و ستراتیژێك بێت بۆ بەدیهێنان و پاراستنی دەسكەوتی ئەو هێزانەی سوتەمەنی شۆڕشن و سوودیان لە سەركەوتنی شۆڕش و هێنانەدی مافە ڕەواكانی گەلی كورددایە. ئەوكاتە كوردایەتی نەشكابوو، بەڵكو سەركردایەتیەكەی وازی هێنابوو، بڵاوەی بە خەباتگێڕەكانی كردبوو. واتە خەباتی ڕزگاری دیموكراسی لەڕووی بابەتیەوە هەر بەردەوامبوو. بۆیە پێویستی بە رێكخستنەوەو سازدانەوە بوو، پێویستی بە ڕێبازێكی نوێی شۆڕشگێڕانە هەبوو، پێویستی بە ڕێبەرێكی مۆدێرن و لەناو جەرگەی جەماوەر هەڵقوڵاو هەبوو. شایەنی باسە كە كۆمەڵی كوردەواری، وەك هەر كۆمەڵێكی تر بیروبۆچونی جۆراوجۆری تێدایە، كە فەلسەفەو قەناعەتی جیاوازی گرتۆتەخۆ. لەو سەردەمەی بارودۆخی كوردستانیشدا بۆ بەئەنجامدانی ئەركە نەتەوایەتیەكان دامەزراندنی حزبێك كە بتوانێت هەڵگیرسانەوەی شۆڕش بگرێتە ئەستۆ پێویستبوو. جگە لەم ڕستیانە تێگەیشتنی خەباتی گەلی كوردیش رەچاوبكا، چونكە خەباتی گەلی كوردستان خەباتی هەموو چین و توێژەكانیيەتی، كورد وەك نەتەوە دەچەوسایەوە، هەڕەشەی لەناوبردنی لەسەربوو، بۆیە بیر لەوە دەكرایەوە ئەو چین و توێژانە لە چوارچێوەیەكی تۆكمەو ڕێكوپێك و دیاردا كۆبكاتەوە. لەلایەكی تریشەوە باوەڕی شۆڕش و گێڕانەی وڵات بەرەوهەڵچوون و تەقینەوە دەڕۆیشت، دابینكردنی ئەم بارودۆخەو لە باوەشگرتنی هەوڵ و تێكۆشانی هەموو هێزو (تیار)ە شۆڕشگێڕەكانی ئەویست.

 

 

یەكێتیی نیشتیمانیی مژدەگەورەكەی خەبات

 

 

 

 48 ساڵ لەمەوبەر، چرایەك داگیرسا بە تاقی تەنێ، لەدایكبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو كات و ساتە هەستیارەدا بۆ گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستاندا پێویستییەكی لەرادەبەدەر بوو، لە دوای نسكۆ هێنانی شۆڕشی ساڵی 1975ی ئەیلول بە رابەرایەتی (مستەفا بارزانی)، دەتوانین بڵێین ساڵی 1975 وەچەرخانێكی مێژوویی گرنگ بوو لە شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی كورد، بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی كوردان، ساڵێك بەسەر كارەساتە دڵتەزێنەكەی شۆڕشی ئەیلولدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانی دووبارە بەهۆی چەندین تێكۆشەری گەنج و رۆشەنبیر و كۆمەڵانی خۆڕاگری قارەمانی كورد جارێكیتر داوای مافە نەدراوەكانی گەلی كورد بكات بە جاڕدانی شۆڕشێكی سەردەمیانەو بە شێوازێكی جیاوازتر و باشتر لە جاران، شتێكی حاشا هەڵنەگرە دروستبوون و لەدایكبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو كات و ساتەی ئەوسادا زۆر پێویستبوو لە دووبارەبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێی رزگاریخوازی گەلی كورد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاتێك لەدایكبوو كە زۆربەی زۆری خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بێئومێد بوون لە دوبارە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی كورد.

 

لەبەر ئەمانە هەمووی، لە مانگی حوزەیرانی 1975 دا، هەر دوو مانگ دوای هەرەس، بیرۆكەی دروستكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاتەكایەوە.

 

دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زادەی ساتە وەختێك نەبوو. ئەوانەی بەپەرۆشەوە بوون بۆ دواڕۆژی كورد لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات، بیریان لەوە دەكردەوە كە چۆن ئەو بۆشاییە سیاسییەی كوردستان پڕبكەنەوە.

 

 

تەقەڵاكانی ئەم رێبازە سەرەتا لە كۆبوونەوەیەكدا بەئەنجامدرا، گەلێ كەس بەشەوقەوە هەوڵیاندا كە لەو كۆبوونەوەیەدا بەژداربن، هەر ئەو دەمە زنجیرە كۆبوونەوەیەك لە ناوەوەی وڵات و چەند ناوچەیەكی جیاجیای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بەسترا كە لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەستیانپێكرد. لەوێدا بەشداربووان هەوڵیاندا ئەڵتەرناتیڤێكی سیاسی پێكبهێنن بۆ ئەوەی ئەو كاروبارە بگرێتە ئەستۆكە ئەوكاتە روبەڕوی تێكۆشەران دەبووەوە. مام جەلال كە سكرتێری (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان) بوو، بیرۆكەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لای ئەوەوە دەستیپێكرد، سەرەتاش بە نامە راوێژی لەگەڵ ناوەندی كۆمەڵە كرد، لە ئەوروپاش پێوەندی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری كورد پەروەراندا كرد. مام جەلال لە سەرەتادا لەڕێی (شازاد سائب)ەوە، بە دوو نامە كۆمەڵەی لە ناوەوە لە بیروڕاكانی خۆی ئاگاداركردبووەوە، سەركردایەتی كۆمەڵەش لە مایسی 1975 وە ئەم بیرۆكەیەی مام جەلالی خستە بەرباس و لێكۆڵینەوە كە لە مارتی 1975 دا بۆی ناردبوون، لەو كۆبوونەوەیەدا پشتیوانی لەو بیرۆكەیە كرا بۆ دامەزراندنی رێكخراوێكی نیشتمانی فراوان كە كۆمەڵە بە نهێنی داینەمۆكەی بێت، هەر لەهەمان كۆبوونەوەدا (شیهابی شێخ نوری) پێشنیاری دەستپێكردنەوەی شۆڕشی كردو داواش لە (فەرەیدون عەبدولقادر) كرا كە ئەم بیروڕایە بگەیەنێتە مام جەلال و لە دەرەوەی عیراق قسەی لەگەڵدا بكات و دوابیروڕا بۆ ناوەندی كۆمەڵە بێنێتەوە.

 

لێرەوە بیری دامەزراندنی یەكێتییەكی نیشتمانی وەكو رێكخراوێكی نیمچە بەرەی تەیار و چینە پێشكەوتنخوازەكانی كۆمەڵی كوردستان گەڵاڵە بوو، بۆ كۆكردنەوەی هەموو رۆڵە دڵسۆز و تێكۆشەرەكانی كوردستان، لە چوارچێوەیەكی فراواندا كە ئەندامەكانی كۆمەڵە ببنە داینەمۆی بەگەڕخستن و بەڕێوەبردنی. بۆچوونەكانی ئەوانەی دەرەوەی وڵات لە كۆبوونەوەكاندا بریتیبوون لەم خاڵانە:

 

یەكەم: رێكخراوێكی فراوان بۆ كۆكردنەوەی جەماوەر دابمەزرێنەرێ و ئەو بۆشاییە سیاسییە پڕبكاتەوە. كە لە ئەنجامی هەرەسی شۆڕشی ئەیلولەوە هاتبووە كایەوە.

 

دووەم: ئەو رێكخراوە حزب نەبێ بە مانا تەقلیدییەكەی بەڵكو چوارچێوەیەكی رێكخراوەیی فراوان بێت بۆ جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر.

سێیەم: ئەم رێكخراوە بەرەش نەبێ لەبەر نەبوونی حزبێكی پێشڕەو و نەبوونی حزبێكی دیكە.

چوارەم: لەناو ئەم رێكخراوە فراوانەدا تەیارو لایەنە سیاسییە پێشكەوتنخوازە جیاجیاكان مافی ململانێی فكرییان هەبێ.

پێنجەم: كۆمەڵە بە سەربەخۆیی بمێنێتەوە، تا ئەندامەكانی بتوانن رۆڵی بەڕێوەبەرێتی ئەو رێكخراوە ببینن تیایدا.

 

سەرئەنجام بڕیاردرا كۆبوونەوەیەك پێكبێت بۆ ئەوەی بڕیارێك لەمبارەیەوە بدەن، ئەوە بوو لە 22/5/1975 دا لە (دیمەشق) لە رێستورانتی (گلیگلە) لە گەڕەكی (ئەبو رمانە) یەكەم كۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەر سازدرا، كە لەم كۆبوونەوەیەدا (مام جەلال، د.فوئاد معسوم، عادل موراد، عەبدولڕەزاق فەیلی) بەشداربوون. پڕۆژەی ئەو بەیانەی كە (مام جەلال) نوسیبووی لەلایەن بەشداربووانەوە گفتوگۆی لەسەركراو دوای دەستكاریكردنێكی كەم، بەیانەكە چاپكرا، بەم چەشنە یەكەم بەیانی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەنرا، دەزگاكانی راگەیاندنی عەرەبیش لە سوریاو لوبنان و مێرو گەلێ شوێنی تر ئەم بەیانەیان بڵاوكردەوە.

 

لە ئەوروپاش بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ و كۆشش بەردەوامبوو. لە رۆژی 27/5/1975 كۆبوونەوەیەك لە گەڕەكێكی كەناری (بەرلین) لە ئەڵمانیا بەسترا، لەم كۆبوونەوەیەدا كە مام جەلال سەرپەرشتی دەكرد كۆمەڵێك كەسایەتی و كادیری تێكۆشەر كە نزیكەی (20) كەس دەبوون بەشداربوون، لەوانە: (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، د.كەمال فوئاد، عومەر شێخ موس، د.لەتیف رەشید، د.دڵشاد ئەحمەد، د.ئەرجومەند سدیق، د.دارا ئەدیب، رەئوف ئەحمەد، د.جەبار عەلی شریف، د.لاوچاك فەهمی و د.حەسەن محەمەد عەلی).
لەم كۆبوونەوەیەدا مام جەلال باسی ئاكامی هەوڵ و كۆششەكانی و پێوەندیكردنی بەو هەڤاڵانەوە كرد كە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام درابوون. لەهەمانكاتدا دەقی ئەو بەیاننامەیە خوێندرایەوە كە ئامادەكرابوو بە مەبەستی وەرگرتنی بیروڕای بەشداربووان. شایەنی باسە كە تەنیا بڕگەیەك بۆ بەیاننامەكە زیادكرا كە ناوەڕۆكەكەی بەمجۆرە بوو:

 

"دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەڵامدانەوەی بڕیاری وازهێنان لە شۆڕشی كوردە، بۆیە داوا لە هەموو خەباتگێڕانی گەلەكەمان دەكەین كە پشتیوانی لەم رێكخراوە نوێیە بكەن و درێژە بە خەباتیان بدەن لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی كورددا"، دوای ئەم دەسكاریكردنە، لە 1/6/1975 دا بەیانەكە لە ئەوروپا بڵاوكرایەوە و دواتر هەر ئەو مێژووەش بوو بە رۆژی راگەیاندنی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم بەیانە لە گەلێ وڵاتی دنیادا بەزمانی جیاواز چاپ و بڵاوكرایەوە، بە عەربی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، فارسی، و بەیاننامەكە لەلایەن كەمال بورقایەوە كرایە توركی كە ئەودەمە لە توركیا مانگنامەیەكی بەناوی (ئویز گویرلك یولو) دەردەكرد، لەهەمانكاتدا لە كۆبوونەوەكەی بەرلیندا دوو بیروبۆچوونی جیاواز سەبارەت بە پێكهێنانی ئەو رێكخراوە هەبوو، كە ئایا ئەم رێكخراوە رێكخراوێكی چەكدار بە ئایدۆلۆجی بێت، یان رێكخراوێكی پێشكەوتنخوازو  نیشتمانی بەر فراوان بێت.

 

راوبۆچوونەكان لەسەر رەوتی دووەم گیرسایەوە، واتە رێكخراوێكی فراوانی ئەوتۆ كە گشت تێكۆشەران بەبێ گوێدانە ئایدۆلۆجییەكی تایبەتی بگرێتەخۆ، هەربۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرەتای دامەزراندنییەوە چەندین هێڵ و باڵی سیاسی تێدابوو.

 

سەبارەت بەمە (د.فواد مەعسوم) دەڵێت: "حزب ئایدۆلۆژی خۆی هەیە، واتە ئەگەر بیرمان لەوە كردبایەوە كە ناوی حزبی لێبنرێت، دەبوو بە نوێنەری چینێك، لەبەرئەوەی ئەو هێزو كەسایەتییە سیاسیانەی دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول لە چوارچێوەی حزبی سیاسیدا نەبوون، بۆیە نەدەكرا ناوی بەرەی لێبنرێت، هەر لەبەرئەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك رێكخراوێكی نیمچە بەرەیی لەدایكبوو، كە خواستی تێكۆشانی ئەو قۆناغە بوو. لەناو ئەو نیمچە بەرەیەدا، چەند تەیارێك هەبوون كە بیروبۆچوونی حزبی جیاوازیان هەبوو، بەڵام لەسەر بەرنامەی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكبوون، كە ئەوەش رەنگدانەوەی ئەوكاتەی پێكهاتەی سیاسی كوردستان بوو.

 

شاسوار جەلال (ئارام) یش لەمبارەیەوە پێیوابوو كە: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزب نییە و جێی حزبی پێشڕەوی پرۆلیتاریا ناگرێتەوە، چەند تەیارو گروپێكی تێدایە، یەكگرتنەوەشیان لە چوارچێوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بەرەی نیشتمانی تەواوی پێكنەهێناوە، بەڵكو شێوە بەرەیەكە كە لەگەڵ واقیعی حزبی و سیاسی كوردستان دا دەگونجێت، بێگومان ئەم واقیعەش لەگۆڕاندایە و شتێكی بڕاوە نییەو بەستراوە بە گەشەكردنی ئەو تەیارو گروپانەوە".

 

یەكەم بەیانی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هەرەسی 1975ی كردە خاڵێكی وەرچەرخان لە خەباتی گەلی كورددا: "ئێمە بەسەربەرزییەوە سووربوونی تێكۆشەرانی گەلەكەمان رادەگەیەنین لەسەر بەردەوامی خەباتی شۆڕشگێڕانە لەڕیزی جەماوەری گەلەكەمان، لە چوارچێوەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا، كە لەسەر رێبازی جەماوەری دەڕوات".

 

 

شایەنی باسە، لە (قۆناغی دوای هەرەسی 1975) دا كورد لەبەردەم ناكۆكییەكی سەرەكیدا بوو، كە ئەویش ناكۆكی بوو لەنێوان گەلی كورد و حوكمی بەعسدا بەهەموو چینەكانییەوە. ئەم ناكۆكییە، هەڕەشەی لە بوونی كورد دەكرد، بەسەر ناكۆكییەكانی نێوان چینەكانی كۆمەڵی كوردەواریدا زاڵبووە دایپۆشی بوون.

 

سەبارەت بەمە لە یەكەم بەیاننامەدا هاتووە: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵدەدات هێزە نیشتمانی و دیموكراتەكانی شۆڕشی كورد، بەشێوەی یەكێتی نیشتمانی دیموكرات رێكبخات كە تیایدا رەوتە پێشكەوتوخوازەكان و یەكێتی خەبات گێڕانەیان بتوانن بەیەكەوە بژین لەژێر سەركردایەتی پێشڕەوی شۆڕشگێڕانەی كوردستانیدا".

 

ئەم رەوتانەش دواتر لەچەند رێكخراوێك بەرجەستە بوون كە یەكێتی یان پێكدەهێنا:

 

1- كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان

2- بزوتنەوەی سۆسیالستی كوردستان

3- هێڵی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

ئەزمونی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەزمونێكی نوێ بوو لە بزوتنەوەی كوردایەتیدا، كە سێ رێكخراوی جیاواز، سێ ئایدۆلۆجیای جیاوازو سێ سەركردایەتی جیاواز، هەرسێكیان سەربەخۆیی رێكخراوەیی تەواویان هەبوو. بەڵام كە بەعس بەتەواوی و یەكجاری هەڕەشەی هەرە گەورە بوو بۆسەر بوونی كورد، هەرسێكیان سەرەڕای هەموو جیاوازیەكانی ئەوسایان لە قەوارەیەكی یەكگرتوودا یەكیان گرت و بەرنامەیەكی هاوبەشیان دانا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشەیە، كە خۆی لە بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بینییەوە و بڕیاریاندا سەركردایەتییەكی هاوبەش، هێزێكی چەكداری هاوبەش، بودجەیەكی هاوبەش، راگەیاندنێكی هاوبەش، سیاسەتێكی دەرەوەی هاوبەش دابنێن و هەرلایەش سەربەخۆیی رێكخراوەیی خۆی بپارێزێت. هەرچەندە لەڕاستیدا ئەم سێ رێكخراوە سێ حزب بوون بەڵام بۆچوونێكی لەیەكچوویان دروستكرد لەسەر ئامانج و ئاسایشی نەتەوەیی كورد. لەبەرئەوە بڕیاریاندا، سەرەڕای هەموو جیاوازییەكانین پێكەوە بژین و كار بۆ گەلەكەیان بكەن، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمجۆرە پێكهێنرا كە رێخراوێكی نیمچە بەرەیی بێت تاكو بتوانێت هەموو چینە شۆڕشگێڕەكان و رەنجدەران و توێژە نیشتمانپەروەرەكانی كوردەواری بۆ خەبات سازبدات و بە رێبازێكی نوێ و پلان و سیاسەت و تاكتیكی نوێ رێنمایان بكات.

 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵسانەوە و درێژەدان بە تێكۆشان دروستبوو، لەدایكبوونی، وەڵامێكی دەستبەجێی ئەو شكستییە بوو كە سەركردایەتی (پدك) دووچاری بووبوو و لەگەڵ خۆشیدا هەرەسێكی گەورەی لە ناو بزوتنەوەی كوردایەتیدا دروستكردبوو، ئەگەر وردتر پێشینەو پاشینەی مەسەلەكە بخوێنینەوە ئەوە رووندەبێتەوە كە لەدایكبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرەتای قۆناغێكی نوێی كوردایەتی بوو كە لەڕووی فكری سیاسی، سۆسیۆ- سیاسی و پراكتیزەكردنی شۆڕشدا بە شێوەیەكی رادیكاڵانە جیاواز بوو.

 

 

لێرەوە بۆ یەكەمجار لەناو كوردایەتی خۆیدا، واتە لە جوڵانەوەی رزگاری و دیموكراتی خەڵكی كوردستاندا، فرەباڵی و فرە بیروباوەڕی فەلسەفی و سیاسی جیاجیا لەناو یەك تاكە رێكخستندا هاتەكایەوە.

 

دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێگەی كۆمەڵایەتی و هێزە بزوێنەرە كۆمەڵایەتییەكانی شۆڕشی گۆڕی. ماناو مەوداكانی (سەركردایەتی) گۆڕی، ئەویش بە رزگاركردنی یەكجارەكی كوردایەتی لە تاكە حزبی كوردایەتی و تاكە رابەری كوردایەتی، كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا گۆڕینی بنەڕەتی بوو لەوەی پێیدەڵێن سۆسیۆلۆژیای شۆڕش.

 

جموجۆڵ و چالاكییەكانی مام جەلال سەرنجی موخابەراتی عیراقیان راكێشابوو، لەبەرئەوە موخابەرات كەوتبووە هەڵپەی كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر مام جەلال و جموجۆڵەكانی، نۆكەرەكانی هان دابوو زوو بەزوو راپۆرتی لەمەڕ چالاكییەكانی بە بنووسن و مخابراتی عیراق مەترسی لەو هەوڵانەی مام جەلال هەبوو لەمەڕ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری.

 

 یەكێك لەو راپۆرتانەی موخابەرات كە لەو ماوەیەدا بۆ سەركردایەتی بەعسی بەرزكردبووەوە، كە ئەمڕۆ بە بەڵگە نامەیەكی گرنگ دەژمێردرێت، راپۆرتێكی تێروتەسەلی هەشت لاپەڕەییە كە زۆر بەوردی هەلومەرجی چەند مانگێكی پاش هەرەس دەگێڕێتەوە، لە راپۆرتەكەدا هاتووە: "لە كۆبوونەوەی رۆژی 20/8/1975 دا لە لەندەن كە مام جەلال بە خوێندكارە كوردەكانی كردبوو، سەبارەت بە رابردوو باسی ئەو ناتەباییەی كرد كە لە بزوتنەوەی كورددا روویداوە و لە رەوتی باسەكەیدا چەند جاێك پێی لەسەر ئەوە داگرت كە هۆی ئەو ناتەباییەی بۆ ئەو ئاڕاستەیە دەگەڕێتەوە كە لەئاستی لێپرسراوێتیدا نەبوون وتی: "دەبێت رابردوومان بیربچێتەوە و رق و كینە لەیادی خۆمان بەرینەوە، چونكە مەسەلەی جەلال و مەلا و هیچ كەسێكی تر نییە بەڵكو مەسەلەكە مەسەلەیەكی چارەنووسسازە و ئەمڕۆ گەلی كورد بە قۆناغیكی هەرە ترسناكدا تێدەپەڕێت".

 

 

چالاكییەكان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەرەوەو ناوەوە

 

 

چالاكییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان بەردەوامبوو، تا ئەو دەمەی كە دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە پێكهاتبوو لە (مام جەلال، نەوشیروان مستەفا، د.فوئاد مەعسوم، د.كەمال فوئاد، عومەر شێخ موس، عادل مراد، عەبدولڕەزاق فەیلی) لە 17/12 1975 دا یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی خۆی لە (دیمەشق) بەست كە تەنها (عومەر شێخ موس) ئامادە نەبوو، لەم كۆبوونەوەیەدا بەوردی هێڵە سەرەكییەكانی چالاكییە سەرەكییەكان لە ناوەوەو دەرەوە دا دیاریكران.

 

لە ئەوروپا (نەوشیروان مستەفا، د.كەمال فوئاد، عومەر شێخ موس) چەند كۆمیتەیەكیان پێكهێنا بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرەتا د.كەمال فوئاد، لێپرسراوی كۆمیتەی دەرەوە بوو، لەبەرئەوەی زەمینەی سیاسی لە باربوو، لە ماوەیەكی كورتدا توانرا لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا رێكخستنی فراوان دامەزرێنرێ مام جلال و د.فوئاد، عادل مراد، عەبدولڕەزاق فەیلی-ش لە سوریاوە كەوتنە پەیوەندیكردن لەگەڵ كادرە ناسراوەكانی جوڵانەوەی كورد لە ئێران و عیراقدا.

 

یەك لە هەوڵەكانی مام جەلال كە بەكارێكی مێژوویی گەورە دادەنرێ پەیوەندیكردنی بوو لەگەڵ بارزانیدا، لە نامەیەكیدا سەبارەت بە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆی نووسیبوو:  "بارزانی لەوە دڵنیات ئەكات كە نەك هەر دژی نابێت، بەڵكو وەك سەركردەیەكی بزوتنەوەی كوردایەتی سەیری دەكات و پشتیوانیش لەهەر هەنگاوێك دەكات كە ئەو بینێ".

سەرهەڵدان و دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دەنگدانەوەی لەناو كۆمەڵانی خەڵك

 

سەرهەڵدان و دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لە سەرەتاوە دەنگدانەوەیەكی زۆری لە ناوەوەی كوردستاندا هەبوو، كۆمەڵانی خەڵك بە پەرۆشییەكی زۆرەوە ئاواتەخواز بوون لەنزیكەوە ئەم رێكخراوە نوێیەو ئامانجەكانی بناسن، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی یەكەمدا لەسەر ئاستی سیاسی، لە ساڵی دووەمدا لەسەر ئاستی چەكدارانە كە لە مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا بە شۆڕشی نوێ ناسراوە بوونی خۆی سەلماند، بەڵام ئەوكاتە ئەركەكانی سەختبوون، چونكە تواناكان كەم بوون و كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆربوون، لەوانە:

 

-رژێمی بەعس و ئەو بڕیارەی سەبارەت بە راگواستنی دانیشتوانی گوندە كوردییەكانی سنوور بە قوڵایی (30) كم و نیشتەجیكردنیان لە ئۆردگا زۆرەملێكاندا دابووی و لەلایەكی ترەوە رژێم هەوڵی دەم چەوركردنی بە ماددە دەدا، وێرای ئەو حاڵەتی نائومێدییەی كە لە ئاكامی هەرەسهێنانی ئەو جوڵانەوەیەدا لای هاووڵاتیان دروستبوبوو، گەڕانەوەی متمانە بۆ ئەو خەڵكە مەسەلەیەكی زۆر سەخت بوو.

 

هەروەها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بەم بیروبۆچوونە نوێیەوە هاتبووە مەیدانەوە روبەڕووی دوژمنایەتییەكی سەخت بووەوە لەلایەن هێزە تەقلیدییەكانی باشووری كوردستانەوە، كە هێشتا بیری تۆتالیتاری زاڵبوو بەسەریاندا.

 

-ریگرییەك لەلایەن ئەو بەناو بزوتنەوە چەپخوازییە سەرتاسەرییەوە بوو كە لە (حشع) خۆی دەبینییەوە و دەترسا كوردایەتی لەكاتی فراوانبوونی ئامانجی نەتەوەیی رووتەوە بۆ ئامانجەگەلێكی كۆمەڵایەتی جڵەوەكە لەدەست ئەو دەربهێنێ و پاكانەی بوون و جێ پێ قایمبوونی لە كوردستان نەمێنێت، جگە لەمە ئەوساش (حشع) هاوپەیمانی سیاسی بەعس و هاوبەشی دامودەزگاكانی بوو. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی تۆمەتبار دەكرد بە دەستكردی ئیمپڕیالیزم لە باكوری وڵاتدا.

 

هەروەها ریگرییەكی تری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو رەوتە كۆنەپەرستەبوو كە حەزیان بەوە دەكرد كوردایەتی هەروا دروشمێكی سیاسی بەتاڵ بێت هیچ رەهەندیكی كۆمەڵایەتی _ ئابووری كە هەڵقوڵاوی ئاستی پێگەیشتنی كوردەواری لەخۆ نەگرێت، ئەمەش خۆی لە قیادە موەقەتەی (پدك) دا دەبینیەوە كە خۆی بە پێشڕەوی جوڵانەوەی كورد و بە خاوەنی سەروەرییەكانی شۆڕشی ئەیلول و خاوەنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی سیاسی كورد دائەنا، بە چاوی دوژمن كەوتە سەیركردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەر لە سەرەتاوە شەڕێكی لەگەڵ هەڵگیرساند و قیادەی موەقەتە و دامودەزگا ئەمنییەكانی توركیا هاوكارییەكی تەواو لەنیوانیاندا هەبوو بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو بزوتنەوە نوێیەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رابەرایەتی دەكرد.

 

-لەلایەكی تریشەوە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رژێمی عیراقی نیگەران كردبوو، هەموو وزە و توانی خۆی تەرخانكرد بۆ روبەڕوبوونەوەی جموجوڵ و خۆسازدان و خۆرێكخستنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئەو مەترسیانەی كە لە ئایندەدا دێنە پێشەوە.

 

 

دامودەزگاكانی بەعس چۆن باسی دروستبوونی یەكێتیان دەكرد لە كۆبوونەوەكانیاندا؟

 


رژێم زۆر بەوردی حسابی بۆ ئەو بزوتنەوە نوێیە دەكرد، ئەمەش لەو كۆبوونەوانەدا دەردەكەوت كە بە زۆر بە جەماوەری كوردییان دەكرد. ئەو كۆبوونەوانەی كە دامودەزگا تۆقێنەرەكانی رژێمی عیراق لە كوردستاندا ئەنجامیان دەدا لە سێ تەوەردا خۆیان دەبینیەوە:

یەكەم: ئەوەیان بەخەڵك رادەگەیاند كە ئەگەر ئەمجارەش شۆرش لە كوردستاندا بەرپاببێتەوە سەركەوتن بەدەستناهێنێت و توشی شكست و لەناوچوون دەبێتەوە و بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەشمان هەرەسی 1975 یان بەنموونە دەهێنایەوە.

دووەم: بریتیبوو لە هەڕەشەكردن لە خەڵك و بەوە دەیانتۆقاندن كە ئەگەر بۆیان دەركەوێ كەسێك هاوكاری یەكێتی بكات ئەوا لەسێدارە دەدرێ یان ئەگەر كەسێك بیانناسێ و ئاگاداری جموجۆڵیان بێت ئاگاداری دامودەزگاكانی حكومەت نەكات ئەوا بە خیانەتێكی نیشتیمانی دادەنرێت  و چارەنووسی خیانەتكاریش لەسێدارەدانە لەكاتێكدا ئەگەر كاریشیان لەگەڵدا نەكات.

سێیەم: بریتیبوو لە هێرش كردنەسەر كەسێتی مام جەلال.

 

جگەلەمەش رژێمی عیراق كەوتە دوورخستنەوەی هەندێ لەو كەسانەی كە پێشتر لە شۆڕشیدا كاریان لەگەڵ مام جەلال كردبوو بەتایبەتی لە باڵی مەكتەبی سیاسی دا.

 

لەدوای یەكەم بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتی، مام جەلال نامیلكەیەكی بەزمانی عەرەبی لەشام نووسی و لەكوردستان كاك ئارام كردی بەكوردی بەناوی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچی؟)، لەم نامیلكەیەدا گرنگی دروستبوونی یەكێتی تێدا شیكرابووەوە.
دوای برادۆست، نۆكان ئەو گوندە بچووكەی سنووری رۆژهەڵات و باشوری كوردستان بوو، كە سەرەتای ساڵی 1978 بووە مەنزڵێكی كاتی بۆ بارەگاكانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

 

هەر لەو ساڵەدا یەكێتی روبەڕووی كارەساتێكی گەورە بووەوە، كە بەكارەساتی هەكاری ناسراوە كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر سەركردە و فەرماندەی لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا لێ شەهید كرا، بەڵام پێش ئەو كارەساتەو دوای ئەو كارەساتەش یەكێتی زیاتر سەرپێكەوت و هەڵسایەوە و گیانی بەرخۆدان و مقاوەمەت زیاتر تاوی سەند و یەكێتی و شۆڕشەكەی زیاتر گەشەیكرد.

 

دوای كارەساتی هەكاری، سەركردایەتی و ئەو بەشەی لەهێزەكان مابوونەوە، دەراوی گورگان لەقەندیل بووە مەنزڵی خۆرێكخستنەوە و وێستگەی هەستانەوەیان، هەر لەوێوە جارێكیتر گڕوتین درایەوەبەر شۆڕش، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەرماو سۆڵە، خڕی نێوزەنگ بووە پایتەختی شۆڕش و بارەگاكانی سەركردایەتی و چەند بارەگەیەكی تریش لەوێ دامەزرێنران.

 

هەر لەسەرەتاكانی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بیر لەوە كرابوەوە كە ئەم رێكخراوە زمانحاڵی هەبێت، بەڵام هەلومەرجەكان رێگربوون لەو هەنگاوە و جگە لەبڵاوكردنەوەی چەند ژمارەیەك لە هەواڵنامە و چەند ژمارەیەك لە ئەلشرارە و رێبازی نوێ‌ شتێكی ئەوتۆ بەناوی راگەیاندنەوە نەخرابووە كار، هەرچەندە پێشتر ئامێرێكی رادیۆ دەستكەوتبوو، بەڵام ئەویش بەهۆی نەبوونی پێداویستییەكانییەوە سوودی لێ نەبینرابوو، پاش جێگیربوونی سەركردایەتی لەنێوزەنگ لەنەورۆزی 1979 رادیۆ خرایەكار، سەرەتا بەدەنگی شۆڕشی عیراق دەستی بەپەخشی بەرنامەكانی كردو پاشان لەساڵی 1983 بووە دەنگی گەلی كوردستان، ئەم رادیۆیە رۆڵی زۆر گەورەو كاریگەری بینی لەشۆڕش و مێژووی پرشنگداری یەكێتیدا.

 

بەهۆی تەشەنەكردنی شۆڕش و زیادبوونی چالاكییەكان و پەلامارەكانی دوژمنیش بۆسەر هێزەكانی یەكێتی، رۆژانە ژمارەی بریندارەكانی پێشمەرگە زیادی دەكرد و ژمارەی ئەو پزیشكانەی پەیوەندییان بەشۆڕشەوە دەكرد تا رادەیەك زیادی كرد، بۆیە بیر لەدامەزراندنی بنكەیەكی تەندروستی یاخود نەخۆشخانەیەك كرایەوە و لەناو رەزو باخێكی نێوان (زەڵێ – شێنێ) كە پێیدەوترا (قولە هەرمی) بەناوی شەهید د.بەختیار كرایەوە.

 

وێستگەیەكی تری خەباتی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەبوو لەسازدان و هاندانی جەماوەری كوردستان بۆ خۆپیشاندان و مانگرتن لەشار و شارۆچكەكانی كوردستاندا رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو.

 

لە رۆژی 22/4ی ساڵی 1982 داو لەیادی هەشت ساڵەی بۆردومانی شاری قەڵادزێ‌ لەلایەن فڕۆكەكانی رژێمی بەعسەوە. ئەوەبوو رێكخستنەكان بەپێی بەرنامەیەكی رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناو شاری قەڵادزێ خۆپیشاندانێكی جەماوەری رێكخراو لەبەرامبەردا هێزەكانی رژێم بەدڕندانەترین شێوە كەوتنە وێزەی خۆپیشاندەران و وێڕای شەهیدكردنی خوشكە سنەوبەر و دایكە ئامینە دەیان كەسی تریان دەستگیركرد و لەزیندانەكاندا قایمیان كردن، پاش ئەو رەفتارەی سەرانی رژێمی بەعس خۆپیشاندان و مانگرتن شارو شارۆچكەكانی تری كوردستانی گرتەوە.

 

لەساڵی 1984 یشدا لەبەرامبەر ئەوەی سەرانی رژێم دەیانویست خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان بەزۆر راپێچی (جەیشی شەعبی) بكات، ئەوەبوو لەزانكۆی سەڵاحەدین لەهەولێر و لەناو شاری سلێمانی جارێكیتر خۆپیشاندان و مانگرتنی جەماوەری بەسەرپەرشتی رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیپێكردەوە. لەپاش سێ ساڵ و لەناوەڕاستی بەهاری ساڵی 1987 داو جارێكیتر لەئاست زوڵم و زۆرەكانی رژێمی بەعس لەهەڵەبجەو شارەزورو لەناحیەی بنگردو لەرەواندوز جارێكیتر خۆپیشاندان و روبەڕوبوونەوەی جەماوەری كوردستان لەبەرامبەر سەرانی رژێمدا دەستیپێكردەوە و كار گەیشتە روبەڕوبوونەوەی چەكداری و رزگاركردنی بەشێك لەو ناوچانە لەدەستی هێزەكانی رژێم.

 

لەگشت جوڵانەوە و بزوتنەوەیەكی سیاسی و چەكداریدا گفتوگۆ لەنێوان لایەنە ناكۆكەكاندا وەك شێوازێكی تری خەبات ناسێنراوە، بەدرێژایی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردیش لەگەل دەسەڵاتدارەكان و حكومەتە مەركەزییەكاندا چەندین خولی گفتوگۆ بەستراوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وەك رێكخراوێكی سیاسی لەپێناو بەدیهاتنی داوا رەواكانی گەلی كورد گفتوگۆی رەتنەكردووەتەوە.، لەگەڵ گەشەكردنی شۆڕشی نوێ‌ و كۆبوونەوەی جەماوەری كوردستان لەدەوری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەساڵی 1983 حكومەتی عیراق داوای دەستپێكردنی گفتوگۆی لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد و وەك لایەنی سێیەمی گفتوگۆ، د.عەبدولڕەحمانی قاسملۆ سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەو رۆڵەی بینی.

 

دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆ و حكومەتی بەعس بەڵێنەكانی نەبردەسەر، بۆیە سەركردایەتی یەكێتی لە 15/1/1985 دا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گفتوگۆی داو ئۆباڵی شكستەكەی خستە ئەستۆی بەعس.

 

لەناوەڕاستی ساڵی 1983 دا بارەگاكانی راگەیاندن و مەڵبەندی دوو چوبوونە ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی و بارەگای مەڵبەندی دوو لەگوندی سەرگەڵو بارەگاكانی راگەیاندنیش لە بەرگەڵو دامەرزابوون.، لەبەرئەوەی لەسەر شاخی دابان و هەلاج ژمارەیەك رەبیەی سەربازی لێبوون و لەنێوەندی سورداش و شەدەڵەش بارەگایەكی فەوجی سەربازی هەبوو، بۆیە هەر لەسەرەتای راوەستانی گفتوگۆكانداو بۆ پاراستنی زیاتری ئەو ناوچەیەو بارەگاكان سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیاری پاككردنەوەی زنجیرە شاخی دابان و هەلاج و چەرماوەند و شوێنی بارەگای فەوجەكەی داو لەمانگی 2ی ساڵی 1985 دا لەنەبەردییەكی كەم وێنەدا كە بەداستانی دابان ناوزەدكراوە ئەو ناوچەیە لەهێزە سەربازییەكان پاككرایەوە.

 

لەساڵانی 1986 و 1987 دا پێشمەرگەكانی یەكێتی لە سنووری مەڵبەندەكان و تیپەكاندا چەندین چالاكی و نەبەردی تریان تۆماركرد و لەگرتنی رەبیەیەكەوە شاڵاو دەبرایەسەر سەربازگە و تەنانەت رزگاركردنی ناحیەكان، لەبەرامبەر ئەوانەدا هێزەكانی رژێمی بەعس بەگشت دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانییەوە كەوتبوونە پەلاماردانی كوێرانە و هێرش و پەلامارەكانیان چڕكردەوە بۆسەر ناوچە رزگاركراوەكان و گشت توانا سەربازییەكانی خۆیان بەفڕۆكەی جەنگی و تۆپی قورسەوە تەرخانكردن بۆ بۆردومان و تۆپبارانكردنی ئەو ناوچانە، وێڕای ئەو پەلامارانەی دوژمن، بەڵام پێشمەرگەكانی یەكێتی كۆڵیان نەداو تا لەبەهاری 1987 دا بۆ رژێمی بەعس چەكی فۆسفۆر و كیمیایی لەناوچەكانی دۆڵی جافایاتی و بالیسان و شێخ وەسان بەكارهێنا.

 

ئەم رۆڵەی یەكێتی لەبواری پێشمەرگەیی و رێكخستن و ئاوەدانی و رۆشنبیریی لەناوچە رزگاركراوەكان هەیبوو كە وەك حكومەتێكی خۆجێی لەو ناوچانە دەیبنی كە جگە لەدیسپلینی پێشمەرگە و رێكخستنەكان لە گوندەكاندا هەلی بۆ دانیشتوانی گوندەكان رەخساندبوو، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبردنیان هەبێت بۆ راییكردنی كارەكانی رۆژانەیان و هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەو  دەزگاكانی شۆڕش، هەروەها لەناو شۆڕشدا جگە لەدەزگاكانی راگەیاندن و دارایی چەندین نەخۆشخانە و تیمی ئاوەدانكردنەوەی لەو ناوچانە دامەزراند، بۆنموونە لەنەخۆشخانەی بەرگەڵو هۆڵی نەشتەرگەری و چەند ئامێرێكی پێشكەوتووی تەندروستی و پزیشكی تێدا هەبوو، تیمەكانی ئاوەدانیش چەندین ئامێری وەك شۆڤڵ و گرێدەر و ئامێری تریان لەچالاكییەكاندا دەستكەوتبوو كە لە نوێكردنەوە و چاككردنی رێگاوبانی نێوان گوندەكاندا بەكاردەهێناو تەنانەت چەند رێگەیەكی نوێشیان كردەوە، لەبەرامبەر ئەوانەدا سەرانی رژێمی بەعسی بەتەواوەتی شێتگیر بووبوون.

 

لەكۆتایی هاوینی ساڵی 1986 رژێمی بەعس هێزێكی بێ شوماری هێنایە ناوچەكانی نزیك لەسەركردایەتی و مەڵبەندی دوو، سەرەتا لەقۆڵی خەمزەو قەیوانەوە دەستی بەهێرشێكی بەربڵاو كرد و پاشان لەدیوی ماوەتیشەوە كەوتە پەلاماردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لەبەرامبەردا هێزی پێشمەرگە روبەڕووی پەلامارەكان بووەوە و لەماوەی زیاتر لەسێ مانگدا ئینجا ئەو هێزانە توانیان هەندێك پێشڕەوی بكەن و ئەو داستانە جەبهەییەش بەشەڕی (قەیوان – ماوەت) ناسراوە.

 

لەبەهاری ساڵی 1987 دا بەپێی بەرنامەیەكی تۆكمە هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەواوی ئەو شوێنانەی لەماوەی چەند دەقیقەیەكدا لەهێزەكانی رژێمی بەعس پاككردەوە كە لەزنجیرە شاخی گوێژەو ئەزمڕەوە دریژ دەبووەوە بۆ قەیوان و برزوت و بالۆسەو شاخی گوڵێ.

 

بۆیە لەبەرامبەر ئەو خۆڕاگریەی هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، رژێمی بەعس لەكۆتایی ساڵی 1987وە كەوتە دانانی پیلانێك كە گشت و هێزو یەكەكانی بەجبەخانەیەكی بێشومارەوە بخاتەگەڕ بۆ لێدانی یەكێتی و داگیركردنی ئەو ناوچانە، ئەوەبوو لەناوەڕاستی مانگی شوباتی ساڵی 1988 لەگشت سنووری دوكان و سورداش و سەرچنارو كارێزەو ماوەتەوە كەوتە پەلاماردانی سەنگەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەو لەو هێرشانەدا جگە لەبۆردومانی بەردەوامی فڕۆكەو تۆپبارانی ناوچەكە، چەندین جۆری چەكی كیمیایی بەكارهێناو دوای چەندین رۆژ بەرگری سەختی پێشمەرگە لەناو قوڕو لیتەو بەفری شاخەكاندا، سەرئەنجام سەركردایەتی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی ناوچەكە و راگرتنی ژمارەی زیانە گیانییەكانی پێشمەرگە بڕیاری پاشەكشە درا.

 

رژێمی بەعس ئەم پەلامارەی ناونا ئەنفالی یەك، كە تێیدا مەبەستی زیانگەیاندن بە یەكێتی و داگیركردنی ناوچەكەو بەتاڵانبردنی سەرو ماڵی هاووڵاتیانی ناوچەكەش بوو.

 

لەدوای كارەساتی ئەنفال یەكێتی دڕی بەو بێئومێدییە داو جارێكیتر و بەشێوەی پارتیزانی دەستەیەك پێشمەرگەی ناردەوە ناوچەكانی كوردستان و ئەو پارتیزانانە جگە لەئەركی پێشمەرگانە، بوونە رایەڵەو پردی گرێدانەوەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكە كە لەئۆردوگا زۆرەملێكان نیشتەجێ كرابوون و هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ رێكخستنەكان گرێدایەوە.

 

یەكێتی بەشایەتی دۆست و دوژمن نەخشە داڕێژەری راپەڕین و سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنییەتی، ئەوەبوو لەسەرجەم شارەكان شانەی چەكدارو رێكخستن ئامادەكران و بەسوود وەرگرتن لەشكستی عیراق لەشەڕی كوەیت نەخشەی راپەڕین جێبەجێكراو یەكێتیش رۆڵی سەرەكی هەبوو لە راپەڕینەكەدا.

 

دوای راپەڕین و كشانەوەی دەزگاكانی بەعس لەكوردستان و شكستی گفتوگۆی حكومەت و بەرەی كوردستانی یەكێتی وەك حزبێكی گەورەی كوردستان، بیرۆكەی دامەزراندی حكومەت و هەڵبژاردنی لەكوردستان هێنایە ئاراوە و ئەوەبوو لەگەڵ حزبەكانی بەرەی كوردستانی هەڵبژاردن ئەنجامدراو یەكێتی نیوەی دەنگی خەڵكی كوردستانی بەدەستهێناو یەكەم حكومەتی هەرێمی كوردستانیش سەرۆكەكەی یەكێتی بوو.

 

هەر لەدوای راپەڕین یەكەم تەلەفزیۆنی كوردی یەكێتی دایمەزراند و لە 11/9/1991 دا یەكەم پەخشی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان بەوتارە مێژووییەكەی مام جەلال لەسلێمانی دەستیپێكرد و بەمەش یەكێتی بووە خاوەن بیرۆكەی یەكەم تەلەفزیۆنی كوردی ئازاد.

یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەڕینیش لەسەر دەستی یەكێتی بوو، كە لەسەرەتای 1992 ژمارە سفری رۆژنامەی كوردستانی نوێی وەك یەكەم رۆژنامەی رۆژانە بڵاوكردەوە.

یەكێكی تر لەداهێنانەكانی یەكێتی لەدوای راپەڕین كردنەوەی كۆلێژی عەسكەری قەڵاچوالان بوو، كە ئەمەش بایەخێكی تری یەكێتی بوو بەسیستمكردنی هێزی پێشمەرگەو بەزانستیكردنی توانا سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەم كۆلێژە تائێستاش بەردەوامە لەپێشكەشكردنی ئەفسەری سەربازی بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان.

 

یەكێتی لەدوای راپەرین چەندین داهێنانی لەبوارە جیاجیاكانی پیشەسازی و وزەدا كرد و دوای ئەوەی یەكەم بیری نەوت لەسەر دەستی پسپۆرانی ئەو بوارە لە سنووری قەڵەمڕەوی یەكێتی لەشیواشۆك دەست بەدەرهێنانی كراو پاشان پاڵاوگەی نەوت لەشاری سلێمانی بەتوانای ناوخۆیی دروستكرا.

 

یەكێتی بەردەوامبوو لەداهێنانەكانی لەسەرجەم بوارەكانی راگەیاندن و كارگێڕی و پیشەسازی و تەنانەت بوراەكانی تری ژیاندا، یەكێتی بەردەوام شانازی بەدابینكردنی نان و ئازادی بۆ هونەرمەندان و ئازادی بیروڕا بۆ نووسەران و دابینكردنی دیموكراتی بۆ كۆمەڵانی خەڵك كردووە.

 

لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا لەكوردستان یەكەم رۆژنامەی ئەهلی بێلایەن بڵاوكرایەوە، ئەویش بەهۆی ئەو فەزای ئازادییەی یەكێتی دابینی كردبوو بۆ هەمووان.

 

لەڕووخانی رژێمی بەعسدا یەكێتی رۆڵی كاریگەری هەبوو و پێشمەرگەكانی یەكێتی بەشداری زۆر شەڕەكانی ئازادكردنی كەركوك و خانەقین و زۆر ناوچەی تریان كردووە.

 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئێستا سێ كۆنگرەی لە ساڵەكانی (1992 و 2001 و 2010) و چوار پلنیۆمی بەستووە و لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقیش لە ساڵی (2003) و كۆتایی هاتنی رژێمی بەعس، كورد بەشداری لە حكومڕانیی نوێی عیراقدا كرد و لە ساڵی 2005 بۆ یەكەمجار لە عیراقدا مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك یەكەم كورد بووە سەرۆك كۆماری عیراق، ئەمەش رەنجی خەباتی چەند ساڵی یەكێتی و كوردی بەئامانج گەیاند.

 

بەردەوام یەكێتی هەوڵیداوە بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی كوردستان و دابینكردنی ژیانێكی ئارام و ئاسوودەو ئازاد.

 

ئێستاش لەشەڕی تیرۆر و روبەڕوبوونەوەی تیرۆستان و پاراستنی كوردستان یەكێتی رۆڵی سەرەكی هەیەو چەندین فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمانی بەخشییە كوردستان و سەركردەكانی لەپێشەوەی هێڵەكانی روبەڕوبوونەوەدا بوون.

 

 

 

رەوتەكانی ناو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و سەرەتاكانی دامەزراندنیان

 

1-كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان
2-بزوتنەوەی سۆسیالستی كوردستان
3-هێڵی گشتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

 

 

كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان

 

 

سەرەتای بیرۆكەی دامەزراندنی (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان) دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی/ پدك، بەتایبەتی بۆ كەسایەتی مام جەلال كە ئەوكات ئایدۆلۆژیای ماوێزم پرەنسیپەكانی سۆسیالیزمی چین كاری تێكردبوون، مام جەلال پێیوابوو ئەو رێبازە گونجاوترە لەگەڵ بارودۆخی باشوری كوردستان و باشترە لە ئەزموونی سۆفیەت كە زێتر پشت بە چینی كرێكار دەبەستێ، چونكە بەلای ئەوەوە كۆمەڵی كوردەواری سروشتێكی جوتیارانەی هەیە و زیاتر لە كۆمەڵگەی چینی دەچێت، مام جەلال زیاتر كاریگەری بیروباوەڕەكانی (كورش لاشائی) بەسەرەوە بوو، پێیوابوو پێویستە كار بۆ ئەوە بكرێت كە شانەو ئەڵقەی ماركسی دروستبكرێت و وردەوردە زەمینە خۆشبكات بۆ هاتنەكایەی حزبێكی شۆرشگێڕ و جەماوەری بەتوانا ئەمەش لە دوو لاوە بەدەستدێت:

 

1-بوونی مینبەرێكی راگەیاندن كە بیروباوەڕەكە لە ناو جەماوەردا بڵاوبكاتەوە رێگە خۆشبكات بۆ حزبە شۆڕشگێڕەكە.

2-شانەی رێكخستنی نهێنی دروستبكرێت بۆ رۆشنبیركردنی كادیران و لەسەر بەرنامەی ئەو بابەتانەی مینبەرە راگەیاندنەكە بڵاویدەكاتەوە پەروەردە بكرێن.

سەرەتا مام جەلال بۆ جێبەجێكردنی ئەم بۆ چوونە لە كاری سیاسی و رێكخستن دا چەند رۆشنبیرێكی هەڵبژارد لەوانەی كە لایەنگر یا ئەندامی (باڵی مەكتەبی سیاسی/پدك) بوون و ئەڵقەی ماركسی لێ پێكهێنان بۆ كۆبوونەوەی رۆشنبیران لە دەوروبەریان، گرنگترین ئەو كەسانەی كە ئەو سەردەمە رۆڵیان بینی (نەوشیروان مستەفا، شازاد سائیب، مەحمودی مەلاعیزەت، رەفعەت مەلا مەحمود عەبدولڕەحمان) بوون. ئەوانەش بەنهێنی لەناو (باڵی مەكتەبی سیاسی/پدك) دا كاریان دەكرد و وردەوردە شانەی نهێنییان دروست دەكرد، بەڵام لە بەدەستهێنانی لایەنی دووەمدا لە ساڵی 1969 دا گۆڤاری (رزگاری)یان دەركرد، رزگاری ئەو مینبەرە بوو كە جەماوەری كوردی بە بیرۆكەی ماركسی ئاڕاستە كرد ماوەیەكی زۆر نەوشیروان مستەفا خاوەنی ئیمتیازی بووە.

 

دوای ئەوەی بەیانی ئازاری 1970 راگەیەندرا و هەردوو باڵی (پدك) تێكەڵكرانەوە، هەر ئەو دەمە مام جەلال پێیوابوو پێویستە رێكخستنێكی ماركسی نهێنی بێتەكایەوە، بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی 1970 دا لە بەغدا چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، لە كۆتایی كۆبوونەوەكاندا لە 10/6/1970 دا بڕیاری دروستكردنی (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان)ی ان داو ئەمەش ئەلتەرناتیڤی (حزبی شیوعی كوردستان بوو) بوو، پێڕەوی ناوخۆو بەرنامەی كاركردنی رێكخستنەكان مام جەلال نووسی كە بە (كوردایەتی) ناسراوە، كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان سەرەتا بەشێوەی تەیارێكی فكری لە ئارادابوو، یەكەمین دەستپێشخەری بۆ ئەمكارە بە سەرپەرشتی مام جەلال و بەشداریكردنی (شیهابی شێخ نوری، فازلی مەلا مەحمود و فەرەیدون عەبدولقادر) ئەنجامدراو وردەوردە پەرەیسەند، ئەم رێكخراوە بە رەنگدانەوەیەكی تێروپڕی بیروباوەڕی (ماوتسی تۆنگ) تێزەكانی جەنگی گەلی یەوە هاتە مەیدانی تێكۆشانەوە، كۆمەڵە زوو بەناو زۆربەی خوێندكاران و لاوانی بەغدا و سلیمانی و هەولێر و كەركوك و خانەقیندا تەنییەوە و پاش ماوەیەكی كەم جەماوەرێكی باشی پەیداكرد كە ئەندامەكانی وەك كادر پەروەردە دەكرد، بەتایبەتی ئەو سەردەمە، قۆناغێك بوو كە سەرجەمی بزوتنەوە چەپڕەوەكان و گەلانی ژێردەستە دواڕۆژی چارەنوسی خۆیان لەبەرەی سیۆسیالیزمدا دەدرێتەوە كە مخابن لە ئەنجامدا خەباتی گەلانی ژێردەستە و چەپڕەوەكان بوونە قوربانی بەرژەوەندییەكانی ئەو بەرەیە.

 

بەدرێژایی ئەو ماوەیە (1970 _ 1975) مام جەلال سكرتێری كۆمەڵەكە بوو، گەرچی لەڕووی فكری و نووسینەوە كاریگەری زۆری هەبوو، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی ئەوكاتانەوە لە رێكخستنەكانی كۆمەڵەوە دووربوو، زۆربەی كات لە هاندەرانەوە ئامۆژگاری دەكرد و نوسینی خۆی بە پەروەردەكردنی رێزەكانی كۆمەڵە ئەنارد، ناوەندی كۆمەڵ و (شیهابی شێخ نوری) لەنزیكەوە كارە رێكخراوەییەكانیان ئەنجامدەدا.

 

 

ئەندامەكانی سەركردایەتی كۆمەڵە لە ساڵی 1970 دا لەمانە پێكهاتبوون:

 

 

 

شیهابی شێخ نوری _ سكرتێری كۆمیتەی سەركردایەتی (لە ناوەوەی وڵات)

محەمەد میرزا سەعید عەباس _ لێپرسراوی لێژنەی بەغدا

جەعفەر عەبدولواحید _ لێپرسراوی لێژنەی هەولێر

فەرەیدون عەبدولقادر _ لێپرسراوی لێژنەی كەركوك

 

كۆمەڵە سودی لەو كەشە حەماسییە وەرگرت كە لە دوای بەیانامەی ئازاری 1970 هاتبووە كایەوە، لاوانیش ئەوكاتە سودیان لەو ئاڕاستەیە فكرییە بینی كە لە ناوچەكەدا وەك ئاڕاستەیەكی ماركسی _ نەتەوەیی باوی هەبوو لە شەستەكان و حەفتاكاندا و زۆر بەی ئەوانەی پەیوەندییان بە كۆمەڵەوە دەكرد، خوینكاران و كرێكاران بوو.

 

كاركردنی رێكخراوەیی كۆمەڵە لەم قۆناغەدا، لەچاو ئەوەدا كە دەیان هەزار كەس بەشداربوون لە جوڵانەوەی شۆڕشگێڕاندا زۆر كەم بوون، بەڵام لەچاو هەلومەرجی ئەوسای كوردستاندا كە (بیرو باوەڕی راستڕەو زاڵبوو بەسەر بیروبۆچوونی خەڵكی و دامودەزگای پارتی و پاراستن دەستی گرتبوو بەسەر كوردستاندا) زۆرباش بوو.

 

ئەندامانی كۆمەڵە لەم قۆناغەدا بەوپەڕی ژیری و هۆشیارییەوە كاریان دەكرد، بەجۆرێكی ئەوتۆ كە ناحەز و دوژمنەكانی كۆمەلە نەیانتوانی سەرەداوێكی رێكخستنەكەی بدۆزنەوە، هەرچەندە جاروبار هەستیان بە بوونی رێكخراوێك دەكرد، بەڵام هیچ بەڵگەیەكیان لەوبارەیەوە نەكەوتە دەست.

 

لەم قۆناغەدا كۆمەڵە دەیان ئەدامی پەیداكرد و پێیگەیاندن، رێكخستنی لە زۆربەی شارە گەورەكانی كوردستان و بەغدا دامەزراندبوو، تەنانەت لەناو هەندێ لە رێكخراوە دیموكراتییەكاندا وەها جێگەی خۆی كردبووەوە كە لە هەڵبژاردنی ئازاد دا ئەندامەكانی كۆمەڵە دەردەچوون و ئیشیان ئەگرتە دەست، بەتایبەتی لە (یەكێتی قوتابیانی كوردستان) و لە (یەكێتی لاوان)دا. هەرچەندە كەسانی راستڕەوی ناو پارتی و پاراستن بەتوندی دەچوونەوە بەگژیاندا.

 

لە دەستپێكردنەوەی شەڕی كورد و حكومەتی عیراق لە (1974 _ 1975)دا، كۆمەڵەش كادرەكانی خۆی ناردە ناو شۆرش و نەیتوانی لە رووداوەكانی كوردستان خۆی داببڕێت و بەشداری جوڵانەوەكەی كرد، ئاوات عەبدولغەفور لەمبارەیەوە دەڵێت "هەرچەند بزوتنەوەی ئەوكات (1974) لەڕووی فكرییەوە، زۆر جیاوازبوو لە فیكری كۆمەڵە، بگرە پێچەوانەشی بووین خۆمان بە ئەلتەرناتیڤیش ئەزانی رۆژێك لەڕۆژان خەبات بكەین بۆ ئەوەی سەركردایەتی شۆرش بگرینە دەست، بەڵام لەبەرئەوی شەڕ لەلایەن بەعسەوە ناڕەوایەو لە بەرامبەردا سەركردایەتی بارزانیش رەوایە و بەرگرییە لە كوردستان، كۆمەڵە داوای لەهەموو ئەندام و پاڵیوراو و دۆستەكانی كرد كە بەشداری ئەو بزوتنەوەیە بكەن و لە ڕێزی پێشەوەش بن، بەمپێیە ئێمە لەڕێزی پێشەوەی شۆرش بووین و لە شەڕێشدا دەیان ئەندامی چاڵاكی كۆمەڵەمان شەهیدبوون، هەر بۆردومانی قەڵادزێ و بەرەكانی شەڕو بەرگری كە بەپێی ئاماری ئەوكاتەمان دەگەنە (40) شەهید".

 

 

نامەكەی مام جەلال بۆ كۆمەڵە

 

 

لە نامەیەكی مام جەلال دا كە سەرەتای ئازاری 1975 بۆ سەركردایەتی كۆمەڵەی ناردبوو "داوای خەباتێكی پارتیزانی درێژخایەنی لێكردبوون و بیرۆكەی دامەزراندنی ریكخراوێكی نیشتمانی فراوانیشی بۆ خستبوونە بەرباس و لێكۆڵینەوە، ئەم مەسەلەیەش بەلای سەركردایەتی كۆمەڵەوە پێشنیازێكی باشبوو كە بەگەرمی پێشوازی لێكرا چونكە هەلومەرجەكە زۆر لەباربوو بۆ باسكردن و ئەنجامدانی كارێكی لەمجۆرە.

 

بۆ ئەنجامدانی ئەمكارە، (شیهاب شێخ نوری) و هەڤاڵانی تری پەیوەنییان بە (فەتاح ئاغا) وە كرد و داوای هاوكاری و پشتیوانیان لێكرد، بەڵام وەڵامی (فەتاح ئاغا) ئەوەبوو كە "بێ رەزامەندی سەرۆك بارزانی ناتوانێت ئەوكارە ئەنجامبدات". هەروەها هەر بۆ ئەم مەبەستە سەركردایەتی كۆمەڵە پەیوەندییان بە (عەلی عەسكەری) شەوە كرد تا قسە لەگەڵ بارزانی بكات و لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەدیش گفتوگۆ كرا تا هەوڵبدرێت بەرگری بكرێت و سەنگەری خەبات چۆڵنەكرێت، بەڵام بێسوود بوو، پاش ئاشكرابوون و سوربوونی سەركردایەتی (پدك) لەسەر قبوڵكردنی واقعی هەرەسهێنان و ئاشبەتاڵ كردن، سەركردایەتی كۆمەڵە بێئومێد بوون، بۆ باسكردنی هەلومەرجی پڕ لە مەترسی تازەی جوڵانەوەی كورد، بۆ بیركردنەوە لە باشترین شێوە و كاتی درێژەدان بە بەرگری، بۆ دانانی رێوشوێنی تاكتیكی دروست بڕیاری كۆبوونەوەیەكی فراوانی كادرەكانیان دا، بۆ ئەم مەبەستە هەموویان چوونە گوندی (كێلو) لە رۆژئاوای پێنجوێن، ماوەی دوو رۆژ كۆبوونەوە بەمەبەستی رێكخستنی كاری ئایندە، دوای راوێژێكی زۆر بڕیاریاندا هەموویان بگەڕێنەوە عیراق و رێگا نەدەن ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵە بچنە ئێران، چونكە مەیدانی خەبات تەنها سەر گۆڕەپانی نیشتمان و ناو میللەتە چوونە ئێران و ئەوروپا دابڕانە لە جەماوەر و خۆ دزینەوەیە لە خەبات، لە دوای ئەم كۆبوونەوەیە، كادرانی كۆمەڵە دەستیان كرد بە كۆكردنەوەی چەك و شاردنەوەیان، داوا لەهەموو ئەندامان كرا كە هەرچی دەزگای چاپ و چەكیان بۆ پەیدا ئەكرێ لەشوێنی ئەمین بیشارنەوە.

 

 

 

لەنێوان 27/3_ 5/4/1975 دا زۆربەی كادر و رێكخستنەكانی كۆمەڵە لە شاخ گەڕانەوە بۆ شارەكان، سەرلەنوێ رێكخستنەكان لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا داڕێژرانەوە، حسابی پاراستنی نهێنییەكان، پاراستنی كۆمەڵە لە یەكترو ناسینی ماوەی رابردووی لە شاخ و لە یەك جیاكردنەوەی ئەو رێكخستنانەی كە ئەبوو لە هەڵگیرسانەوەی شوڕشدا لە شارەكاندا كاربكەن لە وانەی كە نیازبوو بۆ كاری هەڵسانەوەی جوڵانەوەی چەكدار و بۆ مەفرەزە سەرەتاییەكان و گەشەپێدانیان سوودیان ئەبێ، هەردووكیان لەیەك جیابكرێنەوە.

 

كۆمەڵە لەو بارودۆخە سەخت و دژوارەی دوای هەرەس سورتر بوو لەسەر بەگژاچوون و بەرگریكردن لە شاڵاوی نامرۆڤانەی رژێمی عیراق، دەستیكرد بە خۆئامادەكردن و نەخشەكێشان بۆ هەڵگیرساندنی ئاگری شۆڕش.

 

سەرباری كەم ئەزموونی، كۆمەڵە بارودۆخی هەڵسەنگاند و پەرەی بە خەبات دا، زیاتر كەوتە چالاكی نواندن و خۆی لەبەرگری كوردستان دوور نەخستەوە، هەر لەسەر پێشنیازی شیهاب شیخ نوری سەركردایەتی كۆمەڵە لەهەمانكاتدا بڕیاریدا نەخشەی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش دەستپێبكاتەوە و لەهەمانكاتدا، پڕۆژەكەی (مام جەلال) سەبارەت بە دامەزراندنی ریكخراوێكی نیشتمانی فراوان قسەی لێبكرێت و كاری پێبكەن، مەفرەزەكان دیاریبكرێن بۆ ئەو ناوچانەی كە لەتوانادایە، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیازكرا كە (عەلی بچكۆل، عەبدولڕەزاق سێگردكانی، بێستون، غەریب سەعید، عەلی ساڵح. حەمید پۆلیس و عەلی مغاویر) بۆ ناوچەكانی قەڵا سێوكە و بەری كۆیە و (سیروان تاڵەبانی) بۆ بەری قەرەداغ و قسەش لەگەڵ (تاهیر عەلی والی بەگ) بكرێت بۆ شەمێران و رێكخراوی هەڵەبجەش مەفرەزەی هەورامان و سلێمانی و هی شارباژێر دیاری بكەن، لەهەمانكاتدا سەركردایەتی كۆمەڵە (فەرەیدون عبدالقادر)ی راسپارد كە سەفەری دەرەوە بكات، بەمەبەستی پەیوەندیكردن لەگەڵ مام جەلالدا كە پێشتریش (شازاد سائیب) سەردانی كرد بوو بیروڕاكانی ناوەوەی بۆ بردبوون و بیروڕای دەرەوەشی بۆ ناوەوە هێنابووەوە.

 

لە تەمموزی 1975 (فەرەیدون عەبدولقادر) سەفەری كرد و رۆژی 14/8/1975 لە بەرلینی رۆژئاوادا چاوی بە مام جەلال دەكەوێت و نامەی سەركردایەتی كۆمەڵەی پێدەگەیەنێت و بیروڕاكانی سەركردایەتی كۆمەڵە لەمەڕ دامەزراندن و پێكهاتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دەستكردنەوەی بەخەباتی چەكدارانە بۆ مام جەلال باسدەكات، هەردوو لایەن لە كێشەو گیروگرفتەكانی ناوەوە دەدوێن.

 

مام جەلال داوای باسكردنی بیروڕاو ئامۆژگاری خۆی لەسەر چۆنییەتی دەستپێكردن و پەرەپێدانی مەفرەزەكان و گەشەكردنیان رای خۆی بەمجۆرە دەربڕی:

 

-كۆمەڵە بەنهێنی داینەمۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەبێ و كارتێدەكات.

-سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناوەوەی وڵات لە (عەلی عەسكەری، عومەر دەبابە، شازاد سائیب، رەسوڵ مامەند و ناوەندی كۆمەڵە) پێكبێت.

*پەیوەندی بكرێت بە كادیرە سەربازەكان و فەرماندەكانی پێشمەرگەی پێشووەوە، بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدارانەی دژ بە رژێمی بەعس رێكبخرێن.

*بەهیچ شێوەیەك كوردستانی عیراق جێنەهێڵن تەنها لەكاتی زۆر زەرورو ناچاریدا نەبێت.

 

بەڵام دوای ئەوەی (فەرەیدون عەبدولقادر) دەگەڕێتەوە عیراق بۆ لای هاوەڵانی، شاڵاوی دەسگیركردنی سەركردایەتی و رێكخستنەكانی كۆمەڵە دەستیپێكردبوو، بڕیاری گرتنی هەموو سەركردایەتی كۆمەڵەش دەرچوبوو، (فەرەیدون عەبدولقادر) بەهۆی شێخ سالاری حەفیدەوە، هەواڵ بۆ (عەلی عەسكەری) دەنێرێت و (جەعفەر عەبدولواحید)یش رادەسپێرێت كە قسە لەگەڵ (د.خالد سەعید) بكات سەبارەت بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵام هەلومەرجی راونان و گرتنی ئەندامانی كۆمەڵە و سەركردایەتییەكەی بواری ئەوەی نەدا ئیشەكان جێبەجێ بكرێت.

 

لە ئەیلولی 1975 رێكخستنەكانی كۆمەڵە ئاشكرابوون، بەهۆی رێكخراوی بزوتنەوەی سۆسیالیستی عەرەبییەوە (الحركە الاشتراكیە العربیە) كە پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هەبوو، یەكێك لە ئەندامەكانی ئەم رێكخراوە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دەگیرێت و ئیعتراف لەسەر رێكخستنەكانی كۆمەڵە دەكات، سەرەتا (ئەنوەر زۆراب) دەسگیردەكرێت و لە ماڵەكەیدا دەمانچەیەك و چەندین بەیان و بەڵگەنامە و ناوی هەندێ لە هاوڕێكانیشی دەكەوێتە دەست بەعس، ئیتر لەمەوە رژێمی بەعس شاڵاوێكی گرتن و راونانی دەستپێكرد لە شارەكانی كوردستان و بەغدا، لە شاری بەغدا "ئەنوەر زۆراب، جەبار فەرمان، سەعدون فەیلی، دارۆی شێخ نوری، ئەنوەر حەسەن، خدر سەوز، محەمەد میرزا سەعید و سەلام برزۆ" دەستگیركران، لە شاری سلیمانیش "ئاسۆی شیخ نوری، عەلی بچكۆڵ، عوسمان نانەوا، مامۆستا حسێن رەزا، كەمال عەلی، فاروق ئەحمەد، د.جەمیل، كاكە حەمەی عەتیە، نورەدین فەتاح، جەمیل و عەلی موراد" دەسگیركران، كە ئەم شاڵاوە دەستپێدەكات، هەڤاڵانی تر بەنیازی خۆدەربازكردن لەو شاڵاوی گرتنەی رژێم دەستیپێكردبوو رۆژی 23/9/1975 بەرەو ئێران دەكەونەڕێ، تا لەوێشەوە بەرەو سوریا بڕۆن كە پێكهاتبوون لە (شیهاب شێخ نوری، جەعفەر واحید، فەریدون عەبدولقادر، عومەری سەید عەلی، عەلی بچكۆل) بەڵام ئەمانە لە ئێران ئاشكرادەبن و دەگیرێن، هەروەها دەوڵەتی ئێران لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا دوو كەسی تری لە سەركردەكانی كۆمەڵە گرتبوو كە ئەرسەلان بایز و ئاوات عبدولغەفور) بوون، ئێران بەپێی رێككەوتنی جەزائیر كە لەگەڵ عیراقدا ئیمزای كردبوو.


لە سێدارەدانی شەهید شیهاب و هاوڕێیانی كۆمەڵە

 

 

لەڕۆژی 1/1/1976 هەموو ئەو كەسانەی تەسلیم بە دەوڵەتی عیراق كردەوە، دەوڵەتی عیراقیش لە دادگایەكی روكەشدا لە 11/7/1976 بڕیاری لەسێدارەدانی سێ سەركردەی كۆمەڵەی دا كە بریتیبوون لە (شیهاب شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب). هەڤاڵانی تریش هەریەكەیان بە 6 ساڵ زیندانی سزادران، دەسگیركردنی سەركردایەتی كۆمەڵە لەلایەن رژێمی بەعسەوە بە كارەساتێكی گەورە دەژمێردرێت لە مێژووی كۆمەڵەدا، بەتایبەتی لەو كات و ساتە ناسكەدا كە چارەنووسی كورد نادیار بوو، چونكە تا رادەیەك بوو بەهۆی پچڕان و لەبەریەك ترازاندنی ریزەكانی رێكخستن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، لە ئەنجامدا ریزەكانی رێكخستن پەشێوییەكی زۆریان تێكەوت و كۆمیتەكان لەیەك دابڕان و بەشێكی ئەندامان لە یەكتری بزربوون.


هەوڵەكانی شاسوار جەلال ناسراو بە كاك ئارام بۆ رێكخستنەوەی كۆمەڵە چی بوو؟

 

لەم بارودۆخە سامناكەدا، بۆ هەڵسانەوەی رێكخراوەكە و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی رێكخستنەكانی كۆمەڵە، شاسوار جەلال (كاك ئارام) كە نە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵە بوو، نە لەلای سەركردایەتییەوە راسپێردرابوو، چووە مەیدانی خەباتەوە و دەستپێشخەرییەكی گرنگ و كاریگەری كرد، ئەوەی كە سەركردایەتی كۆمەڵە بە رێكخراوێكی رێكوپێك ئەبوو ئەنجامی بدایە ئەم بە رێكخراوێكی لێدراو و لەت و پەت كەوتە جێبەجێكردنی، تەقەڵاكانی كاك ئارام بە كۆمیتەو رێكخراو و شانەكانی كۆمەڵەوە بەردەوامبوو، ئەوەندەی بۆی دۆزرانەوەو بۆی بەیەكەوە گرێدرانەوە كۆیكردنەوەو رێكیخستن.

 

 

كۆمیتەی هەرێمەكان و رۆڵیان

 

 

ئەو سەردەمە هەرشارێكی گەورە لیژنەیەكی هەبوو بەناوی كۆمیتەی هەرێمەوە، لە نوێنەرایەتی هەر كۆمیتەیەك لیژنەیەك پێكهێنرا بەناوی كۆمیتەی هەرێمەكانەوە ئەم كۆمیتەیەش لەمانە پێكهاتبوو:

1-شاسوار جەلال (ئارام)

2-نجمەدین عەزیز (سالار)

3- ئازاد هەورامی (عادل)

4-حیكمەت محەمەد كەریم (مەلا بەختیار)

5-عەبدولڕەزاق محەمەد سێگردكانی.

 

ئەم كۆمیتەیە رۆڵێكی مێژوویی گرنگی بینی و كەوتە رێكخستنەوەی كۆمەڵەو سازدانی پێشمەرگەو ئامادەكردنی مەفرەزەی چەكدار، بەڵام كۆمیتەی هەرێمەكان سەركردایەتییەكی كاتی و لاواز بوو، چونكە ئەندامەكانی جگە لە (ئارام) ئەوانی دیكەیان لەڕووی تەمەن و كاری سیاسی و سەربازییەوە گەنج و كەم ئەزمون بوون و لەئاستی پێویستییەكانی جوڵانەوەی گەلی كورد و گەشەپێدانی كۆمەڵە و پێكهێنانی دامودەزگای پێویستی شۆڕشدا نەبوون، بۆیە تا ماوەیەكی درێژخایەن نەیانتوانی باوەڕ و متمانەی بەشی زۆری ئەندامەكانی كۆمەڵە و جەماوەری كورد بەدەستبێنن، بەتایبەتی لەوكاتەدا كە ئیدی كۆمەڵە كەوتبووە خەباتی چەكداری سیاسی ئاشكرا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمیتەی هەرێمەكان چەند كارێكی گرنگیان ئەنجامدا:

 

1-ئەندامەكانی كۆمەڵەیان رێكخستەوە و لەگەڵ زۆری ئەوانەی خۆیان شاردبووە و ئەوانەی ئاشكرا نەبوو بوون، پێوەندییان دروستكرد و هەموو ئەو شانەو هێڵانەیان پێكەوە گرێدایەوە كە مابوون و كۆمیتەیان لە شارەكاندا دامەزراندەوە و كەوتنە راكێشانی تێكۆشەرانی تازە.

 

2-پەوەندیان لەگەڵ چەندین ئەفسەری شۆڕشگێڕ و كادری پێشمەرگایەتی دروستكرد و داوایان لێكردبوون خۆیان ئامادەبكەن بۆ چوونە شاخ.

 

3-پەوەندیان لەگەڵ دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەرەوە و بەتایبەتی لەگەڵ مام جەلال دروستكرد، جگە لە ئەندامانی كۆمیتەی هەرێمەكان، چەند كەسێكی تریش هاوكاری زۆر و كاریگەریان كردبوون بۆ بەجێهێنانی ئەركەكانیان لەوانە: جەمالی عەلی مەعروف (جەمالە ڕەش) و ئیبراهیم ئەحمەد هەریەكەی جارێك چوون بۆ سوریاو نامەی كۆمەڵەیان بردبوو بۆ دەستەی دامەزرێنەر و (عوسمانی مام برایم)یش چەندجارێك چوو بۆ عەممان، لەوماوەیەدا (كاك ئارام) ژمارەیەك لە بەیاننامە و بڵاوكراوەی دەركرد، لەوانە (پەیڕەوی ناوخۆی دەستەی چەكدارەكان).

 

رۆژی 31-1-1978 رۆژێكی ناهەموار بوو لەمێژووی یەكێتیدا، چونكە كاك ئارامی سەركردەی كۆمەڵەو یەكێتی لەگوندی تەنگیسەر بەدەستی چەند خۆفرۆشێك شەهیدبوو، شەهیدبوونی كاك ئارام نەك هەر خەمێكی گەورەی بۆ هاوڕێ و هەڤاڵانی جێهێشت، بەڵكو بۆشاییەكی گەورەی لەژیانی رێكخراوەیی یەكێتیدا بۆ ماوەیەكی زۆر دروستكرد.

 

لەدوای ئەویش كاك نەوشیروان مستەفا دەبێتە سكرتێری كۆمەڵەو هەم جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانییی كوردستان دەبێت، بە بارەكەی تریشیدا ژیانی پێشمەرگایەتی و خەباتی چەكداری نەوشیروان مستەفا بەمجۆرە بەتەواوەتی دەستپێدەكات،تا كۆتای كۆمەڵە رۆڵی گەورە و گرنگی گیڕاوە لە بەهێزبوونی كۆمەڵە و لەماوەی ساڵانی هەشتاكاندا، كۆمەڵە هێزی یەكەمی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو كە هەزاران پێشمەرگەی تێدا كۆبووبووە. كاك نەوشیروان لە كتێبی (خولانە لەناو بازنە) دەڵێت: "بەفیعلی یەكێتی هێزی یەكەمی سەرساحەی كوردستان بووە تاوەكو هەڵمەتەكانی ئەنفال، چونكە چالاكییەكانی زۆربەی ناوچەكانی دەگرتەوە".

 

بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان

 

 

بیرۆكەی دامەزراندنی بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان لە ئەنجامی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەشێك لە كادر و سەركردەكان و شۆڕشی ئەیلول سەریهەڵدا، كە لە دوای هەرەسی 1975 پەنایان بردبووە بەر ئێران.

 

 یەكەمین كۆبوونەوەی ئەو تێكۆشەرانە لە نیسانی 1975 دا لە ورمێ لە ماڵی (عومەر دەبابە) بەسترا، بەشداربووانی پێكهاتبوون لە (عەلی عەسكەری، د.خالید سەعید، عەلی هەژار، ئیبراهیم ئەحمەد، كاردۆ گەڵاڵی، جەمال ئاغا، رەسوڵ مامەند، مەلا ناسیح، عومەر دەبابە، عەبدولڕحمان گۆمەشینی، مولازم تاهیری عەلی والی، سەلیم ئاغۆك و كەمال محێدین و...) لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:

1-كۆبوونەوەكە گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی كە لە چوارچێوەی خەباتی سیاسیدا دژ بە رژێمی دەسەڵاتداری بەغدا كاربكەن.

دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و بەپێی رێككەوتننامەی جەزائیر شای ئێران رێگەی بە پەنابەرە كوردەكان نەئەدا كە بەهیچ شێوەیەك چالاكی سیاسی دژی رژێمی بەعس ئەنجامبدەن، لەبەرئەوە زۆربەی بەشداربووان بڕیاریاندا سوود لە لێبوردنی عیراق وەربگرن و بگەڕێنەوە وڵات و لەوێ چالاكییەكانیان ئەنجامبدەن، هەربۆیە زۆربەیان گەڕانەوە بۆ عیراق.

2-پاش هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەوكاتەی كوردستان، بیرو بۆچوونی جیاجیا لەناو ئەو كۆبوونەوەیەدا هەبوو.

زۆربەیان پێیان وابوو كە دەبوو بەزووترین كات حزبێك لە كوردستان دروستبكرێت، ئەو زۆربەیە پێیان وابوو كە "دوای هەرەسهێنانی شۆڕش، سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوی روخاو مەیدانی خەباتی چۆڵكرد و سەركردەكانی هەڵاتن و میللەتیان بەجێهێشت، بێ ئەوەی ھیچ رێگایەكیان بۆ دیاریكردبێت، بەتایبەتی لەوكاتە ناسكەو پڕمەترسیەدا كە كورد زیاتر پێویستی بە كۆكردنەوەو راستكردنەوەو رابەری هەبوو.

3-ئەم تێكۆشەرانە بە هەڵسەنگاندنی رەوشی خەباتی رابردوو گەیشتبوونە ئەو ئەنجامەی "سەركردایەتییەكەی ئەوسای شۆڕشی كورد لەدوای رێكەوتنە شومەكەی جەزائیر لەنێوان عیراق و ئێراندا دەرئەكەوێت نەك هەر نەیتوانیبوو رابەری خەباتی چەكدارانەی گەلی كورد بكات و بڕیار لەسەر بەرگریكردن بدات، بگرە نەشیهێشت پێشمەرگە شۆڕشگێڕەكان بەرهەڵستی ئەو هەلومەرجە بكەن، خۆیان رێكخەن لەپێناو رزگاری كوردستان و بەدیهێنانی ئاواتەكانی گەلی كورددا" هەر بۆیە پێیانوابوو سەركردایەتی بارزانی بەو رێبازە سیاسییە چەوتەی كە لەچەند ساڵی رابردوودا رێڕەوی دەكرد، جوڵانەوەی كوردی توشی هەڵدێر كردبوو، لەهەمانكاتدا رێكخستنەوەی پارتی لەسەر بنچینەیەكی پێشكەوتووخواز، بە دۆستایەتیكردنی لەگەڵ بەعس و بەشداریكردنی لە دامودەزگا ئۆتۆنۆمییەكانیدا، ئەكرێ هەندێ لە دەسكەوتەكانی كورد بپارێزێت.

 

 خاوەنی ئەم بۆچوونانە بیانویان بۆ ئەو بیروڕایانەیان دەدۆزییەوە، بێ خەبەر لەوەی كە حوكمەتی عیراق رازی نەبوو لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دانوستاندن بكات پاش رێككەوتننامەی جەزائیر، ژمارەیەكی زۆر لەو كادیرانە كە پاش هەرەس گەڕابوونەوە عیراق، هەندێكیان دوورخرابوونەوە بۆ خواروی عیراق، وە هەندێكیشیان لە شارەكانی كوردستان بوون لەوانە: د.خالید سەعید و سەعدی عەزیز لە (بەغدا) بوون، عومەر دەبابە و سەید كاكە لە رومادی بوون، عەلی عەسكەری لە (رفاعی) و تاهیری عەلی والی لە (عەمارە) بوو، ئەم تێكۆشەرانە لە هاوینی 1976 دا پاش ئەوەی هەندێ پێوەندیان لەگەڵ یەكتریدا بەست و دانیشتن و لێكدانەوەی هەلومەرجی ئەوكاتەی كوردستانیان خستە بەرباس و لێكۆڵینەوە، بەدەستپێشخەری (سەیدا ساڵح یوسفی) و بەشداری ژمارەیەك لە كادر و سەركردەی هەردوو باڵەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، (بزوتنەوەی سۆسیالستی دیموكراتی كوردستان)یان دامەزراند و یەكەم بەیانی لە ئابی ساڵی 1976 دا راگەیاند.

 دەستەی دامەزرێنەری (بزوتنەوە) سەرەتا پێكهاتبوو لە:

 

1-سەیدا ساڵح یوسفی
2-عەلی عەسكەری
3-د.خالید سەعید
4-ملازم تاهیر علی والی بەگ
5-سعدی عەزیز (سعدی گچكە)
6-عومەر مستەفا (عومەر دەبابە)
7-رەسوڵ مامەند
8-عەلی عەبدوڵڵا عەلی (عەلی هەژار)
9-عارەب عەبدولقەهار (كاردۆ گەڵاڵی)
10-مەلا ناسح ئیسماعیل ئەحمەد یەكەم بەیانی دامەزرێنەری بزوتنەوە لەڕێی (كەریمی حیسامی)ەوە لە (بەیروت) چاپكرا.

بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان، وەك لە بەیانی دامەزراندنیدا هاتووە: "بزوتنەوەی كرێكارو جوتیارو شۆڕشگێڕەكانی كوردستانە لەسەر رێبازی پێشكەووتوانە، عیلمیانە خەبات ئەكات بۆ گەیاندنی كورد بە مافی چارەنووس... هەروەها بە پێی بڵاوكراوەكان، بزوتنەوە رێكخراوێكی چەپی دیموكراتی شۆڕشگێرە و باوەڕی بە ماركسیزم و سۆسیالیزمی زانستی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و مافی چارەی خۆنووسین و گرێدانی خەباتی نەتەوایەتی و خەباتی چینایەتی كۆمەڵایەتی هەیە.

 بزوتنەوە لەو سەردەمەدا وەك رێكخراوێكی پێشكەوتووخوازی شۆڕشگێڕ هاتە مەیدان بۆ ئەوەی ئەركێكی قورس و گران جێبەجێ بكات، كە بریتیبوو لە یەكخستنی ریزە پەرش و بڵاوەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد و چەسپاندنی رێبازێكی پێشكەوتوخواز و دیموكراسی لە شۆڕشداو دامەزراندنەوەی پێوەندی لەگەڵ هێزە نیشتمانی و دیموكراتییەكانی كوردستان و عیراق و ناوچەكەو جیهاندا.

هەروەك لە یەكەم بەیاندا هاتووە: "بزوتنەوە تێئەكۆشێ لەپێناوی یەكگرتنی هەموو رێكخراو و هێزە نیشتمانییە پێشكەوتوخوازەكانی كوردستان لە بەرەیەكی كوردستاندا، تێدەكۆشێ لەپێناوی بەهێزكردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ هێزە نیشتمانییە پێشكەوتوخوازەكانی عیراق و پێكهێنانی بەرەیەكی نیشتمانی راستەقینە بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی عیراق و بەستنی پێوەندی هاوكاری لەگەڵ حزب و هێزە نیشتمانییە پێشكەوتوخوازەكانی عەرەب لەژێر بناغەی مافی چارەنووسی گەلانی ژێردەستەو بەهێزكردنی پێوەندی هاوكاری لەگەڵ بەرەی سۆسیالست بۆ پشتگیری خەباتی گەلانی ژێر دەستەی دنیا". بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەرلەوەی (بزوتنەوە) بەیانی دامەزراندنی خۆی رابگەیەنێت، لە ئەیلولی 1975 دا مام جەلال لەرێگەی (فەرەیدون عەبدولقادر)ەوە پەوەندی بە عەلی عەسكەری و عومەر دەبابەو د.خالید سعیدەوە كردبوو، بەڵام لەبەرئەوەی لەوكاتەدا سەركردایەتی كۆمەڵە تووشی شاڵاوی گرتن و راوەدوونان بووبووەوە، وەك پێویست نەتوانرا كارەكان جێبەجێ بكرێن، لە 8ی ئابی 1976دا كۆمەڵێك لەسەركردە و كەسایەتییە ناسراوەكان وەك: (د.خالید سەعید، عەلی عەسكەری، عومەر دەبابە، سەید كاكە، سەعدی عەزیز، تاهیری عەلی والی)، لەسەر داوای مام جەلال و دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شوێنەكانی خۆیان بەجێهێشت و بەرەو چیای قەندیل كەوتنەڕێ بۆ دۆزینەوە و رێكخستنەوە و ئامادەكردنی دەستەی چەكدار و لە شاخەكانی كوردستاندا شۆڕشیان دەستپێكرد، لەبەرئەوە تەنها رێگە لەپێش بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستاندا ئەو بڕیارە بوو بە چەك روبەڕووی ئەو پیلانەی رژێم ببێتەوە، دەبینین روودەكەنە شاخ و لەسەر داوای دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و لەپاڵ مەفرەزەكانی كۆمەڵەداو شۆڕشیان راگەیاند هەر سەبارەت بەو بارودۆخە نوێیە مام جەلال دەڵێت: "جگە لە كۆمەڵە و بزوتنەوە پێوەندیمان بەهەندێ كەسانی سەربەخۆوە كرد، وەكو خاڵە سەید مەجید لە هەولێر و هەندێ تێكۆشەری تر". دوای راگەیاندنی (بزووتنەوە)، لە 6-11-1976 دا عومەر دەبابە عیراق بەجێدێڵێ و دەچێتە دیمەشق، و وەك نوێنەری بزووتنەوەی سۆسیالستی كوردستان دەچێتە ڕیزی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە.

 

بەمە (بزووتنەوە) یەكەمین رێكخراو بوو دوای كۆمەڵە كە بەپیر بانگەوازەكەی (مام جەلال)ەوە چوو، لەڕیزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا شانبەشانی كۆمەڵە خەباتی چەكداری درێژەپێدا سەبارەت بەهاتنە دەرەوەی ئەو كەسایەتیانە مام جەلال دەڵێت: "ئەو برادەرانە هاتن ببنە ئەندام لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، ئێمە مەرجێكمان لەسەریان دانا كە ناوی خۆیان بگۆڕن، ئەو دەمە دژی ناوی سۆسیالیستی دیموكراتی بوون، سۆسیالیستی دیموكراتمان پێكردنە سۆسیالیست گوتمان، چونكە سۆسیالیستی دیموكرات دژی خەباتی چەكدارەو گوتمان ئێوە سۆسیال دیموكرات بن كەواتە خەباتی چەكداریتان بەلاوە پەسەند نییە ئەگەر ئێوە ئەوە بن مانای خەباتی چەكداری ناكەن لەبەرئەوە دەبێت بڵێن ئێمە بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستانین" بەڵام هەر لەسەرەتای دروستبوونی، بزووتنەوە هەندێك گیروگرفتی تێدا تێبینی دەكرا وەك: نەبوونی یەك ئایدیاو بیروبۆچوون لەنێو سەركردایەتی بزوتنەوەدا لەڕووی فیكری و سیاسیەوە هەموو هاوئاهەنگ نەبوون، لەوانە دەستەیەكیان هەڵگرانی بیری ماركسی- لینینی و ژمارەیەكی دیكەیان سۆسیال دیموكرات و گرۆیەكی دیكەیان هەڵگرانی بیری نەتەوەیی بوون. ئەم هەمنائاهەنگیە گیروگرفتێكی زۆری لەو دۆخە ناسك و ئاڵۆزەدا دروستكردبوو.

 

زۆربەی كادیرە سیاسی و سەربازییەكانی بزووتنەوە لەوانە بوون كە پێشتر لە ریزەكانی شۆڕشی ئەیلولدا بوون، ئەوانی دیكەشیان لەو كەسانە بوون كە سەر بەباڵی مەكتەبی سیاسی بوون، هەر پاش ئەوەی كە بزوتنەوە بووە ئەندامێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو بۆچوونە جیاوازانە بەئاشكرا دەبینران.

 

هەڵبەت ئەو ناهەماهەنگییە فكری و سیاسیە رەگ و ریشەیەكی مێژوویی هەبوو بۆ نمونە: "سەیدا ساڵح یوسفی و عەلی هەژار كە دوو لە سەركردە ناسراوەكانی بزووتنەوە بوون، جەختیان لەسەرئەوە دەكردەوە كە هەرچەندە بزوتنەوە ئەندامێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بەڵام پێویستە لە پێوەندی كردنیاندا لەگەڵ گروپ و لایەنە سیاسییەكانی دیكەدا سەربەخۆییەكی تەواویان هەبێت، كە ئەم رایە بەپێچەوانەی بۆچوونەكانی د.خالید سەعید و عەلی عەسكەری و هەندێكی دیكەوە بوو، لەمەش بترازێ ساڵح یوسفی كە بەناو سەرەوكاری بزووتنەوەی دەكرد و لە بەغدا دادەنیشت ئەو رۆڵە كاریگەرییەی نەبوو بەڕێژەی ئەندامەكانی دیكەوە كە لە چیاكانی كوردستان بوون، لەلایەكی دیكەشەوە ساڵح یوسفی باوەڕی بە سیاسەتی (الباب المفتوحە) هەبوو كە دەبێت دەرگەی وتووێژكردن لەگەڵ بەغدادا بۆ هەمیشە كراوەبێت.

 

 

 هێڵی گشتی كێ بوون؟

 

 

هێڵی گشتی هێزی بنچینەیی پێكهاتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆمەڵەی ماركسی لینینی بوو لەناوەوەی وڵات و لە دواتردا بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستانیش چووە پاڵی، بەڵام جگە لەم دوو باڵە كۆمەڵێك تێكۆشەری تریش هەبوون لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا خەباتیان دەكرد و لەهیچ كام لەم دوو رێكخراوە نەبوون، ئەوانەش بەهێڵی گشتی (خەتی پان) ناسرابوون، لەمبارەیەوە مام جەلال دەڵێت: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بە سێ باڵی سەرەكی، باڵێكیان كۆمەڵە بوو، باڵێكیان بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان بوو، باڵەكەی تریشیان ئەو كەسانە بوون كە نە بزووتنەوەو نە كۆمەڵە بوون و ناومان لێنابوون (خەتی گشتی) كە هەركەسێك بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان قبوڵبكات ئەوا دەبێتە ئەندام لەو یەكێتییەدا".

 

لە بەیانی یەكگرتنی بزوتنەوە و هێڵی گشتیدا هاتووە كە: هێڵی گشتی ئەو كەسانە بوون كە تەنها بیروباوەڕی یەكێتیان هەڵگرتبوو بەرنامەو پەیڕەوی یەكێتی یان قبوڵكردبوو ئەندامی راستەوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون، لە سەرەتادا هێڵی گشتی زیاتر لە سەركردایەتی یاخود لەنێو ریزی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیدا هەبوون و هیچ بنكەیەكی رێكخستنی ئەوتۆیان نەبوو، چونكە لەناو وڵاتدا هێشتا رێكخستنەكانیان دروستنەكردبوو، بەڵكو لە دواتردا واتە لە ساڵی 1977 بەدواوە رێكخستنەكانی هێڵی گشتی لەناو وڵاتدا گەشەیكرد و گرنگی پێدراو شانەو كەرتی رێكخستنی تایبەتی هێڵی گشتی دروستكرا، هەڤاڵان (عومەری شێخ موس، د.كەمال فوئاد مەعسوم، عادل موراد، عەبدولڕەزاق فەیلی)، سەر بە باڵی هێڵی گشتی بوون لەنێو دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا.

 

 

خەسڵەتەكانی یەكێتی

 

 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەدیفاكتۆ بووە شۆڕەسواری مەیدانی سیاسی و خەباتی پێشمەرگایەتی، چونكە هەر لەدامەزراندنییەوە، ئەم خەسڵەتانەی لەخۆیدا دروستكرد و بووە هۆی گەشەپێدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەهەمانكاتدا جۆشدان و كڵپەسەندنی شۆڕشی نوێ:

 

1-جیاوازتر لەقۆناغی رابردوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانی سەركردایەتی و فەرماندەی و جڵەوی شۆڕش و خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی كورد، لەچین و توێژە كلاسیك و موحافزكار و تەقلیدییە كۆنەكانی كۆمەڵی كوردی، كە تەنها پشتییان بەپێگەی ئاینی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی و سوودوەرگرتن لەفاكتەری بنەماڵەیی و میراتگیریی خێزانی بەستبوو، دوور لەبیروباوەڕی نەتەوەیی پێشكەوتووخوازو ئایدیۆلۆژیی شۆڕشگێڕ، بسەنێتەوەو بیداتە دەستی چین و توێژی كۆمەڵایەتی نوێی چەكدار بەبیروباوەڕی پێشكەوتووخوازیی رادیكاڵ، لەنموونەی توێژی لاوان بەگشتی و رووناكبیران و مامۆستایان و ژنان و كرێكاران و جووتیاران و خوێندكاران و خاوەن بڕوانامەی ناو چین و توێژە هەژارەكانی تری كۆمەڵی كوردیی بەتایبەتی؟

 

2-دوور لەمیتۆدێكی سیاسیی كلاسیكی باو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكو رێكخراوێكی نوێگەری سیاسی، لەسەر بنەمای رێكخراوێكی بەرەیی و فرەیی، لەئاراستەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی جیاواز و تاڕادەیەك پێكەوە گونجاو، پێكهات و دامەزرا، بەچەشنێك ئامانجی نەتەوەیی هاوبەش، لەچوارچێوەی پرەنسیپی كوردایەتی و درێژەدان بەشۆڕش كۆیكردنەوە.

 

3-جیاوازتر لەقۆناغی رابردوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر گرنگی بەڕۆڵی ئایدیۆلۆژیای شۆڕشگێڕیی دا، تا ببێتە بزوێنەر و داینەمۆ بۆ بەرزڕاگرتنی ورە و جۆشدانی ناخ و دەروون و پركردنەوەی كەلێنی ناهاوسەنگی هێزی شۆڕشی نوێ، لەڕووی توانا سەربازییەكانەوە، بەورەی بەرزو پۆڵایین، لەگەڵ دەوڵەتی عیراق.

4-جیاوازتر لەقۆناغی رابردوو، لەبری پشتبەستن بەفاكتەری دەرەكی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و درێژەدان بەشۆڕش و هێنانەدی ئامانجەكانی شۆرش، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانی بەپلەی یەكەم كار بەپرەنسیپی پشتبەخۆبەستن بكات و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشیش پەرەگماتیكییانە مامەڵە لەگەڵ فاكتەری دەرەكی بكات.

5-لەخۆبردووی سەركردە و فەرماندە و كادیری پێشكەوتوو و پێشمەرگەو رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەجوامێریی و لەئازایەتی و لەگیانبازیی و لەشەهیدبوون و لەناو زیندانەكان و لەبەردەمی پەتی سێدارە و سڵنەكردنەوە لەدوژمن.

6-گرنگیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەچەندین بواری تری ناو كایەی سیاسی و پێشمەرگایەتی، كە گرنگ و پێویست بوون بۆ سازدان و خرۆشان و جۆشدانی كورەی خەبات و پتەوكردنی سەنگەرەكان و بەرزكردنەوەی ورە و بڕواو متمانەی پێشمەرگەو جەماوەر، لەبوارەكانی میدیاو چاپەمەنیی و هونەریی و ئەدەبیی و پیشەیی و كۆمەڵایەتیی و كەلتووریی و بایەخدان بەڕەوشی ناوچە گوندنشینەكانی ژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەویی شۆڕشی نوێ، لەڕووی پڕۆسەی خوێندن و كاروباری دادگاو بەڕێوەبردن و تەندروستیی و كۆمەڵایەتیی.

7-گرنگیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشێوازە جیاجیاكانی خەباتی سیاسیی و پێشمەرگایەتی، بەگوێرەی ئەركەكانی قۆناغ و هەلومەرجی سیاسیی و پێشهات و گۆڕانكارییەكان، لەنموونەی خەباتی پارتیزانیی و شەڕی بەرەیی، خۆنیشاندان و راپەڕین، گفتوگۆو خەباتی دیپلۆماسیی، هەڵبژاردنی گشتیی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات.

8-بۆ یەكەمجار بەرزكردنەوەی دروشمی مافی چارەی خۆنووسین و وەرچەرخان لەدروشمی ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدراڵی، كە بەدەستپێشخەریی و رۆڵی كاریگەر و سەرەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەساڵی (1992)دا، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە چەسپی و بەهەمانشێوە لەناو دەستووری نوێی عیراقیشدا جێگیركرا.

9-ملنەدان و بەرەنگاربوونەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ ویستی ئەو ئاڕاستەیەی ناو (بەرەی كوردستانی)، كە لەدوای راپەڕین و كۆڕەوی بەكۆمەڵی ساڵی (1991)، پێیوابوو ئەبێ كورد لەگەڵ حكومەتی عیراقدا، لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمی رێكبكەوێت، لەبەرامبەردا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئیرادەی خۆی سەرخست كە ئیرادەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان بوو، ئەویش ملكەچ نەكردن بوو بۆ حكومەتی عیراق و گرتنەبەری سیاسەتی پچڕاندنی گفتوگۆ و كاركردن بوو، بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی سیستەمی كارگێڕیی و بەڕێوەبردن، لەڕێگای ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتی و پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم.

10-بەدەگمەن هێزێكی سیاسی ماندووی وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەگەر (ساندەنیستەكان) لەوڵاتی نیكاراگوا، كە لەسەر بنەمای مەشروعییەتی شۆڕشگێڕیی بووبێتە خاوەنی دەسەڵاتێكی تاڕادەیەك رەها، ئامادەیی تیابێت یەكسەر و دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی و سیستەمی كارگێڕیی، بەهۆی شۆڕش و خەباتی چەكداریی، واز لەدەسەڵاتی تاڕادەیەك رەهای مەشروعییەتی شۆڕشگێڕیی خۆی بهێنێت و لەبارودۆخێكی نائارام و ناسەقامگیر لەڕووی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵێكی ناكامڵ و بێ ئەزموون، لەپڕۆسەی دیموكراسییدا، خۆی بخاتە بەردەمی چارەنووسی سندووقی دەنگدان و دەسەڵات دابەشبكات لەگەڵ هێزی سیاسی تر كە رۆڵێكی هاوتەریب و هاوشانی ئەمیان نەبووە، لەشۆڕش و راپەرین و سەركەوتن و بەخشینی قوربانییەكان و هێنانەكایەی ئەو ئازادیی و ئەو ژینگەیەی كە هەڵبژاردنی گشتی تیا ئەنجام دەدرێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەئازایانە ئەم هەنگاوەی گرتەبەر، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر هێزی تر بووایە، لەبری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو ئازایەتییەی ئەنواند؟!

هەمیشە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی بڕیاردەر و پلاندانەر و یەكلاكەرەوە بووە، لەسەر بنەمای راستی و دروستی ریێازو سیاسەت و دروشم و هەنگاو و بەرنامە و هەڵوێست و پەیام و پشتیوانی جەماوەرەكەی، پشكی شێر لەجڵەو سەركردایەتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕیی و سیاسی لەكوردستانی باشووردا، بەهەوڵ و خەبات و قوربانیدانی خۆی، بووەتە شایستەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

 

 

رێكخستنی نهێنی و خەباتی جەماوەریی شارەكان

 

 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كاتێك چووە مەیدانی خەباتەوە ئامانجی خەباتەكەی سیاسیانە بوو زیاتر لەوەی چیكدارانە بێت، بۆیە هەر لە سەرەتاوە سەركردایەتییەكی باوەڕی وابوو كە دەبێت خەباتی چەكداری بۆ پشتیوانی بێ لە خەباتی سیاسی، چونكە ئەگەر خەباتی سیاسی پشتیوانێكی چەكدارانەی نەبێت، ئەوا بەعس بەئاسانی دەتوانێت لەنێوی ببات، هەر لەبەرئەوە ترسی دامودەزگا سەركوتكەرەكانی بەعس لە رێخراوە نهێنییەكانی شار زۆرتر بوو وەك لە رێكخراوە ئاشكراكانی پێشمەرگە و بەوپەڕی دڕندایەتییەوە سۆراخی دەكردن و لەهەرجێیەك هەستی پێبكردنایە بە گرتن و ئەشكەنجەو كوشتن هەوڵیدەدا لە رەگ و ریشەوە دەریان بهێنێت.

 

 هەنگاوی یەكەم لە ستراتیژی (ی.ن.ك)دا خەباتی سیاسی بووە و خەباتی چەكدارانە ئامڕازێك بووە بۆ هێنانەدی ئامانجە سیاسییەكان، لەوانەیە لەئاستی واقیعدا وردكردنەوە یاخود جیاكردنەوەی هەردوو شێوازی خەباتەكە تۆزێك ئاستەم بێت، بەڵام چاوپێداخشاندنەوە بە سەرەتاكانی دروستبوونی یەكێتی و چۆنییەتی گەشەكردنی خەباتەكەی دەتوانن زۆر شتمان بۆ روونبكەنەوە، هەربۆیە لە سەرەتاوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گرنگی زۆری بە رێكخستنەكانی دەدا، هەوڵیدەدا لە زۆربەی شوێنە گرنگ و حەساسەكان، لەناو زۆربەی چین و توێژەكاندا رێخستنی خۆی دروستبكات، لەڕاستیشدا بە ماوەیەكی كەم دوای راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە 1-6-1975 دا ژمارەیەكی زۆر لە تێكۆشەران لەنێو ریزەكانیدا جێگەی خۆیان كردەوە، ئەمە سەرباری رێكخستنە پتەوەكەی كۆمەڵە كە چەند ساڵێك بوو پەروەردەی دەكرد.

 

 رێكخستنە نهێنییەكان لە شانەی بچوكەوە، بە شێنەیی بۆ كۆمیتەو لیژنەی باڵاو سەركردایەتی ناوخۆ، تەشەنەیان سەند، تەشەنەسەندنێكی ئەوتۆ كە رژێم بەهەموو تواناو تۆڕە جاسوسییەكانییەوە هەوڵیدەدا رێگای پەرەسەندنی رێكخستن بتەنێ، بەڵام نەك ئەوەی بۆ نەكرا بەڵكو تا زیاتر فشاری دەخستەسەر، متمانەی جەماوەر بەرێكخستن زیاتر دەبوو، خەباتی نهێنی شێوەی هێشوویی هەبوو، كۆمیتییەكە (3-5) كەسی سەرپەرشتی بەشەكانیان دەكرد، زۆرترین پێوەندی تاك تاك و دوو دوو بوو، وردە وردە شانەبەنی كران ئیتر راپۆرت نووسین و ئابوونە وەرگرتنیش پەیڕەوكرا، هەتا وای لێهات كۆبوونەوەی مانگانە جاری واهەبوو مانگی دوو جار سازدەدران، لە قەزاكاندا كۆمیتەی قەزاو لە ناحیەكاندا كۆمیتەی بچوكتر پێكەوە نرابوون، سەرەتا لەسەر ئاستی پاریًزگا، لق دروستنەدەكرا، تەنانەت تا شۆڕشیش دەستیپێكرد، لەسەر ئاستی پارێزگا رێكخستن مەركەزی نەبوو، لەماوەی چەند مانگێكدا كەم شارو شارۆچكەی كوردستان ھەبوو رێكخستنیان تیادا بە شێوەیەك لە شێوەكان دروست نەكرابێت، دوای گرتنی ھەڤاڵانی سەركردایەتی كۆمەڵە، ماوەیەك پشێوی و بێ سەروبەری و پچڕان ریزەكانی رێكخستنی گرتەوە، بەڵام ئەوەندەی نەبرد كۆمیتەی هەرێمەكان هاتە كایەوە و لە ماوەیەكی كورتی كاری رێكخراوەییاندا كاری باشیان بۆ رێكخستن كرد بۆ وێنە:

 

1-گرێدانەوەی رێكخستنی شارەكان پێكەوە.

2-سەرپەرشتیكردنی رێكخستن بەشێوەیەكی رێكوپێك.

3-بڵاوكردنەوەی بەیاننامە دەربارەی بارودۆخی رامیاری ئەوكاتەی كوردستان و ئاماژەكردن بۆ كەموكوڕی و گیروگرفتەكانی رێكخستن و دانانی نەخشەو پلانی نوێ بۆ پتەوكردن و گەشەپێدان و بەرەوپێشەوە بردنی رێكخستن.

 

4-لە دەستپێكردنی شۆڕشی نوێدا لە 1-6-1975 دا رۆڵێكی باڵایان هەبوو لە پێكهێنانی دەستەی چەكدارو ناردنە دەرەوەیان و دابینكردنی پێداویستەكانیان.

دەستپێكردنی خەباتی چەكدارانە، ئەركی رێكخستنەكانی گرانتر و قورستر كرد، چونكە پێشتر تەنها بەكاری رێكخراوەیی هەڵدەسان، بەڵام دوای ئەوە هاوكاریكردنی دەستە پارتیزانەكانیشی چووەسەر.

 دامودەزگا تۆقێنەرەكانی رژێمی عیراقیش زیاتر خۆیان بەهێز كردوو كەوتنە خۆسازدان بۆ لێدوانی چ رێكخستنێكی شارو چ دەستە پارتیزانەكان لەهەمانكاتدا رژێمی بەغدا ژمارەیەك دەزگای سیخوڕی دامەزراند بوو وەك: (ئەمن، ئیستخبارات، ئەمن العامە، مەنزومە، ئەلتەنزیم ئەلوەتەنی، شەباب، فتوە، ئیتحاد نسا‌و).

 

ئەمانە ئەگەرچی هەندێكیان رێكخراوی بەناو جەماوەری و پیشەیی بوون، بەڵام لەلایەن رژێمەوە یەك فەرمانیان ئاڕاستە دەكرا كە ئەویش دەستنیشانكردنی ماڵی تێكۆشەران و چاودێریكردنی جموجۆڵی خەڵك و ئاگاداركردنەوەی دامودەزگا تۆقێنەرەكانی رژێم بوو، خەڵكێكی زۆریشیان لەم دامودەزگا سیخوڕیانەدا كۆكردبووەوە، لەو خەڵكانەشدا تیایاندا هەبوو زۆر دڵسۆزانە كاری بۆ رژێمی عیراق دەكرد لە دێهاتەكانیشدا موختار و چەندین تۆڕی سیخوڕی تریان دروستكردبوو، لەرووی مادییەوە پارەو پولێكی زۆریان بۆ ئەو كەسانە خەرجدەكرد كە خەڵكێكی تێكۆشەر یاخود ماڵی پێشمەرگەی بۆ دەستنیشان دەكردن، ئەمەش زۆر كەسی دەروون و ویژدان لاوازی خزاندبووە زەلكاوی خیانەتەوە، لەڕووی راگەیاندنیشەوە رۆژانە لەلایەن دامودەزگا سیخوڕییەكانییەوە چەندین پڕوپاگەندەی ژەهراوی و روخێنەریان دژی بزوتنەوەی گەلی كورد بڵاودەكردەوە، لەوكاتەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕووی راگەیاندنەوە لاوازبوو، چونكە نە ئێسگەی رادیۆی هەبوو نە دامودەزگای چاپەمەنی باش تاكو وەڵامی پڕوپاگەندەكان بداتەوە و راستییەكان بۆ جەماوەر روونبكاتەوە، ئەوەی كە بیانكردایە تەنها لەڕێگای رێكخستنەكانەوە بوو، هەرچەند رێكخستنەكانی كۆمەڵە درێخیان نەدەكرد لەڕووەوە بەڵام شتێكی زۆر كاریگەر نەبوو و سنوورێكی دیاریكراوی هەبوو، رژێمی بەعس زۆر بەوردی چاودێری رێكخستنەكانی دەكرد، بۆ ئەم مەبەستە پارە و پولێكی زۆری هەڵاشتبوو، دیارە لەهەندێ كاتدا ئەندامانی رێكخستنەكانی یەكیًتیی نیشتمانیی كوردستان لەلایەن بەعسەوە دەستگیردەكران بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامانی یەكێتی بەگشتی و كۆمەڵە بەتایبەتی كاتێك كە زیندان دەكران زۆر قارەمان و خۆڕاگر بوون بەرامبەر بەدوژمن، لەپێناو هێشتنەوە و پاراستنی رێكخستندا ژیانی خۆیان دەبەخشی، مانەوەی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان زۆر لامەبەستتر بوو لە ژیانی خۆیان. 

دەتوانین بڵێین رێكخستنە نهێنییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكێك لە تۆكمەترین و توندوتۆڵترین رێكخستنەكانی حزبەكانی ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، ئەم راستییەش لەوەدا خۆی دەردەخات كە دڕندەترین رژێمی رۆژهەڵات (رژێمی بەعسی عیراق) بەهەموو توانایەوە پەلاماری دەداو جۆرەها دامودەزگای تایبەتی لەپێناوی سەركوتكردنیدا دامەزراندبوو، مانگانە چەندین ملیۆن دیناری لەو پێناوەدا سەرفدەكرد، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەئەزمونتر دەبوون و پەل و پۆی رێكخستنە نهێنییەكانیان زیاتر رەگی دادەكوتا و فراوانتر دەبوو، شێوەی پێكهاتەی رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەروەكو لە بڕگەی پێنجەمی (پڕۆژەی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ)ی داهاتووە بەمجۆرە بوو:

ا- شانە: بنچینەی رێكخستن و رەگ و دەماری یەكێتییە لەناو جەماوەری گەلدا كە چالاكییەكانی بریتیبوون لە:

 

1-بڵاوكردنەوەی بیروڕاو بڵاوكراوەكانی یەكێتی.

2-دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵك و زانینی گیروگرفت و پێویستی و داواكانیان، فێركردن و لێوە فێربوونیان، كۆكردنەوەی هەواڵ و دەنگ و باس و گەیاندنی بە یەكێتی.
3-دۆزینەوەی ئەندام و لایەنگرو دۆستی نوێ.

4-شانە لە (3-7) ئەندامێك پێكدەهات بەپێی بڕیاری كۆمیتەیەكی دەسەڵاتدار.

5-سازدانی كۆبوونەوەی دەوری بۆ خۆهۆشیاركردنەوە و لێكۆڵینەوەی كاروباری یەكێتی و دانانی رێوشوێنی راستی كاركردن و فەرمان بەجێهێنان.

ب- هێشوو: بۆ پاراستنی رێكخستن و بەهۆی پەرش و بڵاوبوونەوەی تێكۆشەران و تازەیی دروستبوونی یەكێتییەوە.

 

رێكخستنی یەكێتی لە سەرەتادا بەشێوەی هێشوو بەیەكەوە دەبەستران:

1-هێشوو پێكدەهات لە چەند شانەیەك كە بەپێی پرەنسیپی نە ناوەندێتی كاری دەكرد.

2-دەگونجا لەیەك ناوچەدا چەند هێشوویەكی سەربەخۆ و لەیەك جیا هەبوونایە.

3-هێشوو یەكسەر بەسترابووەوە بە ئورگانی ناوەندی یان كۆمیتەیەكی دەسەڵاتدراوە.

4-هەر رێكخراوێك بیدابایەتە پاڵ یەكێتی وەكو هێشوویەكی سەربەخۆ رەفتاری لەگەڵدا دەكرا.

ج- ئۆرگانەكانی ناوەندی: دەستەی دامەمەزرێنەر ئۆرگانەكانی ناوەندی بوو كە لێپرسراو بوو لە رێكخستنی سیاسی و سەربازی و دانانی پلان و سیاسەتی گشتی یەكێتی و دەركردن و بڵاوكردنەوەی رۆژنامەو بڵاوكراوەی ناوەندی، ئەویش تا كاتی بەستنی كۆنگرە یا كۆبوونەوەیەكی فراوانی نوێنەرانی رێكخراوەكانی یەكێتی.

د-كۆنگرە: دەستەی دامەزرێنەر لە نزیكترین كاتدا پێی بكرێ كۆنگرە رێكدەخات لە نوێنەرانی هەموو رێكخراوەكانی یەكێتی.

 

 رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەگەر چی تازە دامەزرابوون و خۆیان بەشێوەیەكی سەرەتایی رێكخستبوو، سەرباری ئەوەی هەندێ كێشەی نێوخۆییش روبەڕوویان بووبووەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەبەرامبەر دوژمندا خۆڕاگر و نهێنیپارێز بوون، یەكێ لەو كێشانەی لە ساڵی 1976 دا رووبەڕووی رێكخستنەكان بووەوە كە جیابوونەوەی دەستەیەكی بچوك بوو كە دەیانویست رێكخراوێكی سەرتاسەری لەعیراقدا دروستبكەن، ئەم گروپە ناوی خۆیان نابوو (كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان) و (ئیبراهیم حەسەن) و (ئیبراهیم خەلیل) سەركردایەتیان دەكردن، ئەم جیابوونەوەیە لە كاتێكی زۆر ناسكدا روویدا، لەلایەك هێشتا برینی پێشوو (گرتنی سەركردایەتی) ساڕێژنەببوو، لەلایەكی ترەوە كۆمەڵە خۆی بۆ خەباتی چەكداری سازدەدا لە كوردستاندا، كە شۆڕشی نوێ هەڵگیرسا بە رابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم گروپەش مەفرەزەیەكی (5-6 ) كەسیان دروستكردبوو لە هەڵەبجەو (ئیبراهیم خەلیل) سەرپەرشتی دەكردو (ئیبراهیم حەسەن) یش سەرپەرشتی رێكخستنەكانی ناو شاری دەكرد، (ئیبراهیم حەسەن) لەسەردانیدا بۆ سەر مەفرەزەیەك و لە گەڕانەوەیدا لە زاڵگەی هەڵەبجە پیاوانی رژێم گومانی لێدەكەن و دەیگرن، هەرلەوێ (ئیبراهیم حەسەن) ورە بەردەداو دەڕوخێت، ئیعتراف لەسەر تەواوی رێكخستنەكانی دەكات و هەموویان بەگرت دەدات. هەر ئەو رۆژەش فڕۆكە دەچێتە سەر مفەوزەكەیان و (ئیبراهیم خەلیل) و تەواوی مەفرەزەكە شەهید دەكات، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو رێكخراوە جۆراوجۆرە سیخوڕە تێكدەرانەیەی كە رژێمی بەعسی دروستی كردبوون، (یەكێتی)ش ژمارەیەك رێكخراوی تایبەتی دروستكرد تا بەئاسانی بچنە نێو دەستەو توێژاڵە جیاوازەكانی كۆمەڵی كوردەواری.

 

یەكەم رێكخراو كە پێكهێنرا (یەكێتی خوێندكارانی كوردستان) بوو، كە لە 26-4-1976 دا دامەزرا، مژدەی دامەزراندنی ئەم رێكخراوە وەكو زایەڵەیەكی دڵخۆشكەرە خوێندكارانی هێنایە سەر هەست و جوڵاندنی بۆ هەڵوێست وەرگرتن، ئەمەش راستیەكی مێژوویی حاشا هەڵنەگرە كە (یەكێتی خوێندكارانی كوردستان) یەكەمین و تاكە رێكخراوی بە هێنی دامەزراوە پاش هەرەس و بەرپەرچی بڕیارە دژە دیموكراتیەكانی رژێمی دایەوە و خۆی بۆ خەباتێكی سەخت ئامادەكرد لەڕیزی ئەو شۆڕشەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رابەرایەتی دەكرد.

 

ئەم رێكخراوە یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی خۆی لە كەركوك دەسترا.،  لەم كۆبونەوەیەدا (كۆسرەت رەسوڵ عەلی، شوان عەلی، رەئوف ئاكرەیی، لەتیفی شێخ عومەر و محەمەد حەسەن....) بەشداربوون و هەر لەوێدا شوان عەلی (شامل) وەك یەكەم سكرتێری رێكخراوەكە هەڵبژێردرا.

 

 

دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداریی دژی حكومەتی عیراق

 

 

یەكێك لە نەرێتەكانی راپەڕینە چەكدارەكانی كوردستان ئەوە بووە كە پاش هەرتێكشكانێكی ماوەیەكی مێژوویی ویستووە تا جارێكی دی بڵێسەی بزووتنەوەكە دەستپێبكرێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی بەعس بەرنامەیەكی سیاسیانەی وردی بەرامبەر روبەڕوبوونەوەی كورد و تواندنەوەی هەبوو بۆیە بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخشەو سیاسەتە بووە ئەركێكی دەستوبردانەی نەتەوەییانە، كە لەم بوارەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستپێشخەر و سەردەق شكێن بوو، دوای هەرەسی 1975، تەنها یەك ساڵ و سێ مانگی خایاند كە سەرلەنوێ تەقەی پارتیزانی دەنگیدایەوە.

 

دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو پێناوەدا بوو كە چەك بداتەوە دەست پێشمەرگەی كوردستان و سەنگەرە چۆلەكان ئاوەدانبكاتەوە، كار لەپاشماوەی رێكخراو و لایەنەكانی تریش بكات و بیانبزوێنێتەوە و بكەونەوەخۆ، چەكی سەر بەرەوخوار كراو روو لەخۆر بكاتەوە تا هێزی پێشمەرگە پێكبێت، یەك لەشكری رزگاری نیشتمانی دابمەزرێت، خەباتی سیاسی خامۆشی خەڵكی كوردستان ببوژێتەوە و چەكدار بكرێتەوە، یەك هێزی پێشمەرگە ئامڕازی پاراستنی جوڵانەوەكە و رێكخراوە سیاسییەكان بێ و باسكی چەكداری خەباتی سیاسی گەلی كوردبێت.

 

لە ناوەڕاستی ساڵی 1976دا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەوتە جێبەجێكردنی ئەو پلانە پێشمەرگەییەی كە داینابوو لە دەستپێكردنەوەی خەباتی سیاسی چەكدارانە لەسەرانسەری باشووری كوردستاندا.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێكخراوێك بوو لە هەلومەرجێكی ئیرهابی سەخت و دژواردا دامەزرابوو، دوژمن و ناحەزی زۆری هەبوو، ئەركو فەرمانێكی ئێجگار قورسی لەئەستۆدا بوو، هێڵی سەرەكیی كاركردنی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش بوو، ئەمە یەكێكبوو لەئەركە ساتەوەختی و گرنگەكان، دووەم ئەركی دوورخستنەوەی بزوتنەوەی كورد بوو لەژێردەستی بێگانەو وردە وردە بزوتنەوەكە لە پێوەندییە سلبییەكانی جارانی پاكبكرێتەوە.




یەكێتی لە هەرەسەوە، باری كوردایەتی شۆڕشگێڕی راستكردەوە

 

لەكاتێكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شۆڕشی هەڵگیرسیاندەوە، كە هەرەسهێنان بەشۆڕش و داگیركردنەوەی هەموو كوردستان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە تارمایییەكی رەشی نائومێدی بەسەر ئاسمانی كوردستاندا هێنابوو، واتە لەكاتێكدا شۆڕش لەهەڵچوونی خەباتەوە بڵێسە دەگرێ، كەچی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەنوشست و هەرەسهێنانەوە، باری كوردایەتی شۆڕشگێڕی راستكردەوە و شۆڕشی هەڵگیرساندەوە ئەویش لەڕووی سروشت و دروشم و رێبازەوە بەشێوەیەكی نوێ، شۆڕشی نوێ بەناوی شۆڕشی عیراقی هەڵگیرساو لەچیاكانی كوردستانەوە دەستیپێكرد، سروشتی دژایەتی دكتاتۆرییەت و لەپێناوی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و نەهێشتنی زوڵم و ستەمی میللی و مەزهەبیدا بوو، دژی كۆنەپەرستی و دەرەبەگایەتی بوو، واتە لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە هەر ناوەڕۆكەكەی دیموكراتی بوو، بەهاوكاری و هاریكاری حزبەكانی (تجمع الوگنی العراقی) بوو، دروشمەكەی دیموكراسی بۆ عیراق و مافی ئۆتۆنۆمی لەچوارچێوەی عیراقێكی دیموكراسیدا بۆ خەڵكی كوردستان بوو.

 

رێبازە نوێیەكەشی خەباتی شۆڕشگێڕانەی پارتیزانی بوو كە وردەوردە پەرەبسێنێ و گەشەبكات بەرەو شۆڕشی گەل بە بەكارهێنانی یاساو تاكیتكەكانی شەڕی نوێی پارتیزانی و ئینجا لەدواتردا شەڕی گەل.

 

ئەركی سەرەكی لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا لەئەستۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بوو، هەر لەسازدانی زەمینەی فیكرییەوە تا ئامادەكردنی دەروونی خەباتگێڕان كە شۆڕشی پێویستەو هەڵگیرسانەوەی مومكینە، بەپێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندانەی كە بەئەستەمیان دادەنا، هەر لەوەوە تا دروستكردنی مەفرەزە سەرەتایییەكان و خستنەگەڕیان و ناردنەوەی شۆڕشگێڕان لەدەرەوەی وڵات بۆ ناو وڵات، نەك پاڵدانەوە لەشارەكانی دوورە وڵات.

 

بۆ ئەم مەبەستە مام جەلال پەیوەندی لەگەڵ (شاسوار جەلال – ئارام) لە كۆمەڵەو (عومەر مستەفا دەبابە) و (عەلی عەسكەری) لەبزوتنەوە و (د.خالید سەعید) و چەند كەسێكیتر دامەزراند، بەنامە ئاڵوگۆڕی بیروڕای لەگەڵدا كردن، یەكێك لەو مەسەلانەی باسی دەكرا جۆری دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری بوو، هەربۆیە مام جەلال چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و ئەفسەرەكان و كادرەكانی تر كردبوو.

لەزنجیرەی ئەو كۆبوونەوانەدا رۆژی 23-24/5/1976 كۆبوونەوەیەكی تری دەستەی دامەزرێنەر لە شام ئەنجامدرا، (عەلی سنجاری و مونزیر نەقشەبەندی) یش ئامادەبوون، لەو كۆبوونەوەیەدا مام جەلال ئەو پڕۆژەیە دەخاتەروو كە ئامادەیكردبوو و باسی لێوە كرد و پاش زیادكردنی هەندێ بابەت پەسەند دەكرێت، هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا یەكەمین دەستەی پێشمەرگە رەوانەی كوردستان بكرێنەوە و نامە بۆ هەموو رێكخستنەكانی ناو وڵات بنێردرێت كە ئیتر دەستبكەن بە ناردنی مەفرەزەكان بۆ شاخ، هەروەها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشێكی زۆری كادرەكانی خۆی لەدەرەوەی وڵاتیشەوە ناردە ناوەوە و درێژەیان بەخەباتی خۆیان دا. 

 

مام جەلال لەو نامانەی كە بۆ هەموو هێڵی رێكخستنەكانی ناو وڵات دەینووسی، داوای لێكردن مەفرەزەی (بەچۆنایەتی باش و بەچەندایەتی كەم) بنێرنە شاخ و تیپی پڕوپاگەندەی سیاسی (فرق الدعایە المسلحە) لەسەرانسەری كوردستاندا پێكبهێنن.

 

پلانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەبوو كە لەپێشەوە چەند تاقمێكی چەكدار بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵكو بەرزكردنەوەی ورە و هێنانەوە جۆش و خرۆشان دروستبكەن، ئینجا وردەوردە دەستبكرێت بەچالاكی سەربازی و هێرش بكرێتەسەر بنكەو بارەگاكانی داگیركەر لەكوردستاندا.

 

كاكڵەی بیروكاری كۆمەڵەش هەر لەسەرەتاوە ئەوەبوو كە شۆڕش ئەمجارە دووپاتكردنەوەی شۆڕشی پێشوو نەبێت، نە لەڕووی شێوە و نە لەڕووی ناوەڕۆكەوە.

(پەیڕەوی ناوخۆی دەستە چەكدارەكان) چاكترین بەڵگەیە بۆ دەربڕینی ئەم راستییە و هێڵە سەرەكییەكانی ئەم بیركردنەوەی تێدا رەچاو دەكرێت، كە ئەبێ دەستەی چەكداری بچووك بچووك دروستبكرێت، لەسەر بناغەی رێكخستن و بیروباوەڕ و سیاسەتی پشت بەخۆبەستن و هەوڵنەدان بۆ دروستكردنی لەشكری قەبەو فراوان و زۆرو بۆر، هەرچەندە كاتێك دەستە چەكدارەكانی چوونە دەرەوە زۆر كەس گاڵتەیان بەپێشمەرگە ئەهات گوایە ئەو شۆڕشە گەورە و بەهێزەی پێشوو هیچی بە هیچ نەكرد و یارمەتی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریكا دادی نەدان، ئێستا چۆن ئەم دەستە چەكدارە بچووكانە بەچوار چەكی شڕەوە و بەبێ یارمەتی و پشتیوانیدەرەوە (پشتو پەنا) ئەتوانن ئەنجامێكی باش بەدەستبێنن؟

 

ساڵی 1976 كە شۆڕش هەڵگیرسا، سوپای عیراق بریتیبوو لە (16) تیپ، بەشێكی زۆری لەشوێنە گرنگەكانی كوردستاندا دامەزرابوو، هەزاران قەڵای گەورە و سەربازگە و رەبیە و بازگەی تێدا دانابوو، ئەزمونێكی زۆری لەبەگژداچوونی جەنگی پارتیزانی و شارەزایییەكی زۆری لەخاكی كوردستاندا پەیداكردبوو، چەكی نوێی كاریگەر و تەكنیكی تازەو تاكتیكی نوێی جەنگی پارتیزانی خستبووە بەرنامەی كارەكانییەوە، دوا لوتكەی كوردستانی داگیركردبوو، تەواوی ناوچە نهێنییەكانی پێشمەرگەی پشكنیبوو، شوێن بەشوێن ئاگای لەوردو درشتی هەبوو، جگەلەوە ژمارەی سوپاكەی گەیشتبوە (190،000) هەزار سەرباز، كە بەسەر (16) تیپدا دابەشكرابوون، لەكاتێكدا ساڵی 1973 شەش تا حەوت تیپی سەربازی هەبوو. لەبەرامبەریشدا میللـەتی كورد چەكی نەبوو، پارەی نەبوو، دوژمنەكەی زالا بوو، ئەوەی هەیبوو لەڕووی سەربازییەوە تەنیا دەیان یا ئەوپەڕەكەی سەدان پارچە چەكی شاردراوەبوو، بەڵام هیچ جۆرە تۆپو دۆشكەو چەشنە چەكێكی قوڕسی نەبوو.

 

بەرابەری و نابەرابەری تەرازووی هێزی سەربازی رۆڵێكی بنچینەیی دەبینێ لەدۆڕان و بردنەوەی شەڕدا، روون و ئاشكرایە هەروەك باسمانكرد رژێم لەڕووی ژمارەی سەربازو جۆری چەكو تەقەمەنییەوە باڵادەستبووە، بەڵام شۆڕشیش گەر شۆڕش بێت، دەتوانێ بەرێكخستن و بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانە، بە تەكنیكی نوێی شەڕی پارتیزانی، جەماوەر بخاتەگەڕ و ئەو ناهاوسەنگییە بەچەشنێكی ئەوتۆ كزكاتەوە كە بەزیانی رژێم تەواو بێت.

 

بەراوردكردنی تەرازوی هێزەكانی كورد و حكومەتی عیراق لەو سەردەمەدا دەریدەخەن كە چ نابەرامبەرییەكی گەورە لەنێوان شۆڕشی كورد و هێزەكانی حكومەتی عیراق، لەنێوان توانای گەلی كورد بەگشتی و توانای دوژمنەكەیدا هەبوو، هەربۆیە هەندێ تاقم و لایەن و هەندێ كەس، دەستپێكردنەوەی خەباتی سیاسی – چەكداری یان لەو هەلومەرجەدا بە(مغامرە) و سەرەڕۆیی، بگرە بەكارێكی شێتانەی خۆكوژی دادەنا، بەتایبەت لەبەرئەوەی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی كورد لەدوای شكانی شۆڕشی ئاگری داغ و بەدەردی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستانی ئێران بچێ لەدوای شكانی كۆماری مهاباد، كە هەریەكەیان دەیان ساڵ كپ بوون و دەیان ساڵی ویست تا خۆیان رێكخستەوەو هەڵسانەوە.

 

شیكردنەوە و حساب نەكردنی دوژمن لەڕووی چەك و تەقەمەنی و تازەترین ئامێری جەنگ و دەوڵەمەندی لەبەرامبەر گەلێكی كەم چەك و هەژار، لەخاكێكی بچووكی وەكو كوردستانی عیراق، كە شوێنی ستراتیژی و ژمارەی دانیشتوانی كەمە بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی عیراق و ئابڵوقەدانی كوردستانی عیراق بەدوژمن لەهەر چوار لاوە، بۆیە لەهەلومەرجێكی وادا تەنیا جەنگی پارتیزانی تاكە شێوەی جەنگە بۆ درێژەدان بەخەبات و دوژمن هیلاك كردن و بێزاركردن و چۆك پێدادان.

 

هەربۆیە زۆری نەخایاند سەرتاپای كوردستان لەحوزەیرانی 1976دا بەمەفرەزەی پارتیزانی و هێزی گەورەتری خێڵەكانەوە لەناوچە خێڵەكییەكاندا پێشمەرگە و چەكداریان لەئامێزگرتەوە.

 

یەكێ لەو دەستە چەكدارانەی كە ئەوكاتە چونەدەرەوە لە ناوچەی (حاجی ئۆمەران) بوو، ئەم دەستەیە لەشەوی 25-26/5/1976دا روو دەكەنە شاخ، ئەوانە كۆمەڵێك پێشمەرگەی تێكۆشەری كوردپەروەر بوون، لەبەر زوڵم و زۆری رژێمی بەعس كە ئامادەنەبوون سەری بۆ دابنەوێنن و بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش چەكیان هەڵگرتبوو، ئەم دەستە چەكدارە لەسەرەتادا پێوەندییان بە(عومەر مستەفا دەبابە)وە كردووە، كە ئەندامی سەركردایەتی (بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان) بووە و بزوتنەوەش باڵێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەمان ئەوەتا دوو كەس لە فەرماندەكانی ئەم دەستە پێشمەرگەیە (مەلا شێخ حەمەدی حاجی ئۆمەرانی) و (حاجی شێخەی بنزێری) یەكەمجار لە رۆژی 30/8/1975 دا بەمەبەستی پێوەندیكردن و دەستپێكردنەوەی شۆڕش سەردانی (عومەر دەبابە) دەكەن لە بەغدا.

 

لە 5/4/1976 دا (مەلا شێخ حەمەدی حاجی ئۆمەرانی) سەفەری (رومادی) دەكات بۆ لای (عومەر دەبابە) و دووبارە پێوەندی پێوە دەكاتەوە بۆ هەمان مەبەست و سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی شۆڕش گفتوگۆدەكەن، (عومەر دەبابە) باسی ئەوەی بۆ دەكات كە رژێم چەندجارێك داوای لێكردووە سەردانی (مام جەلال) بكات لەسوریا، بەمەبەستی قەناعەت پێهێنان و هێنانەوەی بۆ عیراق و بە (مەلا شێخ حەمەد) رادەگەیەنێت كە كاتێ سەردانی مام جەلالی كرد ئەم مەسەلەیە لەگەڵ ئەویشدا باسدەكات، هەروەها رێنمایشی دەكات كە بچن بۆ قەندیل و ئاگاداری خۆیان بن لە دوژمن و ئەویش كاتێ كە لە سوریا گەڕایەوە پێوەندییان پێوە دەكاتەوە، مەلا شێم حەمەد داوای لێدەكات كە نامەیەك بۆ مام جەلال بنووسێت و ئەو بیگەیەنێت، بەڵام (عومەر دەبابە)پێی رادەگەیەنێت كە لەبەر بارودۆخی ئەمنی ناتوانێت چونكە لەژێر چاودێری وردی رژێمدایە.


مەلا شێخ حەمەد دەڵێت: "دوای ماوەیەك هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر رێككەوتنەكەی من و كاك عومەردا نەهات، بەڵكو چاوەڕێی ئەوە بووین بەفر بتوێتەوە و بدەینە شاخ"، ئەوەبوو لە شەوی 25-26/4/1976دا ئەم دەستە پێشمەرگەیە رودەكەنە شاخ و هەر هەمان شەو بەسەر كەمینیسوپای رژێمدا دەكەون و پێشمەرگەیەك بەناوی (سەید عەبدڵلا) شەهید دەبێت، لە تەمموزی 1976دا شەهید ئارام نامەیەك بۆ ئەم دەستە چەكدارە دەنێرێت و پێوەندییان پێوە دەكات و داوادەكات چاوی پێیان بكەوێت، لەهەمانكاتدا (كەمال كەركوكی)ش نامەیان بۆ دەنێرێت و پێوەندیان پێوە دەكات.

دوابەدوای چوونە دەرەوەی دەستە چەكدارەكانی كۆمەڵەش هەندێ لەسەركردە و لێپرسراوەكانی جوڵانەوەكەی پێشوش خۆیان گەیاندە شاخ و لەماوەیەكی كەمدا سەدان چەكداریان لەخۆیان كۆكردەوە، چوونە دەرەوەی دەستە چەكدارەكانی هەرێمی سلێمانی، راپەڕینی تێكۆشەرانی باڵەكایەتی، دەرچونی هەڤاڵان (عومەر مستەفا، عەلی عەسكەری، تایەری عەلی والی، د. خالید سەعید، سەعدی گچكە، قادر عەزیز و سەید كاكە، دوابەدوای دەرچوونی نەجمەدین عەزیز (سالار) و مەحمود عەبدولڕەحمان، ملازم جوامێر سیامیر و جەمال عەلی باپیر) و چەندین تێكۆشەری تر بوونە هۆی تەقینەوەی خەباتی چەكداری شۆڕشگێڕانە بەشێوەیەكی زۆر فراوانتر لەوەی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەخشەی بۆ كێشابوو، هاوبەشی هەڤاڵانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان لەشۆڕش و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا پاڵێكی گەورەی بەبزوتنەوەكەوەنا بەرەو پێشەوە و لەگەڵ كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان دا بوونە دوو باڵەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەوڵاتدا.

لێرەوە چالاكی دەستیپێكردەوە و دەنگو باسی بەرپا بوونەوەی سەرلەنوێی خەباتی چەكداری لەبواری نێودەوڵەتیدا بیسترایەوە، ئەوكاتە رژێم تێگەیشت دەبێت دان بەڕاستییەكاندا بنێ و دەست لەدرۆی هەتا هەتایەی كۆتایی پێهێنانی گیانی بەرەنگاری گەلی كورد هەڵبگرێت، ئیدی كەوتە جێبەجێكردنی فراوانترین نەخشەی شۆڕشی چەواشە لەناوچەكەدا، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چونكە رێكخراوێك بوو لە هەلومەرجێكی سەخت و دژواردا دامەزرابوو، دوژمن و ناحەزی هەبوو، ئەرك و فەرمانێكی ئێجگار قورسی لە ئەستۆدا بوو، ئەندام و لایەنگر و دۆستەكانی ئەمیش وەكو تێكۆشەرانی كەی گەلی كورد بڵاوەیان پێكرابوو، راونرابوون و دەربەدەر و ئاوارەبوون.

لەبەرئەوە رێكخستنی خۆی بەخەتی جیاجیا، رێكخراوی جیاواز و لەیەك دابڕاوی نهێنی پێكهێنا بوو، ئەبوو جێبەجێكردنی پارچە جیاجیاكانی پلانە پێشمەرگەیییەكەش بەئەڵقە و رێكخراوە جیاوازەكانی شوێن و ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بسپێرێت و هەر ئەڵقەو خەت و رێكخراوێكیان بەجیا بكەوێتە جێبەجێكردنی ئەو بەشەی پێیسپێردرابوو.

یەكێك لەو ئەڵقە گرنگانەی ئەم فرمانە پیرۆزەیان پێسپێردرابوو دەستە چەكدارەكانی بادینان بوون، ئەوەبوو لە 1/6/1976دا بەبۆنەی تێپەڕبوونی یەك ساڵ بەسەر دامەزراندنییەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكەم دەستەی چەكداری خۆی لەسوریاوە ناردەوە بۆ كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە مام جەلال چوو بۆ قامیشلی بۆ بەڕێكردنی ئەم دەستە چەكدارە كە یەكەمین وەجبەی پێشمەرگە بوو بەرەو كوردستان گەڕاوەتەوە، نەجمەدین بیۆك كەیا (نەجۆ) ئەم پۆلە پێشمەرگەیەی گەیاندەوە باشوری كوردستان، نەقیبی ئەندازیار (ئیبراهیم عەزۆ محەمەد) فەرماندەی دەستە چەكدارەكانی بادینان بوو، یەكەمجار لەنزیك روباری (هیزل) لەپشتی زاخۆوە لەگەڵ پێشمەرگەكانی تردا یەكی گرتەوە بۆ رێكخستنەوەی مەفرەزەكان و كارو فرمان بەسەریاندا، كە ژمارەیان (37) پێشمەرگە بوو، دابەشبوون بە(4) مەفرەزەوە: فەرماندەی هەریەك لەمەفرەزەكان (ئیبراهیم عەزۆ، عزەت ئیسماعیل شەنگاری، عومەر ئیبراهیم رەشید، جەبار مەلا غەنی سندی) بوون، ئەم چوار دەستەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان دابەشبوون بەسەر ناوچەكانی زاخۆ، ئامێدی، دهۆك، هەریەكەیان لەلایەكەوە كەوتنە چالاكی سیاسی و رێكخراوەیی و پێشمەرگەیی.

فەرماندەی مەفرەزەكان و پێشمەرگەكان، زۆربەیان پێشمەرگە یان كادر بوون لەشۆڕشی ئەیلولدا، شارەزای ناوچەكانی بادینان و ئاشنای خەڵكەكەی بوون.

 

ئەم دەستە پارتیزانە پێشمەرگەی هەڵبژاردەی لاوە شۆڕشێگڕو ئازاو نەبەزەكانی بادینان بوون، هەموویان مەشقی جەنگییان پێكرابوو. خولی پەروەردەكردنی سیاسیان دیبو. جگەلەوەی لەشەڕەكانی 1974-1975 دا هەموو پێشمەرگە بوو بوون، هەندێكیان كادری سیاسی بوون و لەخولی كادیری پارتی دەرچووبوون.

لەناو ئەو پێشمەرگانەدا خەڵكی زاخۆ، دهۆك، شێخان، عەینزالە، تەلەعفەر و شەنگاریان تێدابوو، هەندێكیان جوتیارو هەندێكیان خوێندكاری زانكۆ بوون، ئەم پێشمەرگانە بەبیروباوەڕێكی پتەو و گیانێكی شۆڕشگێڕانەو بەورەیەكی جەنگاوەرانەوە بەرە و ناوچەكانی خۆیان چوون و جەماوەری بادینانیش پێشوازییەكی بێوێنەیان لێكردن، چ بەهاوكاریكردن و یارمەتیدانیان، چ رێنمایی كردنیان، وە چ بەشاردنەوەو داڵدەدانیان.

ئەم دەستە پێشمەرگەیە ماوەیەكی باش بەناوچەكاندا گەڕاو دەستی كردەوە بەخەڵك هاندان و رێكخستن و پێوەندی دروستكردن لەگەڵ تێكۆشەرانی شارەكان و مژدەیان بەجەماوەردا كە خەباتی چەكدارانە وا خەریكە دەستبكاتەوە، لەو ماوە كەمەدا زۆر سەركەوتوانە كارو فرمانەكانی خۆیان بەجێهێناو لەزۆر شوێن و ناوچەدا تۆوی رێكخستن و پێشمەرگەیان چاند و رۆڵێكی گەورەیان گێڕا لەجۆشدانی كۆمەلانی خەڵك و سازدانەوەی تێكۆشەران بۆ شەڕی پێشمەرگانە.

لەهەمانكاتدا كەسەركردایەتی دەرەوەی وڵات بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستە چەكدارەكانی بادینانی ناردەوە، سەركردایەتی ناوخۆش بڕیاریدا كە لەهەمانكاتدا ئەو دەستە چەكدارانەی كە ئامادەی كردبوون بیاننێرێتە شاخ بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕشی چەكداری كە بڕیاربوو 1/6/1976 دەستپێبكا بەلام لەبەر هەندێ هۆكار دواخرا بۆ 26/6/1976.

شایانی باسە هەر ئەو شەوە یەكەم مەفرەزە كە پێكهاتبوون لە (مەحمود عەبدولڕەحمان – خولە كەشكۆل، عەلی شیعە، شەوكەتی حاجی موشیر، حامیدی حاجی غالی، حەمەی حاجی مەحمود، تۆفیق رەحیم، حەمە سەعید محەمەد ئەمین) بەرەو شاخی سورێن دەكەونەڕێ، جگەلەمانە چەند دەستەیەكی دیكەش بۆ سازدانی خەباتی پێشمەرگایەتی دەچنە شاخ، بۆ نمونە:

لە 19/7/1976 نەجمەدین عەزیز (سالار) و جەمالی عەلی باپیرو تاهیر شێخ سدیق و محەمەد غەریب دەچنە ناوچەی شارباژێر، لە 21/7/1976دا دەستەیەكی چەكدار بەفەرماندەیی (جەمال عەلی باپیر) لەجافەتی پێكهات و لە 29/7/1976 دەستەیەكی چەكداری تر لە شارباژێڕ بەفەرماندەیی ملازم جوامێر سیامیر پێكهات.

یەكەم كاری پێشمەرگەكان پڕوپاگەندەی راگەیاندن بوو، مژدەی سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ و پێشمەرگە بوو، هاندانی خەڵكی بوو كە خۆیان بەحكومەتی بەعس نەفرۆشن، لەگەڵ دامودەزگاكانی رژێم كارنەكەن، داوای یارمەتی و چەك و تەقەمەنییان لێدەكردن.
 پێشمەرگەكانیش خۆیان كاری پارتزانانەیان دەكرد كە بەڕۆژ خۆیان لەمەكۆی تایبەتیدا دەشاردەوە، بەشەویش جموجۆڵی خۆیان دەكرد و كۆبوونەوەیان بەخەڵكی گوندەكان دەكرد، بۆ ئەوەی نەزانن ژمارەیان كەمە هەندێكجار جۆرەها تاكتیكی پێشمەرگانەیان بەكاردەهێنا.

لەشەوی 11/7/1976 دەستەی چەكداری هەورامان و شارەزوور لەسەر ڕێگەی خورماڵ- سەید سادق یەكەمین چالاكی پێشمەرگەی نواند بەلێدانی لە ئوتومبێلێكی پۆلیسی كە لەئەنجامدا (2) پۆلیس كوژران و (2)ی تریش برینداركران، رۆژی دواتر لەهەموو ناوچەكانی شارەزورو هەڵەبجە بلاوبۆوە كە پێشمەرگە سەریانهەڵداوەتەوە.

 

لەشەوی 30/7/1976 بەبۆنەی (30) تەمموزەوە رژێم ئاهەنگێك سازدەكات لەهاوینەهەواری (ئەحمەد ئاوا)، مەفرەزەكەی شارەزوور هێرش دەكەنە سەریان و تەقە لەسەربازەكانی رژێم دەكەن و چەند كەسێكیان لێ دەكوژن، بێگومان ئەمەش پڕوپاگەندەیەكی باشبوو بۆ پێشمەرگەو شۆڕش، چونكە بەهەزاران كەس لەشارە جیاجیاكانی خواروو ناوەڕاستی عیراقەوە روویانكردبووە ئەم هاوینەهەوارە.

 

پاش ئەو ڕووداوە بە هەفتەیەك لە (8/8/1976) دا ژمارەیەك لەو كوردپەروەرانەی دوورخرابوونەوە بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق لەسەر داوای مام جەلال كە نامەی بۆ ناردبوون، بڕیاریاندا لەژێر دەستی دووژمن هەڵبێن و خۆیان بگەێننە چیاكانی كوردستان و بەشداری لە خەباتی رەوای نوێی نەتەوەكەیاندا بكەن.

د.خالید سەعید، سەعدی گچكە لە (بەغدا)، عومەر مستەفا دەبابەو سەید كاكە لە (رمادی)، عەلی عەسكەری لە (رفاعی)، تایەری عەلی والی لە (عمارە)ەوە شوێنەكانی خۆیان بەنهێنی بەجێهێشت و بەرەو كوردستان كەوتنەڕێ و بڕیاریاندا كە هەڤاڵێكیان بچێتە سلێمانی و هەندێكی تریان بچنە چیای قەندیل.

لە 14/8/1976 هەڤاڵان (د. خالید سەعید، عومەر دەبابە، سەعدی گچكە، سەید كاكە، یاسین قادر، جەعفەر ئەسوەدو جەوهەر سەعید) گەیشتنە گوندی (ئیندزی)ی قەندیل و دەستیانكرد بەدۆزینەوەو رێكخستنەوە و ئامادەكردنی دەستەی چەكدار.

 

هەر لەمبارەیەوە سەید كاكە دەڵێت: "لە 15/8 گەیشتینە قەندیل، (عەلی كۆ)ی لێبوو كە دەوری (20) كەسی لەخێڵەكەی خۆی لەگەڵدابوو". دەزگەكانی رژێمی بەغدا لەحاجی ئۆمەران بە عەلی كۆیان راگەیاندبوو كە راگوێزی باشوری عیراقی دەكەن، ناوبراو لەترسی ئەو بڕیارەی رژێم هەڵات نەك لەدڵسۆزی خۆیەوە لەهەمانكاتدا پێوەندی لەگەلا رژێمی ئێرانیشدا هەبوو.

 

لەپایزی 1976دا مەفرەزەكانی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتنە ناوچەكانی خۆشناوەتی و دەوروبەری كۆیە و زرارەتی و دۆڵی سماقولی و زۆر شوێنی تر.

بۆ یەكەمجار شەڕو پێكدادانی سوپای عیراقی و پێشمەرگەی كوردستان دوای هەرەسی 1975 لە شەوی 13-14/9/1976 دا بوو لە گوندی (قاینجە) كە لەوێدا هێزێكی سەربازی گەورەی رژێم هێرشی سەر مەفرەزەی شارەزووریان كرد و لە ئەنجامی شەرێكی دەستەو یەخانەدا كورد یەكەم شەهیدی دا كە ئەویش (فاتیح شێخ حەیدەر) بوو، جگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو سەردەمەدا چەند مەفرەزەیەكی بچوكی (پاسۆك)یش رویانكردە شاخ و دەستیان بە خەباتی چەكداری كرد، لە كەسە هەرە ناودارەكانیان كە لەو سەردەمەدا رۆلی هەبوو (جەلالی حاجی حسێن) بوو پێوەندیشیان لەگەل یەكێتی زۆرباش بوو.



رۆڵی نەوشیروان مستەفا ئەمین لە سەرپەرشتیكردنی مەفرەزە پارتیزانەكانی كوردستان

 

‏ سەدام حسین سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش هەموو دەسەڵاتێكی تۆتالیتاری ‏رەهای خۆی لە 29/3/1987بەبڕیاری (160) بەخشی بە عەلی حەسەن مەجیدی ‏ئامۆزای بۆ ئەوەی بەپێی بەرنامەو نەخشەیەكی وردی چڕوپڕی سەربازی بە پاڵپشتی فەیلەقی ‏‏(یەك و پێنچ) ی سوپای عیراق...بەڕێوەبەرایەتی (ئیستیخباراتی عەسكەری..ئەمنی ‏عامە..فەوجەكانی دیفاع مەدەنی..گەلەجاش) بە تەكنەلۆژیای سەربازی و ئەنفال و ‏جینۆسایدی كورد بكات .

 

 

عەلی حەسەن مەجید لە 20/6/1987 بە بڕیاری [4008] لە هەشت قۆناغی ئەنفالدا، ‏لە 21/2/ 1988...تا 6/9/1988 سوپای ئەنفال، سەراپا گوند و شارۆچكە و ناوچە ‏ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەی لە كوردستانی باشوور بە ‏خانوو قوتابخانەو مزگەوت و بنكەی تەندروستی و بنكەی كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییەوە ‏خاپوركرد  كارێزو چەم و بیر و سەرچاوە ئاوییەكانی ژەهرباران كرد بەشۆفڵ ‏پڕكردەوە.

 

دارستان و باخ و رووەكی خۆرسكیان سوتاند... ژن و پیاو منداڵ و پیری گوندو ناوچە ‏ئازادكراوەكان ئەوەی دەسگیركرا، بێسەروشوێن كردن دواتر لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا ‏دۆزرانەوە ئەوانی تر بەرێكەوت دەربازبوون ژمارەیەكی زۆریان بەژەهری كیمیایی ‏خنكان لە رێگاو بانەكان گوللەباران كران.‏

 

لەساڵی 1987 هەموو ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دانران بە (المناگق المحڤورە) ناوچەی قەدەغە‌كراوەكان بۆ زیاتر لە (2000) گوندی ناوچە ئازادكراوەكان ‏دەركرد، بڕیاری تەختكردنی ئەو ناوچە بەربڵاوە فروانەی دابوو، ژیانی لە ‏جوتیارەكان، لە ناوئاوایی و زەوییە كشتوكاڵییەكانیان قەدەغەكرد بوو، تەواوی سامانی ‏ئاژەڵی و كشتوكاڵی تاڵانكراو بنەمای ژێرخانی ئابووی كوردستانی لێكهەڵوەشاندەوە.‏

سوپای عیراق تەمەنی 67 ساڵ بوو خاوەنی 28 ساڵ ئەزمونی جینۆسایدی كورد و ‏هەشت ساڵ جەنگی عیراق- ئێران، بەچەكی مۆدێرن و هێزێكی زەبەلاحەوە بەپاڵشتی فەوجە ‏سوكەكان گەیشتنە سەراپا شوێنە ستراتیژو سەرسنوورەكان، مینیان لە سەراپا گوند و كیلگەو ‏لاپاڵی گرد و چیاو رێگاو رێچكەكان دا چاند، مەرگ و كەمئەندام بوونیان كرد بە رووداوێكی ‏سروشتی، هەموو ناوچەكانیان بەگوند و كێڵگە كشتوكاڵییەكانەوە لە خەڵكەكەی ‏قەدەغەكرد، بازنەیان بەدەوری شارەكاندا كێشا، ئەوەی لەودیوی ئەو سنوورە بازنییەوە ‏دەسگیربكرایە، بێسەروشوین دەكرا.‏

‏ئا لەو سەردەمەدا نەوشیروان مستەفا لە قاسمەرەش سەرپەرشتی مەفرەزە پارتیزانەكانی ‏سەراپا گەرمیان و شارباژێر و دۆڵی چافایەتی و دەشتی هەولێرو باڵەكایەتی و سەراپا ‏ناوچەكانی دەكرد، لەو شوێنانەدا مانەوە كە جگە لە پاشماوەی گوندە وێرانەكان و قالورەی ‏گولە تۆپ هیچ بنەمایەكی ژیانی تیا نەمابوو.

 

ئەو مەفرەزە پارتیازنانەی كە بڕیاری مانەوەیاندا لە گەرمیان و قەرەداغ بریتیبوون لە (حەمەرەش، عوسمانی حاجی مەحمود، مەحمودی مامە عەزە، سەید جەوهەر، شێخ كەریم ‏چاوڕەش، ئەحمەدی حاجی رەشید، مەلا ئەحمەدی گەرمیان، سەید محەمەد، عەدنانی حەمەی ‏مینا).‏

جیهازێكی راكاڵ لای نەوشیروان مستەفا ئەمین بوو،ئەو سەرپەرشتی و رێنمایی دەكردن، ‏جیهازێكی تر لە ماڵی جەباری حاجی رەشید بوو لەناو سلێمانی، جیهازی سێیەم لای ‏حەمەڕەش بوو لە چیای ئاژداغ، ئەو سەرپەرشتی پارتیزانەكانی گەرمیانی دەكرد، هەموو ‏مەفرەزەكانیش لە ‌حەشارگە جیاجیاكانیان جیهازی تلفن كنیان پێبوو لەسەرە ‌سەعاتدا ‏هەواڵ و گۆرانكارییەكانیان دەگەیاند بەیەك.‏

 

ئەوەی مایەی تێڕامانە بەختیار مستەفا ئەمین سەرپەرشتی دروستكردنی جفرەی پارتیزانەكانی ‏دەكرد، هەموو جیهازەكانی تەكنیكی پێشكەوتووی تەكنەلۆژیای ئیستیخباراتی عەسكەری ‏فەیلەقی یەك و پێنج و ئیتیخباراتی عامەی عیراق لە بەغدا، نەیاندەتوانی ئەو جفرانە ‏بخوێننەوە بۆ ئەوەی شوێنی حەشارگەی پارتیزانەكان بدۆزنەوەو لەناویان ببەن، هەموو ‏پسپۆڕەكانیان توشی هستریا ببوون رێباز و حەسەن كوێستانی و سەڵاح دیلمان لە سنوری دە‌شتی هەولێر و بەرانەتی ‏و باڵەكایەتی و خۆشناوەتی مانەوە، دواتر چەندان مەفرەزەی تری پارتیزانی تر بە سەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا ئەمین لە ‏سنوورەكانەوە رویانكردە سنووری گەرمیان و دۆڵی جافایەتی و شارباژێر و بادینان (ئازادی ‏سەگرمە، مام رۆستەم، كوردۆقاسم، مەحمود سەنگاوی، غەریب هەڵەدنی، كامیل نوری، ‏جەباری حاجی مامەندی، سەركەوت حەسەن، مەحمودی كانی ساركی، تۆفیق تەمەر ‏چەلكی) .

 

دواتر مەفرەزەیەكی تری پارتیزانی بە سەرپەرشتی عەبەرەق و دلاوەر عوسمان ‏سەرپەرشتی پەڕینەوەی پارتیزانەكانیان دەكرد و بۆ هەندێ ئیش و كار خۆیان دەگەیاندە ناو ‏شاری سلێمانی.

سەدام كوێتی داگیركرد، بۆ ئەوەی عیراق و سوپاكەی ببن بەزلهێزێكی تر لە دنیادا، بۆ ‏ئەوەی بنەمای ژێرخانی ئابورییەكی بەهێز پێكبهێنێت، هەموو بەرنامەو نەخشەوپیلانەكانی ‏بهێنتتەدی.

گەر سوپای عیراق لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە تێكنەشكایە، ئەوا قۆناغێكی تری ئەنفالی ‏هەموو خەڵكی (سلێمانی، هەولێر، دهۆك، كەركوك) بێسەروشوین دەكران، دواتر لەسەر تەرزی بیناسازی كەلەپوری عەرەبی سیمای شارەكانیان دەگۆڕی.

 

 

كۆمەڵی كوردیی لە چ روویەكەوە پێویستی بەیەكێتی بوو؟

 

 

لەگەڵ هەموو ئەو راستییانەداو بوونی چەندین خاڵی تری بەهێزو درەوشاوە، لەمێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، ئێستا لەجاران زیاتر كۆمەڵی كوردی، پێویستی بەبووژانەوەی زیاتری رۆڵ و بەشداری و كاریگەریی زۆرتری سیاسەت و هەڵوێست و هەنگاو و دەستپێشخەرییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە، لەمڕوانەی خوارەوە:

1-یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی پێویستی سەرەكی هەمیشە ئامادەیە، بۆ قوربانیدان و بەرهەمهێنانی ئیرادە و گیانی قوربانیدان و بەرگریكردن بەخوێن.

 

2-یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی پێویستە، بۆ زامنكردن و پاراستن و راگرتنی بنەماكانی سیستەمی دیموكراسیی و فرەیی و ئازادیی و بەرەنگاربوونەوەی تاكڕەویی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.

3-یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی پێویستە، بۆ پڕۆسەی بەعەلمانیكردنی كۆمەڵ و سیستەمی فەرمانڕەوایی كوردستان و بەرگریكردن لەم سیستەمەو بەرەنگاربوونەوەی رەوتی كۆنەپەرستی و دۆگمای و دیاردەی تیرۆر.

4-یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی سیاسی پێویستە، بۆ راستكردنەوەی هاوسەنگییەكان، لەناو پڕۆسەی سیاسیی لەهەرێمی كوردستان و عیراق و بەڕێوەبردنی ناكۆكیی و ململانێكان و ئاراستەكردنی رۆڵ و كاریگەرییەكانی وڵاتانی دەوروبەر، بە بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان.

5-یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی سیاسیی پێویستە، بۆ بەرگرتن بەتێكشكانی نەتەوەیی و لەدەستدانی دەسكەوتە نەتەوەییەكان و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر، وەك ئەوەی كە جاریتر لەڕابردوودا چەندینجار روویداوە.

6-یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی سیاسی پێویستە، بۆ ئەوەی هەمیشە بتوانێت داكۆكی لەدەسكەوت و سەركەوتن و سەروەریی و ئامانج و بەرهەمی قوربانییەكانی خۆی بكات كە بوونەتە موڵكی هەمووان.

 

سەرچاوەكان :

پانۆرامای 41 ساڵ تەمەنی خەباتی تیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵپەری www.pukmedia.com
رۆژنامەی كوردستانی نوێ
نەوشیروان مستەفا: لەكەناری دا نوبەوە بۆخڕی ناوزەنگ - خولانەوە لەناوبازنە - پەنجەكان یەكتر دەشكێنن

خەڵەف غەفور: یەكێتی لە توڵەیتوڵەوە بۆ ناوزەنگ

ئەبوبكر خۆشناو: چەند لاپەڕەیەك لەمێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

فەریدون عبدولقادر: هەڵۆسورەكانی قەندیل

عەبدوڵڵا كەریم مەحمود: رۆڵی نەوشیروان مستەفا ئەمین لە سەرپەرشتیكردنی مەفرەزە پارتیزانەكانی كوردستان

نیاز سەعید عەلی: ئایا یەكێتی خەسڵەتی جیاكەرەوەی هەبووە و هێزێكی پێویستە بۆ ئەم قۆناغە؟
عەدنان وەلی: 39 ساڵ پڕ لەسەروەری و خاوەن روبارێك خوێنینە سەركردەكەشی پێشمەرگەیەكی دێرینە،

عیماد ئەحمەد: یەكێتی، حزبی سەروەرییەكان‌ و رێبەری جیاوازییەكان

بابەتێك لەژێر ناوی كورتەیەك لەسەر مێژووی یەكێتی ‏15./8‏/2010، نووسەرەكەی نادیارە لەگەڵ داوای لێبوردن.


PUKMEDIA ئامادەكردنی.. كاوان ئەحمەد حەمەساڵح هەڵەبجەیی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket