riklam

یه‌كێتی زیاتر له‌ 20 ترلیۆن دینار بۆ مووچه‌خۆران ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

کوردستان 06:27 PM - 2023-05-27
پشکی هەرێم لەبوودجەی عیراق PUKMEDIA

پشکی هەرێم لەبوودجەی عیراق

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران

فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌جێگیركردنی مادده‌كانی (13 و 14) حكومه‌تی هه‌رێم ناچار ده‌كات "قه‌باره‌ی ئه‌و پاشه‌كه‌وت و لێبڕ‌ین و مووچه‌ نه‌دراوانه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌رێژه‌ی 10% بگێرێته‌وه‌" كه‌ ماوه‌ی 6 ساڵ به‌رده‌وام بوو، كه‌ قه‌باره‌ی قه‌رزی پاشه‌كه‌وت ده‌گاته‌ 20 ترلیۆن دینار"، په‌رله‌مانتارێكیش ئه‌و هه‌نگاوه‌:" به‌ خزمه‌تكردن و گێڕانه‌وه‌ی مافی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌زانێت، كه‌ له‌سوودی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و 250 هه‌زار مووچه‌خۆره‌". 

 به‌هه‌وڵی یه‌كێتی 10% پاشه‌كه‌وت بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

ئه‌گه‌ر هه‌ردوو مادده‌ جێگیركراوه‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ نوێنه‌رانی عیراق له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023و 2024 و 2025 له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت، ئه‌وا بۆ هه‌رمانگێك فه‌رمانبه‌ران به‌رێژه‌ی 10% ده‌خرێته‌سه‌ر مووچه‌كه‌ی، ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش رایده‌گه‌یه‌نێت:" به‌ڵێنی خۆمان بۆ جێگیركردنی ئه‌و دوو ماده‌یه‌ بۆ خزمه‌تكردنی مووچه‌خۆران بردۆته‌سه‌ر".

د. نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA رایگه‌یاند: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی داراییدا مادده‌كانی 13 و 14 كه‌ تایبه‌تن به‌ پشكی هه‌رێم و گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ پڕ‌ۆژه‌ یاسای بوودجه‌ی ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025 په‌سه‌ندكران، كه‌ دوو بڕ‌گه‌ی سه‌ره‌كی بوون له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌وه‌ پێشنیاركرابوون".

له‌مادده‌ی 13ی پڕ‌ۆژه‌ یاسای بودجه‌دا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندكراوه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت به‌ خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان بدات، له‌گه‌ڵ پابه‌ندكردنی به‌ خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی پارێزگاكان به‌پێی پێوه‌ره‌ كارپێكراوه‌كانی یاسای بودجه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و بێ جیاوازی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ حكومه‌تی فیدراڵی به‌شه‌ پاره‌ی پارێزگای ناڕ‌ازی ده‌بڕ‌ێت و به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ راده‌ستی پارێزگاكه‌ی ده‌كات، " د. نه‌رمین مه‌عروف وایوت.

 
مانگانه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران چه‌ند زیاد ده‌كات ؟

د.نه‌رمین مه‌عروف راشیگه‌یاند:" ناوه‌ڕ‌ۆكی بڕگه‌ی 13، یه‌كێك بووه‌ له‌ داواكارییه‌كانی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ مانگانه‌ به‌ رێژه‌ی 10% له‌كۆی مووچه‌ی ئێستای ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران، واتا ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رێك 30 ملیۆن دینار لای حكومه‌تی هه‌رێم بێت و مووچه‌ی مانگانه‌ی یه‌ك ملیۆن دینار بێت، پێویسته‌ مانگانه‌ 100 هه‌زار دینار بچێته‌ سه‌ر مووچه‌كه‌ی، تاوه‌كو 30 ملیۆنه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت".

نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و 250 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر سوودمه‌ند ده‌بێت

 

به‌پێی سیستمی بایۆمه‌تری، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی ( یه‌ك ملیۆن و 249 هه‌زار و 481 ) موچه‌خۆره‌ و مانگانه‌ش پێویستی به‌ (890 ملیار )دینار هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌یان بۆ دابین بكات، هه‌رچه‌ند پێش بایۆمه‌تری ( 1 ملیۆن و 395 هه‌زار ) موچه‌خۆری هه‌بوو،  قه‌باره‌ی ( 868 ملیار) دیناری پێویست بوو بۆ مووچه‌.

به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونی سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی (20) ترلیۆن دینار قه‌رزداری مووچه‌خۆرانه‌ به‌هۆی سیستمی (پاشه‌كه‌وتی مووچه‌، لێبڕ‌ینی مووچه‌، پێنه‌دانی مووچه‌ی مانگانه‌) كه‌ شه‌ش ساڵ به‌رده‌وام له‌ مانگی 8ی ساڵی 2015ه‌ تاوه‌كو 17/8/2020 و دوای ئه‌م ماوه‌یه‌ش له‌ كابینه‌ی 9دا سیستمی خۆگونجاندن په‌یڕه‌وكرا كه‌ 11 مانگی خایاندو له‌17/8/2020 تاوه‌كو 25/7/2021).

 
حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر له‌ 20 ترلیۆن قه‌رزاره‌

له‌و ماوه‌یه‌دا قه‌باره‌ی قه‌رزی مووچه‌خۆران له‌ شایسته‌ی دارایی (نزیكه‌ی 20ترلیۆن و 59 ملیار و 926 ملیۆن و 946 هه‌زار دیناره‌ كه‌ له‌لای حكومه‌ته‌ و كه‌ به‌ هۆكاری دواكه‌وت وپاشه‌كه‌وت و نه‌دانی مووچه‌ و لێبڕ‌ین و خۆگونجاندنه‌وه‌.

حكومه‌تی هه‌رێم له‌ماوه‌ی 6 ساڵی رابردوودا، 12 مووچه‌ی به‌ته‌واوه‌تی به‌فه‌رمانبه‌ران نه‌داوه‌و ڕ‌اپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی كه‌ تاوه‌كو مانگی 7ی ساڵی 2020 ئاماژه‌ی پێكراوه‌، به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌نداره‌ به‌و سێ‌ مووچه‌ی كه‌ له‌مانگی نۆی 2019 خرایه‌ سه‌ر پاشه‌كه‌وته‌كانی ڕ‌ابردوو و بۆ كابینه‌ی 8 حساب كرا،  هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ بڕ‌ی لێبرینی چوار مووچه‌ی دابه‌شكراوی 2020ی كراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش كابینه‌ی نۆیه‌م 4 مووچه‌ی مانگه‌كانی(5/6/11/12)ی به‌نادیاری هێشتوه‌ته‌وه‌ و دیار نییه‌.

 

حكومه‌ت له‌ شه‌ش ساڵدا 12 مووچه‌ی ته‌واوی نه‌داوه‌

 

هه‌رله‌و 6 ساڵه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم 12 مووچه‌ی به‌ته‌واوه‌تی دابه‌شنه‌كردووه‌، هه‌روه‌ها 24 مووچه‌ی به‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ دابه‌شكردووه‌و 4 مووچه‌ش به‌ لێبرینی 18 بۆ 21% دابه‌شكردووه‌.

حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ساڵی 2015 تا 2020، دوانزه‌ مانگ (ساڵێك) مووچه‌ به‌ مووچه‌خۆران نه‌درا، كه‌ 4مانگی ساڵی 2015 و 1مانگی 2017 و 7مانگی 2020بووه‌.
34 مانگیش له‌ ساڵانی 2016-2017-2018، سیستمی پاشه‌كه‌وت و چاره‌كه‌مووچه‌ی پیاده‌كردو كه‌ له‌ 2016 دا 12 مانگ په‌یره‌وكرا و له‌ 2017 دا 11 مانگ په‌یره‌و كراو له‌ 2018یشدا 12 مانگ په‌یره‌وكرا.

به‌پێی سیستمی لێبرینیش 5 مانگی ساڵی 2020 لێبڕ‌ین له‌ مووچه‌یان كراوه‌ به‌ رێژه‌ی 18% بۆ 21% ، ئه‌م شێوازانه‌ی پاشه‌كه‌وت و لێبڕ‌ین و بێموچه‌یی تا 25/7/2021 به‌رده‌وام بووه‌ و له‌ دوای ئه‌م كاته‌وه‌ "خۆگونجاندن و به‌پێی داهاتی به‌رده‌ست مووچه‌ی مووچه‌خۆران ده‌درێت، كه‌ به‌گوێره‌ی لیستێكی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی دارایی دابه‌ش ده‌كرێت.


پاشه‌كه‌وتی مووچه‌، له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی  ده‌ستیپێكردووه‌ له‌ (2015 - 2018) په‌یڕ‌ه‌وكراوه‌ و  مووچه‌خۆران (5) مووچه‌ی ته‌واویان پێنه‌دراوه‌ (23) مانگیش چاره‌كه‌ مووچه‌و (11) مانگیش به‌شێك له‌م موچه‌كانیان پاشه‌كه‌وت كرا.

 

قه‌رزه‌كه‌ی هه‌رێم زیادیكردووه‌

 

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم له‌دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستانی رۆژی 5/10/2020  ئاشكرایكرد كه‌ :" قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم زیادیكردووه‌ و گه‌یشتۆته‌ 28 ملیار دۆلار و نیو". و له‌ باره‌ی قه‌رزی مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمیشه‌وه‌ رایگه‌یاند:" به‌هاكه‌ی (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هه‌زار و 514) دۆلاره‌، كه‌  ده‌كاته‌  (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دیناری عیراقی .

‌ لێبڕ‌ینی مووچه‌ له‌كابینه‌ی نۆ-شدا به‌رده‌وامبوو

لێبڕ‌ینی مووچه‌، هه‌ر له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می دا كاری پێكرا له‌ساڵی (2020 - 2021) موچه‌خۆران (7) موچه‌ی ته‌واویان بڕ‌او و (10) موچه‌شیان به‌ لێبڕ‌ینی (18%) و (21%) بۆ خه‌رجكرا. هه‌رچه‌ند ڕ‌ۆژی 28/6/2021 سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕ‌ایگه‌یاند: سه‌باره‌ت به‌ قه‌رزه‌كانی هه‌رێم له‌مانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هه‌زار دۆلاره‌ بووه‌، به‌ڵام له‌ مانگی 3ی 2021 گه‌یشتووه‌ به‌: 31 ملیار و 637 ملیۆن دۆلار". دواتریش له‌ ڕ‌ونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئه‌وه‌یان ڕ‌اگه‌یاند؛ كه‌ زیاكردنی ئه‌و (3) ملیار دۆلاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ شایسته‌ داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌ران بۆ مانگه‌كانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان".
به‌وپێیه‌ 7 مانگ مووچه‌ی بڕ‌درا و 10مانگ به‌ لێبڕ‌ینی 21% له‌ كابینه‌ی 9 دا ده‌كاته‌:" ده‌كاته‌؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار.

 

پێشناره‌كه‌ی یه‌كێتی جێگیركرا


له‌دواكۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا مادده‌كانی 13 و 14 كه‌ تایبه‌تن به‌ پشكی هه‌رێم و گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ پڕ‌ۆژه‌ یاسای بوودجه‌ی ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025 په‌سه‌ندكران، كه‌ دوو بڕ‌گه‌ی سه‌ره‌كی بوون و له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌وه‌ پێشنیاركرابوو.

هه‌رێم كه‌مال ئاغا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA ی رایگه‌یاند:"یه‌كێتی وه‌ك هه‌میشه‌ له‌خه‌می خه‌ڵك و هاووڵاتیانی هه‌رێمدایه‌ و به‌ده‌نگدانی لیژنه‌ی دارایی له‌سه‌ر پڕ‌ۆژه‌ یاسایی بودجه‌ی ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025 یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڵێنه‌كانی خۆی برده‌سه‌ر هه‌روه‌ك چۆن به‌ڵێنی دابوو كه‌ پرسی بودجه‌ و مووچه‌ و داكۆكیكردن له‌ قوتی هاووڵاتیان پێشینه‌ی كار و ئه‌ركه‌كانیبێت له‌ به‌غداو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران" .
 
" یه‌كێتی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی برده‌ سه‌رو بابه‌تی (مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌ نشییانی هه‌رێم، مافی پارێزگاكانی هه‌رێمی له‌بودجه‌ی به‌گه‌ڕ‌خستن و وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌كان، دابین بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ پارێزگایی هه‌ڵه‌بجه‌، گێڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌ رێژه‌ی 10% ی مانگانه‌) له‌ پڕ‌ۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025 جێگیركردووه‌" هه‌رێم كه‌مال ئاغا واده‌ڵێت .

شه‌وی رابردوو 25-5-2023، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا له‌سه‌ر پێشنیاری یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان مادده‌كانی 13 و 14 كه‌ تایبه‌تن به‌پشكی هه‌رێم و گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌پڕ‌ۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025 په‌سه‌ند كران.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket