riklam

سەرۆک کۆمار پەیامێکی نووسراوی لە شا چارڵزی سێهەم پێدەگات

عیراق 01:09 PM - 2023-05-23
 خاتوو شاناز ، د. لەتیف رەشید، و شازادە سۆفی PUKMEDIA

خاتوو شاناز ، د. لەتیف رەشید، و شازادە سۆفی

سەرۆککۆمار

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، پەیامێکی نووسراوی لە خاوەنشکۆ شا چارڵزی سێهەم پادشای شانشینی یەکگرتووەوە پێگەیشت.

 

لەمیانی پێشوازیکردنی سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ،لە کۆشکی بەغداد، لە شازادە سوفی دیۆکی ئیدنبرە  و وەفدی یاوەری و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ڕیچاردسۆن پەیامەکەی بەدەست گەشت.

 

پادشای شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە پەیامەکەیدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئامادبوونی سەرۆک کۆمار، دەربڕی کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە کاتیدرایی وێستمینستەر  لە لەندەن بەشداریکرد لە ڕێوڕەسمی تاج لەسەرنانی پادشایەتی شانشینی یەکگرتوو.

 

شا چارڵزی سێهەم دووپاتی کردەوە کە شانشینی یەکگرتوو و عێراق دۆستایەتیەکی مێژوویی درێژخایەن  بەیەکەیانەوە دەبەستێت، وهیوای دەربڕی کە ئەم پەیوەندییە نزیکانەی لەسەر بنەمای پەیوەندییە مێژووییە کانی نێوان هەردوو وڵات پتەوتر ببن، هاوکات هاوبەشیەکی هاوچەرخ دروست بکرێت کە لەڕێگەیەوە بتوانن پێکەوە کار بکەن بۆ ڕووبە ڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە دوچاری هەمووان بونەتەوە، لەوانەش گۆڕانی کەشوهەوا ، ئاسایشی جیهانی و مافەکانی مرۆڤ.

 

خاوەنشکۆ لە پەیامەکەیدا دەڵێت: بیر و نزاکانمان لەگەڵ گەلی عێراقە، کە بەرگەی هەموو ئازار و نەهامەتیەکانیان گرتوە، بەتایبەتی دڕندەیی داعش و تاقمە تیرۆریستییە توندڕەوەکانی دیکە لەم دواییانەدا، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار لە پشتیوانیکردنی ئەو کەسانەی

زیانیان بەر کەوتوە زۆر بەرز دەنرخێنرێن، و جارێکی دیکە هەڵوێستی شانشینی یەکگرتوو بۆ عێراق وەک دۆست و هاوپەیمانێک لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو عێراقییەکان دوپات کردەوە.

 

سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم لە رێگەی دیوکی ئیدنبرەوە، سڵاوی خۆیان بۆ خاوەنشکۆ شا چارڵزی سێهەم نارد و هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتریان بۆ گەلی بەریتانیا خواست، هەروەها سەرۆک کۆمار خۆشحاڵی خۆی  دەربڕی بۆ سەردانەکەی شازادە بۆ عێراق، وهیوای سەردانێکی بە سودی بۆ خواست.

 

 سەرۆک کۆمار ئاماژەیدا بە پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان عێراق و شانشینی یەکگرتوو، جەختیکردەوە لەسەر پێویستی کارکردن بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات و گەل بەدیبهێنێت.

 

سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کە شارەکانی عێراق سەقامگیری و ئۆقرەیان بەخۆوە بینیوە، بەو پێیەی حکومەت لە ڕێگەی بەرنامەی کاری خۆی پلانی دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان داڕشتوە، ئاماژەیشی بەو هەوڵەنە  کرد کەلە ئارادان بۆ پەلەکردن لە پەسەندکردنی بودجە و دەستکردن بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کارنامەی حکومەت.

 

سەرۆک کۆمار باسی لە بارودۆخی ئاوارەکان و ئەو ئازار و  نەهامەتیە مرۆییە و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە کرد کە تیایدا ژیان دەگوزەرێنن، جەختیشیکردەوە کە حکومەت مەبەستێتی کۆتایی بێنێت بە دۆسییەی خێزانە ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان بە تایبەت دوای نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە ناوچەکەیان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شەنگال، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر بۆ هەموو گەلی عێراق، هیواشی خواست کە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرپرسیارن لەم دۆسییەیە هەوڵی زیاتر بدات کە وەڵامدانەوەی قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییە بێت کە ئاوارەکان تیایدا دەژین.

 

هەروەها خانمی یەکەم باسی لە دۆخی منداڵان کرد لە عێراق و بوونی منداڵ لە نێو خێزانە ئاوارەکاندا و ئەو بارودۆخە سەختەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کە خێزان و کەسوکار و شوێنی حەوانەوەیان نییە، بەتایبەتی ئێزیدییەکان، ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای ئەو بەرنامانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی خێزان و منداڵانی ئاوارە پێشکەشکراوە ، ئەوان ڕووبەڕووی ڕێکاری قورس دەبنەوە.

 

لە بەرامبەردا، شازادە دیوکی ئیدنبرە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە، خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندا بۆ سەردانیکردنی عێراق، هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاوکاری و دۆستایەتیی هاوبەشی نێوانیان هەردوو وڵات دووپاتکردەوە بە ئاماژەدان بە بەڕێوەبردنی دۆسییەی ئاوارەکان و گەڕاندنە وەیان بۆ زێدی خۆیان و دروستکردنی خانوو و شوێنی حەوانەوە، کە کێشەیەکە پێویستە چارەسەر بکرێت کە پێویستی بە ژیری و سەرکردایەتی سەرۆک کۆمارە لەو ڕوەوە. شازادە دیوکی ئیدنبرە پیرۆزبای لە سەرۆک کۆمار کرد سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنەوەی پارچە شوێنەوارییەکان لە بریتانیا. هاوکات سەرۆک کۆمار  بانگهێشتی بەڕێزیانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی مۆزەخانەی نیشتمانی بکات .

سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم دیارییەکیان پێشکەشی بەڕێزیانکرد لە پای  پێزانین بۆ هەوڵەکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هاوکات دیوکی ئیدنبرە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە پڕ میهرەبانیە دەربڕی.
ئەمەش دەقی پەیامەکەی شا چارڵزی سێهەمی شانشینی یەکگرتووە بۆ سەرۆک لەتیف جەمال ڕەشید:

کۆشکی باکینگهام
١٨ی ئایاری ٢٠٢٣
جەنابی سەرۆک کۆمار 

 

زۆر خۆشحاڵم کە گەرمترین و دڵسۆزانەترین سڵاوم ئاراستەی بەڕێزتان و گەلی عێراق بکەم و زۆر سوپاسگوزارم بۆ پەیامە پڕ بەخشندەکەتان بە بۆنەی ئاهەنگەکانی نەورۆز و هەروەها  ئامادەبوونتان لە مەراسیمی تاج لەسەر نانی پادشایەتی کە لە کاتیدرائی وێستمینستەر لە لەندەن سەرەتای ئەم مانگە بەڕێوەچوو.

 

شانشینی یەکگرتوو و عێراق دۆستایەتییەکی دوقۆڵی مێژوویی  پێکەوە گرێیان دەدات. هیواخوازم  سەردەمی حوکمداری  وڵاتەکەمدا ئەو دۆستایەتییە نزیکە لەسەر بنەمای پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بونیادبنرێت بۆ دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر کە لە ڕێگەیەوە بتوانین پێکەوە کاربکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەرویان دەبینەوە، لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ.

 

بیر و نزای ئێمه لەگەڵ گەلی عێراقە کە بەرگەی هەموو ئه و ئازار و نەهامەتیانەی گرتوە، وەک چۆن لەم دواییانەدا بەدەست دڕندەیی داعش و تاقمە تیرۆریستیه توندڕەوەکانەوە ئازاری زۆری پێگەیشت.

 

هەوڵەکانتان بۆ پشتگیریکردنی ئەو کەسانی زیانیان بەرکەوتوە بەرز دەنرخێنرێن، و هیوادارین دەرفەتی بەدیهێانی دادپەروەرییان بۆ برەخسێت، دوای ئەوەی ئەو هەمو ئازارەیان چەشتووە.

 

من هەمیشە بەپەرۆش بووم کە پێکەوە کاربکەین بۆ بەرجەستەکردنی ڕێزگرتن و پاراستنی ئازادی ئایین و باوەڕ بۆ هەمووان، لە هەموو شوێنێک. شانشینی یەکگرتوو وەک دۆست و هاوپەیمانێکی عێراق دەمێنێتەوە لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو عێراقییەکان.
 بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتەکەمانم بۆ ئەم مەبەستە.

لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و پێزانین
چارڵزی سێهەم

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket