riklam

پێشێلكردنی یاسا لەپەرلەمان زەنگێكی مەترسیدارە

کوردستان 05:43 PM - 2023-05-22
دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان PUKMEDIA

دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان

پەرلەمانی كوردستان كوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

پەرلەمان لەهەموو جیهان بە پەرلەمانی كوردستانیشەوە ئەركی دانان و دەركردنی یاسایە، بەڵام كاتێك یاسا لەناو هۆڵی پەرلەمان پێشێلدەكرێت ئەو كات هەست بەزەنگێكی مەترسیدار دەكرێت و ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی یەكێتی رێگرییان لەشكاندنی شكۆی یاسا لەناو پەرلەمان نەكردایە، پەرلەمانی كوردستان مێژوویەكی ناشرینی بۆخۆی تۆمار دەكرد، پسپۆڕێكی یاسای دەستووریش دەڵێت: "هەوڵدان بۆ گرتنەبەری رێگای نایاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، سوكایەتییەكی گەورەیە بە دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێم".

 

 بنەمای بەتاڵ ئەنجامی بەتاڵە

 

د.یوسف گۆران پسپۆڕی یاسای دەستووری لەتیوتێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: "هەوڵدان بۆ كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان بە رێگەی نایاسایی و پێچەوانەی شەرعییەتی پەرلەمانیی، سوكایەتییەكی گەورەیە بە دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێم و  گەمەیەكی مەترسیدارە بە ئایندەی پڕۆسەكە و سیستمی سیاسی كوردستان، چونكە هەر شتێك لەسەر بنەمای بەتاڵ بێت، ئەنجامەكەشی هەر بەتاڵە.

 

 

سەرۆكی پەرلەمان ئاشتەوایی پاراست

 

 

عەباس فەتاح جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "پەرلەمانی كوردستان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ كاردەكات و هەر بەپێی ئەو پەیڕەوە زیادكردنی بابەتێك بۆ كارنامەی دانیشتنی پەرلەمان و ئاگادار نەكردنەوەی ئەندامانی پەرلەمان پێش 24 سەعات لەدانیشتنەكە نایاساییە و هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە".

 

"سەرۆكی پەرلەمان لەپێناو ئەو ئاشتەواییەی لەهەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە تێكنەچێت، هەروەها لەسەر دەستی ئەو بەنایاسایی بڕیار دەرنەچێت، دەسەڵاتە رەهاكانی خۆی بەكارهێناو كۆتایی بە دانیشتنی پەرلەمان هێنا" عەباس فەتاح وادەڵێت.

 

 

سكرتێری پەرلەمان دڵی پارتی رازیی دەكات

 

 

سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی بەدانیشتنی پەرلەمان هێناو لەدوای ئەوەش هیچ جۆرە دانیشتنێك نەبووە، ئەگەر بووبێتیش نایاسایی بووە.

 

راشیگەیاند: "دوای كۆتایی هێنان بەدانیشتەنەكە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە، هیچ جۆرە دانیشتنێك نەبووە و ئەوەی فراكسیۆنی پارتی دەیڵێت گوایە كۆمسیۆن كارا كراوەتەوە راست نییە، هەروەها مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان تەواو سەلماندی كە نوێنەرایەتی پێكهاتەكان ناكات و هەموو هەوڵێكی بۆ رازی كردنی دڵی پارتییە". 

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: "فراكسیۆنی یەكێتی زۆر لەوان گەورەتر بیری لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و ئاواتەخوازبوو بەئاشتەوایی ئەو پرسانە نیشتمانیانە تێپەڕێنرێت نەك بە سیناریۆ و فێڵ و راكردن لە راستی".

 

 

پیلانەكەی پەرلەمان شكستی هێنا

 

 

 

ئەوەی ئەمڕۆ لایەنێك ویستی لە پەرلەمانی كوردستان بیكات، پیلانی لایەنێك بوو بۆ چەواشەكردنی رایگشتی و تێكدانی ئارامی كوردستان.

د. چیا زەنگەنە راوێژكاری یاسایی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: "دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان یاسایی نەبوو، چونكە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە پەیڕەوی ناوخۆ بە سەرۆكی پەرلەمان دراوە، سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت بە بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی بڕیاری راگرتنی دانیشتنەكە بدات، چونكە ئەو دانیشتنە هیچ بەهاو بنەمایەكی یاسایی نییە، سەرۆكی پەرلەمانیش رێگای بە كەس نەداوە لەبری ئەو دانیشتنەكە بەڕێوەببات، ئەوەی كە ئەمڕۆ روویدا پیلانی لایەنێك بوو بەرامبەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چەواشەكردنی رای گشتی و تێكدانی ئارامی كوردستان".

 

"لەبەر ئەوەی دانیشتنی ژمارە 4ی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان یاسایی نەبوو، هەر بڕیارێكی تێدا دەركرابێت هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە، بۆیە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش بە بڕیاری نایاسایی تاوانێكی یاساییە" د. چیا زەنگەنە وادەڵێت.

 

 

 

بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان یاسایی بوو

 

 

ئەو راوێژكارە یاساییە دەشڵێت: "ئەو دەسەڵاتەی د. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنەكەدا بەكاریهێنا یاسایی بوو، چونكە سەرۆكی یاسایی و شەرعی پەرلەمانە و بڕیاری راگرتنی دانیشتنەكەش بڕیارێكی تەواو یاساییە و لەو روەوە شەرعییەتی تەواوی هەیە".

 

جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی نییە

 

 

جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتەكانی دیاریی كراون و دەسەڵاتی نییە لەبری سەرۆكی پەرلەمان بڕیار بدات، بەتایبەت لەكاتێكدا سەرۆكی پەرلەمان لەناو پەرلەمان ئامادەیی هەبێت.

 

رۆژان حەمە كەریم پسپۆڕی یاسایی و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بەسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "بەنایاسایی پرسی كۆمسیۆن خستنە ناو دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانەوە سازدانی نیشتمانی تێكداو پەڕەیەكی خراپی لەنێوان لایەنەكان كردەوە كە لەمێژووی پەرلەمانی كوردستاندا ئەمە یەكەمجارە بەنایاسایی پرسێكی لەو شێوەیە بخرێتە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانەوە."

"جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە هێمن هەورامییە دەسەڵاتی نییە كە سەرۆكی پەرلەمان لەناو پەرلەمان بێت و ئەو دەسەڵاتەكانی سەرۆك بەكاربهێنت، بۆیە ئەگەر بڕیاری ئەوەی دابێت كە لە وجودی سەرۆكی پەرلەماندا ئەو دەسەڵاتەكانی سەرۆك بەكاربهێنت، ئەوەش جارێكی دیكە پێشلكردنی یاسای و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانە"

 

پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان چوار جۆر دەسەڵاتی داوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان، لەبڕگەی سێیەم لە ماددە 18 لە پەیڕەوی ناوخۆ دەسەڵات دراوە بەسەرۆكی پەرلەمان بە( كردنەوەی خول و دانیشتنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتیكردنی، كۆتاییپێهێنانی و دواخستنی و دەستنیشانكردنی كاتی ئەنجامدانی دانیشتەنەكان) هەر بەپێی ئەو دەسەڵاتە سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری بەكۆتایی هێنان بەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان هێناو بۆ كاتێكی نادیار دوایخست.

 

هەر لەو بارەیەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا كە كۆپیەكی بۆ PUKMEDIA نێدراوە رایدەگەیەنێت: "هیچ دەرئەنجامێكی ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆ دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت و دەسەڵاتی ئیمزاكردنی سەرجەم نوسراوەكانی پەرلەمان تەنها لەدەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان دایە".

 

 

هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رێگری لە كارێكی نایاسایی و پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كردو جارێكی دیكە دەركەوت هەركاتێك سازان دروست دەبێت لەنێوان لایەنەكانی كوردستان پارتی هەوڵی تێكدانی دەدات".

 

بۆ خوێندنەوەی زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینكانە بكە:

 

دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان تەنها شەش بڕگەیە


سەرۆكی پەرلەمان: لەدژی نایاسایی دەسەڵاتی رەهای خۆم بەكاردەهێنم

 
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان: هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن یەك پاكێجە


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket