riklam

حكومه‌تی عیراق به‌كردار وته‌كه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی سه‌لماند

کوردستان 03:32 PM - 2023-05-06
سەرۆکی یەکێتی PUKMEDIA

سەرۆکی یەکێتی

حکومەتی هەرێم نەوتی سپی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌میشه‌ پێیوابووه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وت ته‌نها رێككه‌وتنه‌، ئه‌وه‌شی ئێستا ده‌بینرێت نه‌وتی به‌سره‌ قه‌ره‌بووی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ له‌ئه‌نجامی ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان هه‌رێم و عیراق كراوه‌و یه‌كێتی پێشتر داوای كردوه‌و به‌چاره‌سه‌ری زانیوه‌.

 

سه‌رۆك بافڵ: به‌غدا رێگه‌ راسته‌كه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشتر له‌كۆڕ‌به‌ندی هه‌ولێر كه‌له‌ 1ی ئازاری ئه‌مساڵدا به‌ڕ‌ێوه‌چوو رایگه‌یاندبوو: "براكانمان له‌به‌غدا ئاماده‌ن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌رێم رێكبكه‌ون، له‌كاتێكدا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌ڵێت، له‌و بواره‌دا ته‌نها به‌سره‌ هه‌زارجار له‌هه‌رێم ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌، جگه‌ له‌وه‌ ده‌توانرێت به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا كه‌ رێگه‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌ داهاتی نه‌وت شه‌فاف بێت".

 

قوباد تاڵه‌بانی: پشتیوانی رێككه‌وتنی عیراق و هه‌رێم ده‌كه‌ین

پێویسته‌ شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتی نه‌وت و خه‌رجی له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و داواكارییه‌ كه‌ یه‌كێتی بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك داوایكردوه‌و پێیوایه‌ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێی سۆمۆوه‌ شه‌فافیه‌ت ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ دیداری عیراق بۆ سه‌قامگیری و بوژاندنه‌وه‌ له‌ به‌غدا رایگه‌یاند: "چه‌ندینجار له‌چاوپێكه‌وتنه‌كاندا رامگه‌یاندووه‌ من لام گرنگ نییه‌ كێ نه‌وت ده‌فرۆشێت، به‌ڵام گرنگه‌ بزانین چۆن نه‌وت ده‌فرۆشین و داهاته‌كه‌ی چی لێدێت، كه‌مه‌به‌ستم لێی شه‌فافیه‌ته‌ له‌ خه‌رجی و داهات، هاوكات پشتیوانی رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و عیراق له‌باره‌ی پرسی نه‌وت ده‌كه‌ین و سۆمۆ به‌رپرسیاره‌ له‌هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان".


سودانی: مووچه‌ی هه‌رێم دابینده‌كه‌ین

به‌پێی ده‌ستوور ئه‌گه‌ر نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ بكرێت یاخود نه‌كرێت، حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌ركییه‌تی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دابینبكات.

محه‌ممه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌ دیداری عیراقدا وتی:"دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆران ئه‌ركی حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌، جا ئه‌گه‌ر نه‌وت هه‌نارده‌ بكرێت یاخود نه‌كرێت، ئێمه‌ به‌رپرسین له‌مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ".


یه‌كێتی هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ سه‌ر رێگا راسته‌كه‌

پێشتریش یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌وڵی زۆریدا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستووری بفرۆشرێت و داهاتی نه‌وت ببێته‌ هۆكاری خزمه‌تی خه‌ڵك، هه‌ر ئه‌و بیرو باوه‌ڕه‌ش سه‌ركه‌وت.

مه‌لا كه‌ریم شكور ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی ئێستا له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عیراق دا هه‌یه‌، ته‌واو ده‌ستووری و یاساییه‌ و خۆمان رازی بووین كه‌ هه‌رێمێكبین له‌ عیراق."

"پێشتریش یه‌كێتی له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌م رێگا راسته‌ی گرتبووه‌به‌ر، چونكه‌ پێیوایه‌ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێت خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵك بكرێت و له‌داهاتوودا ئه‌و راستییه‌ش زیاتر روون ده‌بێته‌وه‌".

 

راگرتنی نه‌وتی هه‌رێم كاریگه‌ری له‌سه‌ر عیراق نه‌بووه‌

عیراق به‌پێی دواین ئامار كه‌له‌مانگی چوار بۆی دیاریكراوه‌ له‌ ئۆپێك+ رۆژانه‌ ده‌توانێت چوار ملیۆن و 414 ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رھه‌م بھێنێت، له‌كاتێكدا له‌ مانگی رابردوودا به‌بێ به‌رھه‌مھێنانی نه‌وتی ھه‌رێم و كه‌ركوك، چوار ملیۆن و 130 ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت بووه‌.

به‌هجه‌ت عه‌لی ئه‌حمه‌د خاوه‌نی بڕ‌وانامه‌ی ماسته‌ر له‌به‌ڕ‌ێوه‌بردنی نه‌وت و غاز به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA  ی راگه‌یاند:"راوه‌ستاندنی نه‌وتی ھه‌رێم كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كردوه‌ته‌ سه‌ر به‌رھه‌می نه‌وتی عیراق و داھاته‌ نه‌وتییه‌كانی، ئه‌گه‌ر ھه‌رێم به‌رده‌وام بوایه‌ به‌ توانای به‌رھه‌مھێنانی خۆی، ده‌بوو ته‌نھا 160 ھه‌زار به‌رمیل به‌رھه‌م بھێنت به‌ھۆی پابه‌ندبوونی عیراق به‌بڕیاری ئۆپێك+ ".

" هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێگه‌ی سۆمۆوه‌ ده‌ستووری یاساییه‌و ئێستا عیراق له‌یه‌ك رێگه‌وه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات و به‌مه‌ش داهات شه‌فاف ده‌بێت و خه‌رجیش دیار ده‌بێت" به‌هجه‌ت ئه‌حمه‌د واده‌ڵێت.

له‌ئێستادا به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان راگیراوه‌، داهاتی نه‌وتی به‌سره‌ فریای مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌كه‌وێت و قه‌ره‌بووی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و رێگا راسته‌یه‌ كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌وڵی بۆداوه‌و پشتیوانی رێككه‌وتنی هه‌رێم و عیراق لێكردوه‌، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڕیاریداوه‌ پاره‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت و قه‌ره‌بونی راگرتنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ نه‌وتی به‌سره‌ بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش سه‌لماندنی وته‌كه‌ی سه‌رۆك بافڵ-ه‌ كه‌ وتبووی ده‌كرێت هه‌رێم و عیراق له‌نه‌وتدا هاوبه‌ش بن و به‌غدا رێگه‌ راسته‌كه‌یه‌ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket