riklam

یه‌كێتی خۆی به‌پارێزه‌ری مافی پێكهاته‌كان ده‌زانێت

کوردستان 12:49 PM - 2023-05-05
 پەڕلەمانی کوردستان PUKMEDIA

پەڕلەمانی کوردستان

یەکێتی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌مووكات پشتیوانی راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كان بووه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، ئێستاش لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و ته‌نانه‌ت یۆنامیش بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌كورسی كۆتاكان به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شكرێن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی كۆتاكان قۆرغ نه‌كرێت‌ و پێكهاته‌كان هه‌ست بكه‌ن نوێنه‌ری راسته‌قینه‌یان له‌په‌رله‌مان هه‌یه‌. 

 

زیاد جه‌بار سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پێشتر به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندبوو: "پێشنیازه‌كه‌ی یۆنامی بۆ كورسی پێكهاته‌كان پێشنیازی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی تریشه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان".

"له‌ رابردوودا كۆمه‌ڵێك له‌ هێزه‌ سیاسیيه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پڕۆژه‌یه‌كیان بۆ هه‌ڵبژاردن پێشكه‌شكردوه‌ و تێیدا سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان گوێیان لێگیراوه‌و له‌ئێستاشدا یۆنامی له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت پێشیازیكردووه‌"، زیاد جه‌بار وایوت.

 

یۆنامی و لایه‌نه‌كانیش هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنیان ده‌وێت


له‌سه‌ره‌تای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كانی پێكهێنانی ئه‌و كابینه‌یه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران بوو، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌و یاسایه‌ هه‌موارنه‌كراوه‌ته‌و یه‌كێتی و گۆڕان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رد داوای هه‌مواری یه‌ساكه‌ ده‌كه‌ن.

یاسین حه‌مه‌ عه‌لی سه‌رپه‌رشتیاری ژووری هه‌ڵبژاردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕ‌ان له‌میانی به‌شداریكردنی له‌به‌رنامه‌ی سه‌عات 12ی ده‌نگی گه‌لی كوردستان رایگه‌یاند: "وه‌فدی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق (یۆنامی) چه‌ندینجار له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كاندا كۆبوه‌ته‌وه‌و پێشنیاری ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌مواربكرێته‌وه‌و سازانی نیشتیمانی له‌سه‌ر بێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری كۆكبن، هه‌روه‌ها یۆنامی پێشنیازی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ دوو كورسی كۆتاكان بۆ پارێزگای سلێمانی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان نوێنه‌ری ڕ‌استه‌قینه‌ی خۆیان هه‌بێت له‌په‌رله‌مان. "

"له‌ماوه‌ی ڕ‌ابردوودا هیچ كاتێك نوێنه‌ری ڕ‌استه‌قینه‌ی پێكهاته‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان نه‌بووه‌، بۆیه‌ لایه‌نه‌كان له‌پێناو مافی پێكهاته‌كان داوا ده‌كه‌ن كه‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كان له‌په‌رله‌مان هه‌بێت". یاسین حه‌مه‌ عه‌لی واده‌ڵێت.

 

یه‌كێتی خه‌مخۆری پێكهاته‌كانه‌

حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنی به‌رنامه‌ی سه‌عات 8ی به‌یانی ده‌نگی گه‌لی كوردستان ڕ‌ایگه‌یاند: "له‌ئێستادا هه‌ر 11 كورسیه‌كی كۆتاكان له‌په‌رله‌مانی كوردستان بۆ مه‌رامی تایبه‌تی لایه‌نێك به‌كارده‌هێنێرێت و تائێستا پێكهاته‌كان نه‌یانتوانیوه‌ خاوه‌ن ده‌نگی خۆیان بن و نوێنه‌ری ڕ‌استه‌قینه‌یان هه‌ڵبژێرن". 

"هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان داواده‌كه‌ن كه‌ كورسی كۆتاكان به‌سه‌ر پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستاندا دابه‌شبكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی پێكهاته‌كان بتوانن نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن و دادكۆكی له‌مافه‌كانیان بكه‌ن." حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵڵا وایوت.

ده‌شڵێت: "یه‌كێتی له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان زیاتر خه‌مخۆری پێكهاته‌كان بووه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ ببێت به‌چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی پێكهاته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ماف و شایسته‌كانیان پارێزراوبێت".

 

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هەمیشە بەرگریکاری سەرسەختی مافی پێکهاتەکان بووە، ئەمەش بەپشتبەشتن و بەردەوامی لەسەر رێبازی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال کە لەخولی یەکەمی پەرلەماندا داوای دیاریکردنی کورسی پێکهاتەکانی کرد.

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket