riklam

نەوت و وزەی کوردستان

ئابوری 11:04 AM - 2023-05-04
نەوت و وزە PUKMEDIA

نەوت و وزە

نەوتی سپی

نەوت و وزەی کوردستان
دوای بڕیارەکەی دادگای فەرەنسا


دۆسێی وزە لە کوردستان و ئاڵنگارییەکانی کە بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵی 2014-ەوە بۆتە مایەی مشتومڕ و کردار و پەرچەکردار لەنێوان هەرێمی کوردستان و عیراقدا، دۆسێیەکە کە بەڕووکەش وەک گرفتێکی ناوخۆیی لەسەر ئاستی عیراق دەبینرێت، بەڵام رەگو ریشە مێژووییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەر لە جەنگی یەکەمی جیهان و ململانێی زلهێزەکان لەرێی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری نەوت و غاز کە ئەو کۆمپانیایانە، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیانەی کە لە رووکاردا تەنها بزنس و وەبەرهێنان لەو سێکتەرەدا دەکەن، بەڵام کاریگەریی و رۆڵ و نەخشیان لە سیاسەتی زلهێزەکاندا لە بەشێک لە دامەزراوە سیاسی و دەوڵەتییەکانیان زیاترە.

 

دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی فەرەنسا سەبارەت بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەک و بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر نایاسایی بوونی ئەو هەناردەکردنە،  مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی کۆڕێکی بۆ ژمارەیەک پسپۆڕی بواری وزە و یاسای ئەو بوارە رێکخست، لەو رووەشەوە ئەو پسپۆڕانە زانیاریی وردیان بۆ میدیاکاران خستەڕوو و تێیدا ئاماژەیان بەو هەڵە سیاسی و قانونیانە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی باشووری کوردستان لە 2014وە لەو بوارەدا کردوویانە وەک راگەیاندنی سەربەخۆیی ئابووریی و ریفراندۆم و خۆ خزاندنە نێو ململانێی زلهێزە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان بەبێ لێکدانەوەی لێکەوتە و دەرهاویشتەکانی کە تا ئەمڕۆش هەرێمی کوردستان باجی ئەو زنجیرە هەڵەیە دەدەن لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی و ئابووریی و کارگێڕی.

 

دۆسێکە پوختەی راپۆرتێکی گشتگیرە سەبارەت بە ریشەی مێژوویی نەوت و غاز و گەمەی زلهێزەکان لەو بوارەدا و دوای راپۆرتەکەش پوختەی وتە و روونکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە لە چوارچێوەی مێزگردەکەدا هەریەکەیان بە گوێرەی شارەزایی خۆیان لە بوارەکەدا بەرچاوڕوونیانداوە بە میدیاکاران کە پێکهاتبوون لە (د. خەبات محەمەد شارەزا لە بواری جیۆلۆجیای نەوت)، (بەهجەت عەلی ئەحمەد ماستەر لە بەڕێوەبردنی نەوت و غاز)، (میران حسێن، ماستەر لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و شارەزا لەبواری نەوت و غاز)، (دانا تەقی، شارەزا لەبواری نەوت)، (بەرزان هەورامی، پەرلەمانتاری خولی پێشووتری ی.ن.ک لە پەرلەمانی کوردستان) و (رێبوار محەمەد محەمەدئەمین، ماستەر لە گرێبەستی نەوت و غاز) . 

قۆناغی یەکەم : لکاندنی ویلایەتی موسڵ

 

 ( باشوری کوردستان) بە عیراقەوە:
رۆژی شومی پێشنیازی فرۆشتنی ویلایەتی موسڵ بە عیراق لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە 16/1/1925 پێشنیازی لکاندنی ویلایەتی موسڵ بەعیراقەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێش(98) ساڵ  بەر لەئێستا  لەلایەن لیژنەیەک لە کۆمەڵەی گەلان  بە دەستی بەریتانیا کرا بۆ پادشای ئەوکاتە پاشا فەیسەڵ لەبەرامبەر 75 ساڵ ئیمتیازی نەوتی ویلایەتەکە.

 

ناوەڕۆکی پڕۆژەکە ئەوەبوو کە بەریتانیا پێشنیازی لکاندنی باشوری کوردستانی کرد بە عیراقەوە لە بەرامبەر 75 ساڵ ئیمتیازی نەوتی ویلایەتەکە و ئەگەر رازی نەبن ئەوا ویلایەتی موسڵ دەخەنەوە سەر تورکیا.

 

هۆکارەکان چی بوون؟ ئایا بەریتانیا رقی لە کورد بوو و دۆستی عەرەب بوو؟

 

ئایا هۆکاری سەرەکی کورد خۆی نەبوو؟

 

بەریتانییەکان لە ساڵی 1870 وە کەڵکەڵەی داگیرکردنی ئەم ناوچەیە لەمێشکی دان و زانیان چ کانگایەکی ئاڵتونی رەش لەژێر خاکەکەیەتی ئەویش نەوتە.

 

دوای ئەوەی ئەڵمانەکان لە ساڵی 1908 گرێبەستیان کرد لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی بۆ دۆزینەوەی نەوت لە هەردوولای هێڵی شەمەندەفەری بەرلین بەغدا لەناو سنووری ویلایەتی موسڵ لە کەرکوک.

 

ئینگلیزەکان بەمەیان زانی و پلانی جەنگی جیهانی یەکەمیان دارشت و کەوتنە خۆیان بەنهێنی هاتنە لای مەحمود پاشای جاف و پێیانوت: ئێمە دەوڵەتی عوسمانی دەڕووخێنین و کورد دەکەینە دەوڵەت و تۆش دەکەینە پاشای ئەو دەوڵەتە.

 

مەحمود پاشای جاف لە وەڵامدا وتی: من پیربووم، توانام نەماوە، بڕۆن بۆلای مەحمودی شێخ سەعید (شێخ مەحمودی مەلیک) ئینگلیزەکان وایان کرد و جەنگیان هەڵگیرساند و دەوڵەتی عوسمانیان رووخاند و شێخیان کردە مەلیکی کوردستان، بەڵام بەهۆی پەیوەندییەکانی شێخ مەحمود لەگەڵ تورک و روسەکاندا، حکومەتەکەییان رووخاند.لە 1918 تا 1925 ویلایەتی موسڵ بە هەڵواسراوی مابۆوە و نەخرابووە سەر عیراق و ئینگلیزەکان هەر چاوەڕێی کوردبوون و نەهاتەدی.

 

کورد لەوکاتەدا دابەشببوون بەسەر کۆمەڵێک خێڵداو و عەقڵی خێڵەکی و ناوچەگەرێتی زاڵبوو بەسەریاندا و نە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی تۆکمە هەبوو، نەحزبێک و بیروباوەڕێک هەبوو زۆرینەی خەڵکەکە کۆبکاتەوە و ئاراستەیان بکات و لە ئینگلیز تێبگات و هەم خواستەکەی ئینگلیز بەدیبهێنێت هەم مافی چارەنووس کە دەوڵەتی کوردی بوو بەدەستبهێنێت. بۆیە ئەم چارەنووسە رەشە بەسەر کورددا هات و کرایە بەشێک لە عیراق و کورد بە خاک و خەڵکەوە بووە دەستکەوتی جەنگ و فرۆشرا و عیراقی عەرەبی کورد و خاکەکەی کڕی.

 

قۆناغی دووهەم: سیاسەتی هەڵەی بەڕێوەبردنی نەوت و غاز

 

هەرێمی کوردستان بەهۆی سیاسەتی هەڵە و نەشارەزایی لە ئیدارەدان و تێنەگەشتن لە هەموو دیوە ئابووری، سیاسی، سەربازییەکانی نەوت و غاز و تێنەگەشتن لە ئامانج و ستراتیجی وڵاتانی سەرمایەداری جیهانی و یاریکەرانی سەرەکی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تێنەگەشتن له هێز و کاریگەرییان و چۆنێتی یاریکردن بە کارتی نەوت و غازەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان هەر رۆژەی بەشێوەیەک. 

 

هەروەها تێنەگەشتنی بڕیاربەدەستانی هەرێم لە ئاڵۆزیی و ململانێکان و جەمسەربەندیی بەرژەوەندیی هاوبەش و رێکەوتنە هاوبەشەکانی وڵاتان بۆ دەست بەسەراگرتنی هەموو وزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وای لە هەرێم کرد، کە نەزانانە دەست بۆ ئەم دۆسێ ئاڵۆزە ببات و هەموو جەمسەرەکان بدات بەیەکتردا و دواتر لە ئابووریی سەربەخۆ و ریفراندۆمدا خۆی بکاتە قوربانی و بە مایەپووچی لێی دەرچێت و دۆخێکی سەختی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی بکات بە یەخەی هەموو تاکێکی ئەم کوردستانەوە کە ماوەی 10 ساڵە پێوە دەناڵێنین و تادێت لە خنکان نزیکمان دەکاتەوە.

 

 بەهۆی پەتای کۆرۆنا ڤایرەس و هەرەسی نرخی نەوت لە جیهان و بێ پلانی و نەبوونی دراوی پاشەکەوت و کەمبوونەوەی داهات و کێشەکان لە بەغدا و بەردەوامی قەیرانەکانی رابردوو، تادێت ئەم هەرێمە لە کارەسات نزیک دەکاتەوە تا گەیشتە دەرکردنی بڕیاری دادگای نابژیوانی نێودەوڵەتیی ژووری بازرگانی فەرەنسی و راگرتنی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێم لە23 و24/3/2023.

 

 بۆ زیاتر تێگەشتن لە هۆکارەکانی گەیشتنی دۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەرێم بەم ئاستە، بە وردی ئاماژەمان داوە بە هۆکارەکان و ئەو هەڵانەی لە رابردوو کراون و ئێستا باجەکەی دەدەین.

 

لە ئەنجامی جەنگی وزەی نێوان جەمسەرەکاندا هەر لە سەرەتای سەدەی رابردوو و جەنگی یەکەم ە دووەمی جیهان و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق و سەردەمی دوای 2003 تا رۆژگارەکانی ئێستا کە کورد بەهۆی ئەم سیاسەتە هەڵە و نەشارەزاییەی بەڕێوەبرنی نەوت کە بەردەوام بەهۆی سەرەڕۆیی بەرامبەر زلهێزەکان و رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا و ململانێی یەکترسڕینەوە، وا ئێستاش کارتی وزە بەدەست چەماندنەوەی یەکتر، ئەوەندەی تر دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

 

دەستپێکی بڵاوکردنەوەی دەنگۆیەك، بۆ مۆرکردنی گرێبەستی وزە لە نێوان کۆمپانیای رۆزنەفتی روسیا و هەرێمی کوردستان، وەک کاردانەوەیەکی هەرێمی کوردستان دژی گرێبەستی نێوان بەغدا و کۆمپانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانی بۆ گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و کشانەوەی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبێلی ئەمریکی لە کوردستان و بەراوردنەکردنی توانای کورد لە ئەنجامی ململانێکە و پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا لەوزەی کوردستاندا، ئەم ئەنجامەی لێکەوتەوە.  

 

ئاماژەکانی پشت لەدەستدانی نیوەی خاکی باشووری کوردستان لە ساڵی 2017، لە دانیشتنی ( پاریس- واشنتن- لەندەن) لە فەرەنسا و لەگەڵ عەبادی دەستیپێکرد، ئامۆژگاریی وڵاتانی خۆرئاوا و چەند لایەنێکی ناوخۆی کوردستان، بەوەی کە کاتی ریفراندۆم دروست نییە، لە خۆڕا نەبوو.
لێرەدا ئاماژە بە دوو فاکتەری زۆر گرنگ دەدەین کە رۆڵی لە هاتنەکایەی دوا نسکۆی کورد هەبوو لە باشووری کوردستاندا.

یەکەم : پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نەخوازراوی وزە

 

وڵاتانی خاوەن وزە ئەگەرچی خاوەن سامانێکی مرۆیی گەنج و بەتوانان، بەڵام خاوەنی هیچ کارگەیەک و بەرهەمی پیشەسازیی وزە نین.

 

کوردستان جگە لە یەدەگی نەوت کە بە 45 ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت، یەدەگی غازی سروشتی 5.7 ترلیۆن مەتر سێجای هەیە و پاش روسیا و ئێران و قەتەر و سعودیە و ئیمارات و ئەمریکا دێت کە دەکاتە نزیکەی ٪3ی یەدەگی غازی هەموو جیهان، لە ساڵی 2007 دا، هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز ئیمزاکرد، بۆ هەڵکەکەندنی بیر لە کێڵگەی غازی چەمچەماڵ و کۆرمۆر، پاشان هەر وەزیری وزە لە هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی ساڵی 2015 بۆ ئابووری و وزەی ئەتڵانتیك لە ئیستانبوڵ ئاماژەی بەوەداوە کە هەرێم لە ساڵی 2020 دا غازی سروشتی رەوانەی تورکیا و ئەوروپا دەکات.

 

لەگەڵ دۆزینەوەی ئەم گەنجینەیە لە کوردستاندا، داکوتینی سنگی کۆمپانیا تورکییەکانیش دەستیپێکرد، یەکەم کۆمپانیای تورکی کە دەستی بەکارکردن کرد گەنەڵ ئینێرجی بوو، دوابەدوای ئەو کۆمەڵێک کۆمپانیای دیکە بۆ گەڕان و پشکنین و هەڵکەندنی بیری نەوت و غاز لە کێڵگەکان هاتن، کە راگەیاندنی ئەڵمانیا بێ سڵکردنەوە دەڵێن: «ئەوان پشکیان لە کێڵگەکان هەیە، نەك کرێکاری کێڵگە، تانەر یەڵدزی وەزیری وزەی تورکیا خۆی وتبووی کە ئەوان هەر کاری دۆزینەوە و گواستنەوەی وزە ناکەن، دەبێ پشك و بەشیان لە کێڵگەکاندا هەبێ.

 

سەرکردایەتی هەرێم لەگەڵ پێگرتن و دارەدارەی وزە، لەسەر پێشنیازی تورکیا، دەستی کرد بە دژایەتیکردنی ناوەند لە بەغدا و ئاماژەکردن بە ئابووریی سەربەخۆ، هەتا توانی کێشە و قەیرانی دروستکرد، بێ منەتی خۆی لە هەموو شتێک دەربڕی، دەستیکرد بە ئیمزاکردنی گرێبەستی وزە و بێ ئەوەی هیچ راوێژێك بە ناوەند بکا و هیچ ببژێرێ، تا بودجەکەی بڕی، نە بودجەی هێشت و نە داهاتی وزەی بۆ ناوەند و خەڵكی کوردستان بوو، تا وای لە خەڵك کرد، هەندێک لە برسا خۆیان کوشت، هەندێک منداڵی بۆ فرۆشتن خستە ئارا و هەندێک موڵك و ماڵی هەراج کرد و لە دەریاچەی ئیجە خنکا و هەندێک بوونە چەپڵە لێدەری حزبە نابەرپرسیارەکان و کۆمەڵگە درزی تێکەوت و تا دەهات بۆشایی و مەودا دەکەوتە نێوان چینە بێ پارەکان و چینی سەرەوەی خاوەن چاڵە نەوت و گرێبەستەکان، جەماوەری برسی لە دەسەڵات تووڕە و دەسەڵاتیش بێ پلان و چارەسەر .

 

لەگەڵ دۆزینەوەی وزە لە کوردستان، پێش ئەوەی خانەخوێ بیر لە بەرنامەی مامەڵەکردنی بکاتەوە، تورکیا بووە رێنیشاندەر و زۆرجار زانیارییەکان لەبارەی چاڵە نەوت و هەناردە و زۆر کاری پەیوەست بەو بوارە لە وەزارەتی وزەی تورکیاوە دەزانرا، گرێبەستێکی پەنجا ساڵەیان مۆر کرد، لە پێنج کەس زیاتر کەس نەیزانی ناواخنەکەی چی تێدایە، رۆژانە بە نەوتی کەرکوکەوە نزیکەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشرا، خەڵکیش نەك هەر گیرفانیان بەتاڵ بوو، بەڵکو باجی هەموو بێ هیوایی و بێ پلانی ژیانیان کەوتە سەرشان، لە مانگی تەمموزی ساڵی 2014 دا کاتێک بیرە نەوتەکانی کەرکوك (هاڤانا و بای حەسەن خەباز و زەمبور) لە لایەن هێزی پارتییەوە گیرا، مەسعود بارزانی وتی: ئیتر مادەی 140 تەواو، ئیتر ئێمە باسی ناکەین.

 

تورکیا وەکو خاوەن وزەی هەرێم مامەڵەی دەکرد، وزە بۆ تورکیا لەو کات و سەردەمەدا کە هێدی هێدی بێهیوا دەبوو لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەوەندە بۆ تورکیا گرنگ بوو، کە بە هیوایەکی زۆرەوە نەك هەر پشتی خۆی لە ئەوروپا کرد، بەڵکو بە سیاسەتی کۆچبەران گوشاریشی خستە سەر یەکێتیی ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا، بەڵام هەڵوێستە نامرۆڤایەتی و نابەرپرسیارانەکەی بەرامبەر شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی لەکاتی جەنگی کۆبانی، وایکرد وردە وردە رووی راستی ئەردۆغان بۆ ئەوروپا دەربکەوێت، لەگەڵ یارمەتیدانی ئەمریکاش بۆ شۆڕشی رۆژئاوا و ترسی تورکیا لەوەی رێی پەڕینەوەی وزە بگوازرێتەوە بۆ رۆژئاوا و لەوێوە بەرەو دەریای سپی، تورکیای راچڵەکاند و زانی ئیتر ناتوانێت ئەوەندە ناز بەسەر جیۆپۆلەتیکی خۆیەوە بکات.

 

پابەندبوونی سیاسەتی وزەی هەرێم بە بڕیار و سیاسەتی حوکمڕانیی تورکیاوە و پشتکردنە ناوەندی حوکمڕانیی بەغدا، کێشەی زۆری بۆ هەرێم دروستکرد، لەکاتێکدا بەغدا خۆی ئەگەرچی وەکو حکومەتێکی زۆرینە شیعە بوو، بەڵام پابەند و هاوپەیمانی سیاسەتی خۆرئاوا بوو، بەتایبەتی لەگەڵ حوکمڕانیی عەبادیدا، لەکاتێکدا تورکیا بە تێپەڕبوونی کات و پشتگوێخستنی لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە و بەهۆی دەرچوونی لە رێسا و یاسای مرۆڤایەتی و گرتن و پابەندنەبوون بە مافەکانی مرۆڤ و مامەڵەی ناپەسەندی لەگەڵ جەماوەری خۆی پاش «کودەتا» کەی تەمموزی 2015، بە ناچاری رووی لە روسیا کرد، تەنها یەک لایەنی سیاسیی کورد بووە پاشکۆی تورکیا.

 

لە جەنگی 16/10/2017 کە کەرکوکی تێدا بووە قوربانی و پاشان ناوچە جێناکۆکەکانی گرتەوە، بەشێکی زۆری کە پێشمەرگە تیایدا جێگیرکرابوون، کەوتەوە دەست سوپای عیراق، ئەمەش بەرهەمی کۆمەڵێک دیدار و بڕیار و رێکەوتنی پێشوەختبوو لەگەڵ چ حکومەتی عەبادی و چ هاوپەیمانی دژبە جەنگی داعش.

 

لە ئەگەر و نەگەری تەواوبوونی جەنگی داعشدا، وەزیری دەرەوە و بەرگریی 24 وڵاتی هاوپەیمان لە جەنگی دژبە داعشدا، لە رۆژی 21/6/2016دا لە واشنتۆن کۆبوونەوە، بەڵام بێ بەشداریکردنی نوێنەری هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی دوای ئەوە کە لە 22/3/2017دا هەر لە واشنتۆن کرا، ئەمجارە بە ئامادەبوونی نوێنەری هەرێمی کوردستانیش بوو، ئەم هاوپەیمانێتییە لە ساڵی 2014دا و پاش بەهێزبوونی داعش و گرتنی چەندین شار و شارۆچکە لە عیراق، لە لایەن 68 وڵاتی جیهانەوە پێکهێنرا.

 

لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی 14/11/2016 بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی جەنگ و دەرەنجامەکانی، باڵیۆزی ئەمریکا بە بارزانی رادەگەیەنێت کە دەبێ هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەر ئەو خاڵانەی پێش جەنگی داعش، واتە پێشتر و لەگەڵ بارزانی ئەم بابەتە تاوتوێ کراوە و ئاگادار بوون.

دووەم : گرێبەستی هەرێم و رۆزنەفت

 

لە مەراسیمی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، لە رۆژی یەکی مانگی حوزەیرانی 2009 دا، مام جەلال بە دڵنیاییەوە باسی یاساییبوونی ئەو گرێبەستانەی کرد کە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان سەبارەت بە هەناردەی وزەی کوردستانەوە مۆردەکرێن و بڕیاردرا کە وەکو ئەزموونێك سەرەتا رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەی تەقتەق و تاوکی لە زاخۆ، هەناردە بکرێت و لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت و داهاتەکەی بچێتە خەزێنەی دەوڵەتی عیراقەوە.

 

لەگەڵ نائارامی و هەڵگیرسانی جەنگی داعش و پاش بەجێهێشتنی هەندێک لە کێڵگەکانی نەوت و غاز لەلایەن کۆمپانیاکانی خۆرئاواوە وەکو (ئیکسۆن مۆبێل و تۆتاڵ) ەوە، کۆمپانیای رۆزنەفت دزەی کردە ئەو دەڤەرە و لە کۆڕبەندی ئابووریی لە پیتررسبۆرگ لە مانگی حوزەیرانی 2017 دا دەستپێکی بڵاوکردنەوەی دەنگۆیەك بۆ مۆرکردنی گرێبەستی وزە لە نێوان کۆمپانیای رۆزنەفتی روسی و هەرێمی کوردستاندا بڵاوکرایەوە، ئەم هەواڵە زۆر خێرا و گەرماوگەرم لە زۆربەی راگەیاندنەکاندا ئاڵوگۆڕکرا و راو بۆچوون و خوێندنەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە راگەیاندنی تایبەت بە وزەی جیهاندا.

 

مۆرکردنی ئەم گرێبەستە ئابوورییە لەگەڵ کۆمپانیایەکی روسی و سەبارەت بە وزە، واتە جێپێکردنەوەی روسیا بە سەنگی ئابوورییەوە بۆ دەستپێکێکی سیاسی، واتە سەلماندنی نەخوێندەواری سیاسیی حکومەتی هەرێم، یاخود بێئاگابوون لە بارودۆخی جیهان و و روژاندنی چەتری زاڵی سەرمایەداری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە گەمەی ئەمڕۆ گەمەی نێوان دوو تای ئاڵۆزی ترازو یان دوو جەمسەری تێهەڵکێشی هەمیشە گۆڕڕاو و ناهاوسەنگە لە ناوچەکە و لەوەتەی جەنگی سوریاش سەریهەڵداوە، بوونی روسیا و هەوڵدانی بۆ گەڕانەوەی هەژموونی خۆی لەسەر ئاستی جیهان و چوونە سەر سەکۆی رکابەریی ئەمریکا، سەرنجی شانۆی سیاسەتی جیهانی راکێشاوە.

 

بەپێی ئەو یاداشتەی کۆمپانیای رۆزنەفتی روسی لە رۆژی 18/10/2017دا بڵاویکردۆتەوە، کە رێکەوتنێك لە نێوان ئەوان و کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا کراوە کە لە ساڵی 2019دا لوولەی غاز بۆ هەناردەی غازی کوردستان بەرەو تورکیا و لەوێوە بەرەو ئەوروپا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەبەرهێنانەکەش لەسەر بناغە و پەیڕەوکردنی مۆدێلی هەرسێ رەهەندی کاری (بنیاتنان، بەگەڕخستن، گواستنەوە) دەبێت.

 

ئەم گرێبەستەی نێوان کۆمپانیای رۆزنەفت و هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

 

ئەم پڕۆژەیە، دەبوایە ئەمبارەکانی رۆزنەفت لە ئەوروپا پڕبکاتەوە و پاش مامەڵەکردنی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و لەوانە ئەڵمانیا ببرێت و بڕیار وابوو کە پشکی رۆزنەفت ٪60 ی ئەو بەرهەمە بێت، لە هەندێک سەرچاوەش پشکەکەی دەبووە ٪80، یەکێک لە هۆکارەکانی لەدەسدانی نیوەی خاکی باشووری کوردستان ئەو گرێبەستانەی رۆزنەفت و غازپرۆم بوو بۆسەر جێهەژموونی کۆمانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانی کە خۆی بە وارسی نەوتی کەرکوک دەزانێت و هەروەها کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبێل کە لە شەش کێڵگەدا گرێبەستی لەگەڵ هەرێم ئیمزا کردبوو. 

 

لەلایەکی تریشەوە حکومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر بواری وزە لە کێشەدابوون، لەسەر گرێبەست، هەناردە، کرێی کۆمپانیا، داهاتی فرۆشتن و زۆر وردەکاریی دیکەش ناتەبایی و گرژیی کەوتۆتە نێوانیان، ریفراندۆمیش لە 25/9/2017دا هۆکارێکی زیاتری ئاڵۆزیی نێوانیان بوو، بەڵام ئەمە تەنها هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی جەنگی ئەم دواییەی نێوانیان نەبوو، بەڵکو هۆکارێکی دیکە ئەو گرێبەستەی نێوان رۆزنەفت و کەرتی وزەی هەرێم بوو، بە پێی ئەو گرێبەستە، رۆزنەفت لە پێنج کێڵگەی وزەدا بەشدار دەبوو بە پشکی سەرەکی لە نێوان ٪60-٪80، ئەم پڕۆژە و دەستبەکاربوونە ئابوورییە بۆ روسیا و لەم ساتەوەختەی کە رکابەری بەرامبەر بە ئەمریکا و خۆرئاوا لەلایەکەوە و هەوڵدانی ئێران بۆ زیادبوونی هەژموونی لە عیراق، سوریا، لوبنان لەلایەکیترەوە و بۆ قورسکردنی تای تەرازووی روسیا وەکو پەڕجوویەك وایە، وەکو بارستاییەك بۆ هەژموون و دەسەڵاتی لەسەر ئەو ناوچەیە، کە لەهەمان کاتدا بەشێکی زۆری کۆمپانیا ئەمریکی و بەریتانییەکانیش هەر لەو ناوچەیەدا نیشتەجێن.

 

بەرکەوتن یان زیادبوونی هەر پشکێك لە کێڵگەکانی نەوت و غاز بۆ هەر جەمسەرێك لەو جەمسەرانە، واتە بەرزبوونەوەی ئاستی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی لە ناوچەکەدا، وتەبێژێکی رۆزنەفت لە یەکێك لە لاپەڕە ئابوورییەکانی ئەڵمانیا لە 22/10/2017 سەبارەت بەم رێکەوتنەوە دەڵێت:  «ئەم رێکەوتنە یەکێکە لەو رێکەوتنە گرنگانەی کە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئێمە بۆ داچەقاندنی ئامانجەکانمان لە ناوچەیەکی زۆر ستراتیژی و پڕ لە گۆڕان و پایەی دەسەڵات بۆ داهاتوو.

 

ماوەیەك پێش ریفڕاندۆم، روسیا ریفڕاندۆمەکەی بە ئەرێنی دانا، روسیا دەیویست پێگەی جیهانی خۆی زیندووبکاتەوە و وەکو هێزێکی خاوەن وزەی زیاتر و خاوەن دەسەڵاتێکی جیهانی لە ریزبەندەکانی یەکەمدا بێت و بتوانێت کێبڕکێی ئابووری و سیاسی بنوێنێت، پێویستی بە داکوتینی سەنگێکی نوێ بوو لەم ناوچەیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تا ببێتە کارتێکی گوشار و هاوتای هێزێکی جیهانی بتوانێت بەرامبەر خۆرئاوا بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت، بوونی وزەیەکی زۆریش لە کوردستاندا و بەشداریی کۆمپانیاکانی روسیاش پێشتر لە پشکنین و دۆزینەوەی یەدەگی وزە، ئەو پێشبینی و هیوایەی لای روسەکان دروستکرد کە پلانێکی درێژخایەن بۆ قۆرخکردنی وزە و بەتایبەتی غازی سروشتی دابڕێژن.

 

 هاندان و بۆچوونی ئەرێنی روسیاش بۆ ریفراندۆم بۆ بوونە دەوڵەتی کوردستان و سەربەخۆبوونی ئابوورییەکەی، هەر لە روانگەی بەرژەوەندیی ئابووری و ستراتیژیی خۆیەوە سەرچاوەی گرتبوو، بۆیە سێرگی لاڤرۆڤ سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان وتی: «دەبێ خواستی نەتەوەی کورد و هەر نەتەوەیەکی دیکەش بۆ سەربەخۆیی، لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بە رەوا ببینرێت».

 

ئەگەر بوونی ئەو سامان و گەنجینە زۆر و بەبەهایەی کوردستان نەبوایە، چ پاسەوانێکی ئەم دەوڵەت و کیشوەرانە، باسی رەوایەتی سەربەخۆیی ئەم بستە خاکەی دەکرد؟ بەڵام ئەوەی لێرەدا لەنگ و ناڕەوایە ئەوەیە کە گەمەی خاوەن دۆزی سەربەخۆییەکە لەگەڵ هەلومەرجی ئێستای وڵاتە زلهێزەکاندا گەمەیەکی نادروست و دژبە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و هەنوکەیی و ستراتیژی ئەمڕۆی کوردستانە، لەکاتێکدا لە ژێر سێبەری هەر ئەم پڕۆژەیەی کە توانای هەناردەی باشی غازی هەیە، دەکرا لەگەڵ تەنها جەمسەرێك کە وڵاتانی خۆرئاوایە، پڕۆژەکانی هاوپێچ بکات و نەچێت یاری بە دوو جەمسەری ئاڵۆز بکات لەسەر خاکەکەی.

 

 حکومەتی هەرێم لەکاتێکدا کە ناوەند بە پێی رێنمایی خۆرئاوا دەجووڵێ، ئەو دەچێت جەمسەرێکی دژ بەو لەسەر خاکی خۆی قوت دەکاتەوە و کێرڤی هەژموونی روسیا و ئێران زیندوودەکاتەوە و دنە بە جەنگی نێوان دوو نەیار دەدات لەسەر خاکی خۆی.

بەریتانیا و بریتش پترۆلیۆمەکەی

 

بەریتانیا، کە خۆی بە خاوەنی پڕۆژەکانی نەوت و غازی عیراق دادەنێت و لە ساڵی 1927ەوە کۆمپانیا و پڕۆژە و پلانە ئابوورییەکانی تێدا داکوتراوە، ئێستا رۆزنەفت هەر لەو سنوورەی، یەکپارچەیی عیراقی تێدا پارێزراوە، بێت و سەنگی خۆی بسەپێنێت و شەش یەکی هەناردەی غازی خۆی بۆ ئەوروپا لە بەرهەم و داهاتی کوردستان پڕبکاتەوە و پێگە داکوتێت و ببێتە رکابەری بەریتانیا و ئەمریکا، ئەمە هاوکێشەیەکی تا بڵێ ناهاوسەنگە و نەخوێندەواری سیاسیی کورد و سەرکردەکانی تێدا دەسەلمێت، پشتکردن لە بەرژەوەندیی خۆرئاوا، واتە پەلکێشکردنی بەرژەوەندیی دژبەو بەرەو ئەو جوگرافیایەی ئەو سەرمایەیەی تێدا هەڵدەڕێژێ، بۆیە لێرەدا خۆرئاوا زۆر بە ئاسانی دەتوانێت رێسەکەت لێ بکەنەوە بە خوری، وەکو کردیان و لە چوارچێوەی نمایشی خیانەتی حزبی و تۆمەتبارکردن، کە نەك هەر لەلایەن جەماوەری سادە و کورتبینی کورد ئاوا لێکدەدرێتەوە، بەڵکو هەموو سەرکردایەتی کورد دەخاتە ریزبەندی نەخوێندەواریی سیاسییەوە، هۆکاری راسەقینەی لەدەستدانی نیوەی خاکی باشووری کوردستان سەرەڕۆیی بڕیاربەدەستانی هەرێم لە دژایەتی بەرژەوەندیی وڵاتانی خۆرئاوا لە هەرێمی کوردستانە.

 

رۆزنەفت، ئەو پێنج بلۆك یا کێڵگەی وزەیەی پلان وابوو کاری تێدا بکات، بە شەش سەد و حەفتا ملیۆن بەرمیل نەوت خەمڵێنرا بوو، لەبەرئەوەی ریفراندۆم لە کەرکوکیش کرابوو، لە کاتێکدا کە گریمانەی سەرکەوتنی ریفڕاندۆمەکە هەبوایە، ئەوسا کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکیش کە زۆر دەوڵەمەندن بە وزە، دەچوونە سنووری ئەو سەرکەوتنەوە، لەبەرئەوەش رۆزنەفت لەو سنوورە پێگەی هەبوو، ئەوکاتە پشکی کاری لەسەر وزە زیاتر دەبوو و دەسەڵاتیشی بەسەر جیۆپۆلەتیکی ئەو ناوچەیەش زۆرتر دەبوو، بۆیە دەبوو گوشاری سەر بەغدا زیادبکرێت بۆ گرتنەوەی ئەو کێڵگانەی کە بەتایبەت کەوتوونەتە دەوروبەری کەرکوكەوە و پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم سەرپەرشتیی دەرهێنانی دەکەن.

 

کاتێک وەزیری وزەی عیراق لە 19/10/2017 وتی  کارێکی نابەرپرسیارانەیە، حکومەتی فیدراڵی عیراق و وەزارەتی نەوت، تەنها دامەزراوە و لایەنن کە ئیمزا لەسەر ستراتیژی پەرەپێدان و گەشەکردنی سێکتەری وزە دەدەن، تەنها لایەنن کە لێپرسراون لە ئیمزاکردنی گرێبەست و مامەڵەکردن لەگەڵ وڵات و کۆمپانیاکانی وزە و دەرهێنانی وزە.

 

ئەم پڕۆژەیە ئەگەرچی وەکو پڕۆژەیەکی ئابووری خۆی دەرخستووە، بەڵام کەس گومانی لە رەهەندە سیاسییە نێودەوڵەتییەکەی نییە، رۆزنەفتیش، تەنها کۆمپانیایەکی روسی نییە لە کوردستان، کۆمپانیای غازپڕۆمیش دەمێکە کاری لە سێ کێڵگەی وزەی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، ئەوەی لێرەدا کارئاسانی بۆ ئەم پڕۆژەیە دەکات ئەوەیە کە: روسیا و تورکیا و حکومەتی هەرێم، یان باشتر وایە بوترێت پارتی دیموکراتی کوردستان، هەرسێکیان دەکەونە یەك بۆتەی بڕیاردانەوە لە بارەی پڕۆژە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەو دەڤەرەوە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا ململانێ و رکابەرایەتی پڕۆژەکەی وڵاتانی خۆرئاوایە لەو ناوچەیەدا.

 

دڵنیابوون لە بوونی بڕێکی زۆر لە غازی سروشتی لە باشووری کوردستان، چ دەسەڵاتی سەر حوکم و چ کۆمپانیا جیهانییەکانی والێکردووە وابەستەی یەکتربن، هاتنەپێشەوەی کۆمپانیا گەورەکان بۆ وەبەرهێنان لە غاز بەڵگەی بوونی گەورەترین کێڵگەی یەدەگی غازە لە کوردستان.
 نیویۆرك تایمس لەو بڕوایەدایە کە رۆزنەفت ئامادەکاری بۆ هەناردەی ئەو غازە دەکات  و ئەو غازە دەتوانێ ٪6 ی پێداویستی هەموو ئەوروپا پڕبکاتەوە کە دەکاتە شەش یەکی 1|6ی هەناردەی غازی روسیا بەرەو ئەوروپا.

بۆ قۆرخکردنی وزەی کوردستان

 

تینوێتی تورکیا بۆ غازی سروشتی و بۆ بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی بواری پیشەسازی خۆی و تێکچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابووریی و سنوورییەکانی و رێخۆشکردن بۆ زیاتر قۆرخکردنی سامانی وزەی کوردستان لەلایەکەوە و ویستی بۆ تێوەگلاندنی باشووری کوردستان و ئابوورییەکەی بە شێوەیەك کە لەگەڵ خۆرئاوادا بکەوێتە قەیرانەوە و سەنگی نەبێ و هەڵەی پێ بکات و زیاتر بەرەو باوەشی روسیای پەلکێش بکات لەلایەکیترەوە، ئەگەری پەلکێشکردنی سوپای تورکیای لە حاڵەتی کردنی ریفراندۆمدا، رەتکردۆتەوە و هیچ نەبێ گوزارشتی لێ نەکردووە، سەبارەت بە بوونی وزەیەکی زۆریش لە کوردستان و هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ روسیا و تێپەڕبوونی لوولەکانی وزە بە خاکەکەیدا و پێداویستیی ناوخۆیی بۆ پەرەسەندنی پیشەسازی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکەی بە گشتی، وایکردووە خۆیان لەم رێکەوتنەدا وەکو براوە ببینن.

 

لەکاتێکدا رۆزنەفت دەیویست وەبەرهێنانەکانی لە بواری وزەدا و بەتایبەتی لە بواری غازی سروشتیدا لە باشووری کوردستان پەرەپێبدات، لە رۆژی 18/9/2017  دا و پێش ریفراندۆمەکە، بڕیاری خستنەئەستۆی تێچووی هێڵی گواستنەوەی غازی سروشتی باشووری کوردستانیدا، کە تێچووەکەی بە پێی هەواڵەکانی نیویۆرك تایمز و بە پشتبەستن بە هەواڵە ناوخۆییەکانی، نزیکەی یەك ملیار دۆلارە.

ساتوسەودای ژێربەژێری تورکیا و عیراق

 

لە رۆژی 10/10/2017دا، بابەتێك لەژێر ناونیشانی ( بۆ کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی کورد بەسەر نەوتی کەرکوك، بەغدا هێڵی گواستنەوەی نەوت بەرەو تورکیا دەکاتەوە) وەزارەتی نەوتی عیراق بڵاوکراوەتەوە، تیایدا وەزیری پێشووی نەوتی عیراق جەبار ئەللعێبی داوای لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کردووە کە کاری وەبەرهێنان و هەناردە و چاککردنی هێڵی گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی کەرکوك کە لە ساڵی 2014وە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەرەو بەندەری جیهان لە تورکیا هەناردە دەکرێت، بخاتە ئەستۆی خۆی، هەروەها پێش ئەم بڕیارەش وەزیری نەوتی عیراق لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا دانیشتنێکیان سەبارەت بە هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عیراق کردووە و بابەتی نەوت و وزەیان بە گشتی باس کردووە و رێوشوێنی هەناردەیان لە بەندەری جیهانەوە خستۆتە ئاراوە.

 

لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە پیتراسبۆرگ لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2017 دا، کە کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و ئابووری جیهان تێیدا بەشداربوون، وتەبێژی کۆمپانیای رۆزنەفتی روسی میخائیل لیونتیف باسی لە کۆمەڵێک رێکەوتنی ئابووری کردووە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە بوارەکانی پشکنینی وزە و دەرهێنانی و گواستنەوەی و بنیاتنان و بووژانەوەی ژێرخان دەگرێتەوە، هەر سەبارەت بەو گرێبەستانەی کە 20 ساڵ دەخایەنێت، کۆمپانیای رۆزنەفت بەشداریی لە دامەزراندن و پەرەسەندنی هێڵی سەرەکی هەناردەی نەوتدا دەکات لە کوردستانەوە بۆ تورکیا لە رێی کۆمپانیای رۆزنەفتەوە کە قەبەترین کۆمپانیای روسیایە، دەتوانرێ زۆربەی وزەی باشووری کوردستان (نەوت و غازی سروشتییەکەی) لەلایەن روسیاوە قۆرخ بکرێت، هەر یەدەگی نەوتەکەی بە بڕی نزیکەی 45 ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت، هەناردەی ساڵی 2016 زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیل/ رۆژ و لە ساڵی 2017 دا گەیشتە شەشسەد هەزار بەرمیل/ رۆژ، کە دەیکردە نزیکەی ٪12 ی سەرجەم بەرهەمهێنانی هەموو عیراق لەوکاتەدا، ئەم رێژەی وەبەرهێنانە، بووە جێ سەرنجی روسیا و وەکو خەونێك بۆ زیادکردنی پێگەی خۆی لە ئەوروپا و بوونی وەکو فریادڕەسێکی یەدەگی وزە لە ناوچەکە و کەمکردنەوەی هەژموونی خۆرئاوا و لێدانی بەرژەوەندییەکانیان و داکوتانی سەنگی ئابووریی و پاشان سیاسی خۆی، لە هەوڵی هەرچی زووتری گەیشتن بوو بەو گەنجینەیەی باشووری کوردستان و وابڕیاربوو کە روسیا پێشەکی قەرزێکی زۆر بە کوردستان ببەخشێت و کوردستانیش لەگەڵ هەناردە و فرۆشتنی نەوت و غازیش کە بۆ باری ئابوورییەکەی زۆر ناهەموارە و ناوخۆی شێواوە و بودجەی لەنگە و ئاسایشی نائارامە، مەودای دانەوەی ئەو قەرزەی بۆ کاتی فرۆشتنی وزەکە و هاتنەوە دەستی داهاتەکەی دوابخات، هەر لەو کاتەدا، کۆمەڵێک کۆمپانیای دەرهێنان و گەڕان بەشوێن وزەدا، لە کوردستان بنکەیان هەبوو، لەوانە گۆڵف کیستۆن پیترۆلیۆم لە کێڵگەی شێخان و دی ئێن ئۆی نەرویجی لە کێڵگەی تاوکی و کۆمپانیای کاریش لە کێڵگەکانی خورمەڵە و بای حەسەن و هاڤانا دەستبەکاربوون، بەڵام رۆزنەفت، ئەو کۆمپانیا گەورەیەی کە لەژیر دەسەڵاتی بڕیارەکانی حکومەتی روسیایە و دەستکراوەییەکی بەهێزی هەیە لە یاریکردن بە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و دەتوانێت لە شوێنێکی ستراتیژی خاوەن وزەی وەکو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بە پشتیوانی سەرچاوەکانی وزەی باشووری کوردستان، تای تەرازووی هێزی وڵاتانی خۆرئاوا لەنگ و ناهاوسەنگ بکات و لە کێبڕکێی بازاڕی غازیشدا بەهێزتر دەبێت، تەنها چەکی روسیاش کە لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا جەنگی خۆسەپاندنی پێ بکات، وزەکەی و پێداویستی ئەوروپایە بە غازە سروشتییەکەی روسیا، قۆستنەوەی غازی باشووری کوردستانیش ئەوەندەی تر ئەوروپا وابەستەی رێژەیەکی زۆرتری ئەو وزەیە دەکات و لە ناوچەکەش دەسەڵاتێکی ئابووری دەبێت کە دەسەڵاتە سیاسییەکەی پتەوتر دەکات و بودجەی روسیا خۆشی هەر بە پشتبەستن بە داهاتی وزەکەیەتی، بوونی تورکیاش لەو ناوەندەدا وەکو هاوپەیمان، چ بۆ روسیا و چ بۆ حکومەتی هەرێم، هەر بە ئەرێنی دەگەڕێتەوە بۆ خۆی.

 

روسیا بە تەنها خاوەنی ٪27ی غازی سروشتی هەموو جیهانە، ٪40 ی پێداویستیی ئەوروپا لە غازی روسیا پڕدەکاتەوە، واتە وزەکەی سەنگ و قورسایی خۆی هەیە لەسەر بازاڕی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەگەر بەدواچوون بۆ ترسی روسیا بکرێت، بەتایبەتی پاش رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و چاوێك بە نەخشەی سنوورەکەیدا بکێشرێت، دەبینین لەپاش ساڵی 1990ەوە و پاش هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتییە و سەربەخۆبوونیان، زۆربەیان نەك هەر بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵکو بوونە ئەندامی ناتۆش، ئەمەش بۆ روسیا وەکو تەلبەند و تەنگپێهەڵچنینی بوو لەلایەن خۆرئاواوە، بۆیە تەنها بوونی وزەکەی و بەتایبەتی غازەکەی بووە چەك بۆ گوشار خستنەسەر خۆرئاوا.

 

 فراوانکردنی بازاڕی غازەکەی واتە دەسەڵاتێکی فراوانتر، لێرەدا جگە لەو هەڵپەکردنەی بۆ ئیدارەدانی دەرهێنانی غازی باشووری کوردستان، دەمێکە هەڵپەی قۆرخکردنی وزەی بەستەڵەکی باکوورێتی، ئەویش بە دیاریکردنی سنووری ئاوی خۆی لەجەمسەری بەستەڵەکی باکوور بەپێی یاسای سنووری دەریایی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە لەو ناوچە بەستەڵەکەدا بڕی نزیکەی ٪20ی یەدەگی هەموو وزەی جیهانی تێدا حەشاردراوە.

 

لە بەیاننامەیەکی کۆمپانیای رۆزنەفتدا هاتووە کە لەو پێنج کێڵگەیەی لە پلانی ئەواندایە لە باشووری کوردستاندا، ئەگەری خەمڵاندنی 670 ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ دەکرێت و لەکاتی دڵنیابوونیان لە بوونی ئەو بڕە وزەیە، لە ساڵی 2021دا دەست بە بەرهەمهێنانی دەکەن، بەڵام لەلایەکەوە ریفڕاندۆمەکەی باشووری کوردستان، زۆر لە بەرنامە و خەونەکانی رۆزنەفتی پووچەڵکردەوە، لەلایەکی تریشەوە بوونی ئەو (بەریتانیا عوزمایەی) کە پێش سەدەیەك جڵەوی وزەی کەرکوکی بەدەستەوە بوو، دووبارە چرایەکی سووری بۆ پووکانەوەی بوێرییەکانی روسیا هەڵکرد، هەر کە ریفراندۆم کرا و سوپای عیراق زۆربەی ناوچەکانی بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کۆمپانیای نەوت و غازی لێ بوو بە کەرکوکیشەوە، داگیرکردەوە و شکستی بە مۆرکردنی گرێبەستی وزەی نێوان رۆزنەفت و هەرێمی کوردستان بۆ پشکنین و هەڵکۆڵین و دەرهێنانی نەوت و غاز لەو پێنج کێڵگەیە هێنا، وەزارەتی نەوتی عیراق بەیاننامەیەکی هەڕەشە ئامێزی بڵاوکردەوە، کە هیچ لایەنێك ناتوانێت هیچ جۆرە گرێبەست و رێکەوتنێك لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا مۆربکات بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەند لە بەغدا.

 

لەم دواییەشدا لە کۆتایی مانگی ئەیلولی 2017 دا. کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکانی عیراق، ئاشکرای کرد کە هێڵێکی نوێی گواستنەوەی وزە لە کەرکوکەوە و بە درێژایی 350 کیلۆمەتر بەرەو بەندەری جیهان رادەکێشرێت و دەتوانرێت رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بگوازرێتەوە.

 سێ هەڵەی ستراتیژیی هەرێم

 

لێرەدا دەتوانین هەڵەکانی سیاسەتی هەرێم لە سێ خاڵدا کورت بکەینەوە:

 

-1پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ناشەفافی ئابووری، بەتایبەتی لە بواری وزەدا.

 

-2تاریکی رێکەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتی.

 

-3برسیکردنی جەماوەری کوردستان بە گشتی.

 

-4سووربوونی هەرێم لەسەر جێبەجێکردنی رێفراندۆم بەبێ رەزامەندی نێودەوڵەتی و بەبێ پشتیوانی وڵاتە زلهێزەکان، هەڵەیەکی گەورەبوو.

 

-5بوونی بە پاشکۆی تورکیا و خزمەتکاری ئابووریی تورکیا.

 

-6پاشان گرێبەستی وزەی هەرێم لەگەڵ رۆزنەفت، بووە خاڵی کڵپەکردنی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان بەتایبەتی بەریتانیا.

 

دەرەنجامەکانی جاڕدانی ئابووریی سەربەخۆ لە ساڵی 2014دا گرێبەستێ لە نێوان وەزارەتی نەوتی عیراق و راوێژکارانی سەربە کۆمپانیای (بریتیش پترۆلیۆم) مۆرکرا، سەبارەت بە گەشەپێکردن و زیندووکردنەوەی هەردوو کێڵگەی هاڤانا و باباگوڕگوڕی سەربە کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکوك، کە پێش سەدەیەك لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی بەریتانیادا بوو، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی داعش و نائارامی ناوچەکەوە، ئەو رێکەوتنە هیچ کارێکی لەسەر نەکرا، لە ساڵی 2014 شەوە لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی داعشدا، باشووری کوردستان سەرقاڵی پڕۆژەی ئابووری سەربەخۆیە و لەگەڵ ناوەنددا کەشوهەوایەکی گرژ و بەریەکەوتنێکی بارگاوی هەیە لە بۆچوون و بڕیارەکاندا، دوای دەستبەسەرداگرتنی کێڵگەکانی وزەی دەوروپشتی کەرکوکیش لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەرهەمی وزەی کەرکوکیشی چووە سەر ئەو بڕە وزەیەی پێشتر بەرە و بەندەری جیهانی تورکیا هەناردە دەکرا، ریفڕاندۆمەکەش، ئەوەندەی تر پەیوەندییەکەی لەگەڵ ناوەنددا ئاڵۆزترکردەوە و هاوپشتیی روسیاش بۆ پڕۆژەکەی ریفراندۆمیش، بێ ئەوەی وڵاتانی دەوروبەر و بەغدا بەهەند وەربگرێت. پێشبینیەکی هەڵەی روسیا بوو، کە وای وێناکردبوو، کە بە ئەگەری سەرکەوتنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ئابووری و سنووری کوردستان، ئەگەری هەیە بازاڕی ئەویش بچێتە پلانە داڕێژراوەکەیەوە و بتوانێت جڵەوی ئیدارەی وزەی دەستگیرببێت، پاش هاتنی کۆمپانیای رۆزنەفت، کۆمپانیای غازپرۆمیش لە ساڵی 2016 بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی کێڵگەی سەرکالە لە گەرمیان نیشتەجێ بوو.

 

هەڵوێستی ئەمریکا، جیاواز لە روسیا، هەمیشە دەوڵەمەند بوو بە پێشنیازەکانی بۆ نەکردنی ریفراندۆم، بوونی عەبادیش بە سەرۆك وەزیرانی عیراق و زیاتر چوونە ژێر سێبەری چەتری خۆرئاواوە، ئەمریکا توانی باشتر و راشکاوانەتر، جەخت لەسەر هەڵەکانی حکومەتی هەرێم بکاتەوە، هەر سەبارەی بە کردن و نەکردنی ریفڕاندۆم، چەندین هەواڵ و زانیاری چ ئەوانەی دزەیان کردە نێو میدیاکان، چ ئەوانەی بەئاشکرا بڵاودەبوونەوە، هەمووی بێ پێچ و پەنا حکومەتی هەرێمیان لەوە ئاگادار کردبێتەوە کە باشترە و لە قازانجی کوردە کە ریفڕاندۆم نەکرێت، هەروەها پێشنیازی کردووە کە وا باشترە لەگەڵ ناوەنددا مامەڵە و رێکەوتن بکەن و بودجەی خۆتان مسۆگەر بکەن و قسەی خۆتان لە وەرگرتنی بەشی خۆتان لە نەوتی هەموو عیراق هەبێ، جەنگ لەسەر بەشە ئابووریی خۆتان بکەن لەسەر ئاستی عیراق و ئێمەش پشتیوانتان دەبین، چونکە بۆ خۆرئاوا مەرجی پاراستنی یەكپارچەیی عیراق، مەرجی سەرەکی مانەوەی باشووری کوردستان بوو لە ژیاندا.

سێیەم : بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی فەرەنسا

 

لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگای پاریس 

 

بڕیارەکەی دادگای پاریس بۆمبێک بوو ئەمریکا تەقاندیەوە بۆ گێڕانەوەی هەژموونی خۆی و راگرتنی هاوسەنگی بەم شێوەیە:

 

-1لێدانی ئەردۆغان و حکومەتەکەی کە لەبەردەم هەڵبژاردندایە و دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و کورد بەهێزبکات.

 

-2بەهێزکردنەوەی عیراق بەرامبەر تورکیا لە کێشەی نەوت و ئاو و ئاسایشی سنوور.

 

-3بەهێزکردنی عیراق وەک کارەکتەرێکی بەهێز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەدژی بەرەی چینك روسیا، ئێران، سعودیە و تورکیا.

 

-4لاوازکردنی بەرەی تورکیا- پارتی و بەهێزکردنی بەرەی یەکێتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان.

ئەمریکا بەم شێوەیە ئامانجەکەی پێکا:

 

-1عیراق سکاڵاکەی لە تورکیا بردەوە و ئێستا لە پێگەی بەهێزیدایە، کارتی بەهێز کەوتە دەست ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و زیانی ئابووری گەورە بەر تورکیا کەوت و کەوتە ژێر بژاردنی قەرزی ئێستا و ئایندەوە.

 

-2هاوسەنگیی هێزی لە کوردستان گەڕاندەوە لەنێوان یەکێتی و پارتی کە پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی گەیشتە دۆخی بنبەست دوای چەندین هەوڵی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی.

 

ئێستا کارتی نەوت و ئابووری لە دەستی پارتیدا نەماو درایەوە عیراق و لەمەودوا لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا داهات بە هاوسەنگی دێتەوە بۆ کوردستان و بەمەش ئاو کرا بەو ئاگرەی کە خەریک بوو لە کوردستان بکەوێتەوە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا.

 

-3ئەمریکا جڵەوەی سیاسی گەڕاندەوە دەستی خۆی و بەرەکەی خۆی پێ بەهێزکردەوە یەکێتی، عیراق، هێزەکانی سوریای دیموکرات.

هۆکاری گەمارۆ و موشەکبارانی 

 

فڕۆکەخانەی سلێمانی چییە؟

 

تورکیا بۆ تۆڵەکردنەوە لەو شکست و زیانە ئابووری و سیاسییە لە ئەنجامی بڕیارەکەی دادگای پاریس، دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە یەکێتی بکاتەوە کە ئێستا لە بەرەیەکی بەهێزی ئەوروپی ئەمریکیدایە و گرەوەکەی لە تورکیا و پارتی بردەوە و هەروەها لە پێگەی بەهێزی خۆیەوە خۆی بە خاوەنی دۆزی هەرچوار پارچەی کوردستان دەزانێت.

 

هۆکاری ڕادەستکردنەوەی نەوت بە بەغدا ئەوەیە کە چین، روسیا، ئێران، سعودیە، تورکیا، سوریا، پارتی بەهۆی بۆریی نەوت و گرێبەستی  50 ساڵەی تورکیاوە لەسەر ئەو بەرەیە حسابکراوە .ئەمریکا بۆیە ئەوەی کرد چونکە پێیوایە پلانی ئەو بەرەیە دەرکردنی ئەمریکا و ئەوروپایە بە خۆیان و کۆمپانیاکانیانەوە.

 

ئەمە جەنگێکی گەورەیە و درێژکراوەی جەنگی ئۆکرانیایە و لووتکەی جەنگەکەش دەستبردنە بۆ نەوت بە فرۆشتنی لە دۆلارەوە بۆ دراوێکی دیکە.

بەلاڕێدابردنی دۆسێی نەوتی کوردستان

 

لە ساڵی 2005 ەوە کورد لە ململانێدایە لە بەغدا لەسەر دۆسێی نەوتی کوردستان و بەغدا ئامادە نەبوو مادەکانی دەستوری تایبەت بە نەوت جێبەجێ بکات و دواجار سەرۆک مام جەلال رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان نەوت دەفرۆشێت تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی دەردەکرێت و داهاتی ئەم نەوتە بۆ گەلانی عیراقە بە کورد و عەرەبەوە لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵیدا، بەڵام دوای دوورکەوتنەوەی سەرۆک مام جەلال ئەم رێڕەوە تێکچوو و لە ساڵی 2014 دا بڕیاری بەسەربەخۆ فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە درا و هەرێم دوور لە عیراق نەوتەکەی فرۆشت، وەک پسپۆڕێک پشتیوانی هەموو هەنگاوەکان بووم جگە لە چارەنووسی داهاتی نەوت کە بۆ خەڵکی کوردستان نەبوو و گەیاندینی بەم رۆژە.

بەغدا و ئەنقەرە و بڕیاری دادگا

 

بەغداد سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکرد بەوەی نەوتی هەرێم دەفرۆشێت و لەگرێبەستەکەی ساڵی 1973 لایداوە دواجار دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی فەرەنسا بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی ئەم مافە بۆ عیراق و تورکیاش بەبێ دەنگی رازیبوو و پشتی کردە گرێبەستە 50  ساڵییەکەی لەگەڵ پارتی و دواجار نەوتی هەرێم لە رۆژی 23/3/2023 راگیرا و دانوستاندنی نێوان هەرێم و بەغدا دەستیپێکردەوە و هەرێمیش بڕیارەکەی دادگای پاریس جێبەجێدەکات و نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات و داهاتەکەش دەخرێتە ژێر چاودێریی حکومەتی فیدراڵییەوە لە چوارچێوەی بودجەی عیراق.

زیانەکانی نۆ ساڵی رابردوو 

 

-109 ملیار دۆلار کە لەبەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.

 

-هەرێم 32 ملیار دۆلار قەرزار بوو.
ـ

 

1.5 ملیار بەرمیل نەوتی هەرێم بەتاڵان برا .

 

-هەرێم تووشی قەیرانی دارایی بوو، پڕۆژەکان هەموویان شکستیان خوارد.

 

-بەهۆی کۆچ و رووداوەکانی رێگاوبانەوە هەزاران هاووڵاتی بوونە قوربانی، هەزاران دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان بێکاربوون، هەژاری و قاتوقڕی و سەدان قەیرانی تری وەک سووتەمەنی، هەڵاوسان و گرانی و بێکاری.

ئەنجام 

 

ئەمڕۆ مافی فرۆشتنی نەوتی کوردستان لە حکومەتی هەرێمەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای سۆمۆی عیراق و جێبەجێکردنی مادە و بڕگەکانی دەستوور هێشتا لە سەرەتادایە و خەبات و تێکۆشانی گەورەی هەموو حزبەکان و جەماوەری کوردستانی دەوێت کە بەغدا و پێگەی سەرۆک کۆمار و داگای فیدراڵی بکەینە ئامراز و هێزی بەدەستهێنانی ئەو مافانە لەگەڵ پشتیوانیی دۆستەکانمان لە دەرەوە و ناوەوە.

دوای ئەوە کورد چی بکات؟

 

رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور و بەم شێوەی خوارەوە بێت:

 

یەکەم : بەکارهینانی کارتی دەستوور:

 

-1داننانی بەغدا بە هاوبەشێتی راستەقینەی کورد لە بەڕێوەبردنی نەوت نەک جێگر و هاوکار و راوێژکار و رێکخەر و سەرپەرشتیکار.

 

-2بەپێی مادەی 112 بڕگەی یەکەم یاسای نەوت و غازی فیدراڵی دەربکرێت و هاوبەشی راستەقینەی تێدا دیاریبکرێت.

 

-3یاسای دابەشکردنی داهاتەکانی نەوت و غاز دەربکرێت و پشکی کوردی تێدا دیاریبکرێت.

 

-4 سەرژمێریی دانیشتوان لە عیراق بکرێت و رێژەی دانیشتوانی کوردستان دیاریبکرێت و لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا جێگیربکرێت.

 

-5هەر بەپێی بڕگەی یەکی مادەی 112 لە یاسای بودجە بە بڕێکی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو قەرەبووی ئەو زیانانەی کوردستان بکرێتەوە کە رژێمی بەعس بە کوردی گەیاندووە.

 

-6پێکهاتەی وەزارەتی نەوتی عیراق و کۆمپانیای سۆمۆ بگۆڕرێت و پشکی کوردی تێدا دیاربکرێت کە بەشێوەیەک بێت بتوانێت بەرگریی لە مافی کورد بکات، نەک لە پەرواێزدابێت.

 

-7بەپێی مادەی 105 ی دەستوور دەستەی سەربەخۆی کۆکردنەوە و دابەشکردنی داهاتەکانی فیدراڵی دابمەزرێت و بە دادپەروەری داهاتەکان دابەشبکات.

 

-8ئەنجومەنی فیدراڵی بۆ نەوت و غاز دابمەزرێت و رەچاوی هاوبەشیی راستەقینە بکرێت، یان کورد مافی ڤیتۆی هەبێت یان هاو سەنگی لە بڕیارەکاندا رابگیرێت بە یاسا.

 

-9بەپێی بڕگەی دووەم لە مادەی 112 دەبێت وەبەرهێنان لە ئایندەدا بەشێوەی یەکسان و هاوبەشی راستەقینە بێت لەنێوان هەردوولا.

 

دووەم : کارتی دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار 

 

سێیەم : کارتی دادگای فیدراڵی عیراق 

 

ئەم دادگایە دەتوانیت هەر یاسا و بڕیارێک دژی هەرێمی کوردستان دەربچێت و نادەستووری بێت، هەڵیبوەشێنێتەوە و حکومەت و پەرلەمانی عیراق پابەند بکات بە جێبەجێکردنی مادەکانی دەستوور ئەگەر کورد سکاڵا تۆماربکات.

 

چوارەم: کارتی فاکتەری هەرێمایەتی  و نێودەوڵەتی.

-1رۆڵی ئەمریکا 

 

هەر لە چەسپاندنی مافی کورد لە دەستوورەوە هەتا ئێستا ئەمریکا رۆڵی پاراستن و یەکلاکەرەوەی هەبووە، ئەگەر رۆڵی ئەمریکا نەبوایە و بەرگریی نەکردایە، نەک نەوت تەنانەت هەرێمەکەشمان نەدەما.
ئەم بڕیارەی ئێستاش دەرچوو لە سەردەمی عادل عەبدلمەهەدیدا عیراق ویستی کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام ترەمپ نەیهێشت، دەرچوونشی لە ئێستادا هەر بە پشتیوانیی ئەمریکا بوو بە قازانجی گەورە بۆ خەڵکی هەرێم دەگەڕێتەوە.

-2رۆڵی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان

 

ئەو کۆمپانیایانەی نەوت کە لە هەرێمن، لە جیهاندا خاوەنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسین و کەسانی بڕیاربەدەست لە پشتیانەوەیە و رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە لە بڕیارەکان ئەوەتا ئێستا گوشارەکانیان لەسەر هەرێم و عیراق جێگەی خۆی گرت بۆ رێکەوتن و بەغداش بەهیچ شێوەیەک توانای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیانی نییە.

 

-3مافی هەرێمەکان لە دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا و یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بەشداریی هەرێمەکان لە سوودوەرگرتن لە سامانی سروشتیان پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ هەرێم.

مافی هەرێمی کوردستان 

 

لە خاوەندارێتی نەوت و غازدا:

 

لێرەدا شیکارییەکی ورد دەکەین بۆ مافی هەرێم لە خاوەندارێتی نەوت و غازدا کە بەم شێوەیەیە: 

 

یەکەم -ئاینی پیرۆزی ئیسلام دانی بە خاوەندارێتی و سوود وەرگرتنی هەموو دروستکراوەکانی خودای گەورەدا ناوە لە ژێر زەوی سەر زەوەی و بۆ ئەوە دروستیکردووە تا مرۆڤ سوودیان لێببینێت. 

 

دووەم : مادەی 111ی دەستووری عیراقی ساڵی 2005 دەڵێت: گەلانی عیراق لە هەموو هەرێمەکان و پارێزگاکاندا خاوەندارێتی نەوت و غاز دەکەن بەبێ جیاوازی.
ـ

 

مادەی112 ی دەستوور بڕگەی یەکەم بەهەمان شێوە بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگانە کە هەبوون دەبێت ناوەند لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکاندا بەڕێوی ببات و لە رێگەی پەرلەمانی عیراقەوە یاسای بۆ دەربکرێت و لە هەمان کاتدا دەبێت بڕێک لە داهاتی نەوت بۆ ماوەیەک بدرێت بەو هەرێمانەی کە بەعس زیانی پێ گەیاندوون. لەم بڕگەیەدا بەهەمان شێوە بەغدا دەبێت لەگەڵ هەرێمەکاندا نەوت بەڕێوە ببات و یاسای بۆ دەربکات، بەڵام بەغدا بۆئەوەی مافی هەرێم نەدات، ئامادە نییە یاسا دەربکات و کار بە یاسای سەردەمی بەعس ژمارە 84 ی ساڵی 1985دەکات کە ناوی یاسای پارێزگارییە لە هایدرۆکاربۆنات.

 

بڕگەی دووەمی هەمان مادە دەربارەی ئەو کێڵگە نەوتییانەی کە لە دوای رێکەوتی جێبەجێکردنی دەستوور دەدۆزرێنەوە لەلایەن هەرێمەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.

 

دەستووری هەمیشەی عیراق لە مادەی 115دا دەڵێت لەکاتی دروستبوونی کێشە لەنێوان هەرێم و ناوەنددا یاسای هەرێمەکان لەبەرچاو دەگیرێت و کاری پێدەکرێت بەمەرجێک ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی مادەی 110ی دەستووردا نەبێت. نەوت و غازیش لە چوارچێوەی مادەی 110دا نییە و دەسەڵاتی رەهای ناوەند نییە و بە شێوازێکی تایبەت دەسەڵاتەکانی دیاریکردووە. هەروەها مادەی 121 ی دەستوور مافی بە هەرێم داوە دەستوور و یاسا بۆخۆی دەربکات بە مەرجێک پێچەوانەی مادەکانی دەستووری فیدراڵی نەبێت.

سێیەم ـ مافی هەرێم بەپێی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان 

 

بڕیاری (1803) ی نەتەوەیەکگرتوەکان کە لە 14/12/1962  (سەروەریی هەمیشەیی گەلانی بەسەر سامانە سروشتییەکەیاندا پەسەندکردووە) ئێمەش وەک گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا دەتوانین خاوەندارێتی نەوت و غاز بکەین.
هەروەها کۆمەڵێک بڕیاری تری نەتەوە یەکگرتووەکان هەمان مافیان بۆ گەلان سەلماندووە لەوانە بڕیارەکانی (2158 ی ساڵی1966 ، 2692ی ساڵی 1970 ، 3016 ی ساڵی 1972، 3171ی ساڵی 1973، 1321 ساڵی1974 .
هەروەها لە بڕگەی دووەم مادەی یەکەم لە بەشی یەکەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافی ئابووری ، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری رێکەوتی 16/12/1966دا دەڵێت ( هەموو گەلان هەوڵدەدەن بۆ ئامانجێک کە سەربەستانە دەتوانن خاوەندارێتی داهات و سامانی سروشتیی خۆیان بکەن.

چوارەم : رێکخستنی خاوەندارێتی سامانی نەوت لە دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا

 

بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە مافی هەرێمەکان لە دەوڵەتە فیدراڵییەکانی بەرهەمهێنی نەوت، وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، ئیمارات وەک نموونە دەهێنینەوە و بەراوردی دەکەین بەم شێوەیە :

اـ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 

 

 لە ئەمریکا دۆخێکی تایبەت بە نەوت هەیە، چونکە دەستووری ئەمریکا لە ساڵی 1787 نووسراوە و لەو کاتەدا نەوت نەدۆزراوەتەوە و لەساڵی 1859 واتە پاش پاش 72 ساڵ نەوت دۆزراوەتەوە و سامانی سروشتی نەوت و غاز لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدا نییە و لە دەسەڵاتی هەرێمەکاندایە.
خاوەندارێتی نەوت و غاز دەگەڕێتەوە بۆ تاک و کۆمپانیاکان و هۆزە هیندییەکان و هەرکەسێک خاوەنی هەر زەویەک بێت، بەشێوەی ستوونی چی لەژێر زەویدابێت هی خاوەن زەوییەکەیە.

 

ئەو نەوتەش کە دەکەوێتە سنووری ئاویی هەر ویلایەتێکەوە، حکومەتی هەرێمەکە خاوەندارێتی دەکات. لە هەندێک ویلایەتی تر خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ هەموو دانیشتوانی هەرێمەکە.

ب - خاوەندارێتی سامانی نەوت لە کەنەدا

 

کەنەدا دەوڵەتێکی فیدراڵی خاوەندارێتی دەستووریە، پێکهاتووە لە 10 کانتۆن و سێ هەرێم، دەوڵەتێکی بەرهەمهێنی نەوتە، لە کەنەدا مافی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی نەوت و غاز دراوە بە هەرێمەکان.

 

بەپێی مادەی ( 109) ی دەستووری کەندا هەموارکراوی ساڵی 1867 کە دەڵێت هەموو زەوی و سامانی کانزایی و سروشتی خاوەندارێتی یەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمەکان.
 
ج - خاوەندارێتی سامانی نەوت لە ئیمارات:

 

دەستوری ئیمارات ساڵی 1971  مافی خاوەندارێتی نەوت و غازی داوە بە میرنشینەکان واتە هەرێمەکان و لە مادەی (23) دا دەڵێت خاوەندارێتی سامان و سەرچاوەی سروشتی لە هەموو میرنشینەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو میرنشینە بەتایبەتی و گەلەکە بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی بەکاری دەهێنن. بەپێی ئەم مادەیەش حکومەتی ناوەندی ئیمارات ناتوانێت خاوەندارێتی بکات، بەڵکو بۆ میرنشینەکانە.

-9 مادەی 114: 

 

پەیوەستە بە بەڕێوەبردنی داهاتی گومرگ و دەسەڵاتێکی هاوبەشە و پێویستە بەپشت بەستن بە بڕگەی یەکەمی ئەم یاسایە، پەرلەمانی عیراق یاسای بەڕێوەبردنی گومرگ دەربکات، تا ئێستاش دەرینەکردووە و دەیەوێت بە رێکەوتن نەک دەستوور رێک بکەوێت تا هەرکات بیەوێت پاشگەزببێتەوە بەهەمان شێوە بۆ دۆسێی نەوتیش.

-10 مادەی 140: 

 

تایبەتە بە چارەسەرکردنی نیوەی خاکی دابڕێنراوی کوردستان و گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کوردێک نییە ئەوە نەزانێت چی بەسەر ئەم مادەیەدا هێنراوە و ئامادەنەبوو بەغدا جێبەجێی بکات.

 

چۆن دەتوانین لە ئێستا و ئایندەدا سوود لە کارتی غاز بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنووس و پاراستنی قەوارەی هەرێم وەربگرین؟

 

هەرێمی کوردستان خاوەنی 5.7  ترلیۆن مەتر سیجا غازە، لەکۆی هەشت کێڵگەی غاز لە عیراق دوو کێڵگەی لە هەرێمی کوردستاندایە و لە سنووری پارێزگای سێمانیدایە، ئەمە یەدەگێکی گەورە و کارتێکی بەهێزە.

کورد چۆن دەتوانێت سوود لەم کارتە بەهێزە وەربگرێت؟

 

دوای هاتنە سەر حوکمی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن لە ئەمریکا هەوڵی جێبەجێکردنی پلانەکەی دا بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی نەوت وەک وزە و رووکردنە وزەی نوێ لە خۆر و باوە و لەهەمان کاتدا غازی سروشتیش وەک وزەیەکی پاک و دۆستی ژینگە.

 

لەلایەکی ترەوە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێویستیان بە وزە هەیە بەتایبەت و لەوڵاتی روسیای دەکڕن، ئەم غازەی روسیا بۆتە هۆی دروستبوونی کێشەی ئابووری و سیاسی بۆ ئەوروپا، چونکە روسیا دەتوانێت هەژموونی خۆی زیاتر بکات بەسەریاندا، ئەمە مەترسیدارە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەتایبەتی ئەوروپا، دەبێت دەریچەیەک بدۆزنەوە بۆ رزگاربوون لە روسیا.

 

 جێگرەوەی ئەوروپا بۆ رزگاربوون لە روسیا و دابینکردنی غازی پێویست کوێیە؟

 

بە بۆچونی بەندە غازی باشووری کوردستان، باشترین بژاردەیە بۆ ئەوروپا، بەڵام بۆ هەرێم مەترسیدارە لەم کاتەدا بەبێ دەستەبەرییەکی بەهێز و گرنگییەکەی بۆ ئەوروپا لەبەر ئەم هۆکارانە :

 

یەکەم: غازی کوردستان نزیکترین وزە و جوگرافیایە لە ئەوروپاوە کە دوورییەکەی حەوت هەزار کیلۆمەترە و بەئاسانی دەگات.

 

دووەم: هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک لە ئایندەدا نابێتە جێگەی مەترسی بۆسەر ئەوروپا و کێشە بۆ ئەوروپا دروست ناکات.

ئەنجام 
عیراق:

 

بەپێی شیکردنەوەکەی سەروەمان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە حکومەتی ناوەندی نە لەڕابردوو نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا باوەڕی بە هاوبەشێتی راستەقینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەگەڵ کورددا نییە و ئاشکرایە ئەو دەستوورە هەمیشەییەش بە دەستووری خۆیان نازانن و بە سەپێنراوی دەزانن و لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا یەک مادەیان جێبەجێ نەکردووە و رێگریان کردووە هەر کاتێکیش پێویستی کردبێت لە پەرلەمان بە زۆرینە یاسایان تێپەڕاندووە و لە دەرەوەش سوپا و حەشدی شەعبیان بەکارهێناوە .

 

لە ماوەی رابردوو لە سەرەتا لەبەر بێهێزی و پاشان لەژێر گوشاری ئەمریکا و هەندێک جاریش بۆ راگرتنی باڵانسی هێزی دەسەڵاتدارەکانیان لە بەغدا هاوکاریی کاتیی کوردیان کردووە و هەرکات ئامانجەکەیان بەدیهێنابێت، چونەتەوە سەر پلێتی راسەقینەی خۆیان.

 

بەغداد ئێستا دوور لە دەستوور یاریەکی جوان دەکات لە رێگەی رێکەوتنی کاتییەوە مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکات وەک تاکتیک ئیدارەی کورد دەدەن و هەرکاتێکیش بیانەوێت لە رێکەوتنەکە پاشگەز دەبنەوە، چونکە پشتیوانیی دەستووری و یاسایی نییە، لە ستراتیجیشدا کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستوور دەکەن بە هەر رێگەیەک بۆیان بگونجێت.

هەرێمی کوردستان :

 

هەرێمی کوردستان پێویستە لەو راستیانەی سەرەوە باش تێبگات کە پلانی بەغدا چی بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان کە جارێکی تر خستنەوە ژێردەستی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا.

 

لەبەرئەوەی رۆڵی کورد لە بەغدا ئێستا زۆر لاوازە بە بەڵگەی ئەوەی لە پەرلەمان هەموو یاساکان بە زۆرینە دەسەپێنن بەسەر کورددا، لە حکومەت کورد هیچی پێناکرێت، لە سەرۆکایەتی کۆماریش کە سەرۆکی کۆمار پارێزەری دەستوورە و پێویستە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە بدات و پارێزگاری لە مافی هەموو گەلانی عیراق بکات، بەڵام ئاستەنگ دروست دەکەن بۆ سەرۆک کۆمار تا وەک پێویست ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ بکات، تاکە رێگریش لەوەی ناتوانن هەموو شتێک بە ئارەزووی خۆیان بسەپێنن کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکییە. بۆیە هەر رێکەوتنێک لە دەرەوەی دەستوورەوە بکرێت و بە یاسا رێکنەخرێت، دەبێتە رێکەوتنێکی لەرزۆک هەر ساتێک بەغدا هەلی بۆ بڕەخسێت پاشگەز دەبێتەوە و کورد دەگەڕێتەوەی خاڵی سفر.


ئەم راپۆرتە لە ئامادەکردنی مافناس رێبوار محەمەد-ە کە بڕوانامەی ماستەری هەیە لەگرێبەستی نەوت و غازدا و راوێژکاری راگەیاندنی ی.ن.ک بۆ کاروباری وزە.

لە دوای راپۆرتەکە بەشدارانی مێزگردەکە بەم شێوەیە زانیاریی زیاتریان خستەڕوو: 
 
میران حسێن: 
بە پشتبەستن بەو داتا و زانیارییانەی بەردەستم، ئەم بۆندەی کە ئێستا کراوە، رێگەخۆشکەرە بۆ بابەتێکی دیکە، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە عیراقدا سەرهەڵدەدات.

 

وەفدێکی ئەمریکا بەرلە ماوەیەک هاتن بۆ عیراق و هەرێمیش، کە کەسێکی تایبەتمەند بە بواری وزەیان لەگەڵدابوو، دەمەوێت ئەوە بزانن کە هەوڵێکی چڕ هەیە و حکومەتی عیراق و ئەمریکاش لەسەر خەتن، بۆئەوەی کە بەرهەمهێنانی غازی عیراق بەرزببێتەوە و عیراق ببێت بە یەکێک لە وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی غاز لە جیهاندا، بۆیە مەسەلەکە تەنها نەوت نییە.

 

بەهەموو پێوەرەکان و ئەو داتایانەی کە بڵاوبوونەتەوە، لە 2050 وە لێڤڵی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرەو نزمبوونەوە دەڕوات و لەو ساڵەوە نەوت ئەو نرخەی بۆی دیاریکراوە لە نێوان 25 بۆ 30 دۆلاردا دەمێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات ئەو تایبەتمەندی و گرنگییەی کە نەوتی خاو هەیەتی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، چونکە زۆربەی وڵاتانی پیشەسازی و پێشکەوتوون، بەرەو غاز دەڕۆن، چونکە نەوت تەنها لایەنە پیشەسازییەکەی دەمێنێتەوە، نەک وەک توخمێکی سەرەکیی وزە، واتە شیدەکرێتەوە بۆ ئەو پیشەسازییانەی کە پشت بە نەوت دەبەستن، لە بابەتی پلاستیک و مادەکانی پاککەرەوەو...هتد.

 

بۆیە پێموایە ئەمە رێگەخۆشکەر دەبێت و ئەمریکاش کار لەسەر ئەوە دەکات کە عیراق ببێتە وڵاتێکی گەورەی بەرهەمهێنی غاز. چونکە عیراق ریزبەندییەکەی (6 بۆ 10)یە، لە ریزبەندیی وڵاتە هەرە بەهێزەکانی غازی سروشتی لەئاستی جیهاندا، خۆشبەختانەش ئەگەرچی تائێستا ئاستەکەی رووماڵ نەکراوە، بەڵام ئەوەی هەیە لە دوو پارێزگادایە، یەکێکیان لە کەرکوکە، دووەمیان لە رومادی-یە، دوو جۆر غازیشمان هەیە، جۆرێکیان راکێشراوە (مسحب) و ئەویتریان ئەوەیە کە کێڵگەیە، کە ئەمەش وا دەکات عیراق بەرەو غاز بڕوات.

 

جگەلەوەش ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە هەڵگیرسانی جەنگێکی لە ئانوساتدا لە ئارادایە، جا ئیتر ئێرانە یان ئیسرائیلە، گرنگ ئەوەیە ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن، بۆیە جۆرێک لە هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی عیراق لە ئارادایە، چ بۆ ئامادەکاری بۆ ئەو جەنگە، چ بۆئەوەی عیراق جۆرێک لە سەقامگیریی پێوەدیاربێت و ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی غازی سروشتی لە جیهاندا.

 

ئەوەی ئاگاداری پەرچەکرداری حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمیش بووبێت لەدوای بڕیاری دادگای پاریس، پەرچەکردارێکی ئەوتۆیان نەبوو، کە ئەمەش مایەی پرسیارە، بۆیە بەگوێرەی رای زۆرێک لە شرۆڤەکاران و بە بۆچوونی منیش پێشتر جۆرێک لە لێکتێگەیشتن کراوە لەسەر ئەو پرسە.
سەبارەت بە کشانەوەی کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم-یش، ئەو کۆمپانیایە هەرخۆی لە کەرکوک کشایەوە و ئیکسۆن مۆبێلیش کشاوەتەوە و رادەستی حکومەتی عیراقیش کراوەتەوە، کە بەشێکی پەیوەستە بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی کەرکوکەوە.

 

بۆیە دووبارە تەئکید دەکەمەوە کە بابەتەکە نەوت نییە، بەڵکو غازە و هەوڵێکی زۆر چڕیش هەیە کە ئەمریکا نەک لەسەر ئاستی عیراق، بەڵکو هەموو ئەو وڵاتانە هانبدات بۆئەوەی کە غازێکی زۆر بەرهەم بهێنن بۆئەوەی پێداوستییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لە غاز پڕبکەنەوە، چونکە ئەو زیادبوونی نرخی نەوتی خاوەی کە لەبازاڕەکانی جیهاندا هەیە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەوروپا بە شێوەیەکی کاتی نەک ستراتیژی دەستیکردۆتەوە بە بەکارهێنانی نەوتی خاو، چونکە ئەگەر لە داهاتوودا پێداویستییەکانی پڕبکاتەوە لە غازی عیراق یان ئیسرائیل، یان لە قەتەرەوە بۆی بێت، ئەوا دووبارە روودەکاتەوە غاز.

 

دوا قسەم لەم بابەتە ئەوەیە کە بۆرییەکی غاز هەیە کە غازی سعودیە و قەتەر، بەتایبەتیش قەتەر، دەبرێت بۆ بەسرە و لە بەسرەشەوە هەناردەی تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا دەکرێت. ئەمە پڕۆژەیەکە کە لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوە.

د. خەبات محەمەد 
خۆزگە یاسایەک هەیە پێی دەوترێت بەڕێوەبردنی بیرە نەوتەکان لای ئێمەش لە سامانە سروشتییەکان هەبووایە کە لە هەموو جیهاندا هەیە، ئێمە هەموو جارێک نموونەکە بە غازپرۆم دەهێنینەوە، چونکە بەداخەوە نموونەکانمان لەو شوێنانەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەر کۆمپانیایەک کە لە کێڵگەیەکدا کاردەکات، پێویستە بڕێکی دیاریکراوی بۆ دەستنیشان بکرێت، بۆ نموونە دەبێت ئەو بەرهەمەی کە لەژێر زەویدا هەیە، تەنها مافی ئەمڕۆ و هی من نییە تا بتوانم لە ماوەی 10 بۆ 20 تا پەنجا ساڵ هەرهەمووی دەربهێنم و بەکاری بهێنم، بۆیە دەبێت دەستنیشانی بکەم، ئەم بڕە هی منە، ئەم بڕەی تر هی نەوەکانی داهاتووە، ئەوی تر هی نەوەکانی داهاتووترە، جا کە من ئێستا هەمووی دەربهێنم، ئەدی لە ساڵەکانی داهاتووتردا چی بکەین؟ 

 

یەکێک لە سیستمەکانی گرێبەست ئەوەیە کە پێویستە کەسی شارەزا بیکات، بۆ نموونە ئێستا من ئەگەر بمەوێت گرێبەستێکی خانووبەرە بکەم ئەگەری هەیە زیانێکی زۆر بکەم و قۆڵم لە بنا ببڕن، بۆیە دەبێت کەسی شارەزا ئەو کارە بکات، ئەمەی هەیە نەبوونی کەسی شارەزایە لە سیستمی گرێبەستدا وەک ئەم بەڕێزانەی هاوکارم ئاماژەیان پێکرد.

 

مەرجی یەکەم ئەوەیە کە پێویستە ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییە پابەندبکرێت بە بڕێکی دیاریکراوەوە، بۆنموونە ئەوەی شیواشۆکمان هەیە کە ملیارێک و 250 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدابووە، ملیارێک بەرمیل لەژێر زەویدا ماوەتەوە بۆئەوەی سوودی لێ ببینرێت، هۆکارەکەی ئەوەیە بۆنموونە ئێمە تانکی ئاومان هەیە لە سەربان، ئەگەر بێین هەموو بەلوعەکان بە یەکجار بکەینەوە، یائا ئاو دێت بۆ دووشەکە یان بۆسەر سنگ و دەستشۆرەکە کە ئاستەکەیان بەرزترە؟ بێگومان نەخێر، بۆیە دەبێت رەچاوی ئاستەکەی بکرێت، چونکە کە ئەو ئاستەت زۆر دابەزاند و ئەو چۆکەت زۆر دابەزاند کە بەداخەوە زۆربەی کێڵگەکانی کوردستان وەک شیواشۆک، گەرمیان، تاوکە و سارتا، بڕی کەمبوونەوەیان هەیە، هۆکارەکەشی ئەوەیە چۆکەکە زۆر کراوەتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەو نەوتەی تێیدایە بەشێکی دێتە دەرەوە و بەشێکی زۆری تێدا دەمێنێتەوە تا شەکەت دەبێت، کە شەکەتیش بوو سوودی لێ نابینرێت.

 

بۆیە دووبارە دەڵێم خۆزگە سیستم و یاسایەک دەبوو لە کوردستاندا تا رەچاوی ئەو حاڵەتەی بە شێوەیەکی پشپۆڕانە بکردایە.

دانا تەقی: 
لەبارەی غازەوە دەمەوێت زانیاریی ئەوەتان بۆ روون بکەمەوە کە بەزمانی ناستاندارد دەری ببڕم کە رۆژانە ئێمە 1050 تۆن غازی (LPG) مان هەیە، کە ئەم جۆرە کەمێک گرانترە لە غازی ئاسایی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تۆنی بە 324 دۆلار دەدات بە کۆمپانیایەکی لۆکاڵی، کە ئەم کۆمپانیایە تەنها دەیگوازێتەوە، بەڵام کۆمپانیاکە لەسەر ئاستی لۆکاڵی تۆنی دەداتەوە بە کارگەی غازەکانی ناوخۆ بە 548 دۆلار، ئەم قازانجە بۆ ئەو کۆمپانیا لۆکاڵییەیە کە بەشێوەی کاش کە سەرەتای گرێبەستەکە دەبێت 30 ملیۆن دۆلار لە دوبەی دابنێت، تا ئەو گرێبەستەت بۆ دەربچێت، بەڵام ئێستا حزبە یان کەسایەتییە، دێت ئەم کۆمپانیا لۆکاڵییە دەگرێت نیوەی لێ وەردەگرێت و ٪10 ی دەداتەوە بە خۆی.

 

جا بابزانین ئەم کۆمپانیا لۆکاڵییە خۆی چی دەکات، خۆی دەیکات بە دوو بەشەوە، 1050 تۆن بۆ ناوخۆ لە زاخۆوە بۆ کفری 600 تۆنی دەوێت، بەڵام ئەوەی تری چی لێ دێت؟ چونکە دانا غاز ئەگەر نەیکڕیت و ئەمباریشت نەبێت لێی دانێیت هەر لەسەرت ماڵە و بۆ هەر تۆنێک 324 دۆلارت لەسەر حسابە، بەشێکی دەنێردرێتە دەرەوە، ئەو بازرگانییە تۆنێکی دەدرێتە ملیۆنێک و 50 هەزار دینار، بەڵام ئەگەر چاوپێداخشاندنەوە هەبێت، پێموایە یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکان کە مایەی خۆشبەختییە ئەویش ئەوەیە کە دوای ئەو بڕیارەی دادگای پاریس جارێکی تر پێداچوونەوەی هەموو گرێبەستەکە دەکەیت، ئەوکاتە بۆی نییە بە 324 دۆلار بتداتێ و دەستبەجێش بیخاتە گیرفانییەوە، ئەوەی کە بۆ تۆ دەمێنێتەوە ئەوەیە ئەو کۆمپانیا لۆکاڵییە خێرێکت پێ بکات کە ئیشەکەی گرتووە.

 

ئەمە لە غازدا، لە نەوتیشدا، بەداخەوە ناوچەی ئێمە ناوچەیەکە کە بۆرییەکەی پێدا ناڕوات، سەرەڕای ئەوە بارگرانییەکیشی دروست کردووە، رۆژانە 178 تەنکەر واتە 4000 تۆن نەوت کە ئەوە (تێچوو)ی زیاتری تێدەچێت، بۆنموونە ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریدا کە نەوتەکەی ئەم ناوچەیە رێڕەوەکەی دەگۆڕێت و دەیدا بە عیراق، ئەوکاتە دەبێت لەجیاتی ئەوەی بە تەنکەر بیبەیت بۆ خورمەڵە، دەبێت بیبەیت بۆ بەسرە، ئەوکاتە تێچووت زیاتر دەبێت، واتە ئێستا تەنکەرێک بە 20 دۆلار دەبرێت بۆ خورمەڵە،  ئەوکاتە بۆ بەسرە دەبێتە 40 دۆلار، کەواتە تێچووەکەی دەبێتە دەبڵ.
من داوام ئەوەیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیژنەیەک لەم کەسە پسپۆڕە بەڕێزانە دابنێت و رۆڵیان بداتێ بۆ پێداچوونەوە بەم بوارەدا.

رێبوار محەمەد محەمەدئەمین 
بەداخەوە لیژنە باڵاکەیان وا داناوە و کۆنترۆڵیان  کە زۆربەی زۆریان هی پارتییە و بە گوێرەی سیاسەتی ئەوان کاردەکەن و بڕیار دەدەن، هۆکاری تێکچوونی کێڵگە نەوتییەکان بەتایبەتی ئەوانەی زۆنی سەوز و تایبەتتریش ئەوەی شیواشۆک بەو پییەی ئێمە کاتی خۆشی لەوێ کارمان کردووە، بۆری ئەم بیرە نەوتییانە بەشێوەی ستوونی لێ دەدرێت، بەڵام کۆمپانیای گەنەڵ ئێنرجی لە شیواشۆک هاتووە بەشێوەی ئاسۆیی لێیداوە، بۆئەوەی زۆرترین نەوت لە کەمترین کاتدا دەربهێنێت، بەو هۆیەشەوە یەک ملیار بەرمیل نەوتمان لەوێ فەوتاوە.

 

لەبارەی دەرهێنانی نەوتی کێڵگەکانی هاڤانا و بای حەسەنیش لە کەرکوک لە دوای 2014 تا 2017 وتی: بەبڕوای من حەزدەکەم بابەتی پشت بەستن بە نەوت لە زۆن و ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتیدا پلە سێ بێت، چونکە:

 

-1 یەکەم یەکێتی لە خەمی کەرکوک و ناوچەکانی تردا بێت.

 

-2لە خەمی غازدا بێت.

 

-3لەخەمی نەوتی ناوچەی سلێمانیدا بێت. 

 

 لەبەرئەوەی ئەو کێڵگانەی لە سنووری یەکێتیدا بەرهەمیان لێ دەردەهێنرێت کەم دەبێتەوە و بەردەوام داشدەبەزێت، چونکە ئەگەر بەراوردی بکەین بەساڵانی رابردوو شیواشۆک رۆژانە 140 هەزار بەرمیلی لێ بەرهەم هاتووە ئێستا هاتۆتە سەر نزیکەی 3260 بەرمیلی رۆژانە. بەو پێیەش لە چەند ساڵی داهاتوودا لە سنووری سلێمانیدا نەوت نامێنێت، کەواتە بۆ ئێمە هیچ گرنگییەکەی نامێنێت، چ بۆ یەکێتی وەکو بابەتێکی سەرەکی و چ بۆ خەڵکی پارێزگای سلێمانی.

 

لە 2014-ەوە تا ئەم رۆژانە کە داخرا، زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، خۆ ئەگەر بە تێکڕایی بە 75 دۆلاریش حسابی بکەین لە راستە ماوەیەک هاتە سەر 16 دۆلار و لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیا گەیشتە 139 دۆلاریش، زیاتر لە 120 ملیار دۆلار داهاتمان هەبووە، بەڵام نەک هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بەڵکو 32 ملیار دۆلاریش قەرزار بووین!

 

هۆکاری سەرەکیش ناشەفافییەت و جێبەجێ نەکردنی یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەکانە و هەروەک یاسای نەوت و غازی هەرێم وەک پێویست و ئەوەی بەدەق هاتووە جێبەجێ نەکرا، سەرەڕای ئەوەش لە 2014-شەوە هەتا ئێستا ئێمە خاوەنی بودجەی پەسەندکراو نین، کە بودجەش نەبوو، ئیتر دیارە مەسەلەکە چییە.

 

لەبارەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی نەوت لە کەیسی غازیشدا وتی: بەگوێرەی مادەی (111 و 112)ی دەستووری عیراق ئەوەی بەسەر نەوتدا جێبەجێ دەبێت، بۆ غازیش هەمان شتە، بەڵام پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت ئاسانترە لە غاز، بەڵام دەمەوێت ئەوە روونبکەمەوە کە ساڵی رابردوو لەگەڵ پسپؤڕێکی هۆڵەندی لە لیوایەکی پێشمەرگە موحازەرەی هەبوو کە زۆربەی ئەفسەری پێشمەرگە بوون تەنها منی مەدەنی تیابووم، پرسیارم لێکرد کە ئێمە نەوت و غازمان هەئە ئێوە لەدوای جەنگی ئۆکرانیا - روسیاوە پێویستتان بە ئێمە دەبێت، بەڵام ئەو راستەوخو وتی ئێوە دەبێت لەگەڵ پارتی رێکبکەون و بچنە بەغدا، ئێمە لە دەرگای بەغداوە مامەڵەتان لەگەڵدا دەکەین.

بەهجەت عەلی ئەحمەد
من ئاگادارم ساڵی 2005 کۆمپانیایەک هاتە کوردستانەوە بەناوی ویسترن زاگرۆس، ئەم کۆمپانیایە کە گوایە لەشاری کەڵگەری لە کەنەدا تۆمارکراوە، کەسێک بەناوی کاک ئەحمەد هێنای بۆ ئێرە، لەوێ لەگەڵ کۆمپانیای ساینس ئۆیەڵ-ی کەنەدا کە یەکێکە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکان، لینکێکی دروستکردبوو کە ساینس ئۆیەڵ بێتە ئێرە، کە ئەو کۆمپانیایە نەهات، ئەوان هاتن ئەم کۆمپانیایەیان دروستکرد و لە کەنەداش دروستیان کرد بۆئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا بکەن، ئەوەبوو پێشتر کۆمپانیای گەنەڵ ئێنەرجی هاتبوو لە ساڵی 2002 کە گرێبەستێکمان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا کردبوو تەنها یەک لاپەڕە بوو، ئەوکاتە وامان دانا ٪51 بە ٪49، واتە ٪51 بۆ هەرێم (ئیدارەی سلێمانی) و ٪49 بۆ کۆمپانیاکە، دواتر کۆمەڵێک برادەرمان چوونە کەنەدا گرێبەستێکیان لەگەڵدا کردن، گرێبەستەکە باش بوو، بەڵام کۆمپانیاکە لەو ئاستەدا نەبوو کە بتوانێت ئەم کارە گەورەیە بەڕێوەببات، بۆیە کۆمپانیای ویسترن زاگرۆس لەو کێڵگە نەوتییەی کە پێی درابوو، نەیتوانی کارەکانی خۆی بکات، تەنانەت کێڵگەیەکی دیکەشی بەدەستەوەیە تائێستا نەیتوانیوە یەک بیری لێبدات لەبەرئەوەی ئەو کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی زۆر بچووک و بێ ئیمکانییەتە، بۆیە نە ناچاری ٪40ی پشکەکانی خۆی فرۆشت بە کۆمپانیای غازپڕۆم و خۆی وتوێژەکانی کردبوو لەگەڵ غازپڕۆمدا، ئەوکاتەش پارتی لەبەرئەوەی لە حکومەتی هەرێمدا لە سێکتەری نەوتدا باڵادەستن، ئەم حاڵەتەی دروستکرد، بۆیە غازپڕۆم هاتە ئێرە.

 

خاڵی دووەم، باسی ئەوەکرا کە گرفت بۆ کارەبا دروست دەبێت، لیرەوە پێتان دەڵێم کە گرفت بۆ کارەبا دروست نابێت، لەبەرئەوەی ئێستا ئەو غازەی کە رۆژانە لە کۆمپانیای داناغاز بەرهەم دەهێنرێت 500 ملیۆن پێ سێجایە، جگە لەوەش مادەی کۆنسێدێت-مان هەیە کە ئێستا 15 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەم دێت و ئاراستەی پاڵاوگەیەک دەکرێت کە دروستکراوە لە عەربەت کە ئێستا دەستکراوە بە بەرهەم هێنانی بۆئەوەی کە بە کێڵگەی کۆرمۆرەوە ببەسترێت و بەرهەمی کارەبا بەردەوام بێت.

دانا تەقی: 
من لە 2010-ش شەرەفی ئەوەم پێبڕا کە لەگەڵ پەروین خاندا ئیشم کردووە لەبواری وزەدا، جگە لەوەش بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکەش بووم.
دیارە مەسەلەی نەوت مەسەلەیەکی ژیانییە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو لەو کتێبەی جەنگیز چاندار-یشدا زۆر تەرکیز لەسەر ئەوە دەکاتەوە و خەونی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال-یش بووە و پێشموایە کە پەیوەندیی یەکێتی بە کەیسی نەوتەوە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی ئەو. چونکە ئەو هەر لەسەردەمی تورگوت ئۆزالەوە بیری لەوە کردەوە کە پەیوەندیی ئێرە لەگەڵ تورکیادا باش بێت، دەبێتە مایەی باشی پەیوەندییەکانمان بە خۆرئاواوە، چونکە ئەگەر ئەو پەیوەندییە لەگەڵ تورکیادا باش نەبێت، سنووری سلێمانی ناوچەیەکی داخراوە، بۆیە دەبینین هەولێر پەیوەندیی وزەی لەگەڵ خۆرئاواوە باشە، بەڵام ئێمە پەیوەندیی سیاسیمان باشە، ئەو پەیوەندییە سیاسییەش بۆ یەکێتی باجی زۆری بەدواوە بووە.

 

وەک دەبینین پەیوەندییەکەی رۆژئاوای کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە سوودەکەی بۆ هەولێرە چونکە هیچ دەریچەیەکی تر نییە کە رۆژانە 36 هەزار بەرمیل دەفرۆشرێت کە بەگشتی بە 70 – 80 دۆلار دەفرۆشرێت.

 

مێژووی وزە لەم ناوچەیە چ ئێران و عیراق و کوردیش کە ئێستا هاتۆتە ناو کایەی وزەوە و بەتایبەتی نەوت لە سەردەمی پاشایەتی عیراق و ئێرانیشدا نزیکەی ٪62ی وەکو بەرتیل دەدرا بە کۆمپانیاکان تا بیانهێنن بۆ وەبەرهێنان لەو کەرتەدا تا دواتر پشتگیریی سیاسیشیان بۆ دروستبکات و ئەوە لە سوریاش هەبووە و ئێستا ئێمەش لە کوردستان لە ناو ئەو گەمەیەداین. بۆیە هەندێک داهات هەیە سەبارەت بە کەرتی وزە نادیارە، ئەوان سەری ڕمەکان دەزانن، لە قۆناغێکیشەوە بۆ قۆناغێکی تر جیاوازە، کە ئاخۆ چۆن لۆبی بۆ دەکەیت و چۆن هەژموونت بپارێزرێت و هەر حزبێک کە دێتە سەر دەسەڵات. 

 

لەراستیدا من وای نابینم کە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات و ئەم گۆڕانکارییانە دەبێتە مایەی پارچەپارچە بوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەر بەرەیەکدا و پارتیش بەسەر بەرەیەکی تردا، چونکە من لە ساڵی 2008 ئەم کەسەی کە بەم دواییانە وەزیری دەرەوەی سوید بوو، میوانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوون، ئەوکاتە من کاری وەرگێڕانم بۆ دەکردن، ئەوان ئەوکاتە لە دەسەڵاتدا نەبوون، جارێک کاک بەختیار پێی وت ئێمە نەتەوەیەکی زۆر دیموکراتخوازین و حەزمان لە پێکەوەژیانە، بەڵام ئەمە لەلایەن دەورەبەرەکەمانەوە هەزم ناکرێت، ئەو وتی: دەوروبەرەکانتان دوژمنتانن، جا عەرەبە یان فارسە یان تورک و هەریەکەیان بە رێژەیەک، بۆیە ئێوە ئەرکی خۆتانە کە بڕیاربدەن خۆتان بەرەو کوێوە ئاراستە دەکەن.

 

 بۆیە من دەمەوێت مەسەلەی وزە کورت بکەمەوە لەسەر دووبەش: وزەی ئێمە بەرهەمدەهێنرێت و نەوت دەنێردرێتە دەرەوە، بەڵام کەموکووڕییەکە لەکەسدا نییە بەڵکو لە یەکێتی خۆیدا بووە، چونکە یەکێتی خۆی سامانە سروشتییەکانی رادەستی قەدەرێک کردبوو کە خۆی ناوچەکەی دەوڵەمەند بووە بە وزەکە و دەوڵەمەندیش بووە بە سەرچاوە سروشتییەکەی، تەنانەت لەم ماوانەی دواییدا نەبێت، هەموو ئەو وەبەرهێنانانەی لەم ناوچەیەدا کراون، کۆمپانیای دەرەوە بەڕێوەی بردوون،  کۆمپانیا لۆکاڵییەکان بەشێکی زۆر کەم وەک ئەوەی خێریان پێکردبێت، ناوچەکانی خۆشیان خستۆتە بەردەستیان، ئێمە کێشەی کەمیی کادرمان هەبووە و کێشەی یاساییمان لەناو وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هەبووە، هەموو ئەم کەموکووڕییانەش وایانکردووە کە ناوچەی ئەولا گەشەی ئابووریی زیاتربێت لێرە و لێرە کەمتر بێت.

بەرزان هەورامی:
بە گەڕانەوەیەکی مێژوویی بۆ مەسەلەی هەڵهێنجانی نەوت و سامانە سروشتییەکان لە عیراقدا، دەگەینە ئەو راستییەی کە نەوت هەر بەڕاستی بۆتە نەگبەتی بۆ عیراق بەگشتی و خەڵکی باشووری کوردستان بە تایبەتی، بەڵام دەبێت ئەو راستییەش بڵێین کە کاتێک یەکێتی گرنگیی سامانە سروشتییەکان و نەوت و وەبەرهێنانی لەو بوارەدا زانیووە، پارتی نەک هەر پەی پێ نەبردبوو، بەڵکو گاڵتەشی بەوە دەکرد، نەک هەر لە بواری وەبەرهێنانی نەوتدا، بەڵکو لە بواری وەبەرهێناندا بەگشتی، تەنانەت کاتێک ئێمە لە ئیدارەی سلێمانی دەزگایەکمان بە پلەی وەزارەت بۆ وەبەرهێنان هەبوو کە بەبڕی دوو ملیار و دووسەد ملیۆن دۆلار پڕۆژەی وەبەرهێنانمان هەبووە، لە ئیدارەی هەولێر شتێک بەو ناوەوە  هەر لە ئارادا نەبوو. کاتێکیش یاسای وەبەرهێنان لە دوای یەکگرتنەوەی ئیدارەکان دەرچوو، یەکێتی رۆڵی کارای هەبوو لە داڕشتنی ئەو پڕۆژەیاسایە و سەرخستنی دەرچوواندنەکەی.
بۆیە پێموایە ئێمە هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی پرسی نەوت و وزە پرسێکی چارەنووسسازە و جگە لە رەهەندە ناوخۆییەکەی، رەهەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشی هەیە لە رووە ئابوورییەکەی و  رەهەندێکی سیاسییەکەشی.

 

لێرەوە دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە بۆچی ئێمە نەمانتوانی سوود لە رەهەندە سیاسی و ئابوورییەکەی نەوت و وزەی کوردستان وەربگرین و هەڵەکەمان چی بوو وەک یەکێتی کە باوکی رۆحیی پیشەسازیی نەوت بووین کە بەداخەوە ئیستا ئێمە لە پەراوێزی بڕیاری سیاسی و ئابوورییداین لە هەرێم و عیراقیشدا.

 

بەداخەوە کاتێک یاسای نەوت و غازی هەرێم دەرچوو، میدیای یەکێتی غەدرێکی گەورەی لە فراکسیۆنەکەی خۆی لە پەرلەمان دەکرد، سێ مانگ ئێمە مشتومڕمان بوو لەگەڵ فراکسیۆنی پارتیدا، رەگوڕیشەی یاساکەمان دەرهێنا، چونکە یاساکە وەکو ئەوە نەبوو کە ئێستا ئێوە دەیبینن، تەنانەت ئەنجومەنی باڵای نەوت و غاز کە بڕیاربوو باڵاترین دەسەڵات بێت لەو بوارەدا و خاوەنی قسەی سەرەتا و کۆتاییە لەو دۆسێیەدا، پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتی بوو، لەبەرئەوەی حکومەتەکە ئیئتیلافی بووە، ویستومانە کارەکە بە دەستە جەمعی بێت، چونکە عەقڵییەتی پارتیمان دەزانی، بۆیە وشەی وەزیرمان لە یاساکەدا هەر سڕییەوە و کردمان بە وەزارەت، تا تاکڕەوی لە بڕیاردا نەبێت.
هۆکاری دەرنەچوونی یاسای نەوت و غازیش لە عیراق ئەوەیە کە زۆرێک لەوانەی سەرپەرشتیی لایەنە قانوونییەکەی ئەو کەیسەیان دەکرد، هەر لە سەرەتاوە و لەو بێهێزییەی سەرەتای دوای نووسینەوەی دەستوورەوە بەنیازبوون هیچ مافێک بۆ کورد لەو بابەتەدا نەسەلمێنن و بەتەواوەتی دەستکاریی رەشنووسی یاساکە کرابوو کە لایەنە سیاسییەکان لەسەری پێکهاتبوون بەو جۆرەی نەوت و سامانی سروشتی سوودی هەموو پارێزگا و هەرێمەکانی تێدا بێت، ئەو رەشنووسەی لە 2007 هاتە ئەنجومەنی نوێنەران، هەمان ئەو دەسەڵاتانەی دابۆوە بە ناوەند کە لە ساڵانی رابردووی رژێمەکانی عیراقدا هەبووە. پڕۆژە یاساکە زۆر باش بوو، بەڵام پاشکۆکانی یاساکە، هەموو ناوەڕۆکی یاساکەی بەتاڵ دەکردەوە و پێچەوانەی یاساکەش و دەستووریش بوو. بۆیە با دڵی خۆمان بە دەرچوونی یاسای نەوت و غاز بەو شێوەیە خۆش نەکەین پێچەوانەی زۆرێک لەو بیروبۆچوونانەی کە دەڵێن تاکە چارەسەر دەرچوونی یاسای نەوت و غازی فیدراڵییە، ئەگەر بە گوێرەی ئەو پاشکۆیانە بێت کە لەگەڵ پڕۆژە یاساکەدا هاوپێچ کراوە.

 

بۆیە بەبێ یاسایەکی بە ویژدانانە کە مافی هەرێم لە دەرهێنان و وەبەرهێنانی نەوت و غازدا مسۆگەر بکات، چارەنووسی سیاسیی هەرێمیش دەکەوێتە مەترسییەوە.
ئێمە خۆمان نەمانتونیووە لە کەسەکانی تیمی خۆمان بپرسینەوە کە چۆن لادان لە یاساکەی هەرێمی کوردستاندا روویداوە و بۆچی قسەتان نەکردووە؟ 

 

ئێمە وەک یەکێتی کەلتورێکی زیندوومان هەیە، لە کوردستانیش و لە عیراقیش، ئێمە سێ یەکی پەکخەر نەبووین لە عیراق تا سیستمی تەوافوق  تێکنەچێت؟ بەڵام بەداخەوە دەبینین دۆستەکانیشمان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوەیان بەهەند وەرنەگرتووە، ئەگەرنا نەدەبوو بەو وەفدەی بەناوی حکومەتەوە چوون رێکەوتن دەکەن بڵێن کوا بۆچی نوێنەری یەکێتیتان لەگەڵدا نییە؟ بۆیە دەبێت بزانین شوێنی خۆمان لە هاوکێشە عیراقییەکەدا کوێیە؟ 

 

تائێستا میدیا و رووناکبیران و کادرانی ئێمە لە پارتییان پرسیووە کە داهاتی نا نەوتیی هەرێمی کوردستان رێژەی ٪3 ی داهاتی گشتی پێکدەهێنێت و رەخنە دەگرن لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی، ئایا ٪97ی داهاتە نەوتییەکە لای ئێوەیە چەندە و چۆن سەرفی دەکەن؟ نەک لە پێگەیەکی بەرگریی سلبییەوە باس لە کەمیی داهاتی نانەوتیی فەرمانگە و سنوورەکانی ئەم زۆنە بکەن؟ ئەوە تەنها یەکێتی بووە بە درێژایی حکومڕانیی کابینەکانی حکومەت گرێبەستەکانی نەوتی هێنایە پەرلەمانی کوردستان لە سەردەمی کابینەی شەشەمدا و لەدوای ئەوەوە تائێستا گرێبەستەکان نەهاتوونەتە پەرلەمان، بگرە هەندێک لەو بلۆکە نەوتییانەی لە کوردستان کاریان تێدا دەکرێت هیچ ئەوەلیاتێکیان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیشدا نییە، نموونەش بۆئەوە بلۆکی خورمەڵەیە.

 

بۆیە دەبێت یەکێتییەکان بە پەرلەمانتار و کادر و رووناکبیرانی سنوورەکەوە رۆشنایی بخەنە سەر ئەو لایەنە گەشانەی شێوازی حوکمڕانی لە سایەی یەکێتیدا.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket