riklam

لەرۆژی ئازادی رۆژنامەگەریدا دووبارە هۆشداری بەكابینەی نۆ دەدرێت

کوردستان 01:56 PM - 2023-05-03
 لەرۆژی ئازادی رۆژنامەگەریدا دووبارە هۆشداری بەكابینەی نۆ دەدرێت PUKMEDIA

لەرۆژی ئازادی رۆژنامەگەریدا دووبارە هۆشداری بەكابینەی نۆ دەدرێت

كابینەی نۆ كوردستان

سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان داوادەكەن: "ھەڕەشەكردن و دەستدرێژیكردن و بەندكردنی سەر رۆژنامەنووسان لەسەر كارەكانیان رابگیرێت"، بەڵام ئەو داواكاریانە پەیامێكن كە روبەڕووی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستانیش دەبێتەوە كە هێشتا (كاری رۆژنامەنووسی مەترسیدارە و ئازادی بەرتەسك كراوەتەوە و هەڕەشە و تۆقاندن لەسەر رۆژنامەنووسان بەردەوامە و راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئەوەیان سەلماندووە).


لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریدا كە رۆژی 3ی ئایارە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەریەك لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق  و یونامی و لەسەر ئاستی ناوخۆش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەنتەری میترۆ پەیامی تایبەتیان بڵاوكردەوە و داوای پیادەكردنی ئازادی رادەربڕین و نەهێشتنی ھەڕەشە و دەستدرێژی و بەندكردنیان بۆسەر رۆژنامەنووسان كرد، ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ و چاودێری میدیایی ناوەند و نێردە دبلۆماسییەكان ئازادی رۆژنامەگەری لەكابینەی نۆدا لەپاشەكشێی رووندایەو چەندینجار هۆشداری بەسەرۆكی حكومەت دراوە.


ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس: رۆژنامەنوسان بەدەست ئازاردانەوە دەناڵێنن

 

 

سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان داوا دەكات ھەڕەشەكردن و دەستدرێژیكردن و بەندكردنی سەر رۆژنامەنووسان لەسەر كارەكانیان رابگیرێت.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەیامێكیدا بە بۆنەی رۆژی جیھانی ئازادی رۆژنامەگەری رایگەیاند: "تائێستاش لە ھەموو وڵاتانی جیھان رۆژنامەنووسان بەدەست رێگریكردن و ئازاردان و ھەڕەشەكردنەوە دەناڵێنن و لەسەر كارەكانیان دەستدرێژییان دەكرێتەسەر و ھەڕەشەیان لێدەكرێت و بەندیش دەكرێن، كەئەوەش پێشێلكردنی مافەكانیانە و پێویستە ھەموو ئەو پێشیلكارییانە رابگیرێن".

گۆتێرێس داواشی لە رۆژنامەنووسان كرد لەكاتی بڵاوكردنەوەی ھەر بابەتێكدا پشت بەسەرچاوەی رەسمی زانیاری دروست و باوەڕپێكراو ببەستن، چونكە زۆربوونی سەرچاوەكانی گەیاندن بەتایبەتیش تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەھۆی بڵاوكردنەوەی زانیاری ناڕاست و بێبنەما بوونەتە ھۆی نائارامی تێكدانی ھەموو بوارەكانی ژیان".

 

 

دەبێت حكومەتی هەرێم راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بە هەند وەربگرێت

 

دۆخی كوردستان لە روانگەی ئازادی رۆژنامەنووسی و مافەكانی مرۆڤ خراپە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم پەیام و راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لەوبارەیەوە بە هەند وەربگرێت. 


نووسەر و رۆژنامەنووس نازێ رەمەزان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: "پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیام و راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئازادی رۆژنامەنووسی و مافەكانی مرۆڤ بە هەند وەربگرێت، چونكە دۆخی هەرێمی كوردستان لەم روانگەیەوە خراپە و ئەمەش زیانی بۆ ناوناوبانگی هەرێمی كوردستان هەیە".

 

"ئەم ماوەیە بەئاشكرا بەبێ گوێدانە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئازادی رۆژنامەنووسی و رەخنەو رەخنەگرتن لە كابینەی نۆدا بەتەواوەتی بەرتەسككراوەتەوە بەشێوەیەك لەسەر نووسینی كۆمێنتێكی سۆشیاڵ میدیا هاووڵاتی دەدرێتە دادگا و بەتۆمەتی ناڕە‌وا سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت" نازێ رەمەزان وادەڵێت.

 

 

نەتەوە یەكگرتووەكان: ئازادی رۆژنامەگەری كەوتوەتەبەر هێرشكردن 

 

نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی لە كەمی ئازادی رۆژنامەگەری سەلامەتی پیشەیی رۆژنامەنوسان دەدات و دەڵێت: "كاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر پێشیلكردنی مافەكانی مرۆڤ بەگشتی".


هەر لەم رۆژەدا نەتەوە یەكگرتووەكان پەیامێك بڵاودەكاتەوەو ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: "ئەمڕۆ سێ دەیە تێپەردەبێت بەسەر پێشكەوتنی بنەماكانی رێزگرتن لە مافەكانی مروڤ، بەڵام هێشتا ئازادی رۆژنامەگەری سەلامەتی پیشەیی رۆژنامەنوسان و ئازادی بیروڕا كەوتووەتەبەر هێرشێكی بەردەوام بەرفراوان، كە كاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر پێشیلكردنی مافەكانی مرۆڤ بەگشتی".

 

"لەپێناو روبەروبونەوەی ئەم هەلومەرج و هەرەشە مەترسیدارانە بەدیاریكراوی، ئازادی رۆژنامەگەری و سەلامەتی رۆژنامەنوسان و دەستراگەیشتن بە زانیاری ئەركی سەرەكی هەرە لەپێشی هەموو لایەكە". 

 

 

كونسوڵخانەی ئەمریكا دەستخۆشی لەو رۆژنامەنووسانە دەكات كە لە ژینگەی مەترسیداردا كار دەكەن 

 

 

هاوكات كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر كە پێشتر ئێرڤین هیكس-ی كونسوڵی لەژێر فشاردا پۆستێكی پێسڕدرایەوە كە راپۆرتێكی فۆرن پۆلیسی بوو لەبارەی بەرتەسككردنەوەی ئازادی لە هەرێم، لە رۆژی جیهانی رۆژنامەگەری كوردیدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "پارێزگاریی كردن لە رۆژنامەنووسان تا كاری خۆیان بكەن و بۆچوونەكانی خۆیان دەرببڕن بە بێ هەڕەشەلێكردن و هەراسانكردن و دەستگیركردن و پشكنینی هەڕەمەكی كۆڵەكەی بنەڕەتی هەموو ‌حكومڕانییەكی دیموكراتییە و حكومڕانیی دیموكراتیش هانی ئازادیی راگەیاندن دەدات".

راشیگەیاندووە: "دەستخۆشی لە هەموو ئەو رۆژنامەنووسانە دەكەین كە لە ژینگەی مەترسیداردا كار دەكەن بۆ رووناكی خستنە سەر راستییەكان و لەو پێناوەشدا خودی خۆشیان دەكەونە بەر مەترسی زۆر، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی رۆژنامەنووسان لە تەواوی جیهان و لەو نێوەندەشدا هەرێمی كوردستان و عیراق، ئەویش لە رێی پڕۆگرامی راهێنان و ئاڵوگۆڕ و كاریی پێكەوەیی و داكۆكیكردن".

 

 

یەكێتی بەرتەسككردنەوەی ئازادی رەتدەكاتەوە

 

 

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەو رۆژەدا لەپەیامێكدا ئاماژە بۆ ئەوەدەكات:" بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ و چاودێری  میدیایی ناوەند و نێردە دبلۆماسییەكان، هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا رۆڵێكی خراپ و وێنەیەكی ناشرینی نیشانداوە، لەكاتێكدا چەندینجار هۆشداری دراوە بە كابینەی نۆیەمی حكوتی هەرێم كە بارە لارەكەی راست بكاتەوە".

 

"لەو رەخنە و گلەییانەی رێكخراوە جیهانیەكان لەسەر ئەم پرسە لەهەرێمی كوردستان بەرامبەر رۆژنامەنوسان و میدیاكاران هەیانە، داتاشینی ئەو تۆمەتە  ناراستانەیە كە بۆیان دروست دەكرێت لەسەر وشە و هەواڵی راستی و  بەو بیانوەوە ڕووبەڕوی گرتن و  ڕاوەدونانیان دەكەنەوە" راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی وادەڵێت.

 

لەپەیامەكەیدا راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی ئەوەشدەخاتەڕوو:" یەكێتی خەباتی بۆ نەهێشتنی بەرتەسككردنەوەو پێشێلكردنی ئەو مافانەی رۆژنامەنوسان و میدیا كارانە لە كوردستانەو بەردەوامیش دەبێت".

 

پاشەكشەی بەرچاو لەكاری میدیایی و ئازادی میدیاكاران و مافی خۆپیشادان و رادەربڕین دەبیندرێت


هاوكات مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەرۆژی جیهانی ئازادیی رادەربڕیندا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "ناتوانین بیشارینەوە كە ئێمە لەم هەرێمەداو لەم ساڵانەی دواییداپاشەكشەی بەرچاو دەبینین لەكاری میدیایی و فەراهەمكردنی ئازادیی بۆ میدیاكاران و مافی خۆپیشادان و رادەربڕین، بەتایبەت لەهەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، هەروەك راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ و كۆمیتەی بەرگریی لە رۆژنامەنووسانی جیهانی باسیان لێوە كردبوو".

راشیگەیاند: "لەم رۆژەدا داوای ئازادیی زۆرتر و زیاتر بۆ جەماوەری كوردستان دەكەین و هیوادارین مافی رەخنەو رادەربڕین و میدیای ئازاد قۆرخ نەكرێت و خۆپیشاندان ببێتە سیمایەكی جوانی خەڵكی كوردستان و بەدەست گەیشتنی زانیاریی ومافی رەخنەگرتن بۆ هەموو تاكێكی ئەم هەرێمە بڕەخسێت، سەركەوتن بۆ ژیانی ئازاد و درود بۆ گیانی ئەو شەهیدانەی لە رێگای  ئازادیدا سەر و ماڵی خۆیان بەخشی".

 

 

سەنتەری میترۆ: ئاستەنگەكانی بەردەم ئازادی لەهەرێم پەرەی سەندووە

 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان تیشك دەخاتەسەر پەرەسەندنی ئاستەنگەكانی بەردەم دەربڕینی ئازاد و ئازادی راگەیاندن و دەڵێت: "هێزی ئەمنی لەكوردستان دەست ناپارێزن لە پەیامنێر و وێنەگەران، داواش دەكات دووبارە لێكۆڵینەوە لە كەیسی رۆژنامەنووسانی تیرۆركراوبكرێتەوە.

هەر لەم رۆژەدا سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان لەراگەیەنراوێكدا تیشكدەخاتە سەر ئازادی رۆژنامەگەری لەهەرێمی كوردستان دەڵێت:"پاش 32 ساڵ بەسەر راپەرینی هەرێمی كوردستان و 20 ساڵ بەسەر روخانی رژێمی بەعس دەبوایە دادگاكانی هەرێمی كوردستان، كەیسەكانی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەنووسی لە بەرژەوەندی عەدالەت و مافی ئازادی قسەكردن و نوسین یەكلابكاتەوە".

 

لە راگەیەندراوێكدا سەنتەری میترۆدا هاتووە:" ئاستەنگەكانی بەردەم دەربڕینی ئازاد و ئازادی راگەیاندن پەرەدەسێنێت و هێزی ئەمنی لەهەرێمی كوردستان دەست ناپارێزن لە پەیامنێر و وێنەگەران، كە دەیانەوێت رەخنەی هاووڵاتیان بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی بگوازنەوە."

 

لەم رۆژەدا سەنتەری میترۆ داوا لە دامەزراوەی دادوەری هەرێمی كوردستان دەكات، "تێهەڵچونەوە بۆ كەیسی رۆژنامەنوسان و چالاكوانە حوكمدراوەكان بكات و ئازاد بكەن، داواش دەكات سەرلەنوێ لێكۆڵینەوە لە كەیسی رۆژنامەنووسانی تیرۆركراو، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویدات حسێن بكرێت، بە شێوەیەك دادوەری تەواو زامنبكرێت، تاوانبارانی ئەو كەیسانە دەربازیان نەبێت لە سزای رەوا."

 

جاڕنامەی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەبڕین

 

ئەمڕۆ سێ دەیە تێپەڕدەبێت بەسەر بەرەوپێشەوە بردنی رۆژنامەگەری ئازادو ئازادی رادەربرین لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا، پاش ئەوەی لەساڵی 1993دا ئەم رۆژە دیاریكرا- كە هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئامرازەكانی راگەیاندنی سەربەخۆ لە زۆرێك لە وڵاتانداو دەركەوتنی تەكنیكی دیجیتاڵی كە زانیاری ئازاد لەرێگای ئینتەرنیتەوە فەراهەم دەكرد.

مافی ئازادی رادەبڕین، كەلە بڕگەی 19 جارنامەی مافەكانی مرۆڤدا هاتووە ، مەرجێكی بنەڕەتی و بزوێنەری بەهرەمەندبونە لەهەموو مافەكانی تری مرۆڤ.

 

پاشەکشێی رۆژنامەگەری کابینەی نۆی خستوەتە بەر رەخنەی نێودەوڵەتی

كابینەی نۆ ئازادی لەهەولێر و دهۆك یاساغ دەكات

كونسوڵی ئەمریكا ئازادیی لەكابینەی نۆدا بینی

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket