riklam

لەیادی کیمیابارانی عەسکەر و گۆپتەپەو دەستپێکی ئەنفالی چوار

کوردستان 10:30 AM - 2023-05-03
دەستپێکی ئەنفالی چوار PUKMEDIA

دەستپێکی ئەنفالی چوار

حکومەتی هەرێم

ئەمڕۆ ٣-٥-٢٠٢٣ سی و پێنج ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی گوندەکانی عەسکەر و گۆپتەپەو سەرەتای پرۆسەی کاری کۆکوژی ئەنفالی چوار لەلایەن رژێمی بەعس تێدەپەڕێت، لەم قۆناغەی ئەنفالدا رژێمی بەعس سەرەتا بە کیمیابارانکردنی گوندەکانی عەسکەر و گۆپتەپە و چەمی ڕەزان دەستیپێکرد، کە راستەوخۆ زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی و پێشمەرگە شەهیدبوون و دواتر بەهۆی کاریگەری کیمیابارانەکە ژمارەی شەهیدەکان بۆ ٥٠٠ شەهید و بریندار بەرزبۆوە، رۆژی دواتریش ئۆپەراسیۆنی قۆناغی چوارەمی ئەنفال بۆ سنوری قەڵاسێوکە و چەمی رەزان و بناری خاڵخاڵان و دەشتی کۆیە و گوندەکانی زێی بچوک دەستیپێکرد، کە لەم قۆناغە بەرفراوانەی ئەنفالدا ٢٣٧ گوند خاپورکران و زیاتر لە ٢٨ هەزارو ٥٥٠ کەس ئەنفالکران.

 

هێزە بەشداربووکانی ئەنفالی چوار

لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چواردا، ئەم ھێزە سەربازییانەو چەندین مەفرەزە خاسەی جاش بەشداربوون: (فەرماندەیی ھێزەکانی نەسر بە سەرۆکایەتی عەمید ڕوکن خالید ئەحمەد ئیبراھیم، ھێزەکانی ٤٦ بەسەرۆکایەتی عەمید عەلی ئەحمەد محەمەد، فەرماندەیی جەحافلی دیفاعی وەتەنی ١، فەرماندەیی ھێزەکانی پارێزگاریی نەوت بە سەرۆکایەتی عەمید بارق، تیپی ٣٨، تیپی پیادەی ئالی ٥، تیپی پیادەی ٨، تیپی پیادەی ٢، ئامریەی مەواقعی فەیلەقی ١ بە سەرۆکایەتی عەمید ڕوکن عەلا محەمەد تەھا، لیوای پیادەی ٤٤٤، لیوای پیادەی ١١٠، لیوای پیادەی ئالی ٤٦، لیوای مەغاویری ١ ی فەیلەقی ١، فیرقەی مەغاویری ١٠، لیوای قوات خاسەی ژمارە ٦٥ و ٦٦ و ٦٨، لیوای زرێپۆشی ٤٦، فەوجی مەغاویری فیرقەی ٢٨، ٢٧ فەوجی جاش و مەفرەزەی تەواری سلێمانی و کەرکووک، ھێزی ئاسمانی و کەرتی کیمیاوی و یەکەکانی ھەواڵگری و ژمارەیەک ھێزی جۆراو جۆری تر.

 

هێرشەکان لەقۆڵی جیاجیاوە دەستیان پێکرد

ھێرشی سەر ناوچەکانی ئەنفالی چوار لەچەندین قۆڵی جیاوازەوە دەستپێکرا, لە چەمچەماڵەوە بە سێ قۆڵ بۆ (کانی عارەبان، شێخ پاڵەوان، پاڵکە ڕەش)، لە تەقتەقەوە سێ قۆڵ (قەرەناو، مخەڕەس، جگیلە)، کۆیە بۆ (شەوگێڕ، بناری حاجی قەڵا، تیمارۆک، بەری ڕۆژئاوا)، شوان (جولحان، عەلی بەیان، بان کەل)، قەرەھەنجیر بۆ سەرخاسە، لە گۆپاڵەوە بۆ گەورەدێ، لە سوسێوە بۆ (عەواڵان، چەمی سورقاوشان)، لە دوکانەوە بۆ کلێسە، لە پردێوە بۆ (چیا چەرمی، گەڵۆزی، توڵکی، دەشتی ھەولێر)، لە قوشتەپەوە بۆ (کەلی قەشقە، دەشتی ھەولێر)، لە ھەولێرەوە بۆ ڕۆژئاوای کۆیە، لە شیوەسورەوە بۆ (تورکمان باخ، ناڕوجە).

 

قۆناغەکانی ئەنفال لە کوردستان

٢٢/٢/١٩٨٨ تا ١٨/٣/١٩٨٨: یەکەم قۆناغ بۆ شارباژێر، سورداش ، مەرگە ئامانچ سەرگەڵوبەرگەڵو بوو لە دۆڵی جافەتی لەبەرئەوەی بارەگای سەرکردایەتی یەکێتی لێبوو.

٢٢/٣/١٩٨٨ تا ١٤/٣/١٩٨٨: قۆناغی دووەم بۆ ناوچەی قەرەداغ یەکەم پەلامار بەکیمیابارانی سێوسێنان دەستی پێکرد.

٧/٤/١٩٨٨ تا ١٤/٤/١٩٨٨: قۆناغی سێهەم  بۆ گەرمیان

٣/٥ /١٩٨٨ تا ١٨/٥/١٩٨٨: قۆناغی چوارەم ناوچەکانی شوان، شێخ بزێنی ، ئاغجەلەر، کۆیە، بەشێکی ناوچەی سورداش، خەلەکان یەکەم پەلامار بە کیمیبارانی گوندی گۆپتەپەو عەسکەر، دەستیپێکرد

٢٤/٥/١٩٨٨ تا ٣١/٨/١٩٨٨: قۆناغی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم کە ناوچەکانی شەقڵاوە و ڕواندوزی گرتەوە.

٢٥/٨/١٩٨٨ تا ٦/٩/١٩٨٨: ئەنفالی کۆتایی بوو لە ناوچەکانی بادینان

رۆژمێری تاوانە گەورەکانی بەعس لەکودستان

١٦/٣ یادی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە کە لە ساڵی ١٩٨٨ دا ئەنجامدرا.

٢٢/٣ یادی کیمیابارانی سێوسێنان – قەرەداغ

١٤/٤ یادەوەری ئەنفال، کە لەو رۆژەدا و لەساڵی ١٩٨٨ زۆرترین خەڵک لەگەرمیان گیران

١٠/٧ یادکردنەوەی ڕاگواستنی ٤٠٠٠٠ کەسی کورد کە لە ساڵی ١٩٦٢ دا ئەنجامدراوە.

٣١/٧ یادی جێنۆسایدی بارزانییەکان کە لە ساڵی ١٩٨٣ دا ئەنجامدراوە.

١٨/٨ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی گوندی سوڕیا لە ساڵی ١٩٦٩ دا ئەنجامدراوە.

٤/٩ یادکردنەوەی کوشتن و راودونانی کوردانی فەیلی کە لە ساڵی ١٩٨٠ دا ئەنجامدراوە.

١٦/٤ کیمیارانی شێخ وەسێنان  ساڵی ١٩٨٧.

١٧/٤ کیمیابارانی گوندی قزلەر، سەنگر ومیلاوکە ١٩٨٧.

٣١/ ٥ کیمیابارانی گوندەکانی دۆڵی بالیسان،١٩٨٧.

٢٣/٥ کیمیابارانی گوندەکانی کەندۆڵ، بەردۆک، بلێ، نازەنین، بالیسان، ١٩٨٧.

٢٨/٦ کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت لە رۆژهەڵات (ئێران)،١٩٨٧.

٢٥/٨  کیمیابارانکردنی گوندەکانی ناوچەی بادینان و کۆمەلکوژی گوندی برجینی، ١٩٨٧.

٢٦/٢ کیمیابارانکردنی گوندەکانی سەرگەڵو، هەڵەدن، یاخسەمر، گوێزیلە، دۆڵی جافەتی و ناوچەکانی دوکان، ١٩٨٨.

٣/٥ کیمیابارانی هەردوک گوندی گۆپتەپە، عەسکەر ١٩٨٨

ئەنفال لەسەر ئاستی عیراق و نێودەوڵەتی بەکۆمەڵکوژی ناسێندراوە

دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٧ ئەنفالی وەک کۆمەڵکوژی ناساند و لەم بارەیەوە بڕیاری دا کە حکوومەتی عێراق پێویستە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتووانی شاڵاوەکانی بکاتەوە. تا ئێستا حکوومەتی عێراق ھیچ ھەنگاوێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال نەناوە.

 

ھەر لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ساڵێک دواتر بە دیاریکراوی لە رۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠٠٨دا، ئەنفالی وەک پرۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بە ئامانجی قڕکردنی گەلی کورد بە "جینۆساید" ناسی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ساڵی ٢٠١٧ بڕیاری دا بەوەی کە رۆژی ١٤ی نیسان ھەموو ساڵێک بکرێتە رۆژێکی نیشتمانیی و پرۆسە بەدناوەکە یاد بکرێتەوە، ھەروەھا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھەنگاو بنرێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال.

 

لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەی دادگای باڵای تاوانەکان و داننانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کارکردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفالی کورد لە عێراق، تا ئێستا نەرویج، سوید، بەریتانیا و کۆریای باشوور دانیان ناوە بە پرۆسەی ئەنفال وەک کۆمەڵکوژی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە کار دەکات بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەم پرسە لەسەرانسەری جیھاندا.

پێویستی قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان

ئەو تاوانانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستا لەلایەن رژێمی بەعس ئەنجامدرا، بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامە و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ بەکاری کۆکوژی جینۆساید ناودەبرێت، دوای پرۆسەی ئازادی عێڕاق و دامەزراندنی دادگای باڵای تاوانەکانی رژێمی پێشو تاوانی ئەنفال بەتاوانی جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناسێندرا، بەمەش بەبڕیاری دادگا مافی قەرەبوکردنەوەی بۆ زیانلێکەوتوانی ئەو تاوانە قێزەونەی رژێمی بەعسی سەدامی دەستەبەرکرد.

 

ئەوەی ماوەتەوە بوترێت؛ پێویستە حکومەتی هەرێم، پەرلەمانی کوردستان، رێکخراوەکان، سەندیکا و یەکێتییەکان، پارێزەران و کەسایەتییەکان، کەسوکاری ئەنفال و شەهیدان، سکاڵای یاسایی دژی حکومەتی ئێستای عێڕاق لەدادگای باڵای فیدرالی پێشکەش بکەن بەمەبەاتی قەرەبوکردنەوەی ماددی، بەوپێیەی حکومەت و دەوڵەتی ئێستای عێڕاق بەپێی یاسا و نەریتی یاسایی میراتگری یاسایی دەوڵەت و حکومەتی رابردووی عێڕاقە، هەروەک چۆن قەرەبوی وڵاتی کوێت و وڵاتانی دیکەش کرایەوە پێویستە بەهەمان شێوە قەرەبوی کوردستان خەڵکەکەی بکرێتەوە پاڵپشت بەبڕیاری دادگا.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket