riklam

كاتێك داوای هەرێمی بەسرامان كرد لە هەموو لایەكەوە هێرشمان كرایەسەر

چاوپێکەوتن 01:29 PM - 2023-05-01
دكتۆر وائیل عەبدولەتیف كەناڵی ئەلمەسرا

دكتۆر وائیل عەبدولەتیف

عيراق

دكتۆر وائیل سەبارەت بە بارودۆخی بەسرا لە ئێستادا لە چاو رابردوویدا رایگەیاند: "بەسرا پێشتر و لەسەردەمی عوسمانییەكاندا ویلایەتێكی گەورەبوو، دوای شەڕی جیهانی و هاتنی ئینگلیز پیاوماقوڵان و سەرۆك هۆزەكان، داوای ئەوەیان كرد لە عیراقی نوێدا، بارێكی تایبەت لە بەسرادا هەبێت، وتیشی: بەسرە شارێكی ناوازەی عیراقە و مێژوویەكی دێرین و هەروەها ناسنامەی تایبەت بە خۆی هەیە، كە زۆر جیاوازە لەگەڵ ناسنامەی پارێزگاكانی دیكەدا، بەڵام دوای 2003 خەڵكێكی زۆر هاتنە بەسراوەو خانووی بێ سەروبەرەی تێدا درووستكرا بەوەش ناسنامەكەی گۆڕانی بەسەردا هات".

 

روونیشیكردەوە كە ئەم پارێزگایە لە رووی پێگەو بوونی نەوت و وزەو بەندەر و دارخورماشەوە جیاوازە لە ناوچەكانی تر. 

 

لەبارەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئایە پارێزگاكە گەشەی بەخۆوە بینیوە بەتایبەت كە بەرپرسان باس لە پێشكەوتن و گەشەی دەكەن وتی: ئێستا لە بەسرە پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەكرێت، بەڵام لەچاو پێگەی پاریزگاكەدا زۆر كەمن، دەمەوێت راشكاو بم، بونیاتنانەوەی راستەقینە نییە لە بەسرەدا، دانیشتوانەكەی نیگەرانن، هەژارن، ئاوی پاكیان دەستناكەوێت، خانووەكانیان بە بلۆك و چینكۆ دروستكردووە، بێگومان ئەو جۆرە لە خانوو شوێنی شایستەی نیشتەجێبوون و ژیانی مرۆڤ نییە.

 

 

 

پیسبوونی زینگەی شارەكە

 

 

ئاماژەی بەوەشكرد بەسڕە ژینگەكەی پیس بووەو ئاسمانەكەی بە هەوری رەش داپۆشراوە، بەهۆی بیرە نەوتەكان و ئەو غازەی لەكاتی بەرهەمهێنانی نەوت دەسوتێت، بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە تەنها بەسرە یەكسانە بەهەمان بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەموو ناوچەكانی ئێران، رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە بەسرا بەتایبەتی شێرپەنجەی سییەكان و  مەمك لای ژنان زۆرترین رێژەی تێدا تۆمار كراوە، هەموو ئەمانە بەهۆی ئەوەوەیە ئێمە رۆژانە 50 ملیۆن دۆلار لەكیس دەدەین بەهۆی سوتانی غازەوە، هیچ یەكێك لە كابینەكان چارەسەرێكی ئەوەی نەكردووە، ئێمە دەچین غاز لە ئێران دەكڕێن، ساڵانە چەندین ملیار دۆلار دەدەین بە ئێران بۆ ئەو غازە كەچی خۆمان غازمان هەیە و دەسوتێت، چارەسەری ئەمە پێویستی بە بڕیارێكی سەربەخۆ هەیە، بەڵام دەركردنی بڕیار سەربەخۆ لە عیراق نییە، لە بچووكترین دەسەڵاتەوە تا بەرزترین، ئەوەش بەهۆی دەستوەردانی دەرەكی لە عیراق لە لایەن چەندین وڵاتەوە، دووپاتیشی كردەوە كە لە عیراق كەسایەتییەك نییە حەكیم بێت، بەراستی سەركردە بێت، توانای خۆی بەكاربهێنێت و بەو وڵاتانە بڵێت ئێوە دەوڵەتن و ئێمەش دەوڵەت و رایانگرێت.

 

پڕۆژەی فاوی گەورە

 

 

سەبارەت بە هەلی كارو پڕۆژە لە عیراق رایگەیاند: سەیركەن پڕۆژەی فاوی گەورە پڕۆژەیەكی ستراتیژی گرنگە، كە  چەندەها ساڵە تەواو نەكراوە، گەر تەواو بكرایە، ئەوا  بێكاری لە عیراق نەدەما، چونكە 500 هەزار هەلی كاری تێدا دەبوو، بۆ ئەندازیار و كرێكار و شۆفێر و دوكاندار ....هتد.

 

بەوتەی دكتۆر وائیل، سەدام حسێن لە رابردوودا  وڵاتی خستە كێشەیەكی بێكۆتاوە و چەندین جەنگی بەرپاكرد، لە نموومەی جەنگی عیراق ئێران كە پارەی زۆری بەهەدەر دا تێیدا و  گەنجەكانمانی تێدا تیاچوون ...هتد، كە جەنگیش تەواو بوو سەدام وتی ئێمە هەڵەبووین!! ئایا ئەمە مەعقوڵە تۆ چەندین ساڵ لە هەڵەدابیت و بەردەوام بیت لەسەری و بڵێی سەركەوتنمان بەدەستهێناوە، دواتر پەلاماری كوێتی داو داگیری كرد، هەرچەند شاحسێنی ئوردن پێی وت بكشێرەوە چی داواكاریت هەیە لەكوێت من رەزامەندی داواكەت وەردەگرم، بەڵام رەتیكردەوە و وتی پاشەكشە ناكەین، بەڵام خۆی یەكەم كەس بوو لە جەنگەكە رایكرد. سەیری عیراق بكەن بەراوردی بكەن بە ئیمارات، شێخ زاید وڵاتێكی لەسەر لم دروستكرد، بەڵام سەدام وڵاتێكی دروستكراو و ئاوەدانی كرد بە لم و وێرانی كرد.


فەرمانڕەوایی بە ئاگر و ئاسن

 

ئەو سیاسەتمەدار هەروەها دەڵێت: "لە سەردەمی سەدام راستە دەستوەردان و داگیركاری دەرەكی نەبوو، بەڵام بە ئاگر و ئاسن فەرمانرەوایی دەكرد، ئازادی نەبوو، ئەوە فەرمانڕەوایی نەبوو سەدام كردی، چونكە فەرمانڕەوا گەل و وڵات چاودێری دەكات و دەیپارێزێت، بەڵام سەدام گەلەگەی سزا دەدا، لەسەرەتاوە چەندین كەسایەتی كوشت".

لەبارەی ئەوەی ئایا لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكانی دوای 2003 سەركەوتووبوون لە بەڕێوەبردنی وڵات وتی: ئەگەر هەڵسەنگاندێك بۆ ساڵانی نێوان 2003 تاكو 2023 بكەین، بەڕای من ئیدارەدانی دەوڵەت سەركەوتوو نەبووە، سیستمی پشك پشكێنە هەبووەو هەیە،  عیراق بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێنێت، بڕۆن هۆڕەكان ببینن وشكبووە، توركیا ئاو بەرناداتەوە.

 

وتیشی: ئێمە كاتی خۆی لە ئەنجوومەنی حوكم دەستكەوتی گەورەمان هەبوو، لەوانە  146 یاسامان دانا لە كەمتر لە ساڵێكدا كە ئێمە تەنها 25 كەس بووین، كاتێكی كەم دەواممان دەكرد، دواتر حكومەتی كاتی پێكهێنرا بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، كەسایەتییەكی سەركەوتوو بوو، قەرزێكی زۆری لەسەر عیراق لابرد و لەماوەیەكی كەمدا، كاتی ئەیاد عەلاوی فەرمانڕەوایی باش بوو هەوییەی عیراق هەبوو، دواتر هەڵبژاردن كرا، لە دوای ساڵی 2005 دۆخی عیراق بەرەو پشێوی و ململانێ‌ رۆیشت.

 

 

دەستووری عیراق بە پەلە نەنووسراوە

 

سەبارەت بە دەستووری عیراق دكتۆر وائیل دەڵێت، زۆرێك لە كەسایەتییە سیاسییەكان پێیانوایە دەستوور بەپەلە نووسراوەتەوە، ئێمە لە ئەنجومەتی حوكم 25 كەس لە دادوەر و یاساناس و پارێزەر یەك بنەمای دەستوورمان داڕشت، بەناوی یاسای دەوڵەتی عیراق بۆ قۆناغی راگوزەر، دواتر پێشكەشی ئەنجومەنی حوكم كرا و  یاسای دەوڵەتی عیراق  رێكخرا كە ئەوكات سەرۆكی لیژنەكە عەدنان پاچەچی بوو، كە كەسایەتییەك بوو بەشداربوو لە بونیاتنانی ئیمارات و ماوەیەكی زۆر وەزیری دەرەوە بووە، دواتر یاسای دەوڵەتی عیراق بوو بە دەستوور و لە ساڵی 2005 پەسەند كرا، هەرچەندە پێش پەسەندكردنی مشتومڕی زۆر لەسەر مادەكانی هەبوو.

 

 

داواكاری بۆ پێكهێنانی هەرێمی بەسرا

 

 

 

سەبارەت بە مافی هەرێمەكان و دروستبوونی هەرێمی بەسرا، كە داواكارییەكەیان سەركەوتوو نەبوو، دكتۆر وائیل عەبدول لەتیف دەڵێت: لە ساڵی 2008 حزبێكم بە ناوی حزبی دەوڵەتەوە دروستكرد و هەروەها داواكاریەكم بەڕەسمی پێشكەش بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كرد بۆئەوەی بەسرا لە پارێزگاوە بكرێت بە هەرێمێكی سەربەخۆ، بەڵام لەلایەن هەموو كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكانەوە هێرشی توند كرایە سەرم، دواتر داواكارییەكەمان كشانەوە،  بە هۆی دژایەتی سیاسییەوە.

 

ئێستا لە بەسرا پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەیە، بەڵام لەچاو پێگەی پاریزگاكەدا زۆر كەمە و راشكاو دەڵێم بونیاتنانەوەی راستەقینە نییە لە بەسرادا و دانیشتوانەكەی نیگەران و هەژارن.

PUKMEDIA / المسری

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket