riklam

یه‌كێتی هه‌ڵبژاردنی ده‌وێت و پارتی لێی راده‌كات

کوردستان 01:50 PM - 2023-04-30
لۆگۆی یەکێتی و پارتی PUKMEDIA

لۆگۆی یەکێتی و پارتی

یەکێتی

یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا و پێشنیاره‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌باره‌ی كورسی پێكهاته‌كان به‌چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه‌ له‌سه‌ر پرسی پێكهاته‌كان له‌په‌رله‌مان ده‌زانێت، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش ده‌ڵێت: "یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ جگه‌ له‌پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ردن له‌ هه‌رێمی كوردستان".

بۆ كردنه‌وه‌ی گرێ كوێره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی یه‌كێتی بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌ربڕی و داوای له‌ پارتی كردووه‌ وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م له‌پرسی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌گفتوگۆ بكرێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا چه‌ند جارێك ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی و مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی كۆبوونه‌وه‌.

 

یه‌كێتی بۆ دیموكراسی قوربانی داوه‌

سالار سه‌رحه‌د ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی بۆردی په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانییه‌كانی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "له‌ڕابردو و ئێستاشدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ جێبه‌جێكردنی دیموكراسی بووه‌ و قوربانی بۆ داوه‌، به‌تایبه‌ت بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ به‌شێكه‌ لێی و ئه‌و داواكارییانه‌شی بۆ پرسی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌تی داواكاری خه‌ڵكه‌ و لایه‌نه‌كانی دیكه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد".

"درێژه‌دان به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی و مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی له‌سه‌ر داواكای یه‌كێتییه‌، به‌ڵام پارتی وه‌ك پێویست هه‌نگاو بۆ ئه‌و پڕۆسه‌ گرنگه‌ نانێت و هه‌وڵی خۆدزینه‌وه‌ ده‌دات" سالار سه‌رحه‌د وايوت.

 

یه‌كێتی هه‌ڵبژاردنی ته‌قلیدی ره‌تده‌كاته‌وه‌

 

یه‌كێتی ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێم ببێته‌ ده‌رخه‌ری رووی دیموكراسی و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌ ته‌قلیدییه‌كانی رابردوودا نییه‌.

سالار سه‌رحه‌د ده‌ڵێت: "یه‌كێتی و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی دیكه‌ جگه‌ له‌پارتی خواستیانه‌ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و رووی راسته‌قینه‌ی پڕۆسه‌ی دیموكراسی ده‌ربخریت، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌رابردوو له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بینیومانه‌".

راشیگه‌یاند: "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌رگیز له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسی پێكهاته‌كاندا نه‌بووه‌، به‌ڵام داوای كردووه‌ پێكهاته‌كان نوێنه‌ری راسته‌قینه‌یان له‌په‌رله‌مان هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشنیاره‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانمان لا په‌سه‌نده‌ كه‌باس له‌ دابه‌شكردنی كورسی پێكهاته‌كان ده‌كات به‌سه‌ر پارێزگاكاندا".

 

پارتی كردار و قسه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردن وه‌ك یه‌ك نيیه‌

پارتی دژی هه‌ڵبژاردنی فره‌بازنه‌ییه‌ بۆیه‌ گرفت و سیناریۆ بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌كه‌  دروستده‌كات و ده‌یه‌وێت له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنی یه‌ك بازنه‌وه‌ درێژه‌ به‌ ته‌زویری به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوه‌كانی بدات. له‌تیف نێروه‌یی لێپرسراوی بۆردی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون له‌ ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردندایه‌، به‌ڵام به‌كرده‌وه‌ گرفت و سیناریۆ بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌كه‌ دروستده‌كات، بۆنموونه‌ كاتێك ئاماده‌كاری و دانوستان بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، پارتی له‌رێگای لێدوانی زبر و دوور له‌ زمانی دانوستانه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ ده‌شێوێنێت و رای گشتی به‌بابه‌تی بێ ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كات".

"پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردندایه‌ به‌ یه‌ك بازنه‌یی، چونكه‌ ده‌رفه‌تی ته‌زویری به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوی زۆره‌ و مافی ده‌نگده‌ری پارێزگاكان پێشێلده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌نگی هه‌ندێك پارێزگا ده‌چێت بۆ پارێزگایه‌كی دیكه‌، ئاشكرایه‌ به‌یه‌ك بازنه‌یی ناتوانین هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام بده‌ین" نێروه‌یی واده‌ڵێت.

 

پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنه‌كان پارتی هه‌نگاو ده‌نێت

پارتی نایه‌وێت ئه‌و به‌ڵێنانه‌ جێبه‌جێ بكات كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن داویه‌تی، ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی و مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات.

نێروه‌یی راشیگه‌یاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و هه‌موو ئه‌و رێكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌گشتی و یه‌كێتی به‌تایبه‌ت كردبووی، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی پێوه‌دیاره‌ و گه‌رموگوڕ نییه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی، ته‌نانه‌ت پێشنیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشی له‌باره‌ی كورسی پێكهاته‌كان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و پێی باش نییه‌ كورسی پێكهاته‌كان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا دابه‌ش بكرێن"، له‌تیف نێروه‌یی واده‌ڵێت.

ده‌شڵێت: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی و مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی پرسی تۆماری ده‌نگده‌ران و چوار بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن یه‌كلابووبوه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ئێستای پارتی ده‌بیندرێت ته‌واو پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی و مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتییه‌، له‌مه‌شه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان پارتی پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن".

 

یۆنامی بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی پێكهاته‌كان راگه‌یاندووه‌

 

یۆنامی پێشنیاری خۆی له‌باره‌ی كورسی پێكهاته‌كان راگه‌یاندووه‌ و پارتیش خۆی لێ بێده‌نگ كردووه‌ و لایه‌نه‌كانیش جگه‌ له‌پارتی پێشنیاره‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیان بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخی هه‌رێم له‌قه‌یرانی هه‌ڵبژاردن له‌لا په‌سه‌نده‌.

پێشتر زیاد جه‌بار سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندبوو: "پێشنیازه‌كه‌ی یۆنامی بۆ كورسی پێكهاته‌كان پێشنیازی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی تریشه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، كه‌له‌ڕابردوودا باسكراوه‌و پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی لێ بێده‌نگ كردووه‌".

"له‌ رابردوودا كۆمه‌ڵێك له‌ هێزه‌ سیاسیيه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پڕۆژه‌یه‌كیان بۆ هه‌ڵبژاردن پێشكه‌شكردوه‌ و تێیدا سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان گوێیان لێگیراوه‌و له‌ئێستاشدا یۆنامی له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت پێشیازیكردووه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ بۆچوونی پارتییه‌ كه‌ تائێستا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بێده‌نگه‌ و چاوه‌ڕوانین بۆچوونیان هه‌بێت و كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت"، زیاد جه‌بار وایوت.


كورسی پێكهاته‌كان خاڵی ناكۆكی نێوان یه‌كێتی و پارتییه‌، له‌كاتێكدا نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ نێوه‌ندگیری كردووه‌ و پێشنیاره‌كانی به‌هه‌ردوو لا گه‌یاندووه‌ و داوایكردووه‌ كورسی پێكهاته‌كان به‌سه‌ر بازنه‌ی پارێزگاكاندا دابه‌شبكرێت.

له‌كۆی 111  كورسی په‌رله‌مانی كوردستان 11 كورسی بۆ كۆتا پێكهاته‌كان دیاریكراوه‌و كه‌ 5 كورسی بۆ توركمان و 5ی دیكه‌ش بۆ كریستیانه‌كان و 1 كورسیش بۆ ئه‌رمه‌نه‌كانه‌، ماوه‌یه‌كی زۆره‌ پێكهاته‌كان ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ په‌رله‌مان له‌ پشكی كۆتاكان دانراون، نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌وان نین و پارتی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ نوێنه‌ری سیاسی ئه‌وان له‌به‌رگی پێكهاته‌كاندان و به‌ده‌نگدانی ئاڕاسته‌كراو ده‌رده‌چێنرێن.

 

لەتیف نێروەیی: پارتی نایەوێت هەڵبژاردن بکرێت

 

بەڕێككەوتنی سیاسی دەنگی مەسیحییەكان پەرتەوازە دەكرێت

 

پارتی ئاوارەكان بۆ دەنگدان دەستبەسەر دەكات

 

"دەنگدان" ئێزدییەكانیش گیرۆدەی بارمتەی پارتی دەكات


PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket