riklam

مام له‌ شام

بیروڕا 11:02 AM - 2023-04-30
عەلی شەمدین تایبەت

عەلی شەمدین

بیروڕا

عەلی شەمدین

عەبدولناسر: بیر لەو قسانەی تاڵەبانی دەكەمەوە كە پێی وتم

لە زنجیرەكانی پێشووی ئەم بابەتەدا گرنگی سەردانەكانی مام جەلالم بۆ دەركەوت، لەو ماوە یەكلاكەرەوەیەی نێوان كۆتایی پەنجاكان و سەرەتاكانی شەستەكانی سەدەی رابردوودا، چونكە بەراستی قۆناغێكی گرنگی مێژوویی بوو، ناوچەكە بەگشتی و عیراق و میسر و سوریا بەتایبەتی پێیدا تێدەپەڕیو گۆڕانكاری بنەڕەتی بەخۆوە بینی و نەخشەی سیاسیی ململانێكانی ناوچەكەشی كێشا، كە مەسەلەی فەلەستین، سەنتەری ئەو نەخشە سیاسییە بوو.

قۆناغەكەش چەندین سەركردەی كاریزمایی عەرەبی لێكەوتۆتەوەو توانیی جەماوەری عەرەب بجووڵێنێت «لەزەریاوە بۆ كەنداو» و رایانبكێشێت بەلای مەسەلەی سەرەكیی عەرەب كە ئەویش «ململانێی عەرەب- ئیسرائیل» بوو، هەروەها توانی جەماوەری عەرەب لە دەوری دروشمەكانی وەكو «یەكێتی، ئازادی و سۆشیالیستی» كۆبكاتەوە، لە رێگەی ئەو دروشمە سۆزدارییانەی لە «كۆماری عەرەبی یەكگرتوودا» لەدایكبوو.

چانسی مێژوویی مام جەلال

لەناو گەرمەی ئەو بارودۆخە سیاسییە ئاڵۆزەدا، بوونی مام جەلال وەك پەنابەری سیاسیی لە شامدا، چانسێكی مێژوویی بە مام جەلال بەخشی، كە هەرچەندە تەمەنی كەم بوو لەو كاتەدا، بەڵام توانی بەلێهاتوویی خۆی لەڕووی دیپلۆماسیی و قووڵی بیركردنەوە و دووربینی سیاسیی و پابەندبوونی مەبدەئی بە مەسەلەی گەلەكەیەوە، سەركەوتووبێت و رۆڵێكی گەورە ببینێت لە پێشخستنی ئەو مەسەلە رەوایە و كردنی بە بابەتێكی گرنگی نێو رووداوە گەرمەكانی ناوچەكە، هەروەها توانی متمانەی سەرۆكی حزبەكەشی بەدەستبهێنێت، كە ئەوكات ئەویش پەنابەر بوو لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران، مام جەلال لەو كاتەدا بڕیاریدا كە سەركێشی بكات و رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە قورسە ببێتەوە و لەو تاقیكردنەوەیەشدا سەركەوتوبوو، وەكو گەنجێكی دەركەوتوو ئازا و خەباتگێڕێكی چالاك و سەركردەیەكی كاریزماییش دەربكەوێت و هەروەها توانی دیواری بێدەنگی و پەراوێزخستن و کپکردنی سەر مەسەلەی گەلەكەی بشكێنێت.

بەوەش رۆڵێكی گەورەی گێڕا لە هاندانی دامەزرێنەرانی سەرەتایی یەكەم رێكخراوی سیاسیی كوردی لە سوریا و یارمەتیدانیان لە دەستەبەركردنی دیكۆمێنت و تەواوكردنی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی حزبەكەیان و هەروەها كاری لەگەڵیاندا كرد، بەمەبەستی كۆكردنەوەی كەسایەتییە سیاسیی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەكان لە دەوری ئەم حزبە نوێیە و رازیكردنی رێكخراو و كۆمەڵە كوردییەكانی سوریا بۆ هاتنە نێو ریزەكانی ئەو حزبەوە، بەجۆرێك دەتوانرێت مام جەلال بە یەكێك لە دیارترین دامەزرێنەرانی ئەو حزبە هەژماربكرێت، ئەمە چ جای ئەوەی ئامادەبوونی مام جەلال لە هەردوو فێستیڤاڵی جیهانی وارشۆ 1955 و مۆسكۆ 1957 و  سەركەوتنی لە چالاكییەكانیدا وەكو وەفدی سەربەخۆی كورد، بە جووڵەیەكی چۆنایەتی دادەنرێت بۆ خستنەڕووی مەسەلەی كورد لای رای گشتی جیهان، ئامادەبوونیشی لەو چالاكییە گەنجانە جیهانیانەدا، دەروازەیەك بوو كە لە رێگەیانەوە توانی هەنگاو بەرەو جیهانی پێشكەوتووی ئەوكات بنێت وەكو نوێنەری دۆزی گەلەكەی.

پەیوەندی دروستكردن  لەگەڵ نێوەندە عەرەبییەکاندا

مام جەلال لەو قۆناغەدا توانی پەیوەندی لەگەڵ نێوەندە عەرەبییە حكومی و ناحكومییەکان ببەستێت، ئەو بەربەرستی پەراوێزییەی لەسەر دۆزی گەلی كورد هەبوو بشكێنێت و هەوڵیدا بە شێوازی نەرمی خۆی و لۆژێكی بەهێزی، بەشداریی كارا بكات لە راستكردنەوەی ئەو وێنا باوە ژەنگگرتووەی لە تێڕوانین و بیرکردنەوەی عەرەبدا هەبوو لەسەر كورد، كە مەسەلەكەی وەكو ئیسرائیلی دووەم لێكدەدایەوە، بۆیە بەهاریكاری تیمێك لە هاوڕێیانی خەباتی، لەوانەی لە شام لەوكاتدا لەگەڵیدا بوون «عەبدولڕەحمان زەبیحی و كەمال فوئاد و هەژار موكریانی»، كە پێكەوە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیان پێكهێنابوو، خیتابێكی سیاسیی بابەتیانە و میانڕەوانەیان داڕشتبوو، كە تیشكی دەخستە سەر خاڵە هاوبەشەكانی نێوەندی كوردی و عەرەبی لە چوارچێوەی دروشمی «برایەتی كورد  و عەرەب»دا، لەو رێگەیەشەوە توانی دیدار لەگەڵ دیارترین كەسایەتییە سیاسیی و حكومییەكانی سوریا و میسر بكات لە نموونەی «ئەكرەم حۆرانی و میشێل عەفلەق و عەبدولحەمید سەراج و كەمالەدین رەفعەت»، ئەو هەوڵانەش بوونە هۆی دامەزراندنی بەشی كوردی ئێزگەی قاهیرە لە 1958دا و رێگەشی خۆشكرد بۆ پێشوازیكردن لە مستەفا بارزانی لەكاتی گەڕانەوەی بۆ عیراق.

سەردانی میسر و جەزائیر و لیبیا

ئەم رۆڵەی مام جەلال بەشێوەیەكی روونتریش دەركەوت لە سەردانە یەك لەدوا یەكەكانی بۆ میسر و جەزائیر و لیبیبا و چاوپێكەوتنی لەگەڵ جەمال عەبدولناسر و ئەحمەد بن بیلا و قەزافیدا، كە تێڕوانینێکی ئیجابی باش و كاریگەری لایان بەجێهێشت و  پەیوەندیی باشی لەگەڵیاندا دروستكرد، ئەوەش رۆڵی هەبوو لە راستكردنەوەی دیدگای ئەو سەركردانە لەسەر مەسەلەی كورد، ئەوەش لە سەردانی دووەمی مام جەلال لەگەڵ فوئاد عارفدا لە چوارچێوەی وەفدی حكومی عیراقدا بۆ جەزائیر و

چوونیان بە میسردا لە ساڵی 1963دا دەركەوت، كاتێك عەبدولناسر پێشوازی لێكردن لە هاتن گەڕانەوەشدا و گفتوگۆی لەگەڵیاندا كرد، سەبارەت بە كورد وەكو میللەت و مەسەلەی كورد، مام جەلال لە دیدارەکەیدا لەگەڵ عەبدولناسر هەڵوێستی حزبەكەی پێ راگەیاند و جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی، كورد نایانەوێت لە عیراق جیاببێتەوە و كورد دژی نەتەوەی عەرەب و كۆماری عەرەبی یەكگرتوو نییە، بەڵكو ئەوەی دەیەوێت، ئەوەیە عەبدولناسر بێتە نێوان كورد و حكومەتی عیراقەوە بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێك لەسەر ئۆتۆنۆمی بۆ كورد لە چوارچێوەی عیراقدا.

مەعد فەیاز لە كتێبەكەیدا لەسەر زاری مام جەلال دەگێڕێتەوە، كە عەبدولناسر پێیوتوون: من گوێم لە قسەكانی ئێوە گرت و بیری لێدەكەمەوە، كاتێك لە جەزائیر گەڕانەوە، ئەوا دیدارێكی ترمان دەبێت»، دوای گەڕانەوەی مام جەلال و وەفدەكە، جارێكی تر چاویان بە عەبدولناسر كەوت و مام جەلال لە كتێبی «لە بیرەوەری سەرۆك مام جەلالەوە» ئەوە دەڵێت: «كاتێك لە جەزائیر گەڕاینەوە چاومان بە عەبدولناسر كەوتەوە و پێی راگەیاندین، كە ئەو مەسەلەكەی لەگەڵ خۆیدا لێكداوتەوە و پێی وتم: ئەو رازییە لەسەر پێدانی خودموختاری بەكورد، بەپێی ئەو شێوازەی بۆم باسكردبوو».

ئەم قسانەی مام جەلالیش، جەمال ئەتاسی لە پێشەكی كتێبەكەی مونزیر موسڵی «عەرەب و كورد- دیدگایەکی عەرەبی بۆ مەسەلەی كورد» جەختی لەسەر دەكاتەوە و دەڵێت: «هەڵوێستی عەبدولناسر بەرامبەر بەو یادداشتەی مام جەلال پێشكەشی كردبوو، ئەوەبوو «عەبدولناسر بیرۆكەی ناو یادداشتەکەی تاڵەبانی، كە بەناوی وەفدی كوردییەوە پێشكەشی كردبوو، داوای ئۆتۆنۆمی كردبوو بۆ كوردی عیراق و یان كوردستان بكرێت بە هەرێمێك لەناو كۆماری عەرەبی یەكگرتوودا هاوشێوەی عیراق و سوریا، رازی بوو لەسەری».

عەبدولناسر هەر بەوەوە نەوەستا، بەڵكو لەو بارەیەوە لێدوانی بۆ پەیامنێری رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی «ئیریك رۆڵۆ» دا، وەكو مام جەلالیش لەكتێبەكەی خۆیدا «كوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد» باسی دەكات، رۆڵۆ وتویەتی: عەبدولناسر لە لێدوانەكەیدا وتوویەتی: «گەلی كورد برای گەلی عەرەبە و ئەو رەزامەندە بە پێدانی ئۆتۆنۆمی بە كورد، نزیك لەو شێوازەی مام جەلال داوای كردبوو، هەروەها عەبدولناسر دژایەتی خۆی بۆ پەنابردنە بەر شەڕ بۆ چارەسەری مەسەلەی كورد راگەیاندبوو».

بەم جۆرە مام جەلال لەرێگەی پەیوەندییەكانییەوە، توانی كاریگەریی لەسەر هەڵوێستی جەمال عەبدولناسر بەجێ بهێڵێت، كە ئەوەش بوو بە هەڵوێستی هەوادارانی و كەسایەتییە نزیكەكانی ناسر لە جیهانی عەرەبیدا، لەو رووەوە نووسەر سالار ئەوسی لە كتیبەكەیدا «جەلال تاڵەبانی: رووداو و هەڵوێست» دەڵێـت: مام جەلال تا رادەیەك توانی دیواری نێوان كورد و عەرەب بشكێنێت و  مەسەلەی كورد لەو پەراوێزییەی لە نێو جیهانی عەرەبیدا هەبوو، دەربكات. هەندێك لایەن و دەستەبژێری سیاسیی و فیكری عەرەبیش بخاتە بەردەم ئەو راستییەی، كە ئەوانیش پەیوەستن بە مەسەلەی كورد و هەرەها چارەسەركردنییەوە، لانیكەم لە سۆنگەی پەرۆشییان بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەكەیان و بەدیهێنانی ئامانجەكانی عەرەب».

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket