شارێك بۆ قەرەبووی مەعنەوی
بیروڕا 12:21 PM - 2023-04-13
PUKMEDIA
تابان گەرمیانی بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەركردایەتی (ی.ن.ك)
پڕۆژەیەك بۆ خزمەتكردنی قوربانیانمان
تابان گەرمیانی
مێژووی گەلی كورد پڕە لە شۆڕش و قوربانیدان و ماڵوێرانی، ئەم قەدەرەی كورد لە سایەی ئەو دابەشكارییە جوگرافییە سیاسییەوە روویداوە كە كوردی خستۆتە بن دەستی چوار كوچكەی دەوڵەتانی داگیركەری وەك عیراق و ئێران و توركیا و سوریا، هەر ئەمەیش وای كردووە كە مرۆڤی كورد لە بن دەستی ئەو وڵاتانەدا لە سادەترین مافی سیاسی و كلتوری و یاسایی بێبەش بێت و لە پێناوی كۆكردنەوەی پارچەكانی كوردستان و یەكخستنەوەی كورد و بوون بە خاوەنی قەوارەی سەربەخۆی خۆی و دەرهێنانی لەبن دەستی ئەو وڵاتاندا دەست بداتە جۆرەها شۆڕش و بزوتنەوەی جیاجیای سیاسی، هەر لەخەباتی چەكدارییەوە بیگرە تا خەباتی سیاسی و مەدەنی لە بەشەكانی كوردستان.
هەڵبەتە لەبەرانبەر بەم خەباتەشدا دووژمنانی كورد لە هیچ تاوانكارییەك دەرهەق بە كورد سڵیان نەكردووەتەوەو هەموو سنوورەكانی كوشت و بڕی مرۆڤی كوردیان تێپەڕاندووە، سەركوتكردنی هەریەكەشیان لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەی كە بە زۆر كوردیان پێوە لكاندووە جیاوازە لەوەی تر. ئێمە لێرەدا بەتەنیا لەسەر تاوانكارییەكانی رژێمی بەعسی لەناوچوو دەدوێن لە باشوری كوردستان كە تیایدا زۆرترین تاوانی سیاسی و كۆمەڵكوژیی قۆناغ بە قۆناغی لە مێژووی حكومڕانیدا بەرانبەر بە كوردی تێدا بووە لە نموونەی ئەم تاوانانەی خوارەوە:
لە ساڵی 1963 ەوە دەستی بە راگواستنی گوندەكانی دەوروبەری كەركوك كردووە .
لە ساڵەكانی 1970 بۆ 1980 دا راگواستن و بێ سەروشوێنكردنی كوردانی فەیلی .
ساڵی 1974 بۆردوومانكردنی زانكۆی سلێمانی لە قەڵادزێ.
ساڵی 1983 ئەنفالكردنی (8000) بارزانی.
ساڵی 1988 /16/3 كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو شەهیدكردنی (5000) كەس و برینداركردن و ئاوارەكردنی دەیان هەزار كەسی تر.
تاوانی ئەنفالكردنی(182000) كەس و بێ سەروشوێنكردنیان، ئەوەش بە هەشت قۆناغ: یەكەم، دۆڵی جافایەتی، دووهەم ناوچەی قەرەداغ، سێیەم ناوچەی گەرمیان، چوارەم عەسكەرو گۆپتەپەو شوان و قەڵا سێوكە و دەشتی كۆیە، پێنجەو شەشەم و حەوتەم لە قەزاكانی شەقڵاوە و ڕەواندز، قۆناغی هەشتەمیش لە ناوچەكانی بادینان .
كیمبابانكردنی گوندەكانی سەرگەڵو و یاخسەمەر گێزەڵەو دۆڵی جافایەتی.
كیمیابانكردنی گوندەكانی، شێخ وەسانان و ناوچەكانی دەوروبەری.
كیمیابارانكردنی گوندەكانی قزلەر و ماولەكە.
كیمیابارانكردنی گوندەكانی دۆڵی بالیسان.
كیمیابارانكردن قەزای قەرەداغ.
كیمیابارانكردنی گوندەكانی مەلەخ گۆرەشێرو كەندۆڵ و بەردۆك و بلێ و تاهی و نازەنین و بالیسان.
كیمیابارانكردنی بەشێكی گوندەكانی دهۆك.
كیمیابانكردنی عەسكەرو گۆپتەپە و قەڵاسێوكە.
كیمیابارانكردنی گوندەكانی ناوچەی گەلی بازێ لە بادینان.
كیمیابارانكردنی گوندی مەرگەپان.
ئەوانەو زۆر تاوانی تریش. جا پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: ئایا لە رووی ناساندنی ئەم تاوانانەوە چیمان كردووە؟، ئایا چۆن بتوانین ئەو لەناوبردنە بەكۆمەڵانە بۆ هەمیشە بەبارتەقای قوربانییەكان و زیانە گیانی و ماڵی و ژینگەیی و ئابوری كۆمەڵایەتی و دەروونی و هتد...ەكانییەوە لە بیرەوەری نەوە دوای نەوەی خۆمان بهێڵینەوە؟ چۆن دنیای دەرەوەی خۆمان بۆ سەركۆنەكردن و ئیدانەكردنی تاوانەكان ئاشنا بكەین و هانیان بدەین بەپێی یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەكان كە لەدژی جەنگ و تاوانەكانی جینۆسایدن هەڵوێست وەربگرن و چیتر هیچ وڵاتێك و دەستەڵاتێكی تری دنیا نەتوانێت تەنیا یەكێكیش لەو تاوانانە بەرانبەر بە مرۆڤ تاقی بكاتەوە؟، چۆن پێشانی دنیای بدەین كە ئێمە خاوەنی ئەم مەرگەسات و قوربانیانەین و مافی ئەوەمان هەیە داوای زیاتری مافە سیاسی و نەتەوەكەكانی خۆمان بكەین؟.
بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی گەلەكەمان و خانەوەدەكانیان و ئەو مرۆڤانەی كە مافی ژیانكردنیان نەبوو و تەنیا لەبەر ناسنامەی نەتەوەییان كوردبوونیان بە ئازارترین شێوە لێ ئەستێنرایەوە، دەبوو ئێمە بیرمان لە كۆكردنەوەی كۆی ژان و ئازار و قوربانیەكانمان لە مۆزەخانەیەكی نموونەیی و گەورەو بەرفراوان و نیشتمانیدا بكردایەتەوە كە شایستەی قوربانییەكانمان بێت و لە شێوەی مۆزەخانەی ئەو وڵاتانە بێت كە هاوشێوەی ئێمە رووبەروی جینۆساید بوونەتەوە.
بەداخەوە تا ئێستا ئەو خەونە نەك نەهاتووەتەدی، بەڵكو لە پڕۆژە و بەرنامەی دەسەڵاتی كوردیدا هەر بیریشی لێنەكراوەتەوە و بوونی نییە، ئەوەی هەیە بریتییە لە چەند مۆنۆمێنتێكی بچووك و بچڕ بچڕ لەبابەت مۆنۆمێتی هەڵەبجە، یان ئەوەی چەمچەماڵ و دێبنەی گەرمیان كە مەرجەكانی مۆزەخانەو مۆنۆمێنتێكی نیشتمانی گەورەیان تیدا نییە یان تەنیا تاوانی شارێك یان ناوچەیەكیان لەخۆ گرتووە كە ئەویش هێشتا لە ئاست ئەو قوربانییەدا نییەو دەكرا باشتربوایە و بەپێی دیكۆمێنتكردنە جیهانییەكان و كەرەستە پیشكەوتووەكان كاریان تێدا بكرێت بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە دیكۆمێنتی مەرگەساتەكان بكرێت.
هەرچی مۆنەمۆمیتی هەولێرە كە لە پایتەختی هەرێمی كوردستانە، ئەوە هیچ بایەخێكی پێ نادرێت، بەتایبەتی لە رووی سەردانیكردنییەوە لەلایەن خەڵكی بیانی و چالاكی كردن تێیدا، مۆنۆمێتەكەی چەمچەماڵ، دیسانەوە لە هەموو رەووەكانەوە، گرنگی پێ نادرێت و پێشناخرێت، بۆیە گرنگە لە بەر ئەو هۆكارانەو چەندان هۆكاری تر كە رەنگە لێرەدا كەمترینم باسكردبن و بەلایاندا چووبێتم، پێویستە وەك هەستێكی نەتەوەیی و ئەخلاقی و مێژوویی دەست بەم لایەنە گرنگ و مێژووییەی قوربانیانیانی نەتەوەكەمانەوە بگرین و یەك بەیەكیان بەشێوەیەكی ئەوتۆ تۆمار و یاداشت بكەین كە شایستەی قەبارەی قوربانیەكانمان بێت.
بۆ ئەو مەبەستە، لێرەدا پێشنیارو بیرۆكەمان، دروستكردنی (شار)ێكە بۆ كۆكردنەوەی هەموو دیكۆمینت و كەلوپەل و ئاسەوارێكی قوربانییەكانمان، ئەوەش لەسەر بنەمای داتایەكی زانستی كە هەموو لایەنەكانی قوربانیەكانمان لە خۆبگرێت، من لێرەدا تەنیا بیرۆكەیەك دەخەمەڕوو، لایەنەكانی تری بۆ كەسانی شارەزاو پسپۆری بوارە جیاجیاكانی تر بە جێدەهێڵم، پێویستە ئەمە خەمی كەسوكاری قوربانیان بێت لە چوارچێوەی داواكاری قەرەبوو كردنەوەیاندا، خەمی گروپ و رێكخراوەكانی تایبەت بە قوربانییەكانمان بێت كە كار بۆ مەسەلەی جینۆسایدی كورد دەكەن، ئەركی دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگاكانی تایبەت بە پرسی شەهیدان و قوربانیەكانیەكان بێت، ئەركی نوسەران و رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان بە ئەكتەران و سینەماكاران و شانۆكارو پەیكەرتاش و شێوەكارو بوارەكانی تری هونەر بێت، ئەركی سەرمایەدارانی كوردستانیش بێت، پێویستە هەموو ئەم توێژە كۆمەڵایەتییانە بەشداریی تێدا بكەن و لەو شارە قوربانییەی باسی دەكەم ئەركی جیاجیاو تایبەتیان پێ بسپێردێت.
ئێمە پێویستە ئەم پڕۆژەیە لەسەر سەدان دۆنم زەوی بونیاد بنێین و شوێنەكەیشی نزیكی فرۆكەخانەو شارێكی گەورەی هەرێمی كوردستان بێت بۆ ئەوەی نزیك بێت بۆ سەردانی كردنی وەفدو گەشتیارو كەسانی بیانی. پێویستە لەناو شارەكەدا دیواربەندییەك بكرێت و گوند بە گوند و شار بەشار و ناوچە بە ناوچەی وێركراومان و ناوی قوربانییەكانی تێدا تۆمار بكرێت و و شوێن و جوگرفیاو زیانە مرۆیی و مادی و كشتوكاڵی و ژینگەیی و ئاژەڵداری و هتد تێدا بخرێتەڕوو، بە شێوەیەكی زانستی و سەردەمیانەش و بۆ ناساندنی تاوانەكە هەر سێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزیییان تێدا بەكار بهێنرێت، لەناو شارەكەدا هەر ناوچەیەك بەجیا دیاری بكرێت بۆ ئەوەی لە یادی هەریەكێك لەو شوێنانەدا رێو رەسمی تایبەت هەبێت و دانانی تاجە گوڵینەو رێزلێنان لە قوربانییەكان بەڕێوەبچێت، هەروەها تا بكرێت سوود لە كەسانی شارەزاو پسپۆری ناو خاوەن قوربانییەكانی ئەو شارە جینۆسایكراوانەمان وەربگیرێت و دابمەزرێن و كاریان پێ بدرێت، بەتایبەتی نەوەی قوربانییەكان، ئەمەیش لە رێگای چەند میكانزمێكی ئیداری و زانستییەوە.
لەناو ئەم شارە گەورەیەدا، شوێنی پێشەنگای تایبەت بە نمایشی فیلم و فۆتۆ و شێوەكاری و پەیكەرتاشی هەبێت، كتێبخانەی تایبەت بە جینۆساید هەبێت، بەرهەمی هەموو نوسەرانی ناوخۆو دەرەوەی وڵاتیان تیا كۆبكرێتەوە كە لەبارەی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلەكەمانانیان نووسیوە، لە چوارچێوەی پرۆژەكەدا كتێب بۆ سەر زمانەكانی تر وەربگێڕدرێت و لە شێوەی دیجیتاڵی بە سیدی هەبێت، هۆڵی قەبارە جیاجیا هەبن بۆ كۆڕ و كۆنفرانس و كۆبوونەوەو بە شێوەیەكی سەردەمییانە دروست بكرێن.
بۆ دروستكردنی ئەم شارە، پێویستە هەموو سەرمایەدارەكانی ناوچەكان، بە شێوەیەك لە شێوەكان، وەك هەڵوێستێكی نیشتمانی، لە رووی مادییەوە بەشداریی لە دروستكردنی ئەم شارەدا بكەن و، ناوی هەریەكەشیان و بڕی ئەو سەرماییەی كە لە شارەكەدا خەرجیانكردووە بۆ مێژوو و وەك شانازییەكی نیشتمانی لە مۆزەخانەی شارەكەدا تۆمار بكرێت . بۆ ئەوەی شارەكەش خاوەنی داهاتی خۆی بێت بێگومان دەتوانرێت بە میكانزمێك سوود لە بە كرێدانی هۆڵەكانی شارەكە وەربگیرێت، بەتایبەتی لەبۆنەكانی كۆڕ و كۆنفڕانسەكاندا، هاوكات سەرچاوەی تری داهاتیش دەست بخرێت، بە دیاریكراویش هەموو چوونە ژوورەوەیەك بۆ شارەكە بە بلیت و بە بەرامبەر بێت. دەبێ هەر بۆ كۆمەككردنی شارەكە خۆی، یاسایەك لە پەرلەمانەوە دەربكرێت كە هەر كەسێك دێتە هەرێمی كوردستان و چەند رۆژێك دەمێنێتەوە بە پارەیەكی رەمزی سەردانی ئەو شارە بكات، هەرچی كەسایەتییە سیاسییەكان و وەفدەكانن ئەوانیش لە رێگای دەزگا و دامەزراوەكانی حكومەتەوە سەردانی ئەو شارە بكەن.
دیارەی ئەمەی لێرەدا دەیڵێین سەرەتایەكە بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆژەی شارێك كە من ناوی دەنێم (شارێك بۆ قوربانیەكانمان)، دەكرێت هەر لایەك باوەڕی بە پرۆژەكە هەیە، بیرۆكەكانی دەوڵەمەندتر بكات و وردتر دایبڕێژٍێتەوە، هەر لایەكیش ئەم پرۆژەیەی گرتە ئەستۆ ناونیشانی تری بۆ دابنێت، گرنگ ئەوەیە هەر بەناوی قوربانییەكانەوە بێت، دەكرێت ئەم شارە بكرێتە پرۆژەیەكی درێژخایەن و هەر جارەی بەشێكی دروست بكرێت. ئەم پرۆژەیە دەبێتە نیشانە و هێمایەكی وەفا و رەمزێك بۆ قوربانیدانی گەلێك لە پێناوی بە دەستهێنانی مافەكانیدا، بەمە وەك هەر نەتەوەیەكی بندەست لە ناوچەكەو جیهاندا ئەوە دەسەلمێنین كە رێز لە خۆمان و ئێستاو ئایندەمان و ئەو دەستكەتانەش دەگرین كە لە سایەی خەبات و قوربانییەكانمان بە دەستمان هێناون، لە كۆتاییدا داواكارم كە هەركەس و لایەنێك ئەم پرۆژەیە دەخوێنێتەوە ببێتە داواكاریی ئەویش جا ئیتر لە هەر پێگەیەكی سیاسی و كۆمەڵاتیدا بێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆ کۆچی دوایی کاوەی ئیزاعە
09:55 AM - 2025-11-07 -
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق: بانگەشە کۆتایی دێت
03:58 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
01:31 PM - 2025-11-06
ئەمانەش ببینە
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 9 ملیار دینارە
08:50 AM - 2025-11-07
قوباد تاڵەبانی: سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست دەهێنین
07:01 PM - 2025-11-06
سەعدی پیرە: لەژێر ناوی بێ مانا مووچەی خەڵکی هەرێم بڕدرا
06:35 PM - 2025-11-06
بهپێی راپرسییهكان یهكێتی سهركهوتنی گهوره بهدهستدههێنێت
02:51 PM - 2025-11-06
زۆرترین خوێنراو
-
بهپێی راپرسییهكان یهكێتی سهركهوتنی گهوره بهدهستدههێنێت
ڕیپۆرتاژ 02:51 PM - 2025-11-06 -
قوباد تاڵەبانى:خەڵک ئێستا زیاتر لەهەر کاتێکی دیکە ئومێدیان بە یەکێتییە
کوردستان 02:50 PM - 2025-11-06 -
ئەدهەم بارزانی: دەنگ بدەن بەو کاندیدانەی هێژا بافڵ جەلال تاڵەبانی دیاری کردون
کوردستان 01:51 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
کوردستان 01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
کوردستان 01:31 PM - 2025-11-06 -
كارنامەی لیستی 222 ی یەكێتی بۆ سێکتەری کارگێڕی و ئابووری
ی ن ک 11:05 AM - 2025-11-06 -
حاکم قادر: ھەموان دەنگ بە لیستی 222ی یەکێتیی بدەن
کوردستان 11:05 AM - 2025-11-06 -
بێگەرد تاڵەبانی: یەكێتی خاوەنی ئەو دەستكەوتانەیە كەبانگەشەیان پێوەدەكرێت
کوردستان 10:57 AM - 2025-11-06







دابەزێنە

