riklam

باڵێکی پارتی قەیران بۆ لەباربردنی دەستپێشخەرییەکان دروستدەکات

کوردستان 09:14 AM - 2023-04-12
یەکێتی و پارتی PUKMEDIA

یەکێتی و پارتی

یەکێتی پارتی

باڵێكی پارتی هه‌ركاتێك هه‌ستی كردبێت نێوانی یه‌كێتی و پارتی باشه‌ و به‌ره‌وپێشچوونی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هه‌وڵی تێكدانی داوه‌و بووته‌ رێگر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتن و چارەسەری کێشەکان و ئاستەنگی بۆ دەستپێشخەرییەکان دروستکردوەو قەیرانێکی نوێ و ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنی و ئابوری خولقاندووە، به‌ڵام یه‌كێتی هه‌مووكاتێک خواستی یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كانی خستوەتە پێش بەرژەوەندییەکانی دیکە و پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و بەرژەوەندی خەڵک و پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی لاگرنگ بووە، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت: "باڵێکی کەمینەی پارتی هەمیشە هەوڵی تێکدانی پەیوەندی و دەستپێشخەرییەکان دەدات".

سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشتر چه‌ندینجار له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی و پارتی_یه‌وه‌ رایگه‌یاندبوو:"هه‌ركاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی باش چووبێت تێكدراوه‌، روونه‌ كه‌ ده‌ستێك هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی باش نه‌بێت".


هه‌وڵی كۆبونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی هه‌بوو، تێكیاندا

باڵی پارتی له‌حكومه‌ت هه‌موو كات هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی ده‌دات و بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.

سه‌میر هه‌ورامی وته‌بێژی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند: "هه‌ركاتێك نزیك بونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی دا هه‌بوبێت باڵی پارتی له‌ حكومه‌ت به‌یاننامه‌یه‌ك یاخود راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردوەته‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو حزبه‌ی تێكداوه‌، ته‌نانه‌ت پێش نه‌ورۆز هه‌وڵێكی باش بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌كی جدی هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو جوتیار عادل كه‌ وته‌بێژی باڵه‌كه‌ی پارتییه‌ هه‌وڵه‌كه‌ی له‌گۆڕنا".

"نییه‌تێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز یه‌كێتی و پارتی نه‌گه‌ن به‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام روویان نایه‌ت به‌خه‌ڵكی كوردستان بڵێن نامانه‌وێت رێكبكه‌وین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك هه‌ر رێككه‌وتنی لا گرنگه‌ و هیچ داواكارییه‌كی شه‌خسی نییه‌"، سه‌میر هه‌ورامی وایوت.

یه‌كێتی یه‌ك بڕیاره‌، به‌ڵام له‌ناو پارتی یه‌ك بڕیاری نییه‌

یه‌كێتی خواسی نزیكبونه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و ده‌زانێت قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان زیاتر پارێزراوتر ده‌بێت.

فه‌هیمه‌ سابر حه‌مه‌د ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "هه‌ر كاتێك لێك نزیكبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی دا هه‌بوبێت باڵێكی كه‌مینه‌ی پارتی هه‌وڵی دورخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌ی داوه‌و بوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا".

"یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێچه‌وانه‌ی پارتی ئێستا یه‌ك بڕیاره‌ و سه‌رۆك و سه‌ركردایه‌تی هه‌ر بڕیارێك ده‌ربكه‌ن جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ناو پارتی ئه‌و یه‌ك بڕیارییه‌ به‌تایبه‌ت له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا نابینرێت و ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ بۆمان ده‌ربكه‌وێت چ باڵێكی پارتییه‌ حه‌ز به‌ نزیكبونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی ناكات"، فه‌هیمه‌ سابڕ حه‌مه‌د وایوت.

ده‌شڵێت: "نزیكبونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی جگه‌ له‌وه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌، قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانیش زیاتر پارێزراوتر ده‌كات كه‌ ئەوه‌ خواستی یه‌كێتییه‌، به‌ڵام دیاره‌ كه‌مینه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ناوێت و هه‌موو كات هه‌وڵی دورخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌ی داوه‌".

باڵێكی پارتی هه‌ڵوێستی جیایه‌

ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ی له‌ كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم په‌یڕه‌و كرا، به‌شێك بوو له‌ ئه‌جێندای دوژمنانی كوردو هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد هه‌رێم زیاتر قه‌رزاربێت، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی نه‌وت راده‌ستی عیراق بكاته‌وه‌.

زه‌رده‌شت جه‌لال چاودێری سیاسی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "باڵێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌جندای وڵاتانی دیكه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كات و ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی شه‌خسی و حزبی له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات و گوێ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی میله‌ته‌كه‌ نه‌دات".

"ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ی له‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تیش په‌یڕه‌و كرا به‌ شێكه‌ له‌ جێبه‌جێ كردنی ئه‌جێندای دوژمنانی كوردو وایكرد هه‌موو تاكێكی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بخاته‌ ژێر قه‌رزه‌وه‌ هه‌ر ئه‌م ئه‌قڵیه‌ته‌شه‌ نایه‌وێت دوو كورد پێكه‌وه‌ گفتوگۆ بكه‌ن و رێكبكه‌ون"، زه‌رده‌شت جه‌لال وایوت.

وتیشی: "ئه‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌ی باڵێكی پارتی دژ به‌باڵه‌كه‌ی تری و هاوپه‌یمانه‌كه‌ی هه‌یه‌تی، وڵاتێكی بێگانه‌ به‌ وڵاتێكی دیكه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی نیه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری سلبی له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌بووه‌و ده‌رفه‌تی بۆ وڵاتانی دیكه‌ ره‌خساندووه‌ له‌دژی میلەتەکەمان پیلانه‌كانیان سه‌ركه‌وێت، هه‌روه‌ها واده‌كات هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت خاك و ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ گه‌وره‌ترین سه‌روه‌ری ئه‌م وڵاته‌یه‌ و چه‌ندین خوێنی له‌پیناودا رژاوه‌ ببه‌زێنن و ئامانجه‌ گڵاوه‌كانیان به‌دیبهێنن، بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌و ستۆپ به‌ باڵێكی شكستخواردوو بكه‌ن".

له‌دوای كۆنگره‌ی 14 ی حزبه‌كه‌ی، پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاربوو په‌ڕه‌یه‌كی نوێ بۆ ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبداته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌ن و حزبه‌كان دووری زیاتری خسته‌ نێوانیان و تاكڕه‌وی و تاكبڕیاری نه‌ك له‌خودی حزبه‌كه‌ له‌ناو حكومه‌تیش زیادیكرد، له‌كاتێكدا سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌ لای پارتییه‌.

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket