riklam

توركیا... نەوتی هەرێمی كوردستان

ڕیپۆرتاژ 09:19 PM - 2023-04-08
نەوتی هەرێم PUKMEDIA

نەوتی هەرێم

نەوتی سپی

نوسینی: محەمەد ئۆغورتوجو

ئەم راپۆرتە وەرگێڕدراوە، بەشێك لە روانینی رۆژنامەوانی توركیا دەردەخات. لەوانەیە لەگەڵ هەندێكیدا نەبین، بەڵام بەشی زۆری دیوی پشتەوەی گرژیەكانی توركیا لەرەوشی كوردستان دەردەخات: نەوت و دراوسێ و هەڵوێستە نەتەوەیەكان.
بۆیە بەباشمان زانی وەك خۆی بڵاوی بكەینەوە

دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریس و ئەو سزایەی كە بەسەر توركیادا سەپاندی، قۆناغێكی تازە لە پەیوەندیەكانی  توركیاو هەرێمی كوردستان دێتە پێشەوە، ئەمە سەبارەت بەپەیوەندیەكانی ئەنقەرە لەگەڵ بەغداش بەهەمان شێوەیە.

لەهەرێمی كوردستان رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا، كە هەموو كارەكانی وەك عەمبار و گواستنەوەو وەگرتنی پارەكانیش لەرێگای هالك بانك هەر بەدەست توركیاوەبوو.

ئەنقەرە لەسایەی ئەمەدا بوو بەخاوەنی ئەوهێزەی كە دەسكی دەستهاڕەكەی بەدەستەوەبوو،بەشێكی ئەو نەوتەی بۆخۆی بوو، كرێی گواستنەوەی بەشەكەی تریشی وەردەگرت. شایەد ئەگەر وەبەرهێنانەكان لەكاتی خۆیاندا جێبەجێ بكرایانە ئەوا لەوانەبوو  توركیا لەشوێنی (روسیا، ئێران، ئازەربەیجان) هەرزانترین گازی سروشتی لەوێوە دەست بكەوتایە، بێجگە لەمە هەولێر كە دژایەتی هەبوو لەگەڵ پەكەكەدا هاوپەیمانێكی پتەوی بۆخۆی دۆزیبویەوە.

زەنگینی نەوت

هەرێمی كوردستان لەسەر یەدەگێكی  نزیكەی3.7 ملیار بەرمیل نەوت دا خەوتووە.  بیرمە كە تێكڕا لەگەڵ نەوتی كەركوكیش ڕۆژانە نزیكەی 1 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرێگای بۆڕی گواستنەوەی جەیهاندا ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرد. واتا  تەنانەت لەنەوتی( ئازەریەكان) كە دەهاتە بەندەری (باكۆ، تیلفیس،جەیهان) زیاتر بوو.

حساباتەكانی ئەوسا كە ئەگەر نرخی یەك بەرمیل بەنزیكایی 83 دۆلار هەژمار بكەین ڕۆژانە دیكردە 83 ملیۆن دۆلار, لەمانگێكدا 2.5 ملیار دۆلار، لەساڵێكیشدا 30ملیار دۆلار. لە ئێستاشدا بەگوێرەی ئەوەی  رێژەی بەرهەمهێنان 450 هەزار بەرمیلە رۆژانە 37 ملیۆن دۆلار ، مانگانە 1.2 ملیار، لە ساڵێكیشدا نزیكەی 13.5 ملیار دۆلار دەتوانێ بەدەستبهێنێت، بێگومان ئەگەر هەندێك كێشەی چاوەڕواننەكراو ڕاگرتن ڕوونەدات. لەم داهاتەشدا نزیكەی نیوەی بۆ خەرجی كرێی كۆمپانیاكان دەڕوات. لە نیوەی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا، دوای تێچوی دەرهێنان و گواستنەوەو عەمباركردن... لەسایەی فرۆشتنی نەوت لەرێگای توركیاوە حكومەتی هەرێم 3 ملیار دۆلاری دەست كەوتوە.  بێگومان  لەنیوەی دووەمی ساڵەكەش بەهەمان پەرفۆرمانس بەردەوامی بووە. بۆیە ساڵانەش بەلانی كەم داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فرۆشی نەوت لەرێگای توركیاوە 6 ملیار دۆلاری سافی دەست كەوتوە.


رێكەوتنەكەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سۆمۆ

 

لەحاڵەتی جێبەجێكردنی رێكەوتنەكەی نێچیرڤان بارزانی لەگەل حەیدەر عەبادی... دەبوایە هەرێم رۆژانە150هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات وداهاتەكەشی 50-50 دابەش بكرێ. بەڵام عیراق بەئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لەم رێكەوتنە كشایەوە.


حكومەتی هەرێم وەك ئەوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بێت هەڵسوكەوت دەكات

بەوپێیەی كۆمیسیۆنی حكومەت و پەرلەمان و دەزگای قەزایی و نوێنەرایەتی لەوڵاتانی دەرەوە هەیە، بەوپێیەش دەبێت لەو داهاتەی كە لەنەوتەوە دەستی دەكەوێت خزمەت بەدانیشتوانەكەی بكات، كە ژمارەیان نزیكەی 6.2 ملیۆن كەسە. حكومەتی هەرێم نزیكەی 5ملیار دۆلار لەپای كرێی گواستنەوی نەوت و هەروەها بازرگانەكان قەرزاری توركیایە.

بابێینەوە سەر سزاكەی دادگا، چیرۆكەكە هێشتا تەواو نەبووە

ئەمە هێشتا لەسەرەتادایە، ئەو سزایەی كە دەرچووە تەنها بۆ قۆناغی 2014 تا2018 یە. دادوەرەكان هێشتا لێكۆڵینەوە و  قسەلەسەر 2018 تا2023 دەكەن. ئەو دادوەرانەی كە من قسەم لەگەڵدا كردون باس لەوەدەكەن كە بۆ دوو ساڵی داهاتوو بەئەنجام دەبێت و ئەگەریش هەیە سزایەكی هاوشێوە یاخود زیاتریشی بەدووادا بێت، واتا سزایەكی 1.5 ملیار دۆلاری تریش بەرێوەیە. توركیا دەستی لاوازە لەڕووی (یاسایی نێودەوڵەتی) وە، لەبنەڕەتدا چاوەڕێ دەكرێت توركیا ناچار بكرێت بەپێبژاردنی هەر30 ملیار دۆلارەكە، جانازانین بەتەنها دێتە ژێر باری ئەمەوە یاخود هەولێریش لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ دەكات؟ ئەگەر هەیە تانە لەبڕیارەكەی دادگاش بدات.

بەپێی ڕیالیتەی جیۆپۆلۆتیكی توركیا ناچارە بەمشێوەی مامەڵە بكات. هاوكاریكردنی توركیا بۆ حكومەتی هەرێم لەدوو ڕەهەندەوەبوو:-

یەكیان ئەمنی و ئەویتریان ئابووری.
ئەمنیەكە ترس لە پەكەكەو پارێزگاریكردن لەسنوورەكانی. لەڕووی ئابووریشەوە هەركاتێ توركیا باری قورس بێ ئەوە دەرگاكانی ئەولا ئاوەڵا دەكاتەوە.

دیارە بارزانیش رێگەخۆشكەرێكی باشبوو بۆئەوەی پیاوانی كار لەبنەماڵەو سەر بەدەسەڵاتدارانی ئەنقەرە ببنە خاوەن سەرمایەو داهاتی زۆرو زەبەلاح. ئەمەی بارزانی بۆ ئەوەبوو كەلەدواییدا هەوڵیك بێت بۆ دروستكردنی لۆبی لەناو سیاسەتمەدارو جیهانی كاری توركیایەكی بەهێز، بەوپێیەش لەسەردانو چاوپێكەتنی بەردەوامدابوو لەگەڵ سەرۆك وەزیرەكان،سەرۆككۆمار، پێشتریش  تەنانەت لەگەڵ وەزیرەكان... لەپشت پەردەش لەگەڵ (میت) هێزە تایبەتیەكان، وەزارەتی دەرەوە، وزە،هەریەك لەوەزارەتەكانی بەرگری و ئابووری.... ئۆپراسیۆنەكان..
لەیادمە كاتێك لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم  بەهەمان فڕۆكە گەشتمان كرد، ئەم قسانەی پێوتم:
" هەرچواردەورمان بەوڵاتانی دوژمن وەك عەرەب، فارس و تورك دەوردراوە. بەڵام خۆشەویسترین دوژمنمان توركەكانن".

كەچی لەشەڕی دژ بەداعشدا توركیا درنگ كەوت و هاوكاری نەكردین، واتا ئێران بەپێشكەوت، بەمەش درز كەوتە متامەنەكەی هەولێر، لەهەمان كاتیشدا توركیا لەپرسی ریفراندۆمدا پشتگیریی لە حكومەتی عیراق كرد.

ئایا رێگا بەنەوتی پەكەكە دەدرێت؟

بەشێكی هەرەگرنگی نەوتی سوریا كەوتە ژێر كونترۆڵی داعش، پاشان بەپشتیوانی ئەمریكا چەكدارانی داعش وەدەرنران و لەشوێنیاندا پەكەكە و پەیەدە جێگیركران، لەئێستادا بەرهەمی نەوتی سوریا لە%70 كۆنتڕۆڵ دەكەن.

بەشێكی ئەم نەوتە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی سوریا، ئەوەی دەشمێنێتەوە لەسەر سنوور لەگەڵ نەوتە ڕاستەقینەكەی كورد تێكەڵ دەكرێ و لەرێگای بۆری نەوتی جەیهان ڕەوانە دەكرێت. لەمەدا هەم پەكەكە و هەم  هەندێك لەبەرپرسەكانی حكومەتی هەرێم و لەتوركیاش چەند كەسایەتیەكی دەست رۆیشتوو ئەم كارە دەكەن.
جەوهەری قسەكە ئەوەیە، ئەو داهاتەی كە لەرێگای پەكەكەوە دێت لەلایەن حكومەتی هەرێم و توركیاوە پشتیوانی لێدەكرێت.

بەغدا( عەرزی عەزەڵات) دەكات.

ئێران پایەیەكی گەورەی لەدروست بوونی ئەم دۆخەدا هەیەو دەیەوێت نەوتی هەرێم بەرێگای ئێرانەوە بچێتە دەروە. تەنانەت ئەوەش لەئارادایە كە لەڕێگای سوریاوە بیگەیەنن بە دەریایی سپی، لەم نێوەدا روسەكان لەرێگایی رۆسنەفتەوە دەیانەوێت پردێكی گرنگی گەیاندن دروست بكەن و دەستیان بەكڕینی وزەی ژێرخانی كردووە.
پارتەكەی تاڵەبانی( یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) كەدەسەڵاتی بەسەر بەشی باشووری هەرێمەوە هەیە بەئاڕاستەی هەم بەغداو هەم تاران جوڵە دەكات. ڕێگە لەبەردەم جوڵەی بزاڤی كوردی لەسەر ئاستی ناوچەكەدا واڵادەكاتەوە.

(گۆڕان) كە هێزێكی سیاسی تازەیە دۆخەكە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی دەبات.

مەسعود بارزانی باوك خۆی لەگۆشەیەكدا گۆشەگیر كردووە. وەك سەركردەیەكی فەخری لەو شوێنانەی كە پێویست بێ دێتە دەرەوە.

جەلال تاڵەبانی وەفاتی كرد، كوڕەكانی ( قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی) هەمان جموجۆڵە كاریزماكەی باوكیان نیشاندەدەن، نێوانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كە لەئێستادا جوڵەكانی زیاتر و بەتایبەتی لەچوارچێوەی جیهانی كارو كۆڕوكۆمەڵە نێودەوڵەتیەكاندایە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران  كێبڕكێیەكی سیاسی هەیە كە جاربەجار سەردەكێشێ بۆ ئاڵۆزی، بەڵام دابەشكردنێكی گونجاو لەئەرك و كارەكان لەنێوانیاندا هەیە.

میكانیزمە نوێیەكە چۆن دەبێت؟

دەردی عیراق تەنها ئەوە نیە كە داهاتی نەوتی هەرێم بخاتەوە قاسەكەی خۆی، خۆی لەخۆیدا عیراق  لەناو ئۆپیكدا دوای سعودیە لە3.5 ملیۆن بەرمیل لەرۆژێكدا، بەگەورەترین هەناردەكاری نەوت لە2017وە لەقەڵەم دەدرێت، كە ئامانجیشی ئەوەیە تا 2027 بیگەێنێتە 6 ملیۆن بەرمیل.

ئەسڵی مەسەلەكەش ئەوەیە عیراق بیر لە مەترسی لەسەر یەكێتی خاكی عیراق و دەسەڵاتی دەوڵەتەكەی هەیە.
 
*سەرۆكی یانەی وزە لەلەندەن و نوسەری پێگەی تۆڕی بیروڕا..توركیا

وەرگێڕانی لەتوركیەوە شنۆ رەمزی هیرانی

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket