riklam

مام لە شام

بیروڕا 12:03 PM - 2023-03-19
 مام لە شام عەلی شەمدین

مام لە شام

سەرۆک مام جەلال

عەلی شەمدین

 

لیژنەی ئامادەكار و وەفدی كوردستان بۆ فێستیڤاڵی مۆسكۆ

11
دوای ئەوەی مام جەلال توانای كارتی پەڕینەوە «لیزا باس»بەدەستبهێنێت، بۆ سەفەر لە شامەوە بۆ مۆسكۆ لە 1957دا، بەمەبەستی ئامادەبوون لە فێستیڤاڵی جیهانی خوێندكاران و گەنجان، تاڵەبانی توانی داوەتنامە بۆ هەریەك لە سینەم بەدرخان و عەبدولرەحمان زەبیحی و هەژار موكریانی و عزەدین مستەفا رەسول-یش دابین بكات، بەڵام لیژنەی ئامادەكاری فێستیڤاڵ لە شام، ئەوكات بەشداری كەسایەتییە كوردانە و بەتایبەت عزەدین مستەفا رەسولی رەتكردەوە كە ئەندامی حزبی شیوعی عیراقی بو هەروەها پەیوەندی بەهێزیشی لەگەڵ مام جەلال و هاوڕێیانیدا هەبوو. 

 عزەدین مستەفا رەسول سەبارەت بە دوورخستنەوەی لە بەشداریكردن لە فیستیڤاڵەكە و لە دیدارێكدا كە عەلی كەریمی لەگەڵیدا كردوویەتی دەڵێت: كاتێك كارتەكەم برد بۆ لیژنەی ئامادەكاری فێستیڤاڵ، هەرزوو كەسێك بە ناوی محەمەد ساڵح كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شێوعیش بوو پێی وتم: ئەگەر بمانویستایە بتنێرین بۆ فێستیڤاڵەكە ئەوا خۆمان ئەو كارەمان دەكرد...»، سەبارەت بە سێ كەسایەتییەكەی تریش عزەدین مستەفا رەسوڵ دەڵێت: دكتۆر عەبدولرەحمان قاسملۆ لەرێگەی باڵیۆزخانەی چیكەوە هەوڵی دابینكردنی ڤیزای بۆ زەبیحی و هەژار و سینەم دا.. بەڵام شیوعییە سورییەكان ئەوەیان پێی خۆش نەبوو، چونكە لەرێگەی خۆیانەوە داوایان نەكردبوو بەڵكو لە رێگەی قاسملۆوە، بۆیە لە رێگەی هەمان باڵیۆزخانەوە رێگریان لە گەشتەكەیان؟»

لای خۆیەوە هەژار موكریانی كە مام جەلال خستبوویە ناو وەفدەكەوە و ئەوكات لە شاری توربەسپێی كوردستانی سوریا دادەنیشت، لە كتێبەكەی خۆیدا بەناوی»چێشتی مجێور» دەڵێت: لە هاوینی 1957دا نامەیەكم لە مام جەلالەوە پێگەیشت تێیدا هاتبوو: وەكو وەڵامێك بۆ بڕیارەكانی كۆنگرەی پایزی ساڵی 1956، ئەوا حزبی شیوعی رازی بووە بە بەشداری وەفدی كوردستان بەشێوەیەكی سەربەخۆ لە فێستیڤاڵی مۆسكۆ و هەروەها قسەكردن بەئازادانە بەناوی كوردەوە،   مام جەلال داوای لەمنیش كرد خۆم ئامادەبكەم بۆ سەفەر».

موكریانی هەروەها دەڵێت، كە لقی حزبی شیوعیش لە قامیشلی رایگەیاندبوو، هەر كەسێك دەیەوێت بەشداری فێستیڤاڵی مۆسكۆ بكات پێویستە ناوی خۆی لەو لقە تۆماربكات و بڕی 600 لیرەی سوری بدات بە حزب، لەو رووەوەش دەڵێـت: پارەكەم كۆكردەوە یان راستتر سواڵكرد  بەمەبەستی سەفەر». بەڵام دوای ئەوەی هەژار گەیشتە شام و سەردانی بارەگای لیژنەی ئامادەكاری كرد، بەمەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی و دابین كردنی ڤیزا بۆی، وەكو خۆشی باسی دەكات: هەر كە وتم كورد بە وەفدێكی سەربەخۆ دەچن بۆ مۆسكۆ، ئەوان شێت و هاربوون، وتیان ئەوە ئەستەمە، كاتێك پێم وتن حزبی شیوعی خۆی ئەو بڕیارەی داوە، یەكێكیان بە توڕەییەوە وتی: با حزبی شیوعی و بڕیارەكانی بچنە دۆزەخ».

 


رێگری لە سینەم خان و هەژار و زەبیحی دەكرێت

 

 

سەبارەت بەدەستوەردانی شیوعییەكان بۆ رێگری لە چوونی سینەم و زەبیحی و هەژار مام جەلال لە بیرەوەرییەكانیدا دەڵێت: نە وەفدی عیراق و نە وەفدی سوریاش رازی نەبوون بە چوونی ئەوان، لەبەر ئەوە لەگەڵ سینەمەدا بڕیاریاندا لە رێگەیەكی ترەوە بڕۆن كە ئەویش ئەڵمانیا ئینجا مۆسكۆ بوو، بەڵام لە ئەڵمانیا نەیانهێشت داخڵی یەكێتی سۆڤێت بن، بۆیە دوای هیلاكییەكی زۆری رێگەی سەفەر گەڕانەوە بۆ شام».

بێگومان حزبی شیوعی لە سوریا و عیراقیش خۆشحاڵ نەبوون بە پەرەسەندنی هەست و هۆشیاری نەتەوەیی لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا، چونكە خۆیان كۆنترۆڵی سیاسیی ئەو كۆمەڵگەكەیان كردبوو لەوكاتدا، هەڵوێستی لیژنەی ئامادەكاریش لە فەراغەوە نەهاتبوو، وەكو چۆن موكریانی لەكتێبەكەیدا جەختی لێدەكاتەوە، بەوەی حزبی شیوعی نزیكەی پەنجا كوردی شیوعی جەزیرەی لەگەڵ خۆیدا بۆ فێستیڤاڵی مۆسكۆ بردبوو لەبەرامبەر پێدانی 600 لیرە بەحزبی شیوعی، هەر ئەو كەسانەش دوای گەڕانەوەیان رایانگەیاند كە حزبی شیوعی لە یەكەم رۆژەوە كە گەیشتبوونە مۆسكۆ و بە فەرمانی خالد بەگداش پێیان راگەیاندبوون، كە رێگە بەكەسیان نادرێت بڵێن كوردن و دەبێت جلی عەرەبیش گەلەبیە و عەگاڵ لەبەر بكەن، هەروەها پێیان راگەیاندبوون كە دەبێت بڵێین كە ئەوان عەرەبی سوریان، هەروەها هەڕەشەیان لێكردبوون كە نابێت هیچ كەسێك لەوان پێچەوانەی ئەوە بكات، ئەگەر نا لەحزب دەردەكرێت».

 

دژەكردار بەرامبەر بە هەڵوێستی كۆسمۆپۆلیتی حزبی شیوعی

 

 

وەكو دژە كردارێكیش بەرامبەر بەو هەڵویستە كۆسمۆپۆلیتییە، ئەو كوردانە كاتێك گەڕانەوە بۆ جەزیرە، دەستیان كرد بە سكاڵا و نارەزایی دەربڕین دژ بە حزبەكەیان، كە لای خۆیەوە دەستیكرد بەدەركردنیان لە ریزی حزبی شیوعی، لە پەیوەندییەكی تەلەفونیشدا لەگەڵ» عوسمان عوسمان»ی پارێزەری كورد كە ئەوكات ئەندامی ئەو وەفدەی حزبی شیوعی سوریا بوو پێی راگەیاندم: ئەوكات لەسەر كەشتییەكە عوسمان بڕۆ مان لەگەڵدا بوو، كە بەرپرسێكی كوردی شیوعیی ناودارە بە هەڵوێستی كۆسمۆپۆلیتی، ئەو هۆشداری پێداین كە نابێت لەگەڵ


دوو وەفدی فێستیڤاڵەكە قسەبكەین، كە ئەوانیش وەفدی كوردی و وەفدی ئیسرائیلین، بە پاساوی ئەوەی كە نابێت بەعسییەكان تووڕە بكەین، بەڵام من پابەندنەبووم بەبڕیارەكە و پەیوەندیم بەوەفدی كوردیی و مام جەلالیشەوە كرد، كە زۆر لێهاتوو دەركەوت و رێزداریش بوو لای هەمووان لە فێستیڤاڵەكە، بۆیە لەوێ بۆ یەكەمجار چاوم پێكەوت و چەندین وێنەشم بۆ یادگاری لەگەڵیدا گرت».

ئەو كەسایەتییە كوردە هەروەها بیرەوەرییەك باس دەكات كە خۆی شایەتە لەسەری و دەڵێت: ئامادەی كۆڕێك بووین لە ئۆدیسا كەتێیدا سەرۆكی وەفدی عیراق داوای لەمام جەلال كرد وانەیەك بڵێتەوە، كاتێك مام جەلال لەمیانەی قسەكانیدا باسی گەلی كورد و رەوایی مەسەلەكەی كرد، یەكێك لە ئامادەبووان نارەزایی خۆی دەربڕی لەقسەكانی و دەستی بە قسەی ناشرین كرد بەرامبەر مام جەلال، وا رێكەوتبوو كە قەدری جان لەدوای ئەو كەسەوە دانیشتبوو، بۆیە دوای كۆڕەكە قەدری جان ئەو كەسەی بەتوندی كە ناوی سەڵاح دهنییە و دواتر بوو بە رەخنەگرێكی سوری ناودار گرت و ویستی لێی بدات، قەدری جان زۆر لەو كەسە توڕە بوو دەیوت: ئەم سەگە چییە قسە بەمام جەلال بڵێت»، ئوسمان ئوسمان بەردەوام دەبێت لەقسەكانی و دەڵێت: "دوای گەڕانەوەمان لە مۆسكۆ دەستمان بە نارەزایی لە هەڵوێستە خراپەكانی وەفدی حزبی شیوعی سوری بەرامبەر بە وەفدی كوردستان كرد، هەر ئەوكاتیش بە كۆ دەستلەكاركێشانەوەی خۆمان لەو حزبە راگەیاند»".  

بەمجۆرە و لەگەڵ هەموو ئەو لەمپەڕانەی هاتنە بەردەم بەشداری مام جەلال و وەفدی كوردستان لە فێستیڤاڵی خوێندكاران و گەنجانی جیهان، لەلایەن وەفدی حزبی شیوعی سوریا و عیراقەوە، بەڵام تاڵەبانی توانی بە زیرەكی خۆی لێهاتوانە دەركەوێت و  چالاكانەش وەكو وەفدی سەربەخۆی كوردستان بەشداربێت، ئەمە چ جای ئەوەی توانی چاوی بە مەلا مستەفا بكەوێت، ئەوەش بووە دەرگایەك بۆ گەڕانەوەی بارزانی بۆ عیراق دوای سەركەوتنی شۆڕشی عەبدولكەریم قاسم.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket