قوباد تاڵەبانی و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن
کوردستان 03:06 PM - 2023-03-08
نووسینگەی قوباد تاڵەبانی
كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران لە هەولێر پێشوازی لە ئەنالینا بێربۆك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كرد و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر كێشە ناوخۆییەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا گفتوگۆ كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی 8 مارسی 2023 بەڕێوەچوو و تیایدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، جێگری سەرۆك وەزیران پشتگیری خۆی بۆ حكومەتەكەی بەڕێز سودانی دووپات كردەوە و هیوای خواست حكومەتی نوێی عراق بتوانێت پڕۆژە یاسای بودجە و پڕۆژە یاسای نەوت و گاز بەجۆرێك ئامادە بكات كە لە بەرژەوەندی هەموو عیراقدا بێت.
رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر یاسای نەوت و گاز چارەسەری كێشەكانی دیكەی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت
راشیگەیاند: "رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر یاسای نەوت و گاز دەرگا دەكاتەوە بەڕووی چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی نێوان هەولێر و بەغدا و دەبێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و بووژانەوەی ئابوری لە هەموو عیراقدا".
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كرا و هەردوولا هاوڕابوون دەبێت ناكۆكییە سیاسییەكان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن. لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: "حكومەتی ئەڵمانیا پشتیوانی لە هەرێمی كوردستانی یەكدەنگ و یەكگرتوو دەكات، هەربۆیە پێویستە ناكۆكییە ناوخۆییەكان چارەسەر بكرێن".
ئەڵمانیا پشتگیری لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نیوان هەولێر و بەغدا دەكات
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نیوان هەولێر و بەغداش، ئەنالینا بێربۆك جەختی كردەوە حكومەتی ئەڵمانیا پشتگیری لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نیوان هەولێر و بەغدا دەكات و پێویستە پەیوەندییەكی بەهێز و تۆكمە لەسەر بنەمای دەستور لەنێوان هەردوو حكومەتدا هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە مایەی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و بووژانەوەی ئابوری لە هەموو عیراقدا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا كرا و لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی ئەڵمانیای كرد كە لە ماوەی رابردوودا بە ناردنی پسپۆڕ و راوێژكار لە بوارە جیاوازەكاندا یارمەتی هەرێمیان داوە و هیواشی خواست ئەم هاوكارییانە بەردەوام بێت. جێگری سەرۆك وەزیران داواشیكرد حكومەتی ئەڵمانیا هاوكاربێت لە بووژانەوەی ئابوری و رەخساندنی هەلی كار لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی هەموو ناوچەكانی كوردستان بە شێوەی هاوسەنگ گەشە بكەن و بووژانەوەی ئابوری بەخۆوە ببینن.
لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی شەنگال كرا و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان پێویستە بەر لە هەر شتێك گوێ لە خەڵكی شەنگال و داوكارییەكانیان بگیرێت. وتیشی شەنگال دۆخێكی هەستیاری هەیە و پێویستە لە جێبەجێكردنی هەر پلان و بەرنامەیەكدا هەستیاری دۆخی ناوچەكە لەبەرچاو بگیرێت.
بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنانیشەوە لە كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی ژنان لە كوردستان كرا، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا لە كوردستان ژنانی بەهێز و خاوەن بیرۆكە هەن كە دەیانەوێت ببنە خاوەنكار و پڕۆژەی خۆیان و لەم چوارچێوەیەشدا داوایكرد حكومەتی ئەڵمانیا و رێكخراوەكانی ئەو وڵاتە گرنگی زیاتر بدەن بە هاوكاریكردنی ژنانی خاوەن بیرۆكە بۆ ئەوەی پێگەی ژنان لە بازاڕی كاری كوردستاندا بەهێزتر بێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
جێگری سەرۆکی هەرێم لە رۆژی نیشتمانیی فەرەنسا بەشدار بوو
10:19 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: گەلی عیراقمان خۆشدەوێت
06:33 PM - 2026-07-14 -
ئاگرەکەی گوندی ژاژڵە لە تەشەنەی بەردەوامدایە
04:09 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: هێشتا ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە
10:43 AM - 2026-07-14
ئەمانەش ببینە
ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گۆڕا بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی
06:36 PM - 2026-07-14
سبەینێ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەستپێدەکات
03:34 PM - 2026-07-14
قوباد تاڵەبانی: دەبێت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە کاتی خۆیدا تەواو بێت
02:07 PM - 2026-07-14
جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای بەرز نرخاند
12:58 PM - 2026-07-14
زۆرترین خوێنراو
-
قوباد تاڵەبانی: دەبێت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە کاتی خۆیدا تەواو بێت
کوردستان 02:07 PM - 2026-07-14 -
لە یادی رووخانی سیستمی پاشایەتیدا، عیراق دەوڵەتی کودەتا و میلیشیا
بیروڕا 01:43 PM - 2026-07-14 -
جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای بەرز نرخاند
کوردستان 12:58 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: هێشتا ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە
جیهان 10:43 AM - 2026-07-14 -
ئەفسەرێكی كوردی بەشداربوو چیرۆكی رووداوەكانی شۆڕشی 14ی تەموز دەگێڕێتەوە
کوردستان 10:24 AM - 2026-07-14 -
مەرجەکانی بوون بە ئەندام لە سەندیکای رۆژنامەنووسان دەگۆڕدرێت
کوردستان 09:58 AM - 2026-07-14 -
جەنگەکان نرخى نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 09:53 AM - 2026-07-14 -
(14)ی تەمموز؛ شۆڕشێک کۆماریی هێنا، یان کودەتایەک دەرگای خوێنی کردەوە؟
بیروڕا 09:53 AM - 2026-07-14



.png)



دابەزێنە

