riklam

720 هه‌زار كه‌سی هه‌رێم جیاوازی ئامارێكی هه‌ولێر و به‌غدایه‌

کوردستان 05:58 PM - 2023-03-06
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان PUKMEDIA

هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم له‌ نێوان سه‌رژمێری هه‌ولێر و به‌غدا دا زیاتر له ‌720 هه‌زار كه‌سه‌و به‌وپێیه‌ ژماره‌ زیاده‌كه‌ی هه‌ولێر و دهۆك 14 هێنده‌ی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌.

خاڵێكی رێككه‌وتنی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی و مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، پشتبه‌ستنه‌ به‌ ئاماری عیراق كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م خوله‌ی ئێستای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌كارهێندرا، به‌و پێیه‌ی ئاماری هه‌رێم به‌به‌راورد به‌ ئاماری عیراق جیاوازییان زۆره‌.

یه‌ك ساڵ و دوو ئامار

به‌پێی ئه‌و داتاو زانیارییانه‌ی سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌به‌رده‌ستیدایه‌ و پشتی به‌ ئاماری دانیشتوانی هه‌رێم و عیراق به‌ستووه‌، ( 722 هه‌زار و 829) كه‌س زیاتره‌ به‌ به‌راوردی ئاماری دانیشتوانی عیراق كه‌ هه‌ردووكیان له‌ ساڵی 2020 دا تۆماركراون.
ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم له‌ ساڵی 2020 دا به‌پێی ئاماری عیراق (5,449,360) كه‌سه‌، به‌ڵام له‌ ئاماری هه‌رێم دا (6,172,083) كه‌س تۆماركراوه‌ و به‌ به‌راوردكاری هه‌ردوو ئاماره‌كه‌ (722 هه‌زار و 723) كه‌س زیاتره‌.
 

ئاماری هه‌ولێر

به‌پێی ئاماری عیراق ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌ولێری پایته‌خت (1,903,609) كه‌س تۆمار كراوه‌، به‌ڵام ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌ولێر له‌ ئاماری هه‌رێم دا (2,255,422) كه‌سه‌، به‌و به‌راورده‌ش (351,813) كه‌س زیاده‌ و جیاوازی هه‌یه‌.

ئاماری سلێمانی

 هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ ژماره‌ی دانیشتوانی شاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌پێی ئاماری عیراق، (2,219,193) كه‌س تۆماركراوه‌، به‌ڵام له‌ تۆماری ئاماری هه‌رێم (2,268,050) كه‌سه‌ و جیاوازییه‌كه‌ (48,857) كه‌سه‌.

 

ئاماری دهۆك

به‌گوێره‌ی ئاماری عیراق دهۆك (1,326,558) كه‌س تۆماركراوه‌، به‌ڵام له‌ ئاماری هه‌رێم دا  ژماره‌ی دانیشتوانی دهۆك (1,648,611) كه‌سە و به‌به‌راوردكردن (322,053) كه‌س جیاوازی هه‌یه‌و له‌تۆماری هه‌رێمدا زیاتره‌.

جیاوازی هه‌ولێر 14 هێنده‌ی سلێمانییه‌

كۆی گشتی جیاوازی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم له‌نێوان ئاماری هه‌ولێر و ئاماری به‌غدا (722,723) كه‌سه‌، كه‌ زۆرترینی ئه‌و جیاوازییه‌ به‌ر پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك ده‌كه‌وێت كه‌ (673 هه‌زار و 866) كه‌س جیاوازییه‌و زیاتره‌ له‌ ئاماره‌كه‌ی به‌غدا، كه‌ هه‌ولێر و دهۆك به‌راورد به‌سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ 14 هێنده‌ زیاتره‌.

ئاماری پلاندانانی عیراق دروستتره‌

له‌تیف نێروه‌یی لێپرسراوی بۆردی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون له‌ ده‌زگای هه‌ڵبژاردن به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكید له‌ ئاماری وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ جیاوازییه‌كی زۆر له‌ نێوان ئاماری دانیشتوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئاماری وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق دا هه‌یه‌".
"له‌ عیراقیش ئاماری وه‌زاره‌تی پلاندانان راست و دروستتره‌ به‌راورد به‌ ئاماری وه‌زاره‌تی بازرگانی، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رد ئه‌نجام بده‌ین پێویسته‌ پشت به‌ ئاماری وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق ببه‌ستین و ئه‌و جیاوازییه‌ زۆره‌ی له‌ نێوان ئاماری هه‌رێم و عیراق دا هه‌یه‌ له‌باره‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمه‌وه‌، كاریگه‌ری زۆر ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان"، له‌تیف نێروه‌یی وایوت.


دانیشتوانی هه‌رێم 14%ـی عیراقن

هه‌ربه‌پێی نوێترین ئاماری دانیشتوانی هه‌رێم له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق كه‌ وێنه‌یه‌كی له‌به‌رده‌ست PUKMEDIA دایەو له‌رۆژی 20/9/2022 ده‌رچووه‌ و ئاراسته‌ی په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی كراوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆی گشتی دانیشتوانی هه‌رێم (5 ملیۆن و 884 هه‌زار و 23) كه‌سه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 14%ی دانیشتوانی عیراق.


پشت به‌ئاماری پلاندانانی عیراق ده‌به‌سترێت

له‌وباره‌یه‌وه‌ د.نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "وه‌زاره‌تی پلاندانان په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ سه‌رژمێریكردنی عیراق، هه‌ر نوسراوێكیان هه‌بێت به‌هه‌ندوه‌رده‌گیرێت و پشتی پێده‌به‌سترێت، كه‌ به‌داخه‌وه‌ جیاوازییه‌كی زۆر له‌ نێوان ئاماری دانیشتوانی هه‌رێم له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌".

 

جیاوازی سه‌رژمێری هه‌ولێر و به‌غدا زۆره‌

رێكخه‌ری ژووری په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان-یش ئه‌و جیاوازییه‌ زۆره‌ی نێوان ژماره‌ی دانیشتوانیی هه‌رێم به‌پێی ئاماری به‌غدا و هه‌ولێر پشتڕاستده‌كاته‌وه‌.
د.هۆشیار عومه‌ر رێكخه‌ری ژووری په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به ‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "له‌و ژماره‌ جیاوازییه‌ی له‌ سه‌رژمێریی هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌، كه‌ زیاتر له‌ 722 هه‌زار كه‌سه‌، نزیكه‌ی 700 هه‌زاریان به‌ر هه‌ولێر و دهۆك ده‌كه‌وێت".

دوای نزیكه‌ی سێ ساڵ له‌ ئاماری دانیشتوانی هه‌رێم كه‌ ساڵی 2020 كراوه‌تەوە، كه‌  كۆی گشتی هه‌رێم 6,172,083 كه‌س بوون، به‌ به‌راوردی نوێترین ئاماری وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق كه‌ لە 20/9/2022ه‌وه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی به‌ (5 ملیۆن و 884 هه‌زار و 23) خه‌مڵاندووه‌، هێشتا جیاوازییه‌كه‌ زیاتر له‌ 288 هه‌زاره‌، به‌به‌راوردی ئاماری 2020ی هه‌رێم و 2022ی عیراق بۆ هه‌رێم، به‌وپێیه‌ش ئه‌گه‌ر ئاماری هه‌رێم ژماره‌ی دانیشتوان بخاته‌ڕوو به‌پێی ساڵی 2022 ئه‌وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت جیاوازییه‌كه‌ بگاته‌ سه‌روو یه‌ك ملیۆن كه‌س.
PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket