riklam

سەرۆککۆمار: عیراق رۆڵی بونیادنەری خۆی دەگێڕێت

عیراق 12:24 PM - 2023-03-03
سەرۆککۆماری عیراق PUKMEDIA

سەرۆککۆماری عیراق

سەرۆککۆمار

د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆماری عیراق، لە لوتکەی وڵاتانی بێلایەن کە لە باکۆی ئازەربیجان لە رۆژانی ١-٣ـی ئازاری ٢٠٢٣، بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە چەند تەوەرێکی جیاواز کردو راشیگەیاند، " عیراق قورسایی ئەو ئاڵەنگاریانە لە ئەستۆ دەگرێت کە گۆڕانی کەشوهەوا بەدوای خۆیدا هێناوە" و " عیراق ئامادەیە رۆڵی بونیادنەری خۆی لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بگێڕێت".

دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمار

بەڕێزان،
سەرۆکی شاندە بەشداربووەکان،
خوشک و برایان
بەیانیتان باش
خۆشحاڵم کە لەم لوتکەیەدا لە نێو ئێوەدا ئامادەم. سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی جەنابی سەرۆکی ئازەربیجان ئیلهام عەلیێڤ دەکەم بۆ سازدانی ئەم لوتکەیە.

عیراق لە قەیرانی پەتای جیهانی دەردەچێت، هەوڵدەدات چارەسەری ئەو ناهاوسەنگیانە بکات کە باری کۆمەڵایەتیی گرتۆتەوە بۆ باشترکردنی دۆخی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزارییەکان لە وڵاتەکەدا، لەوانەش گرنتی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی و پێداویستیە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هەموو هاووڵاتیان، هەروەها ئامانجیەتی خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنێت، لەوانەش هەمەچەشنکردنی ئابووری و رووبەڕووی ئاستەنگە هاوبەشەکان ببێتەوە.

پەتاکە کاریگەری لەسەر ئازارەکانمان هەبووە، بەڵام وانەیەکی بەنرخی پێداین، بۆیە بەپێویستی دەزانین، لە قۆناغی دوای پەتاکەدا، گرنگی بە بونیادنانی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ بدرێت، لەوانە کەمکردنەوەی نایەکسانی، دەستەبەرکردنی چاودێری تەندروستی گشتی، پەروەردەی مۆدیرن، و دانانی رێوشوێن نوێی داهات، و دەستەبەرکردنی هەوای پاک و ئاوی پێویست، هەروەها بونیادنانی ژێرخانی ئابوری گشتی پێویست.

حکومەتی عیراق بەجدی مامەڵە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا دەکات و کاردەکات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئاسایشی خۆراکی بەردەوام و چارەسەرکردنی کەمی ئاو و چارەسەرکردنی کۆچی بەکۆمەڵ کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبێت  .

عیراق قورسایی ئەو ئاڵەنگاریانە لە ئەستۆ دەگرێت کە گۆڕانی کەشوهەوا بەدوای خۆیدا هێناوە. بارودۆخی سەختی کەشوهەوا، لەوانە لافاو، وشکەساڵی، خۆڵبارین و بەرزی پلەکانی گەرما، جگە لە خراپی ژێرخانی ئابووری، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری کۆمەڵایەتی لە عیراقدا دروست دەکات. عیراق دوای تێپەڕاندنی ماوەیەکی زۆر لە ململانێ و شەڕ و تیرۆر، ئێستا ئارامی و ئاسایش بەرقەرارە، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە کاربکەین و بیکەینە کاری لە پیشینە تا پشتیوانی کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان بکەین، لەوانە خۆگونجاندن، پەرەپێدانی هۆشیاری لەنێو کۆمەڵگە زیانلێکە وتووەکان، پێشکەشکردنی یارمەتیی بەپەلە، مۆدێرنکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئاو، پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵی و هەموو چالاکییە پێویستەکانی تر.

هەروەها بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵمان دەکەوێتە ئەستۆ  بۆ پشتیوانی حکومەت بە گرتنەبەری سیاسەتی ژیرانە، هەروەها تەرخانکردنی پارەی پێویست، دروستکردنی هەماهەنگیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، و جێبە جێکردنی ڕێوشوێن و ڕێکارە پێویستەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکان.

عیراق تووشی شەڕ و وێرانکاری بووە، زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی پێ گەیشتوە جگە لەوەی کاریگەری لەسەر ناوبانگی نێودەوڵەتی بەجێهێشتووە، تەنیا وانەیەک فێربوین لە ئەزموونە پڕ ئازاربەخشەکانی دەیان ساڵەی ململانێ سەربازیی یەک لە دوای یەکان، بریتیە لەوەی کە جگە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتیانە هیچ چارەسەرێکی تر نیە. هەر بۆیە پێوسیتە هەموو دەرفەتێک بقۆزینەوە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، و دروستکردنی دیالۆگی بونیادنەر و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و توندڕەوی.

عیراق ئامادەیە رۆڵی بونیادنەری خۆی لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بگێڕێت بە میوانداریکردنی پاڵەوانێتییە وەرزشییەکان، دروستکردنی هەمەهانگی نێودەوڵەتی، پەیوەستبوون بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، کە دەبێتە هۆی هاریکاریکردن سەبارەت بە ئاسایشی ناوچەکە و ژینگە، هەروەها بەشداریکردن لەهەوڵەکانی بەدیهێنانی ئاسایشی وزەی جیهانی .

عیراقی نوێ ئاواتەخوازە ببێتە هێزێکی یەکانگیر بۆ نیازپاکی و پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکە، هەروەها کۆدەنگی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان دروستبکات، لەوانە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

ئامانجی عیراقی نوێ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر. هەروەها لە رێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵدەدات دۆسییە هاوبەشەکانی پەیوەست بە ئاسایشی سنوورەکان و ئاو لە وڵاتانیی خاوەن سەرچاوەی رووبارەکانەوە چارەسەر بکات، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پشکی دادپەروەرانەی ئاو بۆ هەموو لایەک کە بە رێککەوتنی دادپەروەرانە بەدیدێت.

ساڕێژبونی برینەکان و سود وەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەریی دەبێت بۆ قۆناغی نوێی عیراق هەرلە سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری. حکومەتی فیدراڵ پابەندە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی و بونیادنانی ژێرخانی ئابوری لە وڵاتدا بە مەبەستی دڵنیابوون لە پەرەپێدانی کوالیتی کەرتی پەروەردە، خزمەتگوزاری تەندروستی گونجاو، ئاوی پاک، و ئاسایشی خۆراک بۆ خەڵکی.

بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان بەرامبەر بە هاوونیشتمانیانمان، زۆر گرنگە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پتەوتر بکەین، هەروەها نێوانی هەموو پارێزگاکانی وڵات بەرەوباشتر بەرین.

ئەرکی بەکۆمەڵمانە کە پێکەوە کار بکەین بۆ دەستەبەرکردن و باشترکردنی ژیانی شایستە و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری و پاراستنی ژینگە و هەمەچەشنکردنی چالاکییە ئابوورییەکان و پاراستنی کەلەپوری نیشتمانی بۆ نەوەکانی داهاتوو.

عیراق پێشکەوتنی بەرچاوی لە بواری بەرهەمهێنانی نەوتی خاودا بەدەستهێناوە، بەو پێیەی ئەم پێشکەوتنە بەردەوامە بەرەو وەبەرهێنان لە پرۆسێسکردن و پاڵاوتنی گازی سروشتیدا و چوارچێوەی یاسایی گونجاو دابنێت بۆ پاڵپشتی پیشەسازییەکانی پترۆکیمیایی لە عیراق، بۆیە عیراق توانای ئەوەی هەیە ببێتە ناوەندێک بۆ پیشەسازییەکانی پترۆکیمیایی، بۆ ئەوەش کێبڕکێی جیهانی هەبێت.

دواجار عیراق وێڕای رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە درێژخایەنەکان، چووەتە قۆناغێکی نوێوە، دەیان ساڵە شەڕ و وێرانکاریی بەجێهێشتووە لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجی دیدگای نیشتمانی.

ئەمڕۆ لە عیراقدا گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات پەیرەودەکرێت. لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەکان بڕیاریان داوە خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە و کۆدەنگییەکی نیشتمانی دروست بکەن.

دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی رابردوو، پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق ماوەیەکی خایاند، بەڵام ئەنجامی ئەرێنی لێکەوتەوە، بەو پێیەی توانیمان پاڵپشتی کۆبکەینەوە بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێ بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری خۆی و ئامانجەکانی، لەوانەش چاکسازی وبونیادنانی ژێرخان و چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون و بێکاری، هەروەها سەرکەوتوو بووین لە دەستپێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی درێژخایەن وەک شارە پیشەسازییەکان و گواستنەوەی گشتی، جگە لە وەبەرهێنان لە پیشەسازییەکانی پترۆکیمیایی.
ڕێگەم بدەن سەبارەت بە دەوڵەتە بێ لایەنەکان و پرنسیپەکانی وەبیر بهێنمەوە، دەوڵەتە بێ لایەنەکان لە ساڵی ١٩٦١ یەکەمین کۆنفرانسی خۆی لە بەلگراد سازکرد و ١٢٠ وڵاتی ئەندام و ٢٠ دەوڵەتی چاودێر لەخۆگرتبوو.

پێنج بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتیانەی دەوڵەتە بێلایەنەکان بە جێگیری ماونەتەوە:
-  رێزگرتنی بەرامبەر بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاک.
- دەست درێژی نەکردنە سەر بە یەکتر.
-  دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتری.
- یەکسانی و سوودی هاوبەش.
- پێکەوە ژیانی ئاشتیانە.

خوشکان و برایان ،
با بەردەوام بین لە هەوڵەکانمان بۆ کاراکردنەوەی ئەو پرەنسیپانە و ڕێکبکەوین لەسەر ئەوەی ڕۆڵێکی بونیادنەر لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بگێڕین لە پێناو گەیشتن بەو پرەنسیپانە و دوورکەوتنەوە لە شەڕ و وێرانکاری.

سوپاس....

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket