كاری رۆژنامه‌وانی له‌هه‌رێم گه‌یشته قۆناغی مه‌ترسیدار
کوردستان 09:45 AM - 2023-02-20كاری رۆژنامه‌نوسی له‌هه‌رێم گه‌یشته قۆناغی مه‌ترسیدار
دۆخی رۆژنامه‌نووس و ئازادی راده‌ربڕینیش له‌م قۆناغه‌ی ئێستای حوكمڕانی له‌هه‌رێمی له مه‌ترسیدایه و ئازادییه‌كانیش سنووریان به‌رته‌سككراوه‌ته‌وه، جێگری نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانیش ئه‌و راستیه ده‌دركێنێت كه" ئازادی راده‌ربڕین به‌رته‌سككراوه‌ته‌وه و كاری رۆژنامه‌وانی پێی ناوه‌ته قۆناغێكی مه‌ترسیداره‌وه"، ناوبانگی ئازادی رۆژنامه‌نوسیش له هه‌رێم له ناوه‌نده دیپلۆماسی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیشدا باش نییه و نوێترین هۆشداریش له‌لایه‌ن كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكاوه‌یه كه ده‌ڵێت:" له‌چه‌ند به‌شێكی هه‌رێمی كوردستان پاشه‌كشێی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی ڕاده‌ربڕین و راگه‌یاندن نیگه‌رانین".
پێشێلكاری به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان له زیادبووندایه
پسپۆر و شاره‌زایانی بواری میدیاش له پاشه‌كشه‌ی ئازادی راده‌ربرین و كاری راگه‌یاندن له به‌شێكی هه‌رێمی كوردستان، نیگه‌رانن و به قۆناغێكی مه‌ترسیدار ناوی ده‌به‌ن.
بژار حه‌كیم جێگری نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان به‌سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند: "كاری رۆژنامه‌وانی له‌هه‌رێمی كوردستان پێی ناوه‌ته قۆناغێكی مه‌ترسیداره‌وه‌و ئازادی راده‌ربڕین و رۆژنامه‌وانی له‌هه‌رێم به‌ته‌واوی به‌رته‌سك كراوه‌ته‌وه".
"به‌پێی راپۆرتی ساڵانه‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، كه‌له‌لایه‌ن لیژنه‌ی داكۆكی له مایكی رۆژنامه‌نووس و ئازادی مایكی رۆژنامه‌نووسان-ه‌وه ئاماده ده‌كرێت، به‌شێك له‌وانه‌ی پێشێلكاریان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت رۆژنامه‌نووسی راسته‌قینه‌ن و رۆژ له‌دوای رۆژیش پێشێلكاری به‌رامبه‌ریان له زیادبووندایه". جێگری نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان واده‌ڵێت.
ئه‌مریكا نیگه‌رانه له‌پاشه‌كشێی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی ڕاده‌ربڕین و راگه‌یاندن له‌به‌شێكی هه‌رێمی كوردستان و ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر له نوێترین هۆشداریدا كه له په‌یجی ره‌سمی كونسوڵخانه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ڵێت:" ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پابه‌نده به پشتیوانیكردن له ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ئازادیی ڕاگه‌یاندن و پێی وایه پێویسته ڕۆژنامه‌نووسان و ناوه‌نده میدیاییه‌كان ڕێگه‌یان پێبدرێت هه‌واڵه‌كان بگه‌یێنن به‌بێ ترس له چاوترساندن و هه‌راسانكردن و تۆڵه لێسه‌ندنه‌وه".
" له‌كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم نیگه‌رانییه‌كانمان له‌باره‌ی پاشه‌كشێی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی راده‌ربڕین راگه‌یاندووه، بۆیه ئێمه پێمانوایه ئه‌گه‌ر هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی هه‌رێمی كوردستان بین ده‌بێت راستییه‌كان بڵێین و باسی بكه‌ین" ئێرڤن هیكس وایوت.
پاشه‌كشه‌كردنی دۆخی رۆژنامه‌نووسان ره‌نگدانه‌وه‌ی حكومه‌ته
داوای كارپێكردنی یاسای ژماره 35ی ساڵی 2007 ده‌كرێت له‌پێناو ئه‌وه‌ی دۆخی ئازادی راده‌ربڕین و رۆژنامه‌نووسان به‌ره‌و باشتر بچێت.
شوان محه‌مه‌د خاوه‌ن ئیمتیاز و به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ری سپی میدیا له لێدوانێكیدا بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند: "هه‌موو ئه‌و راپۆرته نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی كه له‌سه‌ر دۆخی رۆژنامه‌نووسان له هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن، ده‌ریده‌خه‌ن كه ئازادی رۆژنامه‌نوووسی له پاشه‌كشێ دایه‌و به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌كانی كونسڵی ئه‌مریكا له‌وباره‌یه‌وه راستن، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستگیركراوانی بادینان و ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر رۆژنامه‌نووسان".
"پێشیلكردنی یاسای ده‌ستكه‌وتنی زانیاری ژماره 11 ی ساڵی 2013 و جێبه‌جێ نه‌كردنی ته‌واوی یاسای 35 ی ساڵی 2007 ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌رێمی كوردستان له‌پاشه‌كشه‌دایه، به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنه نێگه‌تیڤه‌ن كه له‌نێوده‌سه‌ڵاتدا له‌كوردستان هه‌ن" شوان محه‌مه‌د واده‌ڵێت.
یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری نه‌چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه
له‌چه‌ند به‌شێكی هه‌رێمی كوردستاندا رێگه‌نادرێت به ئازادی رۆژنامه‌نووسان كاره‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن و زانیاری به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌مه‌ش به‌واتای به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی مافی راده‌ربڕین دێت.
د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی په‌یمانگای ئه‌نیستتۆی په‌ی بۆ چاودێری و په‌روه‌رده به سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "ئازادی راده‌ربڕین به‌رته‌سككراوه‌ته‌وه‌و مافی مرۆڤ پێشێلده‌كرێت، هاوكات رێگری له رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت و ده‌ستگیرده‌كرێن و رێگه‌یان پێ‌نادرێت به ئازادی كاره‌كانییان ئه‌نجام بدەن و زانیاری به‌ده‌ستبهێنت".
"یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری نه‌چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و ئه‌و مافه له رۆژنامه‌نوسان پێشێلكراوه، ئه‌مه‌ش به واتای به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی مافی راده‌ڕبرین دێت" سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان وایوت.
له‌م كابینه‌یه‌دا رۆژنامه‌نوسی زیاتر پاشه‌كشێی كردووه
له‌م كابینه‌یه‌دا به‌روونی هه‌ست به‌پاشه‌كشێی ئازادی راده‌بڕین و كاری راگه‌یاندن ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش بوه‌ته جێی نیگه‌رانی وڵاتانی هاوپه‌یمانان و رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی.
جوتیار كه‌ریم جێگری رێكخراوی میدیا بۆ راهێنانی رۆژنامه‌نووسان به سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "له‌م كابینه‌یه‌دا به‌ڕوونی پاشه‌كشێ به كاری راگه‌یاندن و ئازادی راده‌بڕینه‌وه دیاره‌و ئه‌مه‌ش بووه‌ته جێی نیگه‌رانی وڵاتانی هاوپه‌یمانمان و ته‌نانه‌ت رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش".
"له‌به‌شێكی هه‌رێمی كوردستان ئازادی راده‌ربڕین هێنده به‌رته‌سك كراوه‌ته‌وه، كه خه‌ڵك و رۆژنامه‌نووس له‌سه‌ر نووسینی یه‌ك كۆمێنت ده‌ستگیر ده‌كرێن و سزا ده‌رێن، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه رووی هه‌رێمی كوردستان به نێگه‌تیڤی له‌ده‌ره‌وه ببینرێت" جوتیار كه‌ریم وایوات.
جێگری رێكخراوی میدیا بۆ راهێنانی رۆژنامه‌نوسان ده‌شڵێت: "له بادینان رۆژنامه‌نووس هه‌یه چه‌ند ساڵێكه له‌سه‌ر بیروبۆچوونی جیاواز ده‌ستگیركراوه، هه‌روه‌ها هێزه ئه‌منییه‌كان مامه‌ڵه‌ی زۆر خراپ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ن و كامێرا‌و پێداویستییه رۆژنامه‌وانییه‌كانیان لێده‌سه‌نرێت و توشی گرتن و سزا ده‌بنه‌وه، به‌ڵام له‌سلێمانی به به‌راورد به هه‌ولێر و دهۆك حاڵه‌ته‌كه كه‌متره، دواجار له‌رووی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه وه‌ك هه‌رێم لێی ده‌ڕوانرێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه كه‌هه‌ست به‌و پاشه‌كشێ گه‌وره‌یه له‌بواری ئازادی راده‌ربڕین بكرێت".
دادگاكانیش سه‌ربه‌خۆ نین
سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونی دادگاكان له‌هه‌رێمی كوردستان بارودۆخی رۆژنامه‌نوسانی زیاتر ئاڵۆزتر كردوه‌و ده‌سه‌ڵاتی حزب له‌پشت حكومه‌ته‌وه حكومه‌تێكی قوڵتری پێكهێناوه.
شوان محه‌مه‌د خاوه‌ن ئیمتیاز و به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ری سپی میدیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "رۆژنامه‌نووسان ته‌نها كێشه‌ی حكومه‌تیان نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان هه‌یه كه‌له پشتی حكومه‌ته‌وه هه‌یه كه حكومه‌تێكی قوڵه‌و به‌پێی یاسای ژماره 35ی ساڵی 2007 كار ناكات".
"دادگاكانیش به‌ته‌واوی سه‌ربه‌خۆنین، هه‌ر بۆیه رۆژنامه‌نووسان له هه‌رێمی كوردستان له‌و بارودۆخه‌دان كه كه‌سمان خوازیاری ئه‌و دۆخه‌نین، چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ش به‌خه‌باتێكی مه‌ده‌نی دورودرێژی دوور مه‌ودا ده‌بێت" شوان محه‌مه‌د وایوت.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه رۆژی 12-1-2023 رێكخراوی چاودێریی مافه‌كانی مرۆڤ - هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی له‌باره‌ی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر ئازادی راده‌ربڕین له سه‌رانسه‌ری جیهان له ساڵی 2022 بڵاوكرده‌وه و تێیدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی، له‌و ساڵه‌دا چه‌ند یاسایه‌ك كه ده‌قه‌كانیان روون نییه، به‌كاریهێناون بۆ به‌ئامانجگردنی ره‌خنه‌گران له به‌رامبه‌ر ده‌ربڕینی ره‌خنه و بۆچوونه‌كانیان.
درێژەی راپۆرتەكەی رێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ - هیومان رایتس وۆچ لەم لینكەدایە...
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
09:29 AM - 2024-04-26 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
01:36 PM - 2024-04-25
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 04:11 PM - 2024-04-25 -
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
کوردستان 01:36 PM - 2024-04-25 -
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: کۆمەڵانی خەڵک چاوی ئومێدیان لە یەکێتییە
ی ن ک 01:29 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
کوردستان 12:25 PM - 2024-04-25