riklam

د.جوان ئیحسان: یەكێتی بەردەوامە لە ریفۆرمی ناوخۆیی حزب

چاوپێکەوتن 09:51 AM - 2023-01-30
د.جوان ئیحسان ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی   PUKMEDIA

د.جوان ئیحسان ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی

یەکێتی د.جوان ئیحسان

د.جوان ئیحسان ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت:" یەكێتی باوەڕی بەهەڵبژاردن هەیە وەك كۆڵەكەیەكی دیموكراسی  و بەهیچ جۆرێك نابێتە بەربەست  و باوەڕی بەدەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات هەیە"، بەڵام:" یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان داوای رەوای هەیە كە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرسی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردنێكی گونجاو دایە كە بێگەردی پرۆسەكە گەرەنتی بكات".

د.جوان ئیحسان لە دیدارێكی تایبەت دا لەگەڵ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: "یەكێتی نە لە هەرێم و نە لە عیراقیش سازش لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك ناكات و نەیكردووە، ئەم پەیامە زۆر روونە و سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بە ئاشكرا رایگەیاندووە و بە پراكتیكیش كاری پێدەكات" و دەڵێت:" یەكێتی هەمیشە دەرگای كراوەیە و كراوە دەبێت لە پێناوی گفتۆگۆ و یەكڕیزی كورد لە بەغدا و هیچ مەرجێكمان بۆ یەكڕیزی نێوماڵی كورد نییە".

 ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی رایدەگەیەنێت: "هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی پێش ئەوەی حزبی بێت، پیاوی دەوڵەتدارییە، وەكو حزب پشتیوانی لێدەكەین و بە فیگەرێكی زۆر سەركەوتووی ئەبینین، لە ماوەی رابردوودا و تا ئێستاش  زۆر بە تەحەمولە و بەرپرسیارانە مامەڵە دەكات و بەرپرسیارە لە ئاست بەرپرسیارێتدا، لەناو حكومەت".



یەكێتی باوەڕی بەهەڵبژاردن هەیە وەك كۆڵەكەیەكی دیموكراسی

*پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێم بابەتی جێ مشتومڕی سیاسییە، روانینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەمە چییە؟

_سیاسەتی ئەمڕۆی یەكێتی لەسەر چەند ئاستێكدایە، یەكێكیان پەیوەندی بە ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بەتایبەت لەسەرپرسی هەڵبژاردن كە یەكێتی لەسەرەتاوە رێگرنەبووە لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا، ئەمەش بنەمای جێگیری یەكێتییە كە خەبات بۆ دیموكراسی راستەقینە دەكات، باوەڕی بەدەستاودەستكردنی دەسەڵاتیش هەیە، كە پڕۆسەكە لە رێی سندوقەكانی دەنگدانەوە دەبێت، هاوكاتیش گێڕانەوەی مافی گەلە، كە پیادەی دەنگدان بكات و بەشداربێت لە بڕیاردانی سیاسیی و حوكمڕانیدا، بۆیە یەكێتی باوەڕی بەهەڵبژاردن هەیە وەك كۆڵەكەیەكی دیموكراسی  و بەهیچ جۆرێك نابێتە بەربەست.

 

یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكراوەتەوە و تۆماریش بێگەرد نییە

* یەكێتی چ جۆرە هەڵبژاردنێكی دەوێت، یان پێشمەرجەكانی بۆ هەڵبژاردن چییە؟.

_یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، هەڵبژاردنێكی بۆ هەرێم دەوێت، كە خزمەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنێك بكات تەواو شایستەی خەڵك و خودی پرۆسەكە بێگەرد بێت، ئەویش ئەوەیە كە  یەكێتی وەك هێزێكی سیاسی كاریگەر لە سەرەتاوە پێی باشبووە كە چاوبخشێنرێتەوە بەو میكانیزمەی كە هەڵبژاردنی لە هەرێم پێدەكرێت، هەروەها یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن هەبێت، كە خودی پڕۆسەكە پێویست بەوە دەكات، چونكە ساڵانێكی زۆرە ئەم یاسایە بۆ هەرێمی كوردستان هەموار نەكراوەتەوە، لە كاتێكدا لەدوای ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێكەوە پێویست دەكات، كە چاو بخشێنرێتەوە بە یاسای هەڵبژاردندا.

بابەتێكی دیكە ئەوەیە هاوكات چاو بخشێنرێتەوە بەو تۆمارەی دەبێتە بنەمای دەنگدان كە بۆ پڕۆسەكە پشتی پێدەبەسترێت، پێویستە تۆمارەكە لە ناوی مردو، ئاوارە و ئەوانی تر پاكبكرێتەوە، بۆیە تۆمارەكە خەوشی زۆری تێدایە و زۆر گوماناوییە، نەك یەكێتی هێزە كوردستانییەكانی دیكە و رێكخراوەكانی ئەو بوارەش ئەو تۆمارە بە پاك نازانن و متمانەی پێ ناكەن، ناشكرێت بۆ هەڵبژاردنی بێگەرد پشت بە تۆماری گوماناوی ببەسترێت، هەروەها پرسی پێكهاتەكان و خودی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكەش گرنگە چۆن بێت، بەتایبەت لە رووی شەرعییەتەوە.


داوا و سەرنجەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن لە خزمەتی پڕۆسەكەدایە

*ئەم پێشمەرجانە یەكێتی لەلایەن هێزە كوردستانییەكانی دیكەوە چۆن خوێندنەوەی بۆ دەكرێت؟

- ئەم داوایانەی یەكێتی، هاوڕایی زۆربەی هێزە سیاسییە كوردستانییەكانیشی لەسەرە، بۆیە ئەمانە شتێكی زۆر رەوان و داواكارییەكی جەماوەریشە، پیش ئەوەی كە داواكارییەكی سیاسیش بێت، لە دوای ئەوەوە لە شێوازی یاسایی دا خۆی ئەبینێتەوە، كەئەمە كاری پەرلەمانی كوردستانە، كە كاریان لەسەر بكات، تاوەكو بتوانێت دەستەبەری هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و باوەڕپێكراوی هێزە سیاسییەكان و خودی دەنگدەریش مسۆگەر بكات، كە شایستە بێت بە ئەزمونی هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك عیراقیش سوود لەم ئەزمونەی ئێمە وەربگرێت و چاوی لێ بكات، كە لە پرسی هەڵبژاردن دا كۆنترین، لە چاو پڕۆسەكە لە عیراقی نوێی دوای رووخاندنی دیكتاتۆری. 

لەبەر ئەوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بۆچوونی  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روونە، كە هیچ نییەتێكی سیاسیی نییە، داواكارییەكانی یەكێتی و سەرنجەكانی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان جگە لە بەرژەوەندی گشتی، جگە لە پێداگریی و پەرۆشی یەكێتی لەسەر پارێزگاریكردن لە ئەزمون و قەوارەی هەرێمی كوردستان  و ناوبانگی دیموكراسی. 

 

یەكێتی لەگەڵ حكومەتێكدایە خزمەتی خەڵك بكات

 

*بابەتێكی دیكە، ئەوەیە كە بەشداری و تێڕوانیی یەكێتییە لە بارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەك هاوبەش، كە ماوەیەكە گرژی هەیە؟

_سەبارەت بەم پرسە و ئەو حاڵەتی لێك تێنەگەیشتنەی لەماوەی رابردوو دروست بوو لەناو هەرێمی كوردستان، هۆكارەكە سیاسەتی هەڵەی مامەڵە و كاركردنە بۆ هاوبەشێتی راستەقینە، لەگەڵ یەكێتی و حزبەكانی تریش  لە حوكمڕانی و ئیدارەدان دا، بۆیە  سەرنج و تێبینییەكانی یەكێتی لەوبارەیەوە رەوان و پێویست دەكات چارەسەری بنەڕەتی بكرێن، ئێمە ئەزموونێكی سەركەوتوومان دەوێت كە خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و خزمەتكاری خەڵك بێت بەبێ جیاوازی و یەكسانی لە هەموو سێكتەرێكەوە، نەك پێچەوانەكەی.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش خاوەنی مێژووە، خاوەنی تێكۆشانە، خاوەنی هەزاران شەهیدە، هەموو ئەمانە لە پێناوی ئەوەدا بووە، كە گەلەكەمان بە ئازادی و دیموكراسی و مافەكانی بگات، هاونیشتمانیان لە سایەی حوكمڕانی و قەوارەیەكەیدا خۆشگوزەران بن، ژیانیان پارێزراو و بێ كێشە بێت، كە ئەمانە لە ئارادا نەبوون، ئەو مافی یەكێتییە  رێرەوەكە راست بكاتەوە، هاوكاتیش ئەركی هێزە كوردستانییەكانیش دەبێت، ئەو ئامانجانەی یەكێتی و بەدەستهێنانیان زیانی نییە، بەڵكو فەرامۆشكردنیان زیان گەیاندنە بەكۆی پڕۆسەكە.


قوباد تاڵەبانی دەوڵەتداریی دەكات و فیگەرێكی سەركەوتووە

 

 

*كەواتە یەكێتی ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ دەگرێت، بەو واتایەی سیاسیەتی كاركردنی بەو ئاراستە دەبێت لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق؟

_ مێژووی یەكێتی، جەماوەرەكەی، كاریگەرییە ناوخۆیی و عیراقی و نێودەوڵەتییەكانی گرنگی و تایبەتمەندی هەیە و خاوەنی سەنگ و قورساییە، ژمارەیەكی سیاسی بەهێزە، بۆیە ئەم تایبەتمەندیانەی دەخاتە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكەوە و نە لە هەرێم و نە لە عیراقیش یەكێتی سازش لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك ناكات و نەیكردووە، ئەم پەیامە زۆر روونە و سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بە ئاشكرا رایگەیاندووە و بە پراكتیكیش كاری پێدەكات.

روونتری بكەمەوە یەكێتی ئەم كاریگەریی و هێزە هەمەلایەنانەی بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم دەخاتەگەڕ و بەكاری دەهێنێت بۆ سوودی كۆمەڵانی خەڵك، چ لەسەر ئاستی هەرێم، چ لەسەر ئاستی عیراقیش، بۆیە تیمی یەكێتی لە حكومەت و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، زۆر بەسەبر و دیپلۆماسیانە و بەمانای دەوڵەتداریی مامەڵەی لەناو حكومەت دا كردووە و پشتیوانی تەواوی دەكەین،  تیمی یەكێتی  دڵسۆزن بۆ ئەوەی ئیدارەدان و حوكمڕانییەكی شایستەمان هەبێت و هەرواشیان كردووە، جێدەستیشیان دیارە، لەهەمانكاتیشدا وەك یەكێتی متمانەیەكی زۆرمان بە خۆمان هەیە، وەك  تیمەكەشمان لە حكومەت متمانەمان پێیانە، لە پیش هەموویانەوە هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی كەسایەتییەكە عەقڵیەتی دەوڵەتداری هەیە، پێش ئەوەی حزبی بێت، پیاوی دەوڵەتەدارییە، وەكو حزب پشتیوانی لێدەكەین و بە فیگەرێكی زۆر سەركەوتووی ئەبینین، لە ماوەی رابردودا و تا ئێستاش  زۆر بە تەحەمولە و بەرپرسیارانە مامەڵەدەكات و بەرپرسیارە لە ئاست بەرپرسیارێتدا، حەزەكەم جەخت لەوەش بكەمەوە، كە شەخسیەتێكی ئێجگار بەتەحەمول بووە لە كاركردن و بەڕێوەبەردنی تیمەكەی خۆی و بەڕێوەبردن و مامەڵەكردن لەگەڵ تیمی پارتی و هەموو ئەو حزبانەی تر كە شەریكبوون لەناو حكومەت، بۆیە لە نزیكەوە ئاگادارین هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی چۆن و بە چ گیانێكی هاوتیمی كاریكردوە، بەدیدگایەكی فراوانەوە سەیردەكات و بیردەكاتەوە بۆ كاركردن كە بەرژەوەندییە باڵاكەی هەورازی زۆرشتكردووە، بەرپرسیارانەش تیمەكەی بۆ ئامانجی باڵا ئاراستە كردووە كە خزمەتكردنی خەڵك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بووە بۆ هەرێم وەك یەك پاكێج بەبێ جیاوازی  و تایتڵی كاركردنی "بۆ هەرێمی كوردستان"ە، پێش هەموو شتێك، ئینجا بۆ هەموو لایەنەكانی تریش، وەكو لایەنە سیاسییەكانیش كە بەرامبەر ئەوانیش دڵسۆز بووە ئینجا بۆ حزبەكەی خۆی و جەماوەرەكەشی.


یەكێتی داكۆكی راستەقینە لە مافەكانی كورد لە بەغدا دەكات

 

*سیاسەتی سەرۆك بافڵ و یەكێتی لەسەر ئاستی عیراق و ستراتیژی كاری سیاسی لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان لە بەغدا و هێزە عیراقییەكان چۆنە؟ 

_ سیاسەتی یەكێتی لەسەر ئاستی عیراق زۆر روونە، سیاسەت  و پرەنسیپەكانمان نەگۆڕ و جێگیرە  و كاری لەسەر دەكەین، ئەو فەلسەفە و پەروەردەیەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیەتی و ئامانجن، لەسەر ئاستی عیراق و گۆرانكارییەكان بەرپرسیارانە و بەستراتیژ مامەڵە دەكات، وەكچۆن  سەرۆك مام جەلال نەخشەرێگای بۆ داناوە و كاری لەسەركردووە و هێڵە گشتیەكانی دیارن، ئەوا یەكێتی لەسەر دەستی سەرۆك بافڵ،  كاریان لەسەر دەكات، داكۆكی راستەقینە لەسەر مافە رەوا و دەستوورییەكان دەكات كە كورد هاوبەشی راستەقینەیە، لەوێش یەكێتی سەنگ و پێگە و خەباتەكەی دەخاتەوە خزمەتكردن و دەستكەوت بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، واتا بەگەڕخستنی سیاسەتی یەكێتی بۆ كۆمەڵانی خەڵك، وەكچۆن ئەم هێزە هەڵقوڵاوی خەڵكە، كە ئەوەش رێگە راستەكەی سیاسەتكردنە و یەكێتی كاری لەسەر دەكات.

سەرۆك مام جەلال چۆن لەسەرەتاوە بەشداری بە یەكێتی كردوە و بە ئەزمونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حزبە سیاسییە عیراقییەكانی تر، تەنانەت لەسەر ئاستی ناوچەكە و سیاسەتی دەرەوەش رۆڵی هەبوو، ئێستاش لە عیراقدا بەهەمان نەفەس و رۆحیەتەوە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كاری لەسەر دەكات كە نوێنەرایەتی سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات، لەسەردانەكانی بۆ بەغدا و لە وتووێژ و توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی و چۆنیەتی بەرگریكردن لە دۆزی كورد، بەڵام لە روانگەی یەكێتییەوە گەیاندووە و كاریشی لەسەر دەكات.

كورد پێویستی بەيەكریزییە لە بەغدا

 

*سەبارەت بە یەكڕیزی نێوماڵی كورد لە بەغدا و رۆڵی یەكێتی و پلانی سیاسیی چییە؟

_ئەوەی ئێستا ئێمە دەمانەوێت یەكڕیزییە لە عیراقدا و لەناو عیراقیش یەكڕیزی نێوماڵی كوردمان دەوێت، چونكە كۆمەڵێك دۆسیە هەیە، لەسەروو هەمویانەوە یاسای نەوت و غازە كە ئێستا پەرلەمانی عیراق ئەبێت خۆی بۆ ئامادە بكات ، بودجەی 2023 بەهەمانشێوە، ئاگادارین لە حكومەتەوە دەڕوات رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، ئەمەش یەكڕیزی كوردی پێویستە، یەكریزی هێزە كوردستانی و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی لە بەغدا پێویستە، ئەركی هێزە كوردستانییەكان بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان لە بەغدا بن و هەوڵەكان بەو ئاراستەیەبن، چونكە یەكێتی بۆ ئەم ئامانجە باڵایە لەبەغدایە.

لە پرۆژەیاسای بودجەدا هەندێك بڕگەی تێدایە پێویستی بەوە هەیە، كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگ بن، ئیتر پارتی و یەكێتی بێت لەگەڵ حزبەكانی تر بەوانەشەوە كە لەهەرێمی كوردستان ئۆپۆزسیۆنی سیاسییان لەگەڵ هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە هەیە دایە، جیا لەوەش بەرپرسیارێتی لەسەر شانی هێزە كوردستانییەكانە كە لەگەڵ فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانی دیكەی عیراق بكەونە وتوێژ و رێككەوتنەوە بۆ دەنگدان و جێگیركردنی بەو ماددانە بە سوودی گشتی خەڵكی كوردستان دەشكێتەوە، بۆیە ئامادەگی یەكێتی لە بەغدا بۆ ئەو بابەتە و چەندین بابەت و پرسی دیكەیە و بڕیاریشدراوە كە یەكێتی لە بەغدا ئامادەیی سیاسیی دەبێت.

هیچ مەرجێكمان بۆ یەكریزی نێوماڵی كورد نییە

 

*كورد یەكڕیزە؟ ئایا یەكێتی چی بۆ ئەم یەكڕیزییە دەكات؟ 

_ یەكێتی هەمیشە دەرگای كراوەیە و كراوە دەبێت لە پێناوی گفتۆگۆ و یەكڕیزی كورد لە بەغدا و هیچ مەرجێكمان بۆ یەكڕیزی نێوماڵی كورد نییە، بە پێچەوانەوە سەرۆكی یەكێتی هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەو ئامانجە باڵایەیە، هەروەها ئامادەیی كورد لە بەغدا  پەیوەستە و پێویستە بە ئەقڵیيەتی كراوەوە بێت و دورایی ستراتیژی سیاسی و بەرژەوەندی باڵا لەبەرچاو بگیرێت، تاوەكو جوڵە و توانا سیاسییەكان بۆ خێرو خۆشی خەڵكی كوردستان بكەوێتەوە، خەڵكیش ئەمەی لە هێزە كوردستانییەكان دەوێت، بەڵام ئەوەی من لەم خولەی نوێنەرانی عیراق دەیبینم، بەداخەوە ئەو یەكڕیزییە تۆكمەیە نییە، كە قۆناغەكە بۆ كورد پێویستیيەتی، بۆ وەبیرهێنانەوە یەكڕیزی كورد لە خولەكانی یەكەم و دووەم و سێهەمی نوێنەران، هۆكاری دەستكەوتی  باش بوون بۆ كورد، هۆكارە سەرەكيیەكەش یەكڕیزی بوو،  هەر ئەم یەكڕیزییەش رێگای سەركەوتن و بەدەستهێنانی ماف و دەستكەوتە بۆ كورد، لەم روانگەیەوە یەكێتی قورسایی خۆی خستۆتەگەڕ، كە بەرپرسیارێتییەكە جێگەی شانازییە و هەمووان پشتیوانی دەكەن، خۆئەگەر هێزە كوردستانیيەكان بە پێچەوانەی ئەم یەكڕیزییە ئامادەییان هەبێت، بەڕاستی جگە لەوەی كەنارگیر دەبن، ئەوا مەترسیش بۆسەر مافەكانی كورد دروست دەبێت، چونكە كۆمەڵێك پڕۆژە یاسای  گرنگ و هەستیار دەخرێنەڕوو  پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە، تەنیا بە یەكڕیزی دەتوانرێت بەسوودی خەڵكی كوردستان پەسند بكرێن، ئەگەرنا بەزیان دەشكێنەوە، لێرەدا نابێت موزایەداتی سیاسی بەسەر پرسە چارەنوسسازەكاندا زاڵ بن، بەتایبەت لەو حزبانەی كە ئاڕاستەی پۆپۆلیستیان هەیە و  زیانیان بە شەقامی كوردستانی گەیاندووە و هۆكاری پەرتبونن، زیانیشیان بە  بیر و فكری تاكی كوردستانیش گەیاندووە، جگە لەوەش كاریگەری زۆر نێگەتیڤیان هەیە لەسەر بڕیاردان لەناو عیراق دا بەتایبەت لەناو پەرلەمانیشدا كە تەشریعی یاساكانی تێدا دەكرێت،  ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت مەترسيیەكی گەورەی هەیە و مێژوو رەحم بەكەس ناكات و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر بە نەوەكانی ئێستا و داهاتووش.

 

 

نابێت ژیان و بژێوی خەڵك بچێتە چوارچێوەی ململانێ سیاسییەكانەوە

 

*قوت و ژیانی خەڵك لەو مەلەفانەیە كە سەرۆكی یەكێتی لە دانوستانە سیاسییەكانی لەگەڵ هێزە عیراقیيەكان باسی كردووە و هێڵی سوری بەدەوردا كێشاوە؟ تاچەند ئەم بابەتە لەلایەنەكانی ترەوە وەرگیراوە؟

_ئەو پەیامەی كە سەرۆك بافڵ هەیەتی كە قوت و بژێوی خەڵك و گوزەرانی خەڵك هێڵی سوورە و نابێت هیچ ململانێیەكی سیاسی لەناو هەرێم و دەرەوەی هەرێمی كوردستان وەك كارتێكی فشار یان كارتێكی سیاسی بەكاربهێنرێت، ئەمە بەدڵنیاییەوە پەیامێكی پیرۆزە و هەموان پشتگیری لێدەكەن، چونكە نابێت ژیان و بژێوی خەڵك بچێتە چوارچێوەی ململانێ سیاسییەكانەوە، بەدڵنیاییەوە هێزە عیراقییەكان لە ناو كارنامەی یەكێتی دا پێشكەشیان كراوە و قبوڵكراوە.

هەموومان وەك و حزبە سیاسییەكان بەرپرسین بەرامبەر ئەوەی كە لایەنی ویژدانی كەسی خۆمان پیش ویژدانی حزبیمان رازی بكەین بەوەی كە هەموو كەسێك لە شوێنی دەسەڵاتدا نییە، هەموو دەسەڵاتێكیش دەنگی ناگاتە شوێنی بڕیاردانیی سیاسی، بەڵام ئێمەی بەوەكیل داناوە، لەبەر ئەوەی كاتێك لەناو پەرلەمان بێت، یان كاتی دەنگدان بێت لەسەر بودجە، كاتی وتووێژ بێت، چ لەگەڵ هێزە سیاسییەكان، چ فراكسیۆنە پەرلەمانییەكان، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرن كە ئەمە ژیان و گوزەران و پیداویستییە سەرەكیيەكانی خەڵكە، ئەمە پیداویستییەكانی منداڵێكە كەدەچێت بۆ خوێندنگە و پێویستی بە خواردنە، پێویستی بەوەیە كە ئاشتەوایی خێزانەكان تێك نەچێت، بەهۆی عینادی و بەكارهێنانی بودجە و مووچە و قوتی خەڵك وەك كارتی فشار، لەم ڕووەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەگشتی و سەرۆك بافڵ بەتایبەتی رێگە نادەن قووتی خەڵك كارتی فشاربێت، وەك چۆن ئەم هێزە سیاسییە قووت ناكات بە كارتی فشار بۆسەر ئەوانی تر، كەواتە نەخۆی قەبووڵی دەكات بەرامبەر بەخەڵك بەكاری بهێنێت، نە لەوانی دیكەشی قەبوڵ دەكات بژێوی خەڵكی كوردستان بكاتە كارتی فشاری سیاسی، ئەمەش ئاكاری سیاسی یەكێتییە.

لەهەمان كاتیشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خودی سەرۆك بافڵ جەختیان لەسەر ئەوەكردۆتەوە حزبە سیاسییە عیراقییەكانیش نابێت ماف و شایسەكانی گەلی كورد بەلاوە بنێن و بیكەن بە كارتێكی سیاسی بەرامبەر هەرێمی كوردستان ، بێگومان ئەوەش ئەو سیاسەتەیە كە یەكێتی لەسەری رێككەوتوە و سەرۆك بافڵ لەپێش پێكهێنانی كابینەی نوێ بەراشكاوی قسەی لەسەركردووە، لەوتوێژە سیاسییەكاندا خاڵی سازش لەسەر نەكردون بووە، لەو رووەوە سەرۆك بافڵ بەوپەڕی بەرپرسیارێتی سیاسی سەركەوتوانە توانیویەتی ئیدارەی ئەو دۆسیە و مافانە لە عیراق بدات، كە لە ستراتیژی نیشمانی و بەرژەوەندی باڵای خەڵك دان و یەكێتی كاری لەسەر كردوون.  

یەكێتی یەكبڕیارە و بەردەوامیشە لەسەر ریفۆرمی ناوخۆیی

 

*دەربارەی یەكبڕیاری و یەكئاڕاستەیی كاركردنی یەكێتی چۆنە؟ لە سەرویانەوە ریفۆرمی سیاسیی و خۆڕێكخستنەوەی یەكێتی؟

_ زۆر بەراشكاوی دەیخەمەڕوو، ئەوەی شانازی پێوەدەكەین كە لە ئێستادا یەكێتيی نیشتمانیی كوردستان، حزبێكە لە رووی سیاسەتی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە بەو هەموو  ئاڵنگارییەكانی بەردەمی، بەو هەموو پلانگێرییەی لەدژی دەكرێت، ئەوا لەو بنەماو باوەڕە ستراتیژییانە لاینەداوە و هەموو كاتێك ئامادەییە بۆ یەكڕیزی و بگرە كۆڵنادات لەو پێناوەدا، بۆ ئەوەش توانیومانە سیاسەتێكی یەكبڕیاری بدەین، لە پێناوی ئاراستەكردنێكی بەهێز، سیاسیەتكردنێك كە هەم شایستەی یەكێتی بێت، هەمیش لە بەەرژەوەندیی خەڵكی خۆمان بێت، جوڵەكانی یەكێتی و سەرۆك بافڵ و تەواوی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و بەغدا دەبینرێت.

 هاوكاتیش یەكێتی راناوەستێت و بەردەوامە لەسەر  ریفۆرم و چاكسازیی لەناوخۆی حزب و لەدەرەوەی حزب، ئەوەش دەستەبەری كاریگەری زۆر پۆزەتیڤیشی هەبوو ئۆرگانەكانی خۆی، لەویشەوە بۆ سەر حكومەت  و تەنانەت بەڕێوەبردنی لۆكاڵیش لەسەر ئاستی ئەو جێگایەنەی كە رێكخستنمان هەیە بەهێزتری دەكات، ئەمانە هەمووی بە دەستكەوتی گەورە دەبینین و  هێزەكانی دیكەی ناوخۆی و دەرەوەی خۆمان ئەو شاهیدیەمان بۆ دەدەن، كە سەركردایەتی ئەم حزبە ئێستا توانیوێتی هەنگاوی گرنگ بهاوێژێت و بڕیاری بوێرانە بدات و جێبەجێی بكات بەتایبەت سەرۆكی حزبەكە كە ئەقڵیەتێكی تەواو كراوە و ژیری هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو مەلەفانە.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket