riklam

یەكێتی بەستراتیژ بایەخ بە ژینگەی كوردستان دەدات

کوردستان 05:57 PM - 2022-12-28
 یەكێتی بەستراتیژ بایەخ بە ژینگەی كوردستان دەدات

یەكێتی بەستراتیژ بایەخ بە ژینگەی كوردستان دەدات

لەسەر بڕیاری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام بەڕێوەدەچێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ستراتیژ بایەخ بە ژینگەی كوردستان دەدات وەك یەكەمین هێزی سیاسی دروشمەكانی دەكات بە كردار و هەڵمەتێكی درێژخانەیەنی دەستپێكردووە.

حسێن حەمەكەریم نوێنەری نووسینگەی سەرۆك بافڵ و هاوكار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دارستانی ئەزمەڕ هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمامیان لەسەر بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاند.

 

پڕۆژەكە بەشێكە لە پڕۆسەی ئاشتكردنەوەی سلێمانی 

 

حسێن حەمەكەریم نوێنەری نووسینگەی سەرۆك بافڵ رایگەیاند: "هەڵمەتەكە بەشێكە لە پڕۆسەی ئاشتكردنەوەی سلێمانی و رواندنی یەك ملیۆن نەمام هەموو شاروشارۆچكەكانی كوردستان دەگرێتەوە، كە هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لە جیهاندا".

"هۆكاری بڕیاردان لەسەر رواندنی یەك ملیۆن نەمام لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە كێشەی ژینگەیی هیچی لە كێشە سیاسییەكان كەمتر نییە، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت پێ بەپێی گۆڕانكارییەكانی جیهان هەنگاو بنێت" نوێنەری نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی وادەڵێت.

 

 

سەوزكردنی كوردستانمان لە ئەستۆ دەگرین

 

 

"سروشتی جوانی كوردستان و ژینگەمان لەیاد نەكردووە و دەمەوێت لێرەوە بۆ هەموولایەكی رابگەیەنم لە ئەمڕۆوە تاوەكو یادێكی تری دامەزراندنی یەكێتی، یەك ملیۆن نەمام لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەچێنین و سەوزكردنی كوردستانمان لە ئەستۆ دەگرین" ئەمە وتەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانییە لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان.

 

 

بۆ یەكەمجار بە بڕیاری سەرۆك مام جەلال داربڕین قەدەغە كرا

 

حسێن حەمەكەریم راشیگەیاند: "هەنگاوەكەی سەرۆك بافڵ بەشێكە لە درێژكراوەی سیاسەتی یەكێتی كە لە رابردووداپیادەی كردووە، سەرۆك مام جەلال سەرەڕای ئەو بەرپرسیارییەتیانەی كە هەیبوو ئەو قەیرانانەی روبەڕوی كوردستان دەبوونەوە، بەردەوام لە خەمی ژینگە دابووە، بۆ یەكەمجار لە مێژووی حكومەتی كوردیددا بە بڕیاری ژمارە 141 ی ساڵی 2000 بڕیاری قەدەغەكردنی داربڕینیدا، ئێستاش ئەم بڕیارە درێژكراوەی ئەو سیاسەتەیە كە لە ئەدەبیاتی یەكێتییەوە سەرچاوەی گرتووە".

هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام كە پڕۆژەیەكی گشتگیرە و هەموو كوردستان دەگرێتەوە، كاریگەری لەسەر كەرتی گەشتیاری و بوژاندنەوەی ئابوری و زیادكردنی هەلی كار و پاراستنی دارستانەكانی كوردستان دەبێت.


نوێنەری نووسینگەی سەرۆك بافڵ راشیگەیاند: "هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام كاریگەری گەورەی لەسەر بوژاندنەوە و پاراستنی ژینگە و زیادكردنی رێژەی سەوزایی و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاكەكان دەبێت، كوردستان دارستانی سروشتی زۆرە، بەڵام هەندێكجار روبەروی مەترسی و لەناوچوون دەبێتەوە، بۆیە دەبێت بەردەوام ژینگە سەوز بكەین".

ئەوەشی راگەیاند: "هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بوژاندنەوەی كەرتی گەشتوگوزار هەیە، چونكە دروستكردنی دارستانی دەستكرد و بوژاندنەوەی كەرتی گەشتیاری كەرتی ئابوریش دەبوژێنێتەوە و هەلی كاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت". 

 

 

تێچووی هەڵمەتەكە لەلایەن نووسینگەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە دابیندەكرێت

 

 

حسێن حەمەكەریم تەئكیدیشیكردەوە: "ئیدارەی هەر ناوچەیەك داوامان لێبكات ئەوا هەڵمەتی نەمام چاندن لەو ناوچەیەش دەستپێدەكەین، چونكە پڕۆژەكە پڕۆژەیەكی ژینگەیی نیشتمانیی و گشتگیرە و تێچووەكەی لەلایەن نووسینگەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە دابینكراوە و لایەنی جێبەجێكاریش بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاروانی سلێمانییە، هەڵمەتەكەش تا رۆژی 1-6-2023 بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بەڵێنەكەی سەرۆك بافڵ بەجێ بگەیەنین".

هاوكات لەبارەی وردەكاری زیاتری پڕۆژەكە هاوكار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند: "هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام لەناو پڕۆژە دارستانییەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان دەستپێدەكات كە سنوورێكی فراوانە لە پێنجوێنەوە تا قەرەهەنجیر درێژدەبێتەوە، بۆیە دەستپێشخەری لە هەموو پڕۆژەیەكی گرنگی لەم شێوەیە دەكەین".

وڵاتانی جیهان پلان و بەرنامەیان بۆ روبەروبوونەوەی گۆرانكارییە ژینگەییەكان و قەتیسبوونی گەرمی هەیە بۆیە ئەم هەنگاوەش پرۆژەیەكی خۆماڵی كوردییە و لە شێوازی دابەشكردنی بەڕێوەچوونی پڕۆژەكە گرنگی بەو ناوچانە دراوە كە روبەڕوی گرفتە ژینگەییەكان بوونەتەوە و بەرەو بە بیابان بوون دەچن.

"ئەم بڕیارەی سەرۆك بافڵ وەك كەسایەتییەكی سیاسی و كەسایەتییەك كە درك بە گۆڕانگكارییە ژینگەییەكان دەكات كە پێویستە هەنگاوی كرداریان بۆ بنرێت گرنگە، بۆ جیبەجێكردنی پڕۆژەكەش رووبەری زەوییە بەتاڵەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییكەمان بۆ تەرخان كردووە كە 17 هۆبە و پڕۆژەی دارستانییە" هاوكار جەلال وادەڵێت.
 
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی راشیگەیاند: "پڕۆژەكە تەنها رواندنی نەمامەكان نییە بەڵكو چاودێریكردنیشییەتی چونكە هەموو نەمامێكی دارستانی پێویستی بەوەیە كە بۆ ماوەی سێ ساڵ خزمەت بكرێت بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە كرێكار و هەموو پێداویستییەكانمان بۆ تەرخانكراوە، ئەو نەمامانە هەڵبژێردراون كە لەگەڵ سروشت و ژینگە و كەشوهەوای ئەو ناوچانە بگونجێت كە نەمامەكانی لێدەڕوێندرێن".

بەپێی دواین ئامار كە لە ساڵانی 2014 بۆ  2015 ئەنجامدراوە رێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان 12.4% ە، كە ئەم رێژەیە لە خوار ستانداردی جیهانییەوەیە و دەبێت رێژەكە لە سەرووی 20% ەوە بێت،  بۆیە ئەم هەڵمەتە بە پێویست و گرنگ بۆ ئێستا و داهاتوو دەزانرێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket