riklam

ساڵیادى شه‌هیدبوونى سه‌ركرده‌ سەعدى گچكه‌ و هاورێكانى

بیروڕا 09:37 AM - 2026-03-08
قادر عەزیز ئاژانسەکان

قادر عەزیز

پێم شك نایه‌ت لاى هیچ میله‌تێك مانگى ئادار (مارس) ئه‌و گرنگى و تایبه‌تمه‌ندیه‌ى هه‌بێ وه‌ك له‌لاى نه‌ته‌وه‌ى كورد و بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازانه‌كه‌یدا هه‌یه‌تى ، لاى كورد مانگى ئادار خۆشى و ناخۆشیه‌كان ، سه‌ركه‌وتن و شكسته‌كان ، ته‌نانه‌ت كاره‌ساته‌كانیش به‌یه‌كه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌.

21ى ئادار رێكه‌وته‌ له‌گه‌ڵ جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى كوردى و رۆژى سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر زوڵم و سته‌م و زۆردارى ، 8ى ئادار وه‌ك هه‌موو میله‌تێكى تر له‌ناو كوردیش رۆژى ژنانی جیهانه‌ و رۆژى خه‌بات و ئه‌نجامدانى كۆر و كۆبونه‌وه‌ و ناره‌زایه‌تى ژنانى جیهانه‌ دژ به‌ جیاكارى و نابه‌رابه‌رى و پیاو سالارى و سته‌مكردن له‌ ژن له‌ كۆمه‌ڵگادا ، 16ى ئاداریش رۆژى كیمیابارانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ له‌لایه‌ن رژێمى داگیركه‌رى به‌عس كه‌ به‌ كۆمه‌ڵكوژى و جینۆساید دژ به‌ گه‌له‌كه‌مان ئه‌ژمار ده‌كرێ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ 11ى ئادارى ساڵى (1970) ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ى بۆ یه‌كه‌مجار كورد به‌ده‌ستیهێنا،   له‌ هه‌مانكاتدا 1ى ئادارى ساڵى (1979) رۆژى كۆچى دوایی بارزانى نه‌مر ، له‌ 5ى ئادارى ساڵى (1991)یش كه‌ ئه‌م ساڵ (35)ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م رۆژه‌ مێژوویه‌دا تێده‌په‌رێ ، رۆژى راپه‌رینى قاره‌مانانه‌ى خه‌ڵكى كوردستانه‌ كه‌ وه‌رچه‌رخانێكى گه‌وره‌بوو له‌ مێژووى گه‌له‌كه‌مان و بزوتنه‌وه‌ رزگاریخوازانه‌كه‌یدا.

(48) ساڵیشه‌ داستانى ده‌شتێو و شه‌هیدبوونى سه‌ركرده‌ (سەعدى گچكه‌) و هه‌ڤاڵه‌كانى ده‌كه‌وێته‌ 8ى ئادار كه‌ هه‌موو ساڵێك به‌ شانازیه‌وه‌ یادیان ده‌كرێته‌وه‌.

شه‌ڕى ده‌شتێو له‌ كاتێكدا روویدا كه‌ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌رپه‌رشتى سه‌ركرده‌ سەعدى گچكه‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى و فه‌رمانده‌ى هه‌رێمى ده‌شتى هه‌ولێر ، سەید كاكه‌ فه‌رمانده‌ى هه‌رێمى خۆشناوه‌تى به‌رێگاوه‌ بوون بۆ سه‌ركردایه‌تى ، به‌ڵام به‌ نه‌شاره‌زایی ده‌كه‌ونه‌ گه‌مارۆیه‌كى كوشنده‌ى هێزى زۆرى سوپاى عێراق و جاشه‌كان كه‌ دواى شه‌رێكى ده‌سته‌ویه‌خه‌ و قاره‌مانانه‌ له‌ به‌یانیه‌وه‌ تاكو تاریكانى ئێواره‌ درێژه‌ به‌ شه‌ر ده‌ده‌ن و كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامى ئه‌و شه‌ره‌ قاره‌مانانه‌دا كاك سەعدى گچكه‌ خۆیى و (13) له‌ هاورێكانى شه‌هید ده‌بن ، زه‌ره‌روزیانێكى گه‌وره‌ش له‌ دوژمن ده‌درێ كه‌ به‌ سه‌دان کوژرا و بریندار له‌ سه‌رباز و ده‌ره‌جه‌دار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێ ، جگه‌ له‌ پێكانى چه‌ندین هه‌لیكۆپته‌ر.

(ئیسماعیل تایه‌ النعیمى) قائید فه‌یله‌قى (1)ى ئه‌وكاته‌ى رژێم ، خۆى راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتى شه‌ره‌كه‌ى كردووه‌ ، دواى شه‌ره‌كه‌ش نامیلكه‌یه‌كى به‌ناوى (بساط ناجح فی‌ منظقە قلعدزە) ده‌ركردوه‌ و له‌ ریزه‌كانى سوپاى عێراقدا بڵاوى كردۆته‌وه‌ و داواى له‌ سوپاى عێراق كردوه‌ كه‌ شه‌ر له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ له‌ پارتیزانیه‌وه‌ گۆراوه‌ بۆ شه‌رى به‌ره‌یی كه‌ بۆ ئه‌مه‌ش به‌ قه‌ولى خۆى له‌مه‌ودوا ئه‌ركى سوپا له‌م شه‌ره‌دا گران و قورس ده‌كات.

قادر عەزیز
به‌شداربویەكى داستانى ده‌شتێو
8/3/2026

(ناوی شەهیدەكانی شەڕی دەشتێو)

سەعدی عەزیز ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوە‌ و ئەندامی كۆمیتەی‌ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ‌و فەرماندەی‌ هەرێمی دەشتی هەولێر.
فاروق سدیق ئەندامی پێشكەوتووی‌ كۆمەڵە‌و رابەر سیاسی هەرێم (هەولێر-گوندی‌ قوشاغلۆ)
فەرخ قادر-پێشمەرگە (هەولێر-قەراج)
فەریق هەمزە-پێشمەرگە (كەركوك-ساڵەیی)
شاهین عیزەدین-پێشمەرگە (پردێ)
تاهیر محەمەد عەلی-پێشمەرگە (هەولێر-قەراج)
جەبار ئیسماعیل-پێشمەرگە (هەولێر)
عوسمان باوە-پێشمەرگە (هەولێر)
سامی عوبێد-پێشمەرگە (هەولێر)
سەباح جەمیل-پێشمەرگە (هەولێر)
ئەحمەد محەمەدئەمین-پێشمەرگە (هەولێر-چەمرگە)
ئەحمەد محەمەد پێشمەرگە (هەولێر-پیرەرەر)

هەروەها لەو شەڕەدا (4)  پێشمەرگە بە برینداری بەدیلگیران كە پاشان لە رۆژی‌ (21/6/1978) لە زیندانی موسڵ لە سێدارەدران، ئەوانیش (جەعفەر مام ئەسوەد كۆیی‌، جەواد كەریم گۆمەشینی‌، كەمال واحید گۆمەشینی‌، حسێن عەبدولڕەحمان گۆمەشینی). هەروەها عەزیز باپیر ناسراو بە سەید عەزیز گۆمەشینی‌ دوای‌ گیرانی‌ بە ماوەیەك بەهۆی‌ بچوكی‌ تەمەنیەوە بە لێبوردنی‌ گشتی‌ ئازادكرا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket