riklam

ڕەفیق سابیر، بەشیعر دەرەقەتی كارەساتەكان نەهات!

بیروڕا 02:38 PM - 2026-02-28
خەلیل عەبدوڵڵا PUKMEDIA

خەلیل عەبدوڵڵا

بە تەنیا جێی مەهێڵن
ئەمشەو زریان دەیچێنێت
تەمومژ دایدەپۆشێت
مانگەشەو دەیڕفێنێت
گەرووی بە گزنگ تەڕ كەن
زامەكانی بە شیلان
بە گۆرانی دایپۆشن
یان بە سەوزیی دارستان

د.ڕەفیق سابیر، كەسایەتییەكی گەورەی كولتووریی كوردستانە، لە ڕشتەكانی ئەدەب‌و لێكۆڵینەوەدا خزمەتێكی زۆری بە كاروانی كولتووریی‌و مێژوویی كوردستان كردووە‌و شوێن پەنجەی ڕەنگینی لەو ڕشتانەدا دیارە.
ڕۆژی 5ی تەممووزی 1950 لە شاری قەڵادزێ‌ لە دایك بووە، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی لەو شارە تەواو كردووە.
ساڵی 1970 بۆ خوێندنی زانكۆ چۆتە شاری بەغدا‌و لە بەشی زمان‌و ئەدەبی كوردیی كۆلیجی ئەدەبیاتی زانكۆی بەغدا خوێندوویەتی‌و ساڵی 1974 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەو بەشەدا بە دەستهێناوە.

ڕەفیق سابیر، لە سەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای شیعر بوو، خاوەنی چەندین قەسیدەی بەزر‌و پڕمانایە، كە لە دووتوێی چەند كتێب‌و دیوانێكدا چاپ و بڵاوكراونەتەوە.
بێ‌ لە شیعر، بایەخی بە كاری ڕۆژنامەنووسی داوە،ساڵی 1972 تا ئەیلوولی 1978 وەك ڕۆژنامەنووس لە  ڕۆژنامەی (بیری نوێ‌)ی حزبی شیوعیی عیراق لە شاری بەغدا كاری كردووە، ڕۆژنامەنووسێكی سەنگین‌و بە سەلیقە بووە، بەرهەمەكانی لەو ڕۆژنامەیەدا شاهیدی توانا‌و ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری ئەون.

نیسانی 1979 چۆتە شاخ‌و لەڕیزەكانی حزبی شیوعیی عیراقدا بووە‌و بە پێشمەرگە‌و تا هاوینی 1982  بەردەوام بووە لە خەباتی پێشمەرگایەتی.
لەشاخ لەگەڵ كۆمەلێك نووسەردا، ( یەكێتیی نووسەرانی كوردستان)یان دامەزراندووە‌و گۆڤاری (نووسەری كوردستان)یان دەركردووە.
 هاوینی 1982 بەهۆی شەڕی ناوخۆوە وڵاتی بەجێهێشتووە‌و ڕووی لە هەندەران كردووە‌و لە وڵاتی بولگاریا گیرساوەتەوە. لەو ڵاتە لە بەشی فەلسەفەی ئەكادیمیای زانستە كۆمەڵایەتییەكان خوێندوویەتی‌و ساڵی 1987 بڕوانامەی دكتۆرای لە فەلسەفەدا بەدەستهێناوە.
نامەی دكتۆراكەی بە ناونیشانی ( ڕۆڵی كولتوور لە پێكهێنانی هۆشیاریی نەتەوەیی كورد) بووە، كە بابەتێكی گرنگ‌و سەرنجڕاكێش بووە.
ناوەڕاستی ساڵی 1989 وڵاتی بولگاریای بەجێهێشتووە‌و لە وڵاتی سوید بووە بە پەنابەر، لەوێش بایەخی  بە بواری كولتووری داوە‌و لەگەڵ (د.كەمال میراودەلی، هاشم كۆچانی‌و كاروان عەبدوڵڵا)، گۆڤارێكی كولتووری وەرزیان بەناوی ( ڕابوون) دەركردووە. ئەو گۆڤارە لە بەهاری 1991 تا  سەرەتای 2001 بە بەردەوامی  بەشێوەی وەرزی دەرچووە، گۆڤارێكی سەنگینی كولتووری بووە‌و چەندین بابەت‌و توێژینەوەی بەپێزی تێدا بڵاوكراوەتەوە.
ساڵی 2006 بوو بەسەرۆكی مەڵبەندی كوردۆلۆجیی زانكۆی سلێمانی. ساڵی  2009لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا‌و تا ساڵی 2011 بەردەوام بوو لە كاری پەرلەمانی‌و دواتر وازیهێنا.

د. ڕەفیق سابیر زیاتر وەك شاعیر ناسراوە، خاوەنی سەدان قەسیدەی بەرز‌و پڕ مانایە، كە لە دوو توێی چەند دیوانێكدا چاپ‌و بڵاوكراونەتەوە، لەوانە (پشكۆكان دەگەشێنەوە، ڕێژنە، سووتان لەبەر باراندا، وەرزی سەهۆڵبەندان، لاوكی هەڵەبجە، كاروانسەرا،  وەرزە بەردینە، ئاوێنە‌و سێبەر،  ژوانی ڕووناكی، ڕوونبوونەوە، ڕازو گومان، ئەویننامە، كۆی بەرهەمە شیعرییەكان).
بۆ كارەساتی هەڵەبجە، قەسیدەی لاوكی هەڵەبجەی نووسی، كە یەكێكە لە قەسیدە بەرزەكانی ئەوو دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، كراوە بە سروودیش، كە دەكرێ‌ وەك سروود‌و مارشی هەڵەبجە ناودێر بكرێ‌. لە دوای ئەو كارەساتە‌و كارەساتەكانی دیكەی گەلی كوردستان، د.رەفیق سابیر، دانی بەوەدا نا كە بەشیعر دەرەقەتی ئەو كارەساتانە نایەت، بۆیە پەنای بۆ لێكۆڵیننەوە برد‌و خاوەنی چەند لێكۆڵینەوەیەكی گرنگە، لەوانە ( بەرەو مێژوو، ئیمپراتۆریای لم، عیراق بە دیموكراتیكردن یان هەڵوەشانەوە، كولتوور‌و ناسیونالیزم، بەستانداركردنی زمان‌و ئەلف‌و بێی كوردی).

شیعرەكانی د.ڕەفیق سابیر، وەك كتێبی سەربەخۆ، یاخود ئەنتۆلۆجیای شیعری،  بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕدراون، لەوانە (ئینگلیزی، فەڕەنسی، سویدی، سویدی، دانیماركی، نەرویجی، هۆڵەندی، ئیستۆنی، عەرەبی‌و فارسی).

لەپای خزمە كولتورییەكانی چەند جارێك خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە، لەوانە (خەڵاتی كلاس دی ڤیڵدی سویدی، خەڵاتی زێڕینی بلە، خەڵاتی ناوەندی پێنی كوردی).
د. ڕەفیق سابیر، لە تاراوگە‌و لە وڵاتی سوید دەژیا، بەداخەوە ئەمڕۆ 28ی شوباتی2026 لەوڵاتی غەریبی و لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکا لە شاری ستۆکهۆڵم کۆچی دوایی کرد.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket