riklam

9ی شوبات، رۆژێکی زێڕینی تری سەرۆك مام جەلال

بیروڕا 09:57 AM - 2026-02-09
بارزان شێخ عوسمان PUKMEDIA

بارزان شێخ عوسمان

بیروڕا

٩ی شوبات ، رۆژێکی زێڕینی تری  سەرۆك مامجەلال  ، کە کوردستانیی بونی کەرکوكی سەلماند 

ئەوێ رۆژێ کە سەرۆك مامجەلال  بە بەڵگەنامە و نەخشەکانی سەردەمی عوسمانلی  هۆڵی کۆبونەوەی ئەنجومەنی حوکمی ئەوێ دەمێی هەژاند،  دەیزانی بارودۆخەکە هێشتا وا نەخەمڵیوە کە لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتن  بخەوین و بێ خەم پاڵی لێ بدەینەوە و بڵێین ئیتر خەبات تەواو و هەموشتێك بەدڵی خۆمان دەبێت!.

پێش بینییەکانی سەرۆك مامجەلالی مەزن لە ئاست تەواوی دیمەنە سیاسییەکەی عێراقی دوای صەدام حسێن رێك وا دەرچون کە ئێستا زۆر بە خراپتر دەبینرێت . 

رۆژی نۆی شوباتی 2004،  رۆژی بەجێهێنانی بەڵێنەکەی سەرۆك مامجەلال  بو کە دەیفەرمو (یا کەرکوك و خانەقین ، یا تا ماوین دەجەنگین ). ئاخر بەڕێزیان  هەمیشە دوپاتیکردبوەوە کە خەبات کۆتایی نایەت  و بەردەوام دەبێت بۆ سەلماندنی راستیی مێژویی ،جوگرافیایی و پێکهاتە و باری نەتەوەیی کەرکوك و ناوچە تەعریبکراوەکانی تر . 

بۆیە لە پاڵ مورافەعە هەمیشەییەکانی بۆ مەسەلەی گەلەکەی و دیموکراسیی  ، رۆژی  9ی شوباتیش بە رۆژی مورافەعە مەزنەکەی سەرۆك مامجەلال  بۆ سەلماندنی کوردستانی بونی کەرکوك ناوبانگی دەرکرد ،بوە رۆژێکی زێڕینی تر  و  چوە مێژوی خەباتی سیاسیی بەڕێزیان و خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و  بزوتنەوەی دیمکراسیی نەتەوەیی گەلەکەمانەوە .

جەنگەکەی سەرۆك مامجەلال لەو هۆڵەدا لەبەردەم گەورە سیاسەتمەدار و گەورە سەرکردە و لێپرسراوانی ئەو کاتەی عێراقی دوای دیکتاتۆریەت ، جەنگی دۆکیۆمێنت ،نەخشە ، گەشتی خۆرهەڵات ناسان لە سەردەمی عوسمانلی و پێش عوسمانلییەکان بو ، جەنگێکی دیپلۆماتیی بو کە  تیایدا رێککەوتنەکانی ئینگلیز و حکومەتی پادشایی نوێی عێراق تیایدا باڵا دەست بوو .

لە هەمو نەخشەکانی سەردەمی عوسمانلییەکاندا کەرکوک و ناوچەکانی تری بازنەی تەعریب بەشێک بون لە کوردستان ، بەو پێیەی زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن و پەیوەندییە جیاجیاکانیش بە ناوچەکانی تری کوردستانەوە دەیانبەستێتەوە، ددانپیانانی خۆر هەڵات ناسەکانی وەك ژان ئۆتاری فرەنسایی و دەیانی تر  بە کوردستانی بونی کەرکوك و دەوروبەری ، شایەتێکی تری مورافەعەمێژوییەکەی   مامی گەورەمان  بون ،بۆ داکۆکیکردن لە کەرکوك و دەوروبەری . 

ئاخر سەرۆك مامجەلال زۆر بە باشی دەیزانی بارودۆخەکە هێشتا ساز و لەبار نییە کە بێ باك بین ، بۆیە دەیفەرمو (وەزعەکە دەڵەمەیی یە). 

ئەو رۆژەش بەڕێزیان زۆر راشکاوانە بە زمانە سیاسیی و دیپلۆماتییە ناسراو و بەناوبانگەکەی خۆی  توانجی گرتە ئەو  سیاسەتمەدارانەی  لە هۆڵی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی حوکم  ئامادەبون ، کە  چۆن لە ٢٥ی دیسامبیر /کانونی یەکەمی ساڵی 1922 دا حکومەتی بریتانیا و عێراقی پادشایی   لە بەیانێکی هاوبەشیاندا  دانیان بەوەدا ناوە کوردستان حکومەتی سەربەخۆی هەبێت ، سنورەکەی  ئەو کاتەی مەملەکەتەکەی مەلیک فەیسەڵ  تا جەبەل حەمرین بوە. 

 ئەو مورافەعەیە کە جەنگێکی قانونیی ، دیپلۆماتیی و سیاسیی بوو ، بوە بنەمایەکی گرنگ کە کوردستانیی بونی کەرکوک لە دەستوردا بچەسپێت .

بە داخەوە دوای نەخۆش کەوتن و  ماڵئاوایی سەرۆك مامجەلال  بارودۆخەکە نەك هەر لە کەرکوك  بەڵکو  لەسەرتاسەری عێراقیش ،  بەرەو خراپتر چوو ، کە لێرەدا باسکردنی  جێی نابێتەوە و کاتی زۆرتری دەوێت .
 
سەرۆك مامجەلال  لە دوای مورافەعە گەورەکەوە ، پەی بەوراستییە برد کەپێویستە بەسیاسەتێکی  ژیرانە مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی کوردستانیی بونی کەرکوک وبارە دیمۆگرافییەکەیدا بکرێت ،کارێك نەکرێت کە ریسەکەمان  لێ بکەنەوە بە خوریی ، بە هەڵچون و دروشمی بریقەدار و موزایەدە  لە خۆمانی تێك نەدەین و بیانو نەدەین بە نەیار و  تەماعکاران ، بۆیە  پرۆسەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری ناونا (نەشتەرگەری مێشك) بەوەی لەبچوکترین هەڵەدا  هیچ دەرەتانێك نییە بۆ  چارەسەرکردنی هەڵەکە .

 خۆشبەختانە ئێستا وا هەنگاو بە هەنگاو لە کەرکوك، بە هیمەتی دڵسۆزان و سیاسەتی حەکیمانەی ی ن ك و مامەڵەی دروست و شارەزایانەی بەڕێز پارێزگاری کەرکوك رێبوار تەها ،  برینەکان سارێژ دەبن و جەنگەکە بە سیاسەتی ژیرانە و هێمنانە بەردەوامە لە پێناوی بەرژەوەندیی هەمو کەرکوکییەکان و دوروبەری ، کە پەل دەهاویژێت بۆ تەواوی ناوچەکانی تری سیاسەتی دڕندانە و بێویژدانانەی تەعریب .

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket