riklam

نــەفـــەك

بیروڕا 11:06 AM - 2026-02-09
 کاروان ئەنوەر کاروان ئەنوەر

کاروان ئەنوەر

بیروڕا

چەند ساڵێك لەمەوبەر، كابرایەكی گوندە و شەڕفرۆش بۆ شكاندنی شكۆ و هەیبەتی خەڵك لەناو بازاڕدا دەستی بۆ نەفەكی پیاوان دەبرد، جارێك ئەم گوندەیە لە ناوەڕاستی بازاڕدا دەست بۆ نەفەكی پیاوماقوڵێكی شار دەبات و لە رەنگدانەوەیەكی سەیردا پیاوماقوڵەكە یەك دیناری ئەو سەردەمە بە گوندەكە دەدات، ئەهلی بازار لێی دەپرسن فڵانی بۆچی ئەو دینارەت دا بە گوندە؟؟

دەڵێت: ئەوە خوێنی سەری خۆیم پێدا و ئێستا بەو دینارە سەری خۆی دەخوات!! پاش چەند خولەكێك دەنگی دوو تەقە دەبیسترێت.. هەواڵ دێت.. ئەوە گوندەیان بە دوو فیشەك سارد كردەوە!!

ئەزانن چی بوو؟ كە گوندە دینارەكە لە پیاوماقوڵ وەردەگرێت نەشوەی سەركەوتن دەیگرێت و لەناو بازاڕدا بەلای كێدا رەتبێت، دەستێك بۆ پاشەڵی دەبات، چونكە لە خۆی بایی دەبێت و دەڵێت گەر پیاوماقوڵ یەك دیناری بداتێ، كەواتە رێگر لەبەردەمیدا نییە دەست لە خەڵكی تر بپارێزێت، بۆیە دەست بۆ هەموو پیاوان دەبات تا رێكەوت وا دەبێت دەست بۆ شەقاوەیەك ببات، ئەویش راستە و راست دەمانچەكەی دەردێنێت و دوو فیشەك لە بناگوێی گوندە دەدات و ساردی دەكاتەوە و شاریش لە بێ ئەدەبی و خوێڕێتی گوندە پاك دەكاتەوە. كە هەواڵ دەگاتە پیاوماقوڵ، بە خەڵك دەڵێت من بە دینارێك گەورەترین و ناقوڵاترین دوومەڵم لەسەر دڵی شارەكە لەناوبرد، باشترین چارەسەر ئەوەبوو، ئەم دێوەزمەیە لەناو زەلكاوی سەركەوتنی خۆیدا نقوم بكەم..

حاڵ و بەسەرهاتی سیاسەت و سیاسەتمەداران لەم دەردە بەدەر نین، كە حەز و خولیا و شێتی نەفەك و ناوگەڵ ببنە سیمای حزبێك یان جوڵانەوەیەك یان حكومەتێك و سكانداڵێكی ئابڕوبەرانە بخولقێنێت و شكاندنی گەورە پیاوان و ناوبانگی هەموو لایەنەكانی هاوكێشەی ئایین و سیاسەت و ئابووری ببێتە سیمای سەردەمیان..

هەموومان لە پێش سەردەمی رێنیسانس قۆناغی حوكمی كەنیسەمان بیستوە كە ئەوروپا چەند بۆگەن بوو، لەكاتێكدا قەشە و رەبەنەكان كە نەدەبوو بەركەوتەی سێكسیان هەبێت كەچی بە هەزاران چیرۆك  و بەسەرهاتی قێزەون لەو چەرخەدا تۆماركران..

هەموو باس و سەرگوزەشتەی غولمان و جەواری كۆشك و تەلاری خەلیفەكانی بەنی ئومەییە و بەنی عەبباس و ئال عوسمانمان بیستووە..

تا ئێستاش بازاڕی كڕین و فرۆشتنی كوڕانی باڵق نەبوو لە ئەفغانستان و پاكستان بەناوی (بەچەبازیی) زۆر باوە و قەدەغە نەكراوە..

قۆناغی حوكمڕانی داعشیش بەئاشكرا بازاڕی كڕین و فرۆشتنی كچانمان بینی بەناوی (سوق النخاسە) هەزاران چیرۆكی بێڕێزی كردن بە مۆراڵی مرۆڤبوون و سووكایەتی بە ئایینی ئیسلام و بەها جوانەكانی مرۆڤایەتی هەموو میدیاكانی جیهانی تەنی.

دوایین سكانداڵەكانی نەفەك و پاشەڵپیسی كە بووەتە سەرباسی هەموو باسەكان، سكانداڵەكەی دوورگە پڕ نهێنییەكەی ئەپستینە كە هەزاران ناوی تێوە گلاوە و هەموو لە پێناوی شەڕی نەفەك و ناوگەڵدا خەریكە لە تەختی پاشایەتی و ملیاردێریدا بێنەخوارەوە و دادگایی حەیابەرانە بكرێن.. چی  دەوترێت و چی باسدەكرێت هێشتا هەر سەرەتایە، بەڵام من چاوەڕێی رەشەبایەك و زەمینلەرزەیەكی بەهێز دەكەم، كە چەكی بەكارهاتووی نەفەك و شێتی سێكسی ئاشكرا بكات، هەروەك ئەوەی لە سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا (بیل كلنتۆن و مۆنیكا لوینسكی) دا خولقان، چونكە لەكوێدا بەرژەوەندی و سیاسەت بگەنە بنبەست، چەكی نەفەك دەبێتە وێرانكەرترین چەك، هێشتا نازانین چەكەكانی سكانداڵی ئەپستین لەدژی كێ بەكارهاتن، بەڵام خەڵكی هەسارەی زەوی دەزانن كە كێ ئەم جۆرە چەكانە بەكار دەهێنێت، دیارە وەك چیرۆكەكەی خۆمان، پیاو ماقوڵێك هەبووە دەرگای ئەم دۆسیە پڕ شەرم و حەیاچوونەی بۆ جیهان كردەوە.

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket