riklam

دوو عەلی لە یەمەنێکدا جێیان نابێتەوە

بیروڕا 03:25 PM - 2026-01-18
ستران عەبدوڵڵا PUKMEDIA

ستران عەبدوڵڵا

عەلی سالم ئەلبیزیش فەوتی کرد، هەشتا و شەش ساڵی تەمەنی بەسەر دووو دەیە و دوو وڵاتی یەمەن و دوو مەنفای ناچاریدا  دابەشکرد.

عەلی سالم ئەلبیز حاکمی چەپی یەمەنی باشوور بوو کە بە رەسمی ناوی کۆماری یەمەنی میللی لێ نرابوو .. لای دەستە ڕاستییەوە یەمەنێکی تر هەبوو، کۆماری عەرەبی یەمەنیان پێ دەوت کە عەریف عەلی عەبدوڵلا ساڵح بە کۆکتێلی هاوپەیمانی نێوان ئەفسەر و عەشایەر، ئەفیونی عروبە و قاتی خۆماڵی ، خەنجەر و جوگرافیا دژوارەکەی وڵات دەیبرد بەڕێوە.

یەمەنی عەلی سالم ئەلبیز یەمەنێکی پێشکەوتخوازی دۆستی سۆڤێت  و پشتیوانی بزوتنەوە چەپەکانی ناوچەکە بوو، یەمەنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بە بەرتیلی نەوتی عیراق و خوردە خەرجی مەملەکەتەکانی کەنداو رۆژگارانی رادەبوورد.

کۆتایی هەشتاکان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاقەتی رەوتی پێشکەوتخوازی نەماو یەکێتی سۆڤێتیش  دەبابەکانی لە ئەفغانستان و کتێب و نامیلکەکانی دار داروغا و تەقەدومی لە کتێبخانە شۆڕشگێڕییەکان کشاندەوە، ئیتر هەردوو یەمەن تەگبیری یەکێتی ریزەکانی یەمەنیان کرد. سا بەڵکو بە هەردوولا یەمەنی سەعید کە لە کتێبە قەدیمەکاندا  باس کراوە، پێکەوە بنێنەوە.
ئەندێشمەندانی چەپ لە یەمەنی باشوور کە دەیانزانی دوو حزبی شیوعی لە وڵاتێکدا جێیان نابێتەوە مەگەر یەکیان لادەر بێت، نەیانزانی عەلی سەنعا لەگەڵیان هەڵناکا.چووزانن  ئەمە بۆ دوو عەلیش هەر وایە؟!

زۆری پێ نەچوو سەرۆک عەلی سەنعا لەگەڵ جێگر عەلی عەدەن پێک هەڵشاخان.
عەلی سالم ئەلبیز جاڕی دا کە چۆن دەبێ هەموو داهات و دەرهەم لە یەمەنی باشوور و لە بەهەشتی عەدەنەوە دێت، کەچی حکومەتی پاوانخوازی سەنعا بەشیان نادا و وەک کابرای ئەوبەر جیاکاری دەنوێنێ و سزای سیاسی دەرحەق بە یەمەنەکەی تر پەیڕەو دەکات؟

ئیتر جولانەوە  لەسەر جولانەوە  سەری کێشا بۆ سەرهەڵگرتنی یەکجارەکی بۆ مەنفا . تا دوعای مەزڵومانەی عەلی ساڵح ئەلبیز لە بەهاری عەرەبیدا سەری عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی خوارد و دەرکەوت یەمەنی لە هەردوو بەشەکە پێکهاتوو  یەمەنێکی  بەدبەختە،  نەک یەمەنی بەختەوەر  و سەعید.

ئێستا واقیعەی یەمەن بۆتە زەلکاوی ڤێتنام بۆ هەر کەسێک تەماحی تیا دەکات و نرخەکەشی یەمەنییە بێ چارەکان دەیدەن.
نە بەهار، نە سەعید و نە سۆشیالیزم ماوە و نە یەمەنیش بە یەک دەوڵەتی و بە دوو دەوڵەتی خۆیەوە گیرساوەتەوە.
(بەختێ لە ئەزەل سیاچارە بێت
دەستی لێ مەدەن با ئاوەرە بێت!)

ساڵحی سەنعا چەند ساڵە سەری لە قوڕ نراوە و ساڵحی  نازناو سپی و ڕەشئەسمەری عەدەنیش ئەمرۆ کۆچی کرد.
دوو عەلی بە زیندوویی لەسەر زەمینی یەمەن جێیان نابێتەوە، بەڵام لە ژێر خاک لە دوو قەبری تاریک و تەنگدا،  وا جێ دەگرن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket