riklam

تەواری شەهید

بیروڕا 12:14 PM - 2026-01-14
هەڵمەت هۆشیار PUKMEDIA

هەڵمەت هۆشیار

بیروڕا

کاتێک خاک دەبێتە بەشێک لە ئەوین و لەگەڵ خوێندا تێکەڵاوی یەک دەبن، ئیتر مرۆڤ دەگاتە قۆناغێک مردنەکەی بە کەوتن و کۆتایی دانانرێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ هێزو مانەوە، لەکاتێکدا کە روفات روفاتی ژنە شەهیدێک بێت، ئیدی هێزەکە توندتر و بیرکردنەوە قوڵتر دەبێت، بە جۆڕیک لە دڵی ئەوانەدا دەبێتە مەترسی کە پێیان وابوو بە تەنها چەک شکۆ دروست دەکات…

دوژمنانی رۆژئاڤا لەبەر ئەوە لە ژن ناترسن کە خەبات دەکات، بەڵکو ترسی راستەقینەیان ئەوکاتەیە کە ژنێک جەستەی خوێناوی دەبێت، چونکە ژنە شۆرشگێڕەکان بە زیندویی دەتوانرێت تیرۆر بکرێن، بەڵام کە شەهید دەبێت ئیتر دەبێتە گوتارێکی کراوەو ئاگرێکی نەکوژاوە، روفاتەکەی بەمانای کۆتایی ئامادەیی ئەو ناگەیەنێت، بەڵکو سەرەتایەکە رەگ دادەکوتێ و لە وێژدانی میللیدا دەچەسپێت و لە هزری نەوەی داهاتوودا چرۆ دەکات.

ژن لە رۆژئاڤا بۆ ئەوە نەچونەتە سەنگەرەوە تاکو بیسەلمێنن (ئەمانیش هاوشانی پیاوان دەتوانن بجەنگن، ئازادی رەگەزی نییە، شەرفمەندی پێویستی بە پرس و رای کەس نییە)، بۆیە کاتێک شەهید دەبێت، کەوتنەکەی لە بۆمبای سەربازی زیاتر وێرانکاریی دروست دەکات، تەواوی ئەو واعیزانە بە درۆ دەخاتەوە کاتێک دەڵێن: (ژن ناتەواوە) و جێگەی ئەو دەرەوە نییە.

ئەو ترسەی روفاتی ژنێکی شەهید دەیخوڵقێنێت ترسێک نییە لە مردن، بەڵکو ترسە لە (مانا)ی راستەقینە، کاتێک مردن لە لە پێناو دۆزێکدا دەبێتە بژاردە، بۆ جەلادیشدەبێت بە ئابڕووچوون.

چۆن هێزێکی دڕندە بە چەک و ئایدۆلۆژیای مرۆڤکوژ، پاساو بۆ کوشتنی ژنێک دەهێنێتەوە، کە بۆ بەرگریکردن لە ووڵات، نەتەوە، زمانەکەی، ئایندەی منداڵەکانی خەبات دەکات؟ لێرەوەیە کە داڕمانی دەروونیی دوژمن دەست پێدەکات.
لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی تەوارە شەهیدەکاندا، تەنها جەستەیەک بەخاک ناسپێردرێت، بەڵکو دەیان پرسیار لە دایک دەبێت و هەرگیز دوژمن ناتوانێت خۆی لێیان بدزێتەوە:
- ئەو ژنە بۆچی خەباتی دەکرد و چەکی بەرگری لە شان کردبوو؟.
- بۆچی ئەو وا سەربەرزانە دونیای بە جێهێشت؟
- ئەمە چ بیروباوەڕێکە وا لە ژنان بکات لە بری دانیشتن و ملکەچ بوون شەهید بوون هەڵبژیرن؟

ئەمەیە وا دەکات نەیارانی رۆژئاڤا هێندەی لە روفاتی پیرۆز تەوارە شەهیدەکان زەندقیان چووە، هێندە لە فیشەک ناترسن، دەزانن دەبنە وێنە، دەمێننەوە، دەبنە ئایکۆن، لە هزریاندا دەچەسپێت و هەمیشە و لە هەموو جێگەیەک شوێنیان دەکەوێت و راویان دەنێت، روفاتی ژنێک کە بە جل و بەرگە سەربازییەکەیەوە بەوپەڕی شکۆوە راکشاوە، دەبێتە خاڵێکی رەش بە تەوێڵی هەموو دەسەڵاتێکی ستەمکارو هەموو ئەوانەی پێیانوایە ژن دەستکەوت و کاڵایە، تەنها ملکەچبوونی لە سەرە.
 
کورد هەر زوو زانی رزگارکردنی خاک و ئازادی ژن لێکجیاناکرێنەوە ، بۆیە هەمیشە ژن لە نێو دڵی شۆڕشدا بووە، نەک لە پەراوێزدا.

کە ژنێک شەهید دەبێت، ئەوکات لەو چەمکە تێدەگەن کە: شۆرش بە تەنها بە نێرینە ناکرێت، بەڵکو دەبێت شۆرشەکە لەسەر پایەی مرۆڤایەتی بونیاد بنرێت.

کاتێک ژنێکی خەباتکار لە پێناو ئازادیدا  شەهید دەبێت، دوژمن هەرچەند بەهێز بێت و شەڕدا سەربکەوێت و جوگرافیایەک داگیر بکات بەڵام هێشتا دۆڕاوە.

بەمشێوە رووفاتی تەوارە شەهیدەکان دەبنە ئاوێنە و دوژمنان ناشرینی و پوچی و ترسنۆکی خۆیانی تێدا دەبینن، تێدەگەن هەر فیشەکێک کە تەقاندویانە نەک خەونێکی لەناو نەبردووە، بەڵکو ژنانی پەروەردە کردووە و هەر ژنێک کە شەهید بووە بە هەزاران ژنی دیکەیان ووتووە ئیدی ترس چارەنووسی ئەوان نییە.

*ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket