riklam

بۆ دەستوور گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان؟

بیروڕا 03:04 PM - 2026-01-08
سلێمان مستەفا حەسەن سلێمان مستەفا حەسەن

سلێمان مستەفا حەسەن

بیروڕا

دەستوور بنچینەی هەر سیستمێکی سیاسی و یاساییە، هەروەها بنەمای سەرەکیی رێکخستنی ژیانی سیاسی و یاسایی هەر کۆمەڵگایەکە، هیچ دەوڵەتێک و هەرێمێک و دەسەڵاتێک ناتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی و دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت، ئەگەر دەستوورێکی روون و گشتی و پەسەندکراوی نەبێت، هەرێمی کوردستان - عیراق، لە ساڵی 1992ەوە پەرلەمانی هەیە و ئەزموونی حوکمڕانی هەیە، بەڵام تا ئێستا بە بێ دەستووری تایبەتی خۆی ماوەتەوە، لە ئێستا دا پشت ئەستوورە بە ماددەی (117/ 1)دەستووری عیراق ساڵی  2005 کە تیایدا هاتووە
(يەكەم: ئەم دەستوورە لە بەروارى پيادەكردنيەوە دان بە هەرێمى كوردستان و ئەو دەسەڵاتەى ئێستايدا دەنێت وەك هەرێمێكى فيدرالى)
بێ دەستووری لە هەرێمی کوردستان کێشەیەکی بنچینەییە، کە کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، جێگیر کردنی یاساکان و دادپەروەری و باوەڕ و متمانەی هاووڵاتییان.

هەرێمی کوردستان گەورەترین دەرفەت و هەلی لەدەست دا کە پێش پرۆسەی ئازادی عیراق دەستووری خۆی پەسەند نەکرد، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دووبارە دەرفەتێکی زێڕینیان لە دەست دا کە لە دوای پرۆسەی ئازادی دەستووریان پەسەند نەکرد، لە ئێستاشدا گرنگە هەرێمی کوردستان دەستووری خۆی پەسەند بکات. و ببێتە کاری لە پێشینەی دەستە بژێر وحزبەکان.

 بنەمای یاسایی دەستووری هەرێم

دەستووری کۆماری عیراق 2005 بە روونی لە ماددەی 1 دەستووری ساڵی 2005 دانی ناوە بەوەی کە سیستمی سیاسی لە عیراق فیدراڵییە، وە لەماددەی( 116 و 121 )ئاماژەی داوە بەچوارچێوە و شێوازی جێبەجێکردنی فیدراڵیەتی، هەروەها  بەپێی ماددەی(119 و120 و 121) دەستووری ساڵی 2005 مافی داوە بە هەرێمەکان کە هەر هەرێمێک مافی ئەوەی هەیە دەستووری تایبەتی خۆی هەبێت و هەروەها مافی داوە بە پارێزگاکانی تریش هەرێمی خۆیان پێکبهێنن بە مەرجێک کە پێچەوانەی دەستووری فیدراڵی و بنەما گشتییەکان نەبێت، بەم پێوانەیە، داوای دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان داواکارییەکی سیاسی یان حزبی نییە، بەڵکوو مافێکی رەسەن و دەستوورییە کە لە بنەمای یاسای باڵای وڵاتەوە هاتووە، بۆیە هەبوونی زەرورەتێکی نیشتمانی نەتەوەییە.

دەستوور چی مسۆگەر دەکات؟

لە ساڵی 1992 گیرۆدەی دەیان و سەدان گرفت و ناکۆکی و ململانێی بوینەوە، دەرنجامی باجێگی گەورە و لە هەژمار نەهاتووماندا، بۆیە بوونی دەستوور چەندین بنەما و دەست کەوت دەچەسپێنێت، بەشێک لەوانە:

یەکەم: دەستوور پێش هەموو شتێک مەرجەع بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەر و دروست دەکات و هەر دەستوور خۆی دەبێتە مەرجەع و هێز دەداتە دامەزراوە شەرعییەکانی و یاسا سەروەر دەکات.

دووەم: دەستوور مافە بنچینەییەکانی هاووڵاتیی مسۆگەر دەکات، مافی ژیان، ئازادی، یەکسانی لە بەردەم یاسا، ئازادی راگەیاندن و بەشداری سیاسی.

سێیەم: دەستوور هاووڵاتییان دەپارێزێت لە هێزی دەسەڵات، هەروەها رێگە نادات مافەکانیان ببنە قوربانیی بڕیاری سیاسی یان بەرژەوەندی تاکە کەس و حزبی.

چوارەم: دەستوور سیستەمی دەسەڵات رێکدەخات، چۆن دەسەڵات هەڵدەبژێردرێت، چۆن گۆڕانکاریی لە دەسەڵات دەکرێت بە کام رێگا و شێواز و سیستەم، و چۆن بەرپرسیارێتی دروست دەبێت، دەستوور سیستەمی سیاسی و سنووری ئەرک و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکات.

پێنجەم: دەستوور سەرەوەری یاسا دەستە بەر دەکات و رێگا لە پێشەلکردنی دەستوور و یاسا بەرکارەکان دەگرێت.

شەشەم: دەستوور مافی سکاڵا و تانە بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر دەکات، پابەندی یاسای دەخاتە ئەستۆی هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی

حەوتەم: دەستوور پارێزگاری لە دادپەروەری دەکات، بۆ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێک لە سنووری خۆی تێپەڕ نەبێت.

هەشتەم: دەستوور مافی تاکەکان و تەواوی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.

دەستوور رێگا لە چی دەگرێت؟

نەبوونی دەستوور زۆر جار بووەتە هۆی کۆبوونەوەی دەسەڵات لە دەست تاکە کەسێک یان لایەنێک یان چەند لایەن، هەروەها حزبەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەوڵی قووت دانی هەرێمی کوردستانیان داوە، نەبوونی دەستوور بووەتە هۆکاری ناڕوونی یاسایی و قەیرانی سیاسی، بۆیە ئەگەر بپرسین دەستوور رێگا لە چی دەگرێت، هەر یەک لە ئێمە دەتوانین وەڵامی جیاجیامان بەدەست بێت لیرەدا ئێمە دەڵێن هەبوونی دەستوور رێگا لە مانەی خوارەوە دەگرێت:

یەکەم، دەستوور رێگا لە دەسەڵاتی و خۆسەپاندن دەگرێت، دەستوور رێگا لە دەسەڵات و هێزەکەی دەگرێت کە لەدەست تاکە کەسێک یان لایەنێک بێت دوور لە رێکاری دەستووری.

دووەم: دەستوور رێگا دەگرێت لە گۆڕانکاریی نایاسایی لە پۆست و دەسەڵات و یاساکاندا بکرێت.

سێیەم: دەستوور رێگا دەگرێت لە بەکارهێنانی یاسا بۆ فشاری سیاسی و سنووردارکردنی ئازادییەکان، نا دادی و ناڕوونی لە بەرپرسیاریەتی بەکار بهێنرێت.

چوارەم: دەستوور رێگا دەگرێت لە هەر کار و رێککارێک پێچەوانەی دەستوور یاسا بەرکارەکان بێت.

پێنجەم: دەستوور رێگا دەگرێت لە دواخستنی وادەی یاسای هەڵبژاردنەکان ودرێژکردنەوەی وادەی یاسای پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

شەشەم: دەستوور رێگەی لە هەموو جۆرە رێکەوتنێک دەگرێت ئەگەر پێچەوانەی حوکمەکانی دەستووربن.

حەوتەم: دەستوور رێگا دەگرێت مافی حزبەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە سیاسی بکرێت مامەڵەی سیاسی پێوە بکرێت.

هەشتەم: دەستوور هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری بەهێز دەکات و لە پاوانخوازی و هەژموون خوازی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هەژموون خوازی حزبی دەیپارێزێت.

 دەستوور چۆن ماف و ئەرک دەستەبەر دەکات؟

دەستوور تەنیا پێرستی مافەکان نییە، دەستوور تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەز نییە، دەستوور گرێبەستی کۆمەڵاتییە، نەک هەر ئەوە بەڵکوو دەستوور ئەرک و مافەکان دیاری دەکات، هاووڵاتیی مافی هەیە، بەڵام ئەرکیەتی رێز لە یاسا بگرێت و بیپارێزێت و پەیڕەوی لێ بکات، هەر وەک دەسەڵات مافی هەیە بڕیار بدات، بەڵام ئەرکیەتی وەڵام بداتەوە و شەفاف بێت، بەم شێوەیە، دەستوور هاوسەنگی دروست دەکات لە نێوان ماف، ئەرک و رێگە نادات هیچ لایەنێک خۆی لە یاسا و بەرپرسیارێتی دەرچێنێت.

لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان؟

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دەستوور، لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە،دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری و دەستە سەربەخۆکان، پێویستە هەر یەکەیان پابەندی سنووری دەسەڵاتەکانی بێت و سەربەخۆ بن و سنووریان بە دەستوور دیاری بکرێت، ئەگەر ئەم لێکجیاکردنەوەیە نەبێت، دەسەڵات دەگۆڕێت بۆ هێزێکی بێ سنوور، کە لە کۆتاییدا دژ بە ماف و ئازادی دادپەروەریی دەوەستێتەوە خۆی لەسەر و یاساوە دەبینێت.

هەر وەک پێویستە هەریەک لەم دامەزراونە ئەرکەکانی بەڕوونی دیاری بکرێن، بۆ ئەوەی لە کاتی سەرپێچی و نا دادی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆیە لە خوارەوە بەکورتی باسیان دەکەین:

یەکەم: دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان): ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە، یاسا دانان و متمانەدان بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەستە سەربەخۆکان و دادوەران و چاودێری حکومەت و پەسەند کردنی بودجە و چاودێری دەستە سەربەخۆکان.

دووەم: دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت): ئەرک و دەسەڵاتەکانی، دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەمانە دەگرێتەوە و هیچ کاتێک نابێت ببێتە جێگرەوەی(هەرێمی کوردستان) ئەرکی جێبەجێکردنی یاسا و بەڕێوەبردنی کارەکانی لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی بۆ دیاریکراون لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و رایی کردنی کاروباری خزمەتگوزاری.

دەسەڵاتی دادوەری:  پێویستە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت بۆ سەرپەرشتی کردنی کاروباری دادگاکان دەستە بەرکردنی و دادپەروەری، هەروەها چاودێری کردن و لێپێچینەوە لە دەستووریبوونی یاسا و بڕیارەکان، نابێت لە هیچ بارودوخێکدا رێگا بدرێت سنووری دەسەڵاتەکانی ببەزێنرێن لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن.

دەستە سەربەخۆکان: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دەستەی دەست پاکی و چاودێری دارایی و دەستەی مافی مرۆڤ و داواکاری گشتی، سەربەخۆی دارایی و کارگێڕیان بۆ دەستەبەر بکرێت و لە هەمان کاتدا لە ژێر چاودێری وردی پەرلەمان دابن، ئەم دامەزراوانە زەمانەتی گەورەن بۆ حوکمڕانێکی تەندروست دوور لە هەژموونی حزبی.

بێ ئەم لێکجیاکردنەوەیە، دەسەڵاتەکان دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتداری و ناهاوسەنگی، بەتایبەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن خۆی لێ دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات هەرێمی کوردستان قووت بدات و خۆی لێ ببیتە هەرێمی کوردستان، ئەوەش هۆکاری سەرەکییە لە هەبوونی هەر کێشەیەکی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کێشەکە تەواوی دامەزراەکانی هەرێمی کوردستان لە توانا و وزە دەخات.

دادگای باڵای  دەستووری هەرێمی کوردستان

گومانی تیا نییە دەستوور بەبێ دادگای باڵای دەستووری، دەستوورێکی ناتەواوە، هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە دادگایەکی باڵای سەربەخۆ هەیە بۆ ئەوەی:

یەکەم: چاودێری دەستووریبوونی یاسا، پەیڕەو و بڕیارەکان بکات،

دووەم: تاکە لایەن بێت شرۆڤە و لێکدانەوە بۆ بڕگە و ماددە دەستوورییەکان و یاساکان بکات.

سێیەم: سنووری دەسەڵاتەکان بە پارێزراوی بهێڵێتەوە.

چوارەم: باوەڕی گشتی بە سیستمی یاسایی و سیاسی بەرز بکاتەوە.

پێنجەم: ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند بکات.

پەرلەمانی بێ دەستوور، کێشەی درێژخایەن و مێژوویی

هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە پەرلەمانی خۆی هەیە، بەڵام دەستوورنییە، نەبوونی دەستوور بووە هۆی ئەوەی زۆربەی کێشە سیاسییەکان رۆژ لە دوای رۆژ گەورە تربن و سەر بکێشن بۆ ناکۆکی و شەڕ و بەستەڵەکی سیاسی و یاسایی کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بە چارەسەری بنچینەیی نەگیشتوون، قەیرانی دەسەڵات، ناڕوونی پۆستەکان و دووبارەبوونی ناکۆکییەکان، هەموویان نیشانەی ئەوەیە کە سیستم بێ بنەمای دەستووری ناتوانێت ئارام و سەقامگیر بێت، بۆیە کێشەکان بەردەوامن لە وانە:

یەکەم: ناڕوونی لە سنووری دەسەڵات.

دووەم: قەیرانی دووبارە لە پۆستەکان و دەسەڵات و کۆنەبوونەوەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت.

دووەم: هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیان ناکرێن.

سێیەم: نەبوونی یاسای بودجە و پەسەند نەکردنی بودجە بۆ چاودێری کردنی حکومەت.

چوارەم: سەپاندنی باج و رسوومات دوور لە رێکاری یاسایی و دەستووری.

پێنجەم: نەبوونی هێزی چەکداری نیشتمانی

شەشەم: پێشێلکردنی مافی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لە پێنەدانی مووچە و شایستە داراییەکانیان.

حەوتەم: ناڕوونی لە یاسا بەرکارەکان و کۆ نەبوونەوەی پەرلەمان.

هەشتەم: کەمبوونی بنەمای یاسایی بۆ چارەسەری کێشە گەورەکان.

نۆیەم: نەبوونی گوتارێکی نیشتمانی و دامەزراوەیی بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەسەر بنەمای دەستوور دوور لە بۆچوونی کەسی و بەرژەوەندی حزبی.

دەیەم: دەستووری هەرێم دەستوورێک بێت ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستووری عیراق، لە هەمانکاتدا دەست بەرداری مافە دەستووریەکانی هەرێم نەبێت و قسەی جددی هەبێت بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانیش.

دەرەنجام و کۆتایی

دەستوور تەنیا دەقێکی یاسایی نییە، گرێبەستی کۆمەڵایەتی و پەیمانێکی نیشتمانییە لە نێوان هاووڵاتیی و دەسەڵات، بۆ هەرێمی کوردستانی عیراق، پەسەندکردنی دەستووری تایبەتی پێویستییەکی مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتمانییە، نە تەنیا بۆ رێکخستنی دەسەڵات، بەڵکوو بۆ پاراستنی ماف، دادپەروەری و دروستکردنی داهاتوویەک کە یاسا لە سەرووی هەموواندا بێت، قەوارەکە ببێتە خاوەنی دەستووری هاوتەریب لەگەڵ دەستووری عیراق.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket