کارگەکانی درۆ و داتاشن
بیروڕا 03:49 PM - 2025-12-05
PUKMEDIA
ئەرسەلان مەحمود
لە فەلسەفەی سیاسیدا پرسیارێکی بنەڕەتی هەیە: هێز چییە و چۆن بەدەست دەهێنرێت؟ زۆربەی خەڵک وڵامێکی سادەیان بۆی هەیە، هێز واتا چەک و جبەخانە و سوپا و پۆلیس. بەڵام وڵامە ڕاستەکە قووڵترە. کێ کۆنترۆڵی چیرۆکەکان بکات، کۆنترۆڵی مێشکەکانیش دەکات، کێش کۆنترۆڵی مێشکەکان بکات، کەمتر پێویستی بە تانک و تۆپ و تەیارە و کردەوەی سەربازی دەبێت.
ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٣٨ نموونەیەکی ڕوونن بۆ ئەم ڕاستییە. لەو ماوەیەدا کەسایەتییە گەورەکانی شۆڕشی ڕووسیا، هاوڕێکانی لێنین و ناودارەکانی کۆمۆنیست، یەک بە یەک لەبەردەم دادگا دەردەکەوتن و دەیانگوت خائن بووین، کارمان بۆ دوژمنان کردووە، پیلانمان بۆ کوشتنی ستالین داڕشتووە. ئەمە لەسەرەتادا هەمووانی شۆککرد، بەڵام دواجار دەرکەوت ڕاستییەکە ئەوە نەبوو، دانپێدانەکان لەژێر ئەشکەنجەدا کرابوون و دادگاکان تەنها شانۆی نمایشەکە بوون ئەنجامەکان پێشوەختە دیاریکرابوون. ستالین لەم دادگاییانەدا دوو ئامانجی هەبوو: یەکەم شکاندنی ئەوانەی چاوەڕوانی دەکرد لە داهاتوودا ڕکابەری بکەن. دووەم ناردنی پەیامێکی سوور بۆ هەموو هاوڵاتیان: هیچ کەسێک سەلامەت نییە، تەنانەت هاوڕێ کۆنەکانی شۆڕشیش، ئەگەر پێچەوانەی ستالین تەنانەت هەناسەش بدەن.
لە ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانی یەکەمیشدا شتێکی هاوشێوە ڕوویدا، هاوشێوەیەکی جیاواز. ئابووری وڵاتەکە بەتەواوی تێکشکابوو، هەڵاوسان گەیشتە ئاستێکی بێوێنە و خەڵکی نەیاندەتوانی نانی ڕۆژانەیان دەستەبەر بکەن. هیتلەر و حزبی نازی لە بری ڕووبەڕووبوونەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکان وەک شکستی جەنگ و قەرزی ڤێرسای و سیاسەتی ئابووری هەڵە، چیرۆکێکی سادەتریان نمایشکرد: هەموو ئەمانەی ڕوویانداوە هۆکارەکەیان جولەکەیە. ئەم چیرۆکە سادەیە کاریکرد چونکە لە کاتی قەیراندا خەڵک بەدوای وڵامی ئاسان و تاوانبارکردنی کەسانی دیاریکراودا دەگەڕێن.
حزبە شمولی و کەسە پۆپۆلیست و دیکتاتۆرەکان لە ململانێدا، نەک تەنها خۆیان لە ململانێی بابەتی دەدزنەوە، بە تەنها بیریش لە کۆنترۆڵی ئێستا ناکەنەوە، بەڵکوو ڕابردووش لە بەرژەوەندی خۆیاندا دەنووسنەوە. بۆ ئەم مەبەستە پەنا دەبەنە بەر هەر ئامرازێک لە پڕۆگرامەکانی خوێندن بگرە تا دامەزراوە کارگێڕەکان و ڕێگەنەدان بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و مێژوویی. لە جیهانی هاوچەرخیشدا ئەم تاکتیکە بەڕوونی دەبینرێ: ٩ی ئایار ڕۆژی سەرکەوتنی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازی کراوەتە ستوونی ناسنامەی نەتەوەیی، ئەمە بەبێ ئەوەی قسە لەسەر پەیمانی مۆلۆتۆڤ-ڕیبێنترۆپی ١٩٣٩ بکرێت - ستالین و هیتلەر ڕازیبوون ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دابەشبکەن، بێئەوەی قسە لەسەر دەستدرێژییەکانی سوپای سوور یان مردنی ملیۆنان گولاگ بکرێت. لە ٢٠٢١یشدا دامەزراوەی یادەوەری بۆ پاراستنی یادی قوربانیانی ستالین کرابۆوە، داخرا، پەیامەکەی ڕوون بوو: یادەوەری کۆمەڵایەتی دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت.
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین تاکتیکەکانی حزبە شمولییەکان ئەوەیە لێکۆڵەران ناویان ناوە درۆی گەورە. ئەم چەمکە لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە: درۆی گەورە و بێشەرم ئاسانترە باوەڕی پێبکرێت لە درۆیەکی بچووک. بۆچی؟ چونکە زۆربەی خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەیاندا درۆی بچووک دەکەن، بەڵام کاتێک درۆیەک ئەوەندە گەورە و بێشەرمانەیە، مێشکی مرۆڤ بە سەختی قبووڵی دەکات کەسێک یان حزبێک بتوانێت بەم شێوەیە درۆ بکات. بەشێک لە خەڵکی بێئەوەی بەخۆیان بزانن دەڵێن ئەگەر ئەمە ڕاست نەبووایە، چۆن ئەوەندە بە ئاشکرا دەوترا؟ کاریگەریی سەرەکیی درۆی گەورە تەنها ئەوە نییە هەمووان باوەڕی پێبکەن، بەڵکوو ئەوەیە ڕەتکردنەوەی درۆیەکە لە لایەن لایەنگرانەوە دەبێتە ڕەتکردنەوەی ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆیان، ئەمەش وەک دەستمایەیەکی نهێنی لە گۆشەیەکی تری گۆرەپانەکەدا کار دەکات.
کۆنترۆڵی میدیا، سەرەکیترین ئەرکی حزبە شمولییەکانە، چونکە لەو ڕێگەیەوە چوارچێوەی بیرکردنەوەی هەموان دادەنێن. لە ئەڵمانیای نازیدا حزب کەمپینی دابەشکردنی ڕادیۆی هەرزانی بەسەر ماڵەکاندا دەستپێکرد، نەک بۆ ئەوەی خەڵک گوێ لە موزیک بگرن، بەڵکوو بۆ ئەوەی وتارەکانی هیتلەر بگەنە هەموو ماڵێک. کاتێک دەنگی سەرۆک هەموو ڕۆژێ دەگاتە ناو ماڵەکەت، بێئەوەی هەست بە خۆت بکەی، شێوازی بیرکردنەوەی سەرۆک دەبێتە شێوازی بیرکردنەوەی تۆش.
لە جیهانی ئەمڕۆشدا میدیا و سۆسیال میدیا بە تایبەتی، هێشتا گرنگترین سەرچاوەن بۆ زۆربەی هاوڵاتیان و میدیای حزبی جیهانێک لە باشە و خراپەی سادە وێنا دەکات لە مێشکی خەڵکدا: منم ڕاستەقینە و باشەکە و ئەوە درۆزن و خراپەکار و تاوانبارەکە. ئەم تاکتیکانە بەشێکن لە لۆژیکی دەسەڵاتی ئۆتۆریتار بە گشتی، نەک تایبەت بە کەلتوورێک یان ئایدیۆلۆژییەکی دیاریکراو.
جیاوازی نێوان دیکتاتۆریەت و دیموکراسی ئەوە نییە لە دیموکراسیدا درۆ ناکرێت، بەڵکوو ئەوەیە لە دیموکراسیدا میکانیزمەکان هەن وەک میدیای سەربەخۆ و دادوەری سەربەخۆ و هەڵبژاردنی ئازاد و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ دژایەتی دیموکراسی بە ناوی سەرەەری یاسا و خودی دیموکراسی خۆیەوە.
بۆیە تێگەیشتن لەم تاکتیکانە تەنها تایبەت بەمێژوونووسان نییە، بەڵکوو بۆ هەر هاوڵاتییەکە بیەوێ توانای ناسینەوەی پرۆپاگەندەی هەبێ. وەک جۆرج ئۆرویل وتوویەتی: لە کاتی فریوکاری گشتیدا، وتنی ڕاستییەکان کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
ئەو ژنەی کڵاوەکەی سەری جەواهیری چنیوە کۆچی دوایی کرد
08:57 PM - 2025-12-05 -
سەرۆکایەتی کۆمار: پەسندکردنی بڕیاری ناساندنی دوو گروپ وەک تیرۆرست رەتدەکەینەوە
04:56 PM - 2025-12-05 -
قائیمقامى کۆیە بۆ PUKMEDIA: قوباد تاڵەبانى تێچووى نۆژەنکردنەوەى گۆڕستانى کریستیانەکان لە ئەستۆدەگرێت
10:30 PM - 2025-12-04 -
قوباد تاڵەبانى: بەهێزکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگا بەشێکە لە ناسنامەی یەکێتی
08:03 PM - 2025-12-04
ئەمانەش ببینە
سەعدی پیرە: موخریجی سیناریۆکەی ئەمجارەیان باش نەبوو
10:20 AM - 2025-12-05
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 11 ملیار دینارە
08:59 AM - 2025-12-05
جەوهەر ئاغاى هەرکى: بە ئەشکەنجە و ئازاردان ناتوانن بڕوا بەخەڵک بهێنن
09:00 PM - 2025-12-04
مەڵبەندی هەولێری یەکێتی وەڵامی سیناریۆ لاوازەکەی لاجان دەداتەوە
08:29 PM - 2025-12-04
زۆرترین خوێنراو
-
ئەو ژنەی کڵاوەکەی سەری جەواهیری چنیوە کۆچی دوایی کرد
کوردستان 08:57 PM - 2025-12-05 -
خۆپیشاندان لەشارۆچکەی خەبات بەردەوامە
کوردستان 07:38 PM - 2025-12-05 -
سەرۆکایەتی کۆمار: پەسندکردنی بڕیاری ناساندنی دوو گروپ وەک تیرۆرست رەتدەکەینەوە
عیراق 04:56 PM - 2025-12-05 -
کارگەکانی درۆ و داتاشن
بیروڕا 03:49 PM - 2025-12-05 -
شانۆیەکی سووک و دەسەڵاتێکی تاریک
بیروڕا 01:59 PM - 2025-12-05 -
سەعدی پیرە: موخریجی سیناریۆکەی ئەمجارەیان باش نەبوو
کوردستان 10:20 AM - 2025-12-05 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 11 ملیار دینارە
کوردستان 08:59 AM - 2025-12-05







دابەزێنە

