riklam

شانۆیەکی سووک و دەسەڵاتێکی تاریک

بیروڕا 01:59 PM - 2025-12-05
سۆران داودی PUKMEDIA

سۆران داودی

بیروڕا

نیشاندانی نێچیرڤان هه‌رکی بەرپرسی ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی لە ناحیەی خەبات، لەسەر شاشەکانی تەلەفزیۆن به‌و (دانپێدانانە) !! قوتووبەند و ئامادەکراو، بە هیچ شێوەیەک ڕووداوێکی له‌پڕو یان هەنگاوێکی نيازپاك نييه‌.

ئەمە سیناریۆیەکی زۆر هەرزانه‌ کە  له‌ ده‌رهێناني پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ بە ئامانجي  شاردنەوە و ڕەوایەتیدان بە تاواني هێرشکردنە سەر هاوڵاتیان لە لاجان، و فریودانی ڕاستەوخۆی ڕای گشتی.

بەکارهێنانی شاشەکانی ڕاگەیاندن بۆ پاكتاوكردني حساباتی سیاسی و گۆڕینی کەناڵەکان بۆ گۆڕەپانی سووکایەتیپێکردن و زڕاندنی خه‌ڵك، قەبارەی  ئه‌و قەیرانە ئەخلاقی و سیاسییه‌ي پ.د.ک ئاشکرا دەکات.

لە بري ئەوەی بچێتە بەردەم یاسا و دەزگا فەرمییەکان، پەنا بۆ نمایشێکی میدیایی قێزەون دەبات وەک ئامرازێک بۆ گوشار و ئازاردان، کە ئەمە کارێکە سەرجەم بنەماکانی دیموکراسی کە پ.د.ک خۆی پێ هەڵدەکێشێت، پێشێل دەکات. ئەمە  ئه‌و عەقڵییەته‌ي کۆن و قێزەونه‌ي دەسەڵاتداريی نیشان دەدات کەناتوانێت  ده‌ست لە شێوازەکانی ترساندن و تۆقاندن هه‌ڵبگرێت.

ئەو سووکایەتییە سیاسییەي کە پ.د.ک ئه‌.جامي دا  بە نیشاندانی نێچیرڤان هه‌رکی بەو شێوازه‌ نامرۆييانه‌‌، ڕێکارێکی ناياسایی و ناشه‌رعيه‌ و هیچ پەیوەندییەکی بە بچووکترین پێوەرەکانی ڕەفتاری شارستانی و ئەدەبی گشتییەوە نییە. چونكه‌  دادپەروەری لەبەردەم کامێراکاندا جێبەجێ ناکرێت، تۆمەتەکان بە شانۆگەریی وسيناريۆی میدیایی ناسەلمێنرێن و ڕاستی لەسەر دانپێدانانگەلێک دروست ناکرێت کە لە ژێر بارودۆخێکی نادیار و زۆردا وەرگیرابن.

جێگەی داخە کە پ.د.ک لە ڕێگەی ئەم شێوازە ناشایستانەوە، هەوڵی دروستکردنی دوژمنی خەیاڵی دەدات، لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆی بێتەوە و پێداچوونەوە بەو سیاسەتانەیدا بکاتەوە کە کەلێنه‌كانيان قووڵتر کردووەتەوە و زیانی زۆریان بە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم گەیاندووە. ئەم ڕەفتارە نەک تەنها سووکایەتیكردنه‌ بە قوربانییەکە کە بە ناشنترين شێوە بەکارهێنراوە، بەڵکو سووکایەتییە بە ژیانی گشتی کە دەبێت لەسەر بنەمای دانپێدانان بە فرەیی و پاراستنی شکۆی مرۆڤ بێت.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان،  جەماوەرێکی زۆري هه‌رێم ، بە توندی و ئەم ڕێبازە پڕ لە ئیستیفزاز و گێرەشێوێنییە ڕەت دەکەنەوە و داوا دەکەن پەنا ببرێتە بەر دادگا و دەزگاکانی یاسا، نەک ڕاگەیاندن بکرێتە سەکۆیەکی  سیاسی و بڵاوکردنەوەی پشێوی.

ئەزموونەكاني مێژوو سەلماندوویانە کە ئەو هێزانەی لە جیاتی بەڵگەی ڕاستەقینە پەنا بۆ ناوزڕاندنی میدیایی و ناوزواندن دەبەن هه‌روه‌ها  بۆ نمایشی تەلەفزیۆنی لەبری دادگایەکی بێلایەن، لە ڕاستیدا ئيفلاسي سیاسی خۆیان بە فەرمی ڕادەگەیەنن. ئەم هەوڵە لە هیچ کەسێک قبوڵ ناکرێت، ڕاستییەکان ناگۆڕێت، و هیچ شەرعییەتێک بە پ.د.ک نادات، بەڵکو باوەڕنەبوونی خەڵک بە شێواز و ڕێبازە چەقبەستووەکەی زیاتر دەکات.

داهاتووی هەرێمی کوردستان بەم شێوازە ناشیرینانە بنیات نانرێت، بەڵکو بە دیالۆگی ڕاستگۆیانە وڕێزگرتنی دوولایەنە و باڵادەستیی یاسا. ئەوەی ڕوویدا لاپەڕەیەکی ڕەشی ترە کە دەچێتە سەر تۆماری پڕ لە پێشێلکاریی سیاسیه‌كاني  پارتی دیموکراتی کوردستان و مێژوو و نەوەکانی داهاتوو لێی خۆش نابن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket