نێروەیی: بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگەكانی یەكێتی 100% زیادیانكردووە
کوردستان 09:01 PM - 2025-11-09
PUKMEDIA
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
لەتیف نێروەیی رایدەگەیەنێت: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دەنگدانی تایبەتدا تا ئێستا 70 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و بەمەش بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگەكانمان 100% زیادیانكردووە، هاوكات دەنگەكانی یەكێتی بەراورد بە هەموو حزبەكان لە هەڵكشاندایە.
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مژدەی سەركەوتنی راگەیاند و وەڵامی چەواشەكارانی دایەوە و ئاماژەی بەوەدا: پیرۆزبایی لە هەڤاڵانی پێشمەرگە و هەڤاڵانی یەكێتی و جەماوەری كوردستان دەكەم، هەرچەندە ئەنجامەكان بە رەسمی رانەگەیەندراون، بەڵام بەهۆی سیستمی ئەلیكترۆنییەوە ئەنجامەكان دیارن و ئەو ئەنجامەی بەدەست راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتووە، تائێستا 70 هەزار دەنگ بە یەكێتی دراوە، جگە لەوەی یەكێتیش دەنگی بە كۆتا داوە، ئەگەر بەراوردی بكەین بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2021 ، كە یەكێتی تەنها 38 هەزار و 342 دەنگی بەدەستهێنابوو لە چوار پارێزگاكەی هەرێم، كە لە هەولێر 10 هەزار و 268، لە دهۆك 2 هەزار و 215، لە سلێمانی 24 هەزار و 633 دەنگ و لە هەڵەبجە هەزار و 230 دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەكانی یەكێتی بەنزیكەی 100% زیادیانكردووە، بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانیش كە 51 هەزار و 345 دەنگمان بەدەستهێنا، جیاوازیی دەنگەكان زۆرن و سەركەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە.
هێزی پێشمەرگە سەركەوتنی یەكێتی دەوێت
راشیگەیاند: لە هەڵبژاردنی پێشوودا سەرجەم هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لەدەنگدانی تایبەتدا لە هەرێم 16 هەزار و 500 دەنگیان بەدەستهێنا كە رێژەیەكی زۆر بوو، بەڵام ئەمجارە بە ناوچە جێناكۆكەكانیشەوە تەنها 11 هەزار دەنگیان هێناوە، بەمەش 32% ی دەنگەكانیان كەمی كردووە، هاوكات دەنگی پارتیش كەمی كردووە، لە بەرامبەردا دەنگەكانی یەكێتی هەڵكشاون، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگە دەیەوێت یەكێتی سەركەوێت.
زیادكردنی دەنگەكان سەلمێنەری پشتگیری خەڵكە لە یەكێتی
ئەوەشی خستەڕوو: زیادكردنی دەنگەكانی یەكێتی بەراورد بە حزبەكانی دیكە هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن نائاساییە، چونكە بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەنگەكانمان 40% زیادیانكردووە، ئەم رێژەیەش سەلمێنەری پشتگیری كردنی خەڵكی كوردستانە لە بەرنامە و هەوڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و پرسی مووچە و ناوچە جێناكۆكەكان، هاوكات متمانەی هێزی كوردستانە بە هەنگاونان بەرەو هێنانەپێشەوەی هاوسەنگی هێز.
یەكێتی یەكسانی و نەهێشتنی جیاكاری دەوێت
لەتیف نێروەیی راشیگەیاند: تیمی یەكێتی لە حكومەت و بەتایبەت قوباد تاڵەبانی سەبری ئەیوبیان هەبوو، چونكە ئەم كابینەیەی حكومەت حكومەتێكی شكستخوارد و سەرنەكەوتوو بوو، هاوكات سەرچاوەی قەیران و نەبوونی شەراكەت و جیاكاری بوو، بەشێوەیەك لە دنیادا حكومەتێك نییە بیرۆكەی وەزیرێك بكات بە پڕۆژە و دەستكەوتی خۆی، لەكاتێكدا وەزیرەكە لە پشكی حزبەكەی خۆی نەبێت، پارتی بەنداوی گۆمەسپان كە بیرۆكە و هەوڵی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ بوو كردی بە پڕۆژەی خۆی و لە كاتی كردنەوەشیدا بانگهێشتی وەزیری كشتوكاڵی نەكرد، بەمەش خۆیان بەدرۆ خستەوە لەوەی پێشتر دەیانوت یەك حكومەتین و یەكێتی جیاكاری دەكات، لە كاتێكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەرگیز نەیوتووە پڕۆژەی ئێمە و پڕۆژەی ئەوان، بەپێچەوانەوە وتومانە با جیاكاری نەمێنێت و یەكسانی هەبێت، بۆیە دەپرسین لە چ شوێنێكی دنیادا هەیە حكومەتێكی بنكە فراوان ئیدارەی محەلی یەك حزب بەڕێوە ببیات؟.
یەكێتی دژی حكومەت نییە
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: یەكێتی دژی حكومەت نییە، بەڵكو دژی سیاسەتی حكومەت و دووبارە بوونەوەی هەمان ئەزموون و عەقڵییەتە، چونكە دامەزراندن لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تەنها بۆ ئەندامانی لایەنێك بوو، بۆ نموونە لە ئاكرێ-وە خەڵك دەبەنە شیلادزێ و دایاندەمەزرێنن، بۆیە دەپرسین ئەم حكومەتە تا كەی ئاوادەبێت؟ تاكەی ئیدارەی خۆجێی هەولێر و دهۆك بەس بۆ یەك لایەن بێت؟ لە كاتێكدا لە هەڵەبجە و سلێمانی فرەلایەنە؟ چۆن دەكرێت پارێزگارێك بە جێگری سەرۆكی حكومەت بڵێت بۆ پڕۆژە دەكەیتەوە و رەخنەی ناعەقڵانی و نائەخلاقی لە حزب و سەرۆك حزێك بگرێت؟ بۆیە ئەم دوو مۆدێلە پێكەوە هەڵناكەن و ئەگەر بڕوامان بە وڵاتێكی پەرلەمانی فرەحزبی دیموكراسی هەبێت، دەبێت پەڕاوی ئەم حكومەتە دابخرێت و مۆدێلێكی نوێی حكومڕانی بهێنرێتە ئاراوە.
پارتی حكومەتی بە حزبی كردووە
ئاماژەی بەوەشكرد: لەم حكومەتەدا كۆمەڵێك پایە و جومگەی بنەڕەتی حكومەت هێڵی سووریان بەدەوردا كێشراوە و بۆ لایەنێك قۆرخكراون، وەك سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەروە و هتد... هاوكات لەم بانگەشەیەدا و لەكاتی كردنەوەی پڕۆژەكاندا لە هەولێر، پارتی سەلماندی كە حكومەتی هەرێم حكومەتێكی هاوبەش نییە، بەڵكو حكومەتی بە حزبی كردووە و قۆرخی دەسەڵاتی كردووە، هاوكات لەبەر ئەوەی پارە و داهاتیان قۆرخ كردووە، دەڵێن كوا پڕۆژە لە سلێمانی؟، بۆیە ئێمە بەراوردی هەولێر و كەركوك دەكەین بە پڕۆژە، چونكە دەسەڵاتی ئیداری كەركوك لە لای یەكێتییە و كواڵێتی پڕۆژەكانيشی بەرزترن.
یەكێتی لەڕووی جوگرافیای سیاسییەوە لە پێش پارتییەوەیە
لەتیف نێروەیی راشیگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕووی جوگرافیای سیاسییەوە لە پێش پارتییەوەیە، چونكە لە دوو پارێزگای هەرێم و كەركوك و دیالە و سەلاحەددین یەكەمە، بەڵام پارتی تەنها لە دهۆك و هەولێر و نەینەوا لە پێشەوەیە، لەكاتێكدا لە نەینەوا دەنگەكانی بەرەو داكشان دەچن لەبەرامبەردا دەنگەكانی یەكێَتی لەو پارێزگایە لە هەڵكشاندان و دوور نییە لە دوو هەڵبژاردنی داهاتوودا پێشی پارتی بكەوێت، هاوكات پارتی بۆ ئەوەی ئەو شكستەی بشارێتەوە دەڵێت، دەمانەوێت یەك ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنین، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی پێشوودا زیاتر لە ملیۆنێكدەنگیان هینابوو، هاوكات ئەگەر كورسی بۆ ئەوان نەبێت ئەوا دەنگەكانیان دەسووتێنن و نایخەنە خزمەتی خەڵكەوە، چونكە قۆرخكاری و پاوانخوازیی كۆتاكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە.
فازڵ میرانی لەژێر فشاردا ئەو قسانەی پێكراو خراوەتە سەر شاشە
راشیگەیاند: ئەوەی سەرۆك بافڵ وتی راستی بوو، كە كاك مەسعود پەیامێكی هەبووە، بەڵام كە جێگری سەرۆكی پارتی و چەند سەركردایەتییەكی ئەو حزبە پابەندی پەیامەكە نەبن و بەرامبەر بە یەكێتی بە زمانی زبر و وەك رۆژنامەوانی نابەرپرسیار قسە بكەن، دەبێت یەكێتیش بەرگری لە خۆی بكات، هەرچەندە خۆشمان نەدەخستە ئەو ئاستە، بەڵام لەبارەی قسەكانی فازڵ میرانی-یەوە دوو بۆچوون هەن، بۆچوونێچكیان ئەوەیە كە لەژێر فشار و هەڕەشەدا ئەو قسانەی پێكراوە و خراوەتە سەر شاشە، چونكە پێشتر شیكارییەكی جوانی كردو وتی، "بەبێ یەكێتی حكومەتمان بۆ پێكنەهات و بەدیلی یەكێتیش هەر یەكێتییە"، هاوكات لەڕوی تەمەن و جەستەیشەوە ناتوانێت لەماوەی دوو رۆژدا بەشداری بەرنامەی دوور ودرێژی لەو شێوەیە بكات.
وتیشی: بۆ چوونی دووەم ئەوەیە كە كاتێك كەسێك تەمەنی هەڵدەكشێت ناتوانێت بە تەواوی كۆنترۆڵی خۆی بكات، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە بەسەریدا سەپێندرا ئەو قسانە بكات، چونكە قسەكانی لە وتەبێژی حكومەت و ئومێد خۆشناو دەچوو، هاوكات خەڵكی بادینان لەڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنییەوە باش فازڵ میرانی دەناسن.
فازل میرانی لە شەڕی ناوخۆشدا ئەو قسانەی نەكردووە
لەتیف نێروەیی، ئەوەشی خستەڕوو: ساڵی پار سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە هەموو كەرنەڤاڵەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ پەرلەمانی كوردستان، پەیامی روون و رەخنەگرانە و توند و راشكاوانە و راستیی ئێستا و مێژوویی دەخستەڕوو، بەڵام ئەوەی فازل میرانی وتی لە شەڕی ناوخۆشدا ئەو قسانەی نەكردووە، بۆیە ئەوانە قسەی خۆی نین.
كاك بافڵ تەنها راستییەكانی وت
راشیگەیاند: دوو ساڵ لەمەوبەر سەرۆك بافڵ لە سەلاحەددین بە سەركردەكانی پارتی وت، لەمەودوا بێدەنگ نابین و پەیاممان دەبێت، لە ناوچەی بادینان و سنووری ئامێدی لە ناوچەی زۆربەی عەشیرەتەكاندا كەسی تێدا ناژی، چونكە بوون بە شوێنی سەربازی و كاك بافڵیش تەنها ئەو راستیانەی وت.
دەنگدانی تایبەت دەریخست خەڵك وشیارە و یەكێتی دەنگی زۆری هێنا
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: یەكێتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەرنامەی ئەوەیە لە بەغداد چی بۆ كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان بكات، هاوكات لە بانگەشەدا ئەو كارانەی خستەڕوو كە لە چوار ساڵی رابردوودا ئەنجامیداون، بەڵام پارتی چونكە هیچ كارێكی نەكردووە دەیوت ئەوەی بچێتە بەغداد خائینە، بەڵام دواتر بە هەمان رێگەی ئێمەدا رۆیشتن، یەكێتی لە كەركوك گۆڕانكاری زۆری كردووە لەڕێگەی پارێزگارێكی كوردەوە و پڕۆژەی زۆری لە شارەكە جێبەجێ كردووە، بۆیە پارتی ویستی خەڵك بە بابەتی لاوەكییەوە سەرقاڵبكات بۆ ئەوەی دەنگەكانی یەكێتی زیاد نەكات، بەڵام لە دەنگدانی تایبەتدا دەركەوت خەڵك وشیارە و یەكێتی دەنگی زۆری هێنا.
دەبێت ئەو راستییە قبوڵكەن كە زۆرینە نین
وتیشی: خزمەتكردنی خەڵك تەنها دروستكردنی شەقام نییە، ئەمە چ جۆرە حكومەتێكە لە شارێك شەقام و پڕۆژە تەواو دەكات لە شارێكی دیكە نایكات؟ مەگەر یەك سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی و وەزیری ئاوەدانكردنەوەی نییە؟ كەواتە سەرچاوەكە جیاكاری و قۆرخكارییە و ئەوەی دەیكەن نە كاری حكومەتی دیكتاتۆری و نە دیموكراسییە، ئەو سەردەمە بەسەرچوو لەبری 50+1، 50+7 یان هەبێت، ئێستا 39% یان هەیە، بۆیە زۆرینە نین و ناتوانن بە ئارەزوی خۆیان حوكمڕانی بكەن و دەبێت ئەو راستییە قبوڵكەن.
سلێمانی پایتەختی میدیای ئازاد و قەڵای رەخنەگرتنە
ئاماژەی بەوەشكرد: لەكاتێكدا پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و زیندانیكردنی چالاكوانان و رۆژنامەنووسان لە سنووری پارتیدا هەیە، شەرمە كە دەڵێن لای ئێوە ئازادی نییە، چونكە ئەوە راستییە كە سلێمانی پایتەختی میدیای ئازاد و قەڵای رەخنەگرتن و ئۆپۆزسیۆنە هەرچەندە ئێستا ئۆپۆزسیۆن لە پاشەكشەدایە، بۆیە هەرگیز بەیەكتر بەراورد ناكرێن.
دەیانەوێت بەو جۆرە خەڵكی كوردستان چەواشە بكەن
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، راشیگەیاند: پارتی دەڵێت دەنگدانی یەكێتی بە مەسیحی خیانەتە، لە كاتێكدا ئەگەر ئێمە دەنگ بە مەسیحییەك بدەین ئەوان دەنگیان بە شەش مەسیحی دەدا، چونكە لە 33 ساڵی رابردوودا 11 كورسی مەسیحی و توركمان هەبوون، هاوكات یەكێتی لە كەركوك لەگەڵ مەسیحییەكان رێككەوتنی هەبوو، ئەوانیش سوور بوون لەسەر ئەوەی كوردێك ببێت بە پارێزگاری كەركوك، بەڵام ئەوانەی پارتی دەنگی پێدەدان هەمووی كادری خۆیان بوون، لە كاتێكدا كادرەكانی ئەوان بێلایەنی خۆیان نەدەپاراست و دەیانویست ناوماڵی كورد تێكبدەن و 51% یان تێدەپەڕاند و زیانیان لە ئاسایش تەبایی هەرێم دەدا و وا پیشانیان دەدا یەكێتی دژی پێكهاتەكانە، كەچی كە ئێستا دەنگ بە پێكهاتەكان دەدەین دەڵێن یەكێتی خیانەتكارە و دەیانەوێت بەو جۆرە خەڵكی كوردستان چەواشە بكەن.
پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەرێم و عیراق سەعاتی 7ی بەیانی ئەمڕۆ 9ی11ی2025 دەستیپێكرد و شەشی ئێوارە كۆتایی هات ، كە تیایدا لەهەرێمی كوردستان 270 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، كە بەسەر 204 بنكەی دەنگدان و 958 وێستگە دابەش كرابوون، هاوكات لەهەموو عیراق ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت ملیۆنێك و 313 هەزار و 980 كەس بوو.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
کۆمسیۆن: رێژەی بەشداری دەنگدان لە هەموو عیراق 82% بووە
09:35 PM - 2025-11-09 -
ڕفعەت عەبدوڵڵا: هەمیشە ڕێکخستنەکانی دەرەوە رۆڵیی گرنگیان بینیوە
03:50 PM - 2025-11-09 -
بۆ كۆتای مەسیحی لە دهۆك دەنگ بەژمارە 326 دەدەین
11:58 AM - 2025-11-09 -
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: کافرۆشی و یەکێتی دووانەیەکی لەیەک دانەبڕاون
09:08 PM - 2025-11-08
ئەمانەش ببینە
کوردستان 09:01 PM - 2025-11-09 نێروەیی: بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگەكانی یەكێتی 100% زیادیانكردووە
كۆمسیۆن: پرۆسهی دهنگدانی تایبهت كۆتایی هات
05:59 PM - 2025-11-09
رێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردن: پارتی لە هەولێر و دهۆک سەدان پێشێلکاری ئەنجامداوە
02:38 PM - 2025-11-09
زیاتر لە 7 هەزار و 700 کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ پەرلەمانی عیراق
11:31 AM - 2025-11-09
دەنگدانی تایبەت لە هەرێم و عیراق دەستیپێکرد
07:21 AM - 2025-11-09
زۆرترین خوێنراو
-
نێروەیی: بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگەكانی یەكێتی 100% زیادیانكردووە
کوردستان 09:01 PM - 2025-11-09 -
كۆمسیۆن: پرۆسهی دهنگدانی تایبهت كۆتایی هات
کوردستان 05:59 PM - 2025-11-09 -
ڕفعەت عەبدوڵڵا: هەمیشە ڕێکخستنەکانی دەرەوە رۆڵیی گرنگیان بینیوە
کوردستان 03:50 PM - 2025-11-09 -
رێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردن: پارتی لە هەولێر و دهۆک سەدان پێشێلکاری ئەنجامداوە
کوردستان 02:38 PM - 2025-11-09 -
بۆ كۆتای مەسیحی لە دهۆك دەنگ بەژمارە 326 دەدەین
کوردستان 11:58 AM - 2025-11-09 -
ئاخرە باخن
بیروڕا 11:40 AM - 2025-11-09 -
زیاتر لە 7 هەزار و 700 کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ پەرلەمانی عیراق
کوردستان 11:31 AM - 2025-11-09 -
دەنگدانی تایبەت لە هەرێم و عیراق دەستیپێکرد
کوردستان 07:21 AM - 2025-11-09




.jpg)
.jpg)
دابەزێنە

